بۆرنماوس

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-24-22:36:00 - کۆدی بابەت: 9996
بۆرنماوس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆرنماوس (بە ئینگلیزی: Bournemouth، بە عەرەبی: بورنموث)، شارۆچکەیەکی هاوینەهەواری کەنارییە لە دۆرسێت، ئینگلتەرا. لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا، ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە ١٨٣٫٤٩١ کەس بوو، بەمەش بووەتە گەورەترین شارۆچکەی دۆرسێت. ئەم شارۆچکە دەکەوێتە کەناری باشووری ئینگلیزی، ٣٩ کیلۆمەتر لە دۆرچێستەر و ساوسهامپتۆن و نزیکەی ١٥١ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای لەندەنەوە دوورە.

گرنگی شارۆچکەکە

شوێنی جوگرافی بۆرنماوس وایکردووە ببێتە شوێنێکی بەناوبانگ بۆ گەشتیاران و ساڵانە زیاتر لە پێنج ملیۆن سەردانیکەر بۆ خۆی ڕادەکێشێت. هەروەها ئەم شارۆچکە ناوەندێکی ناوچەیی بازرگانییە، شوێنی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆرنماوس یان BIC و کەرتێکی داراییە کە بەهای زیاتر لە یەک ملیار پاوەندە.

دانیشتووان

لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا ژمارەی دانیشتووانی بۆرنماوس بە ١٨٣,٤٩١ کەس تۆمار کرا، کە ٩١,٣٨٦ نێر و ٩٢,١٠٥ مێ، بە ڕێژە ٤٩٫٨٪ و ٥٠٫٢٪ـی دانیشتووانیان پێکهێنا. تێکڕای تەمەنی دانیشتووانی ئەم شارۆچکەیە ٤٠ ساڵییە و چڕی دانیشتووانەکەی ٤٫۰۰۰ کەسە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا، چڕی دانیشتووانی بۆرنماوس لە چڕی دانیشتووانی هەر دەسەڵاتێکی ناوچەی باشووری ڕۆژئاوا زیاترە و لەڕووی ژمارەی دانیشتووانیشەوە هەشتەم قەرەباڵغترین ناوچەیە.

ڕەگەز

زۆربەی دانیشتووانی بۆرنماوس، کە بە ڕێژە ٨٣,٨٪ـی دانیشتووان دەکات خۆیان بە بەریتانی سپی پێست وەسف دەکەن، لە کاتێکدا گرووپە سپی پێستەکانی دیکە ۸٫۱٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. گرووپە ئاسیاییەکان؛ هیندی، پاکستانی، بەنگلادیشی، چینی و نەتەوە ئاسیایەکانی دیکە، ٣,٩٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. هەروەها ڕەش پێستە بەریتانییەکان، ڕەش پێستی ئەفریقی، ڕەش پێستی کاریبی و گرووپە ڕەش پێستەکانی تر ١,٠٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن، ڕەگەز تێکەڵ ٢,٣٪ و گرووپە نەتەوەییەکانی دیکە ٠,٩٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن.

ئایین

بۆرنماوس لەڕووی ئایینییەوە شارۆچکەیەکی هەمەجۆرە، پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحی ٥٧,١٪ـی دانیشتووانیان پێکهێناوە، لە کاتێکدا ٣٠٪ـی دانیشتووان خۆیانیان بە بێ ئایین داوە لە قەڵەم و ٧,٨٪ـی دانیشتووانی شارۆچکەکە وەڵامی پرسیارەکەیان نەداوەتەوە. هەروەها ١,٨٪ـی دانیشتووان مسوڵمانن، پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی بوودی، هیندۆس و جوولەکە هەریەکەیان ٠,٧٪ـی دانیشتووانیان پێکهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا 0,1٪ـی دانیشتووان سیخین و ٠,٧٪ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی تر بوون.

مێژوو

گەشەسەندنی بۆرنماوس

تا سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم ئەو ناوچەیەی کە ئێستا بۆرنماوسی لێیە تەنها زەویەکی بەیار بوو کە ئاژەڵەکان تێیدا دەلەوەڕان. پاشان لە ساڵی ١٨١٠ـدا پیاوێک بە ناوی ترەگەنوێڵ (Tregonwell) لەگەڵ هاوسەرەکەیدا سەردانی کەنار دەریایان کرد. هاوسەری ئەم پیاوە حەزی لە ناوچەکە کرد و مێردەکەی قایلکرد کە خانوویەک لەوێ دروست بکات. ترەگەنوێڵ پارچە زەوییەکی کڕی و خانوویەکی دروست کرد لەگەڵ خانووچکەیەک بۆ خزمەتکار و باخەوانەکەی. بۆیە دەتوانرێت ترەگەنوێڵ وەکوو یەکەم دانیشتووی بۆرنماوس دابنرێت. لە کۆتایی سەدەی هەژدەدا کات بەسەربردن لە کەناری دەریادا لە نێو چینی دەوڵەمەند و چینی ناوەڕاستدا زۆر بەناوبانگ بوو، ژمارەیەکی زۆر هاوینەهەواری نوێ دروستکرا. لە ساڵی ١٨٣٦ـدا هاوینەهەواری کەناری، ڤێلا لە بۆرنماوسدا دروستکران و وردەوردە ناوچەکە قەرەباڵغی بەخۆیەوە بینی.

لە ساڵی ١٨٤٠ـدا گوندێکی بچووک لە بۆرنماوس دروستکرا، تا ساڵی ١٨٥١ وەکوو گوندێکی بچووک مایەوە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی تەنها ٦٩٥ کەس بوو. بەڵام دواتر بەخێرایی گەشەی کرد و لە ساڵی ١٨٦١ـدا ژمارەی دانیشتووانی بۆرنماوس گەشتە ١٫٧٠٧ کەس. هێڵی ئاسن لە ساڵی ١٨٧٠ گەیشتە بۆرنماوس، ئەمەش هاتوچۆکردنی زۆر ئاسانتر کرد، ژمارەی سەردانکەرانیشی زیاد کرد. بۆرنماوس گەشەی کرد، تا ساڵی ١٨٨١ـدا ژمارەی دانیشتووانی گەشتە ١٦٨٥٩ کەس. ئەم ژمارە زۆرەی دانیشتووان لە کڵێسای سەینت پیتەردا جێگایان نەدەبووەوە بۆیە لە ساڵی ١٨٨٠ـدا کڵێسایەکی نوێ دروستکرا، لە ساڵی ١٨٩١ـدا ژمارەی دانیشتووان بەرزبوویەوە بۆ ٣٧ هەزار کەس. یەکەم پەرتووکخانە لە بۆرنماوس لە ساڵی ١٨٩٥ـدا کرایەوە.

بۆرنماوس لە سەدەکانی ۲۰ و ۲۱ـدا

لە ساڵی ١٩٠١ـدا ژمارەی دانیشتووانی بۆرنماوس گەیشتبووە ٥٩ هەزار کەس. لە جەنگی جیهانیی دووەمدا ٢١٩ کەس بەهۆی بۆردومانەکانی ئەڵمانیاوە لەم شارۆچکەدا کوژران. هەروەها زانکۆی بۆرنماوس لە ساڵی ١٩٩٢ دامەزراوە. سەرەڕای ئەوەی کەرتی گەشتیاری لە ساڵانی ڕابردوودا وەک پیشەسازییەکی گرنگ لە بۆرنماوس دەمێنێتەوە بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی پیشەسازییە خزمەتگوزارییەکانی دیکەی وەک دارایی، کۆمپانیاکانی خانووبەرە و بیمە، گرنگی پیشەسازی گەشتیاری کەم بۆتەوە. لە سەدەی بیست و یەکەمدا بۆرنماوس بەردەوام بوو لە گەشەکردن و لە ساڵی ٢٠١۹ـدا ژمارەی دانیشتووانی بۆرنماوس ١٩٣ هەزار کەس بووە.

کەشوهەوا

بۆرنماوس کەشوهەوایەکی ئۆقیانوسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە و لە مانگەکانی وەرزی هاوینیشدا کەشی شارۆچکەکە مامناوەندە و باران بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەبارێت.

زستانی بۆرنماوس زۆر سارد نییە، بەڵام زۆرجار ئاسمان هەوراوییە، با هەڵدەکات و ڕێژەی شێ و دابارین بەرزە. بەدەگمەن بەفر دەبارێت، بەڵام دەکرێت جاروبار ببارێت. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا پلەکانی گەرما دادەبەزن بۆ نزیکەی ٦- بۆ ٧- پلەی سەدی، بەڵام دەشێت هەندێک کات بۆ نزمتر لەو پلەیەش دابەزێت. تێکڕای پلەی گەرمی لە ساردترین مانگی ساڵدا کە کانوونی دووەمە ٥٫٤ پلەی سەدییە. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ۱۳٫٤- پلەی سەدی بوو کە لە کانوونی دووەمی ۱۹٦۳ـدا تۆمارکرا.

لە وەرزی هاوینیشدا، بە شێوەیەکی گشتی پلەکانی گەرما مامناوەند یان فێنکن. هەروەها دەشێت بارانیش ببارێت، بەڵام کەمێک کەمتر لە وەرزی زستان. سەرەڕای ئەوەش، ڕێ لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و هاتنی شەپۆلەکانی گەرما ناگیرێت، بەڵام زۆربەی کات کورتخایەنن. تێکڕای پلەی گەرمی لە گەرمترین مانگی ساڵدا کە مانگی تەممووزە ١٧,٢ پلەی سەدییە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە مانگی حوزەیرانی ١٩٧٦ و تەممووزی ٢٠٠٦ـدا تۆمارکرا و ٣٤ پلەی سەدی بوو.

ساڵانەی ٨٣٥ مللیمەتر‌ باران لە بۆرنماوسدا دەبارێت، ئەمەش ئاستێکی ناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بە گوێرەی وشکترین و باراناوییترین مانگەکانی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگی ئایار، حوزەیران، تەممووز و ئابە ٥۰ مللیمەتر باران دەبارێت و لە باراناوییترین مانگەکانی ساڵیشدا کە مانگەکانی تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمە ۱۰۰ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە بە نزیکەیی ۱٫۷۸۰ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارۆچکەکەوە دەدرەوشێتەوە.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی بۆرنماوس وەرزی هاوینە، لە مانگی حوزەیرانەوە تا مانگی ئاب، چونکە گەرمترینی وەرزی ساڵە. مانگی حوزەیران کەمێک فێنکترە، بۆیە ڕەنگە مانگی تەممووز و ئابت پێ باشتر بێت. هەروەها مانگی ئەیلوولیش مانگێکی خۆشە، کەمێک باراناویترە لە مانگەکانی هاوین، بەڵام کەشی شارۆچکەکە هێشتا خۆشن، بەتایبەتی لە بەشی یەکەمی مانگەکەدا.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی شارۆچکەکە

۱. کەناری بۆرنماوس

۲. مۆزەخانە و پێشەنگای هونەری ڕەسڵ کەوتس

۳. باخچەکانی لۆوەر

٤. پێشەنگای زیندەوەرانی ئاویی

٥. کەناری ساوثبۆرن

٦. سەنتەری نێودەوڵەتی بۆرنماوس

۷. شۆستەی لەنگەرگرتنی کەشتی بۆسکەم

٨. شۆستەی لەنگەرگرتنی کەشتی بۆرنماوس

۹. وێست بۆرن


سەرچاوەکان



196 بینین