نارنجۆکی ئێم ٦٧

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-08-22-22:16:00 - کۆدی بابەت: 9957
نارنجۆکی ئێم ٦٧

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نارنجۆکی M67 (بە عەرەبی: قنبلة M67، بە ئینگلیزی: M67 grenadeنارنجۆکێکی دەستی پارچە فڕێدەرە کە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێت. M67 وەشانێکی نوێی نارنجۆکی M33ــیە، کە خۆی جێگرەوەی نارنجۆکەکانی زنجیرەی M26ـە کە لە جەنگی کۆریا و ڤێتنام بەکار‌هێنراون لەگەڵ نارنجۆکی MK2 کە بە ئەنەناس ناسراوە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا.

شێوە و کاریگەرییەکەی

نارنجۆکی M67 شێوەیەکی گۆیی هەیە و جەستەی نارنجۆکەکە بە پۆڵا ڕووپۆشکراوە. هەر نارنجۆکێک ١٨٠ گرام تەقەمەنی پێکهاتەی B کە جۆرێکی تەقەمەنییە پێکهاتووە لە تێکەڵەی (RDX و TNT)ـی تێدایە. فیوزی دواکەوتنی چەکی M213 بەکاردەهێنێت. نارنجۆکی M67 بەگشتی کێشی ٤٠٠ گرامە و سپرینگێکی سەلامەتی هەیە بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە ڕاکێشانی پێنی سەلامەتی سەر نارنجۆکەکە. پێنی سەلامەتی ڕێگری دەکات لە جووڵەی لیڤەری سەلامەتی یان دەسکی سەر نارنجۆکەکە و ئازادکردنی هێرشبەرەکە بە کۆبوونەوەی فیوزەکانی نارنجۆکەکە و تەقینی.

M67 بەشێوەیەکی گشتی بە نارنجۆکی (بەیسبۆڵ) ناسراوە، چونکە شێوەی وەکوو تۆپێک وایە کە دەتوانرێت بە ئاسانی فڕێ بدرێت. بەپێی ڕاپۆڕتی دارایی سوپای ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢١ـدا تێکڕای تێچووی یەک نارنجۆکی M67 نزیکەی ٤٥ دۆلاری ئەمریکییە.

M67 دەتوانرێت بۆ دووری ٣٠ بۆ ٣٥ مەتر لەلایەن سەربازێکەوە فڕێبدرێت. فیوزەکە، ٤ بۆ ٥ چرکە تەقینەوەی نارنجۆکەکە دوادەخات دوای دەرهێنانی دەسکی سەر نارنجۆکەکە. پارچە پارچەبوونی پۆڵای جەستەی نارنجۆکەکە دەبێتە هۆکاری برینداربوونی ئامانجەکە لە دەوری ١٥ مەتردا، هەروەها دەبێتە هۆی کوشتنی ئامانجەکە لە دەوری ٥ مەتردا، هەرچەندە هەندێک پارچە دەتوانن تاکوو نزیکەی ٢٥٠ مەتر بڵاوببنەوە.

جۆرەکانی

  • نارنجۆکی پارچە فڕێدەری M33: نارنجۆکی M33 یەکەم جێگرەوەی نارنجۆکی M26 بوو. لە بنەڕەتدا هاوشێوەی M67 بوو، بەڵام ئەو سپرینگی سەلامەتییەکەی نەبوو کە بۆ لیڤەری سەلامەتی M67 دانراوە.
  • نارنجۆکی پارچە فڕێدەری M68: ئەمەیان جۆرێکە لە نارنجۆکی M67 کە فیوزی M217 و سپرینگی سەلامەتی لەسەر لیڤەری سەلامەتی دانراوە. ئەم فیوزە ئەرکێکی کاریگەری کارەبایی هەیە کە لە ماوەی ١ بۆ ٢ چرکەدا کار لە نارنجۆکەکە دەکات و لە کاتی لێدانی، نارنجۆکەکە دەتەقێتەوە. نارنجۆکی M68 هەمان تایبەتمەندی و نیشانەکانی نارنجۆکی M67ـی هەیە، تەنها ئەوە نەبێت کە فیوز و لیڤەرێکی سووری بۆیاخ کراوە بۆ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە فیوزەکە ئەرکێکی هەیە.
  • نارنجۆکی پارچە فڕێدەری M33A1 و M59: پێش نارنجۆکی M68، ئەو نارنجۆکانەی کە بە فیوز دەتەقینەوە، جەستەی نارنجۆکی M33ـیان بەکارهێناوە کە فیوزی M217ـی لەسەر دانرابوو، بەبێ سپرینگی سەلامەتی لەسەر لیڤەرەکە و بە هەمان شێوەی M68 نیشانەیان لەسەرە.
  • M69ـی ڕاهێنان: فیوزەکە دەچێتە ناوەوەی جەستەی نارنجۆکەکەوە و دوای بەکارهێنان دەشێت بگۆڕدرێت. دەسکەکە لەکاتی بەکارهێنانیدا دوکەڵێکی سپی دەردەرکات. نارنجۆکی M69 لیڤەرێکی ڕەنگی شین و جەستەیەکی شین و نیشانەیەکی سپی لەسەرە. ئەمەش بۆ ئەوەیە کە نیشانی بدات نارنجۆکەکە، نارنجۆکێکی سەلامەتە نەک نارنجۆکێکی پارچە فڕێدەری زیندووی وەک M33 یان M67.

بەکارهێنەرەکانی


سەرچاوەکان



739 بینین