سیبیریا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-21-12:15:00 - کۆدی بابەت: 9931
سیبیریا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سیبیریا (بە ئینگلیزی: Siberia، بە عەرەبی: سيبيريا) ناوچەیەکی جوگرافی فراوانە و هەموو باکووری ئاسیا پێکدەهێنێت، لە چیای ئۆرال لە ڕۆژاوا تا زەریای هێمن لە ڕۆژهەڵات درێژدەبێتەوە. لە نیوەی کۆتایی سەدەی شازدەهەمەوە بەشێکە لە ڕووسیا، دوای ئەوەی ڕووسەکان زەوییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی چیای ئۆرال داگیرکرد. سیبیریا ناوچەیەکی زۆر فراوانە بەڵام دانیشتووانێکی کەمی تێدایە، ڕووبەرەکەی زیاتر لە ١٣.١ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، بەڵام تەنیا یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی ڕووسیای تێدایە. نۆڤۆسیبیرسک و ئۆمسک گەورەترین شارەکانی ناوچەکەن.

جوگرافیا و کەشوهەوا

چونکە سیبیریا ناوچەیەکی جوگرافی و مێژووییە و قەوارەیەکی سیاسی نییە، تاکە پێناسەیەکی ورد بۆ سنوورە خاکییەکانی نییە. بە شێوەیەکی نەریتی، سیبیریا بەرەو ڕۆژهەڵات لە چیای ئۆراڵەوە تا زەریای هێمن درێژ دەبێتەوە، و زۆربەی حەوزی ئاوەڕۆی زەریای جەمسەری باکوور دەگرێتەوە. ڕووباری یەنێسی، سیبیریا بەسەر دوو بەشدا دابەش دەکات، ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵات. سیبیریا لە زەریای جەمسەری باکوورەوە بەرەو باشوور درێژ دەبێتەوە تا گردەکانی باکووری ناوەڕاستی کازاخستان و بەشەکانی باکووری مەنگۆلیا و چین.

بەشی ناوەڕاستی سیبیریا (ناوچە ئابوورییەکانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی سیبیریا) بە بەشێکی ناوەکی ناوچەکە لە یەکێتیی سۆڤیەت دادەنرا. لە دەرەوەی ناوکەوە، بەشی ڕۆژاوای سیبیریا هەندێک خاکی ناوچەی ئۆرال دەگرێتەوە و بەشی دووری ڕۆژهەڵات لە مێژوودا بە ڕۆژهەڵاتی دووری ڕووسیا ناوزەد کراوە. سیبیریا بە پلەی یەکەم بە زستانە درێژ و سەختەکانی لە سەرانسەری جیهاندا ناسراوە، کە تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی یەکدا -٢٥ پلەی سەدییە. لە ڕووی جوگرافییەوە لە ئاسیا هەڵکەوتووە؛ بەڵام بەهۆی ئەوەی کە کۆلۆنی کراوە و خراوەتە ناو ڕووسیاوە، لە ڕووی کولتووری و سیاسییەوە بەشێکە لە ئەورووپا. کاریگەرییە کولتوورییەکانی ئەورووپی، بە تایبەتی ڕووسی، لە سەرانسەری ناوچەکەدا زاڵن، بەهۆی ئەوەی لە سەدەی ١٦ەوە کۆچی ڕووسی لە ئەورووپاوە هەبووە، زیاتر لە ٨٥%ی دانیشتوانی ناوچەکە بە ڕەچەڵەک ئەورووپین.

زنجیرە چیایەکان

  • چیای ئەلتای
  • ئانادی
  • چیای بایکاڵ
  • خمار-دابان
  • چێرسکی
  • چیای چوکۆتکا
  • چیای دژوگدژور
  • چیای کۆلیما
  • چیای کۆریاک
  • چیای سایان
  • چیای تانو-ئۆلا
  • چیای ئۆرال
  • چیای ڤێرخۆیانسک
  • چیای یابلۆنۆی

دەریاچە و ڕووبارەکان

  • ئاڵازیا
  • ئانابار
  • ئانگارا
  • ئیندیگیرکا
  • ئیرتیش
  • کۆلیما
  • دەریاچەی بایکاڵ
  • لینا
  • تونگوسکا
  • کۆگای نۆڤۆسیبیرسک
  • ئۆب
  • پۆدکامێنایا تونگوسکا
  • پاپیگای
  • ئانگارای سەرەوە
  • دەریاچەی یووڤس
  • ڕووباری یانا
  • یەنێسی

مێژوو

مێژووی سەرەتایی سیبیریا زۆر لە ژێر کاریگەری شارستانیەتی کۆچەری ئاڵۆزی سکیتییەکان لە ڕۆژاوای چیای ئورال و شیۆنگنو لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرالدا بووە، کە هەردووکیان پێش سەردەمی مەسیحییەکان گەشەیان کردووە. چەمی سیبیریا لەلایەن یەک لە دوای یەک گەلانی کۆچەرەوە داگیرکراوە، لەوانە گەلی خیتان و گەلانی جۆراوجۆری تورک و ئیمپراتۆریەتی مەغۆل. لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا، ئایینی بودایی تبت بڵاوبووەوە بۆ ناوچەکانی باشووری دەریاچەی بایکاڵ. لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیادا، سیبیریا بە شێوەیەکی سەرەکی وەک پارێزگایەکی کشتوکاڵی گەشەی سەند. هەروەها حکوومەت وەک ناوچەیەکی دوورخستنەوەی کەسانی سیاسی و چالاکوانانی دژەحکوومەت بەکاری دەهێنا و چەندان کەسایەتی دیاری جیهانی بۆ ئەوێ دوورخراونەتەوە، وەک ڤلادیمێر لینین، جۆزێف ستالین، ئاڤڤاکوم و دۆستۆیڤسکی و چەندانی تری نارد بۆ کەمپەکانی کارکردن لە ناوچەکەدا. لە ماوەی سەدەی نۆزدەهەمدا هێڵی ئاسنی ترانس سیبیریا دروستکرا، کە پشتگیرییەک بوو بۆ  پیشەسازیکردن و دواتر یاریدەربوو بۆ دۆزینەوەی یەدەگی بەرفراوانی سەرچاوە کانزاییەکانی سیبیریا.

لە دەیەکانی سەرەتای یەکێتیی سۆڤیەتدا (بەتایبەت لە ساڵانی ١٩٣٠ و چلەکاندا)، حکوومەت دەزگای دەوڵەتی گولاگی بەکارهێنا بۆ بەڕێوەبردنی سیستمێکی کەمپی کاری سزادان، کە جێگەی سیستەمی کاتۆرگای پێشووی گرتەوە. بەپێی خەمڵاندنە نیمچە فەرمییەکانی سۆڤیەت کە تا دوای ڕووخانی حکومەتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ ئاشکرا نەبووە، لە ساڵی ١٩٢٩ تا ١٩٥٣ زیاتر لە ١٤ ملیۆن کەس بەو کەمپ و زیندانانەدا تێپەڕیون و زۆربەیان لە سیبیریا بوون. نیو ملیۆن زیندانی لە کەمپەکاندا لە ساڵی ١٩٤١ تا ١٩٤٣ لە جەنگی جیهانیی دووەمدا گیانیان لەدەستدا.

ئابووری

نۆڤۆسیبیرسک گەورەترین شارە لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە و گرنگترین شارە بۆ ئابووریی سیبیریا؛ بەتایبەت لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە کاتێک وەک ناوەندێکی ناوچەیی بۆ بیرۆکراسی جێبەجێکار (ناوچەی فیدراڵی سیبیریا) دەستنیشانکرا. ئۆمسک شارێکی مێژووییە و دووەم گەورەترین شارە لە ناوچەکەدا، لە ساڵانی ١٩٥٠وە خاوەنی گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی ڕووسیایە. سیبیریا بە شێوەیەکی نائاسایی دەوڵەمەندە بە کانزاکان، بەنزیکەیی هەموو کانزا بەنرخەکانی لە ڕووی ئابوورییەوە تێدایە. خاوەنی بەشێک لە گەورەترین پاشماوەکانی جیهانە لە نیکڵ، زێڕ، قوڕقوشم، خەڵووز، مۆلیبدینیۆم، جپس، ئەڵماس، دیۆپساید، زیو و زینک، هەروەها سەرچاوەی بەرفراوانی نەوت و گازی سروشتییە.

نزیکەی ٧٠%ی کێڵگە نەوتییە پێشکەوتووەکانی ڕووسیا لە ناوچەی خانتی-مانسیسکن. ڕووسیا نزیکەی ٤٠%ی سەرچاوە ناسراوەکانی جیهانی نیکڵ لە نەوتی نۆریلسک لە سیبیریا لەخۆدەگرێت. کۆمپانیای نۆریلسک نیکڵ گەورەترین بەرهەمهێنەری نیکڵ و پالادیۆمە لە جیهاندا. کشتوکاڵی سیبیریا بەهۆی وەرزی کورتی گەشەکردنی زۆربەی ناوچەکەوە بە توندی سنووردارە. بەڵام لە باشووری ڕۆژاوا کە خاکەکان لە زەوی لەڕادەبەدەر بەپیت پێکهاتوون و کەشوهەوا کەمێک مامناوەندترە، بەرهەمی بەرفراوانی گەنم و جۆ و پەتاتە هەیە، لەگەڵ لەوەڕاندنی ژمارەیەکی زۆر مەڕ و ئاژەڵ. لە ساڵی ٢٠٢٠ بەرهەمی گشتی ناوچەیی سیبیریا ٢٦.٧ تریلیۆن ₽ واتە نزیکەی ٤٠٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی بووە.

وەرزش

تیپە تۆپی پێیە پیشەگەرەکان بریتین لە: ئێف سی تۆم تۆمسک، ئێف سی نۆڤۆسیبیرسک، ئێف کەی یێنسی کراسنۆیارسک. سێیەم وەرزشی بەناوبانگی ڕووسیا بە ناوی باندی، لە سیبیریا گرنگییەکی زۆری پی دەدرێت.

دیمۆگرافی

چڕی دانیشتووانی سیبیریا تەنها سێ کەسە لە کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا. ئەو ئۆبلاستانەی کە زۆرترین چڕی دانیشتووانیان هەیە بریتین لە ئۆبلاستی چێلیابینسک و ئۆبلاستی کیمێرۆڤۆ کە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا بە ٤١ و ٣٠ کەس دەژین. کۆریاک ئۆکروگ چڕی دانیشتووانی لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەک کەمترە لە ٠.١ کەس. کۆی گشتی دانیشتووانی ناوچەکە لە ساڵی ٢٠٢٢دا، گەیشتووەتە ٣٧,٥ ملیۆن کەس.

لە سەرانسەری سیبیریادا بیروباوەڕی جۆراوجۆر هەیە، لەوانە ئایینی مەسیحی ئۆرتۆدۆکس، ئایینەکانی تری مەسیحی، ئایینی بودای تبت و ئیسلام. ناوچەی فیدراڵی سیبیریا بە زیاتر لە ٢٥٠ هەزار موسڵمان مەزەندە دەکرێت. هەروەها ٧٠ هەزار جوولەکە لە سیبیریا دەژین، هەندێکیان لە هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی جوولەکەکانن. گرووپی ئایینیی باڵادەست بریتییە لە کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی ڕووسیا.


سەرچاوەکان

163 بینین