ژینگەی تورکیا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-23-21:45:00 - کۆدی بابەت: 9971
ژینگەی تورکیا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ژینگەی تورکیا (بە ئینگلیزی: Turkey's environment, البيئة التركية) تورکیا، بە فەرمی کۆماری تورکیا، وڵاتێکی کیشوەربڕە، ژمارەی دانیشتووانی ئەم وڵاتە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ـدا ٨٤٫٦٨٠٫٢٧٣ کەس بوو. هەروەها ئەنقەرە پایتەختی تورکیایە و ئیستەنبووڵیش گەورەترین شار و ناوەندی دارایی تورکیایە.

تورکیا لەڕووی جوگرافییەوە

تورکیا گەورەترین وڵاتی ئەورووپایە. ڕووبەری ڕووەکەی ٧٦٧٫١١٦ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، دەکەوێتە نێوان دەریاکانی ئیجە و دەریای ڕەش و دەریای سپی ناوەڕاست. نزیکەی ١،٥٢٩ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات و ٦٤٤ کیلۆمەتر لە باکوورەوە بۆ باشوور درێژ دەبێتەوە. تراکیا یان تراقیا، کە بەشی تورکیای ئەورووپایە، لە ئەنادۆڵ و ئاسیا دەست پێدەکات و لە گەرووی بۆسفۆر کۆتایی دێت. ئەنادۆڵ بانێکی بەرزە کە لە باکوورەوە بە زنجیرە چیاکانی پۆنتیک (Pontic) و لە باشوورەوە بە زنجیرە چیاکانی توڕۆس (Taurus) گرێدراوە و تا لووتکەی چیای ئارارات (کە بەرزییەکەی نزیکەی ٥٫١٨٢ مەترە) لە نێوان زنجیرە چیاکانی قەفقاز (Caucasus) لە ڕۆژهەڵات درێژ دەبێتەوە. زنجیرە شاخەکان بە دەشتە تەسکەکانی کەنار دەریا لە باکووری ڕۆژهەڵات و باشوور، بە دۆڵی بێ دار لە نێوان گردە پێچخواردووەکان و شاخە نزمەکانی ناوەڕاست کۆتاییان دێت.

ژینگەی تورکیا

کەشوهەوا

ئەو ناوچە کەنارییانەی تورکیا کە دەوری دەریاکانی سپی ناوەڕاست و ئیجە دەدەن کەشوهەوای دەریای سپی ناوەڕاستی مامناوەندیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، مانگەکانی وەرزی هاوین گەرم و وشکە و مانگەکانی وەرزی زستان مامناوەند، فێنک و باراناوییە. هەروەها ئەو ناوچانەشی کە دەکەونە سەر دەریای ڕەش کەشوهەوایەکی ئۆقیانوسی مامناوەندیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی هاوین گەرم و باراناویین و مانگەکانی وەرزی زستان سارد و باراناویین. کەنارەکانی دەریای ڕەش تاکە ناوچەی تورکیان کە بەدرێژایی ساڵ بارانێکی زۆریان لێ دەبارێت. ساڵانە بە تێکڕایی ۲٫۲۰۰ مللیمەتر باران لە بەشی خۆرهەڵاتی کەناری دەریای ڕەش دەبارێت. کەشوهەوای ئەو ناوچە کەنارییانەشی کە نزیکن لە دەریای مەڕمەڕە، کە دەریای ئیجە بە دەریای ڕەشەوە دەبەستێتەوە، کەشوهەوایەکی کاتییان هەیە لە نێوان کەشوهەوایەکی دەریای سپی ناوەڕاستی مامناوەند و کەشوهەوایەکی ئۆقیانوسی مامناوەند. لەگەڵ ئەوەشدا هاوینیان گەرم و وشکە، و زستانیان سارد و باراناوییە. لە ناوچەکانی سەر دەریای مەڕمەڕە و دەریای ڕەش هەموو ساڵێک بەفر دەبارێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا دەتوێنەوە. سەرەڕای ئەوەش بارینی بەفر لە ناوچەکانی سەر دەریای ئیجەدا دەگمەنە و لە ناوچە کەنارییەکانی دەریای سپی ناوەڕاستدا زۆر دەگمەنە. مانگەکانی وەرزی زستان لە بانی ئەنادۆڵ زۆر توندە و پلەکانی گەرما لە باکووری خۆرهەڵاتی ئەنادۆڵ بۆ ۳۰- و ٤۰- دادەبەزن، لەگەڵ ئەوەشدا بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی ۱۲۰ ڕۆژ بەفر لە بانەکە دەمێنتەوە و بەدرێژایی ساڵیش لەسەر لووتکەی زنجیرە شاخە بەرزەکان دەمێننەوە. لە بەشی ناوەڕاستی ئەنادۆڵ دەشێت پلەکانی گەرما بۆ خوار ۲۰- پلەی سەدی داببەزن.

ناوچە

بەرزە بانی ناوەندی (ئەنادۆڵ)، دەشتی کەناری تەسک، چەندین زنجیرە شاخ.

سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان

خەڵووز، ئاسنی خاو، مس، کرۆم، ئەنتیمۆن، جیوە، زێڕ، بارایت، خوێی ترشی بۆریک، ستڕۆنشێوم، سماڕتە، فێڵسپار، بەردەقسڵ، مەگنيسايت، مەڕمەڕ، پەرلایت، بەردی مرواری، بەردەپێ، پايرايت (گۆگرد)، گڵ، زەوی کشتوکاڵی، هێزی کارۆئاوی.

مەترسییە سروشتییەکان

بوومەلەرزەی زۆر توند، بەتایبەتی لە باکووری تورکیا، لەگەڵ کەوانەیەک کە لە دەریای مەڕمەڕەوە تا دەریاچەی وان (Van) درێژ دەبێتەوە.

زەوی ئاودێری

٢٠،٦١٨ میل چوارگۆشە

٥٣،٤٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە

پرسە ژینگەییەکان

پیسبوونی ئاو لە فڕێدانی ماددە کیمیاییەکان و پاککەرەوەکان؛ پیسبوونی هەوا، بەتایبەتی لە ناوچە شارستانییەکان, بڕینەوەی درەختی دارستانەکان, ڕژانی نەوت لە زیادبوونی هاتوچۆی کەشتییەکانی دەربەندی بۆسۆفۆرۆس (Bosporus)، کە دەریای ڕەش و دەریای مەڕمەڕ بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

ژینگە - ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان

ئامانجەکانی ڕێککەوتنەکان ئەمانەن: پیسبوونی هەوا، پەیمانی جەمسەری باشوور، زیندەفرەجۆری، گۆڕانی کەشوهەوا، بەبیابانبوون، جۆرە لەناوچووەکان یان قڕتێکەوتووەکان، پاشماوە مەترسیدارەکان، پاراستنی چینەکانی ئۆزۆن، پیسبوون بەهۆی کەشتییەکانەوە، زەلکاوەکان.


سەرچاوەکان



316 بینین