تۆم هاردی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-08-24-21:18:00 - کۆدی بابەت: 9992
تۆم هاردی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تۆم هاردی, ناوی تەواوی ئیدوارد تۆماس هاردی (بە ئینگلیزی: Tom Hardy، Edward Thomas Hardy، بە عەرەبی: إدوارد توماس هاردي، توم هاردي) ڕۆڵگێڕ، بەرهەمهێنەر، سیناریۆنووس و مۆدێلێکی پيشووی بەریتانییە، لە ١٥ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧٧ لە شاری لەندەن لە بەریتانیا لەدایکبووە.

لە پاش خوێندنی نواندن لە ناوەندی دراما لە لەندەن، یەکەم کاری سینەمایی ماوە درێژی لە فیلمی (Black Hawk Down) لە ساڵی ٢٠٠١ کە لە دەرهێنانی ڕیدلی سکۆت بوو.

زانیاری گشتی

Tom Hardy
ناوی تەواو
ئیدوارد تۆماس هاردی
لەدایکبوون
١٥ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧٧ لە شاری لەندەن لە بەریتانیا
پیشە
  • ڕۆڵگێڕ
  • بەرهەمهێنەر
  • سیناریۆنووس
  • مۆدێلی پێشوو
ساڵی دەرکەوتنی  ١٩٩٨ - ئێستا
هاوژین
  • سارا وارد (١٩٩٩ - ٢٠٠٤)
  • شارلۆت ڕایلی (٢٠١٤ - ئێستا)
منداڵ ٣
ئەندامانی خێزان
  •  چیپس هاردی (باوک)
  • ئیلیزابێس ئان هاردی (دایک)
واژۆ
SignatureTomHardy.png

ژیانی منداڵی

ئیدوارد تۆماس هاردی لە ١٥ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧٧ لە ناوچەی هامەرسمس لە شاری لەندەن لە بەریتانیا لەدایکبووە، تاکە منداڵی هونەرمەند و نیگارکێش ئان و ڕۆماننووس و چیرۆکنووسی کۆمیدی ئیدوارد هاردییە، دایکی بە ڕەچەڵەک ئێرلەندییە، لە گەڕەکی ئێست شین لە لەندەن گەورەبووە.

هاردی لە خوێندنگەی تاوەر هاوس، خوێندنگەی ریدز، خوێندنگەی درامای ڕیچمۆند، ناوەندی درامای لەندەن و چەند خوێندنگەیەکی تر خوێندوویەتی.

ژیانی تایبەتی

هاردی تووشی نەخۆشی خەمۆکی بەردەوام بوو، لە تەمەنی هەرزەکاریدا کاتێکی زۆری بە خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان و بەکارهێنانی کۆکایین بەسەربردووە و لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە، لە تەمەنی ٢٠ ساڵاندا داوای یارمەتی دەروونی کردووە.

تۆم هاردی لە ساڵی ١٩٩٩ لەگەڵ بەرهەمهێنەر سارا وارد هاوسەرگیری کرد، لە ساڵی ٢٠٠٤ جیابوونەوە، لە کاستی فیلمی (The Virgin Queen) چاوی بە یاریدەدەری دەرهێنەر ڕەیچڵ سپید کەوت، لە نیسانی ساڵی ٢٠٠٨ بوونە خاوەنی کوڕێک پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٩ جیا ببنەوە.

لەو ساڵەدا هاردی پەیوەندی لەگەڵ خانمە ڕۆڵگێڕی بەناوبانگ شارلۆت ڕایلی بەست، لە مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠١٤ هاوسەرگیرییان کرد، خاوەنی دوو منداڵن، یەکێکیان لەدایکبووی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ـیە، دووەمیان لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ لەدایکبووە.

لە کاتی بەرهەمهێنانی فیلمی ژیاننامەیی (Bronson)، کە باس لە زیندانی ڕاستەقینەی ئینگلیز چارلز برۆنسۆن دەکات، کە زۆربەی ژیانی تەمەنی پێگەیشتوویی لە زیندانی تاکە کەسیدا بەسەردەبات، هاوکات تۆم هاردی چاوی بە برۆنسۆن دەکەوێت و بوونە هاوڕێ، برۆنسۆن بە ڕۆڵەکەی سەرسام بوو کە چەندە توانی لەگەڵ ڕۆڵگێڕان و کەسایەتی و دەنگی برۆنسۆندا بگونجێت، پێی وایە تۆم هاردی تاکە کەسە بتوانێت بەو باشییە ڕۆڵی بگێڕێت.

هاردی لە ساڵی ٢٠١٥ وەک یەکێک لە ٥٠ ڕێکپۆشترین پیاوی بەریتانی لە گۆڤاری (GQ) دەستنیشانکرا، لە ساڵی ٢٠١٦ لە لیستی (Debrett's) دەرکەوت کە یەکێک بووە لە کاریگەرترین کەسانی بەریتانیا، لە ساڵی ٢٠١٨ خەڵاتی (CBE) وەرگرت بۆ خزمەتەکانی لە درامادا.

تۆم ئارەزووی یاری جوجیتسوی بەڕازیلی دەکات و ڕاهێنانی لەسەر دەکات، خاوەنی پشتێنی شین و مەدالیای زێڕینە.

ژیانی پیشەیی

هاردی لە ئەیلوولی ساڵی ١٩٩٨ پەیوەندی بە ناوەندی دراما لە لەندەن کرد، یەکەم کاری سینەمایی بەشداری کردن بوو لە کورتە زنجیرەی (Band of Brothers)، یەکەم دەرکەوتنی ماوە درێژی لە فیلمی (Black Hawk Down) لە ساڵی ٢٠٠١ کە لە دەرهێنانی ڕیدلی سکۆت بوو.

هەر لەو ماوەیەدا هاردی ماوەیەکی کورت وەکوو ڕاپەر و بەرهەمهێنەری هیپ هۆپ لەگەڵ هاوڕێکەی ئیدوارد تریسی کاری کرد، لە ساڵی ١٩٩٩ بەرهەمێکیان تۆمارکرد و تا ساڵی ٢٠١٨ بڵاونەکرایەوە، هەروەها خاوەنی چەندین بەرهەمی ترە لەو بوارەدا.

لە ساڵی ٢٠٠٢ لە فیلمی (Star Trek: Nemesis) دەرکەوت، لە ساڵی دواتردا لە فیلمی (Dot the i) بەشداری کرد، پاشان گەشتێکی کرد بۆ باشووری ئەفریقا و لە فیلمی جەنگی (Deserter) ڕۆڵیگێڕا، پاشان گەڕایەوە بۆ بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٠٣ بەشداری لە فیلمی ترسناکی (LD 50 Lethal Dose) کرد.

لە ساڵی ٢٠٠٣ خەڵاتی شانۆی ستاندارتی ئێوارەی لەندەن بۆ ڕۆڵگێڕی نوێی هەڵکەوتوو وەرگرت، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٤ پاڵێوراو بوو بۆ خەڵاتی لۆرانس ئۆلیڤەر بۆ ڕۆڵگێڕی نوێی داهاتووبەخێر.

هاردی لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا لەگەڵ ئیمیلیا فۆکس لە کورتە زنجیرەی بی بی سی (The Virgin Queen) لە ڕۆڵی ڕۆبيرت دەدلی هاوڕێی شاژن ئیلیزابيسی یەکەم ڕۆڵی گێڕا.

لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا لە درامای بی بی سی دوودا بەشداری کرد کە لە چیرۆکێکی ڕاستییەوە وەرگیرابوو بە ناوی (Stuart: A Life Backwards).

لە شوباتی ٢٠٠٨ـدا ڕۆڵی دەستدرێژیکارێکی ئالوودەبوو بە ماددە هۆشبەرەکان لە فیلمی (w Delta z) گێڕا، لە هەمان ساڵدا ڕۆڵی سەرەکی لە فیلمی (Bronson) گێڕا، کە باس لە زیندانی ڕاستەقینەی ئینگلیز چارلز برۆنسۆن دەکات، کە زۆربەی ژیانی تەمەنی پێگەیشتوویی لە زیندانی تاکە کەسیدا بەسەردەبات، هاوکات تۆم هاردی بۆ فیلمەکە ١٩ کیلۆگرام کێشی خۆی زیاد کردووە.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٩ هاردی لە درامایەکی تەلەڤزیۆنی ڕۆڵی چەتەیەکی گێڕا بە ناوی (The Take on Sky One)، ئەم ڕۆڵە بووە هۆی ئەوەی لە خەڵاتی فیلمی تاوانکاری  لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا پاڵێوراوی باشترین ڕۆڵگێڕ بێت.

لە ساڵی ٢٠١٠ ڕۆڵی ئیمسی لە فیلمی ئەکشن، سەرکێشی و زانستی خەیاڵی کریستۆڤەر نۆلان لەگەڵ لیۆناردۆ دیکاپیریۆ و کیلیان مۆرفیدا گێڕاوە، بە ناوی (Inception) کە فیلمێکی سەرکەوتوو بوو، بەهۆیەوە خەڵاتی بافتای ڕۆڵگێڕی سەرکەوتووی بەدەستهێناوە.

لە فیلمی (The Dark Knight Rises) ڕۆڵی گێڕاوە، کە کۆتا فیلمی (The dark knight trilogy)ـی کریستۆڤەر نۆلان بوو، کە لە ٢٠ـی تەممووزی ٢٠١٢ بڵاوکرایەوە. هەروەها پەیوەندی بە کاستی درامای تاوانکاری بی بی سی (Peaky Blinders) کرد.

هاردی لە ساڵی ٢٠١٥ـدا بەشداری لە پێنج فیلم کرد، هەروەها بە ڕۆڵی سەرەکی بەشداری لە فیلمی سەرکەوتووی داهات بەرز (Mad Max: Fury Road) کرد، لەلایەن ڕەخنەگرانەوە ستایشی زۆری کرا و بووە یەکێک لە سەرکەوتووترین فیلمەکانی بۆکس ئۆفیس.

لە ٧ـی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ هاردی خەڵاتی باشترین ڕۆڵگێڕی لە خەڵاتی فیلمی سەربەخۆی بەریتانی (بیفا) وەرگرت، بەهۆی نواندنی لە فیلمی (Legend)، لە هەمان شەو بەشداری لە یەکەم نمایشی فیلمی ڕۆژاوایی ژیاننامەیی (The Revenant)، لەگەڵ هاوئەستێرەی فیلمی (Inception) لیۆناردۆ دیکاپیریۆ، لە گۆڕەپانی لێستەر لە لەندەن کرد.

لە ١٤ـی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٦، هاردی بووە پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ڕۆڵگێڕی پاڵپشت لە فیلمی (The Revenant).

هاردی لە ساڵی ٢٠١٧ ڕۆڵی فڕۆکەوانێکی فڕۆکەی جەنگی هێزی ئاسمانی شاهانە گێڕا، لە فیلمی ئەکشن و جەنگی (Dunkirk)، کە باس لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەم دەکات.

لە ساڵی ٢٠١٨ لە بەشداری لە فیلمی (Venom) کرد، لە ساڵی ٢٠١٩ وەک بەرهەمهێنەری جێبەجێکار لە (A Christmas Carol) کاری کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٠ بە ڕۆڵی سەرەکی بەشداری لە فیلمی ژیاننامەیی (Capone) کردووە، لە ساڵی ٢٠٢١ لە درێژەی فیلمی (Venom: Let There Be Carnage) دەرکەوتەوە، هەروەها لە چەندین فیلم و زنجیرەی تر ڕۆڵی گێڕاوە.

خەڵاتەکان

تۆم هاردی براوەی حەوت خەڵات و پاڵێوراوی ٣٦ خەڵات بووە، لەوانە:

  • پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ڕۆڵگێڕی پاڵپشت لە ساڵی ٢٠١٥ لە فیلمی (The Revenant).
  • خەڵاتی فیلمی هەڵبژاردەی ڕەخنەگران بۆ فیلمی (Mad Max: Fury Road) لە ساڵی ٢٠١٦، پاڵێوراوی ڕۆڵگێڕی پاڵپشت بۆ فیلمی (The Revenant).
  • هەروەها بووە خاوەنی خەڵاتی ئەستێرەی سەرکەوتووی فیلمی ئەکادیمی بەریتانی (بافتا)ـی ساڵی ٢٠١١.
  • لە ٧ـی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ هاردی خەڵاتی باشترین ڕۆڵگێڕی لە خەڵاتی فیلمی سەربەخۆی بەریتانی (بیفا) وەرگرت، بەهۆی نواندنی لە فیلمەکانی (Bronson) لە ٢٠٠٩ و (Legend) لە ساڵی ٢٠١٥، پاڵێوراوی دوو خەڵاتی تری بیفا.

بەرهەمەکانی

تۆم هاردی لە چەندین فیلم و زنجیرەدا بە ڕۆڵی سەرەکی و لاوەکی دەرکەوتووە، بەشێک لە دیارترین بەرهەمەکانی:

 
ساڵ بەرهەم
2001 Black Hawk Down
2004 Layer Cake
2008 Bronson
2010 Inception
2011 Warrior
2012 The Dark Knight Rises
2017 Taboo
2013-2022 Peaky Blinders
2012 Lawless
2013 Locke
2015 The Revenant
2015 Mad Max: Fury Road
2017 Dunkirk
2018 Venom

 


سەرچاوەکان



1368 بینین