جلوبەرگی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانە

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-08-16-00:06:00 - کۆدی بابەت: 9860
جلوبەرگی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جلوبەرگی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانە (بە ئینگلیزی: Medical clothes، به عەرەبی: الملابس الطبیة) بریتییە لە جلوبەرگێکی تایبەت پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانە لە کاتی کارکردن لە نەخۆشخانە دەیپۆشن. لە بنەڕەتدا ئەم جلوبەرگە بۆ پزیشکەکان، پەرستارەکان و ئەو کەسانەی دەچنە ژووری نەشتەرکاری دیزاین کراوە، بەڵام لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و بەرەوپێشچوونی کاتدا لەلایەن هەموو کارمەندانی نەخۆشخانەکاندا دەپۆشرێت. جلوبەرگی ئاسایی زۆرترین ئەگەری پیسبوونی بە میکرۆب و ماددە زیانبەخشەکان لە ژینگەی دەرەوەدا هەیە. بەڵام جلوبەرگەکانی تایبەت بە نەخۆشخانە بەجۆرێک دیزاین کراون کە سادەبن و کەمترین ئەگەری پیسبوونیان هەیە، بە ئاسانی دەشۆرێن و نرخیان هەرزانە.

مێژووی جلوبەرگی پزیشکی

بۆ چەندین ساڵ پزیشکەکان لە کاتی کارکردن جلوبەرگی ئاسایی ڕۆژانەیان دەپۆشی، تەنانەت لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرکاریش هەمان جلوبەرگی ئاسایییان دەپۆشی، بەڵام زۆرجار بەهۆی نەشتەرکارییەکان جلوبەرگەکانیان بە خوێن پیس دەبوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی جلوبەرگی تایبەتی پزیشکی زیاتر بەرەو پێش بچێت.

مێژووی جلوبەرگی پزیشکی بۆ سەدەکانی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە، پەرستارەکانی ئەم سەردەمە کە چاودێری نەخۆشەکانیان دەکرد بەزۆری ڕاهیبەکان بوون، بەهۆی  ئەمەش جلوبەرگی پەرستارەکان لەسەر شێوازی جلوبەرگی ڕاهیبەکان دیزاین کرابوو جلەکانیان چاکەتی درێژ، بەروانکە و سەریان داپۆشراو بوو. لە نزیکەی سەدەی ١٥ بۆ سەرەتای سەدەی ١٩، ماسکی ڕەش و چاکەتی ڕەشی درێژ کە زیاتر بە (جلوبەرگی خۆپاراستن لە نەخۆشی تاعون) ناسرابوو لە لایەن پزیشکەکانەوە بەکاردەهێنرا. لە نیوەی کۆتایی سەدەی ١٩ جلی پزیشکی گۆڕانکاری بەسەردا هات. جلوبەرگی پەرستاری زیاتر لە جلوبەرگی ئایینی ئەو سەردەمە دەچوو. پزیشکەکان وردە وردە دەستیان بە بەکارهێنانی جلوبەرگی ڕەنگی سپی کرد. بیرۆکەی جلوبەرگی خۆپارێزی لەگەڵ (ویلیام ستیوارت هاڵستد) دەستی بە پەرەسەندن کرد. ویلیام ستیوارت لە ساڵی ١٨٨٩ باسی لە بیرۆکەی بەکارهێنانی دەستکێشی لاستیکی بۆ خۆپارێزی کردبوو.

لە ساڵی ١٩٤٠ پێشکەوتنە زانستییەکان بوونە هۆی زیاتر تێگەیشتن لە میکرۆب و کاریگەری میکرۆب لەسەر تووشبوون بە نەخۆشی، پزیشکەکان و پەرستارەکان لە ژووری نەشتەرکاری جلوبەرگی سپییان دەپۆشی، بەڵام پێیان وابوو ژینگەی سپی نەخۆشخانە و ڕووناکییە سپییەکان لەگەڵ ئەم پۆشاکانەدا فشار بۆ چاو دروست دەکەن تاوەکوو جیاوازی دروست بکەن هەوڵیان دا ڕەنگی سەوز و شینیش بپۆشن. دواتر بەپێی کات پسپۆرییە جیاوازەکان و پیشەجیاوازەکان جلوبەرگی تایبەت بە خۆیان پۆشی و ڕەنگی جیاوازیان بەکار‌هێنا.

ڕەنگی جلوبەرگەکان بەپێی پیشەکان

  • پزیشک: پزیشکەکان جلوبەرگی شینی تاریک دەپۆشن، ئەم ڕەنگە جلوبەرگە واتای دەسەڵات و باوەڕبەخۆبوون  دەگەیەنێت. ڕەنگێکی تاریکە و بەزوویی پیس نابێت.
  • پزیشکی نەشتەرکار: ئەو پزیشکانەی نەشتەرکاری ئەنجام دەدەن جلوبەرگی سەوز دەپۆشن، سەیرکردنی ڕەنگی سەوز دەتوانێت توانای بینینی پزیشکەکان بۆ شتە ڕەنگ سوورەکان زیاد بکات، بۆ نموونە وەک بینینی خوێن لە کاتی نەشتەرکاریدا. مێشک ڕەنگەکان بە نزیکی یەکتر لێکدەداتەوە واتا ئەگەر پزیشک لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرکاری جلوبەرگی سوور بپۆشێت، توانای تەرکیز کردنی بۆ خوێنی لەشی نەخۆشەکە کەمتر دەبێت بەهۆی ئەمەش ڕەنگی سەوز ڕەنگێکی گونجاوە تاوەکوو توانای تەرکیزکردنی پزیشکەکان لە ژووری نەشتەرکاری زیاد بکات.
  • پەرستار: جلوبەرگی پەرستارەکان شینی ڕووناک یان شینی کاڵە بەهۆی ئەمەش دەتوانرێت لە پزیشکەکان جیا بکرێنەوە.
  • تەکنیکار (technician): بەشێوەیەکی گشتی تەکنیکارەکان جلوبەرگی مارۆنی  دەپۆشن  هەروەها لە هەندێک شوێن ڕەنگی سپی دەپۆشن.
  • چاکەتی تاقیگە (Lab coat): ئەم چاکەتە ڕەنگی سپییە لەلایەن پزیشکان، پەرستارەکان و کارمەندانی تاقیگەش دەپۆشرێت، واتای هیوا و پاکی و گۆڕانکاری دەگەیەنێت.  

ئەم ڕەنگانە بە شێوەیەکی گشتی لە زۆربەی نەخۆشخانەکان بەکاردێت، بەڵام هەندێک کات نەخۆشخانەکان ڕەنگی جیاوازتر بەکاردەهێنن.


سەرچاوەکان



935 بینین