چاندنی داری لیمۆ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-23-23:05:00 - کۆدی بابەت: 9974
چاندنی داری لیمۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی دار لیمۆ (بە عەرەبی: زرع شجرة الليمون، بە ئینگلیزی: Planting lemon tree)، داری لیمۆ هەمیشە سەوزە و نشینگە بنەڕەتییەکەی باشووری کیشوەری ئاسیا دەگرێتەوە بە دیاریکراویش بۆ یەکەمجار لە زنجیرە چیاکانی هیمالایاوە دەرکەوتووە، هەرچەندە خەڵکی باوەڕیان وایە کە چاندنی داری میوەکان لە باخچەی ماڵەکانیاندا سەرکەوتوو نابێت، بەڵام ئەم بۆچوونە بۆ داری لیمۆ هەڵەیە و بە ئاسانی لە ماڵەکاندا گەشە دەکات، بە تایبەتی جۆرە بچووکەکانی کە تەنها دوو مەتر بەرز دەبن.  

داری لیمۆ چەندین جۆری جیاوازی هەیە لە ڕووی قەبارە و تامەوە، هەندێکیشیان شێوەی بەرهەمەکەیان جیاوازە وەک بازنەیی و هێلکەیی، واتە بۆ هەڵبژاردنی دارێکی لیمۆ بۆ چاندن چەندین بژاردەی جیاواز هەیە، کە دەکرێت دڵخوازی و ویستی کڕیارەکە دابین بکات، وەرزی خونچە کردنی ئەم دارە لە بەهاردایە و ڕەنگی گوڵەکەشی سپییە، هەروەها کاتێک دارێکی لیمۆ گەشە تەواو دەکات درێژییەکەی دەگاتە شەش مەتر و پانییەکەشی دەگاتە زیاتر لە چوار مەتر، جگە لە ئەمانەش بەرهەمی ئەم درەختە کە لیمۆیە بڕێکی زۆر ڤیتامین C  تێدایە و یەکێکە لە خۆراکە گرنگەکانی جەستە، بەڵام گەڵا و بەشەکانی درەختەکەی بۆ سەگ و پشیلە و ئاژە ماڵییەکان ژەهراوییە و نابێت بیخۆن.

هەنگاوەکانی چاندن

  • دابینکردنی مەودایەکی زۆر و گونجاو، چونکە تەنانەت جۆرە کورتەباڵاکانیشی هەتاکوو دوو مەتر گەشە دەکەن.
  • پاشان هەڵکۆڵینی چاڵێک درێژی و پانییەکی دوو هێندەی ڕەگەکەی ببێت.
  • پێویستە خاکەکەی بە باشی ئاو تێپەڕبکات، چونکە ڕەگی درەختی مزرەمەنییەکان ئارەزووی تەڕی ناکەن، ئەگەر لە گۆزەشدا بچێنرێت دەبێت دڵنابنەوە لەوەی کە کونی پێویستی تێدایە و ئاوەکە کەڵەکە نابێت.
  • هەڵبژاردن و بەکارهێنانی خاکێکی گونجاو کە بە نزیکەیی ترشبێت.
  • چاندنی درەختی لیمۆ لە جێگە هەڵکۆڵراوەکەیدا.
  • ئاودان بە ڕێکی و گونجاوی بە دیاریکراویش دوای وشکبوونەوەی بەشی سەرەوەی خاکەکەی، بەڵام لە سەرەتای چاندنیدا هەفتەی دوو جار ئاوی پێویستە، پاشان دواتر کە گەشەدەکات توانای بەرگەگرتنی بۆ ئاوی کەمتر دەبێت.

شێوازی گرنگیپێدان

لە ماوەی وەرزە گەرمەکاندا ڕووەکەکە گەشەی زیاتر دەکات و ئاودانی زیاتری دەوێت، بەڵام هەبوونی سەرمای زۆر زیانی پێدەگەیەنێت، ئەم دارە ڕۆژانە پێویستی بە ٦-٨ کاتژمێر لە ڕووناکی خۆر دەبێت، بۆیە ئەگەر لە گۆزەدا بچێنرێت دەبێت بخرێتە بەردەم پەنجەرە، هەتاکوو زۆرترین ڕووناکی خۆر وەرگرێت، لە وەرزی هاویندا کاتێک درەختەکە لە لوتکەی گەشەکردنیدایە پێویستە ماددەی خۆراکی بۆ خاکەکەی زیادبکرێت هەتاکوو بەپیت ببێت.

باشترین جێگەی گەشەکردن بۆ ئەم دارە ناوچە خولگەیی و نیمچە خولگەییەکانن، دوای گوڵگرتن داری لیمۆ پێویستی بە ساڵێک هەیە هەتاکوو گوڵەکە ببێت بە بەر و بەرەکەشی زەرد ببێت و پێبگات، دەبێت وازیلێبهێنرێت و پێش کاتی خۆی لێنەکرێتەوە، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی بەرهەمی باشتر و چڵ و لقی ڕێکتر دەبێت هەڵبپاچرێت، بۆ ئەوەی بەرهەمێکی باشیشی هەبێت چەندین ساڵی پێویستە.


سەرچاوەکان



537 بینین