سەرچنار

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-09-03-23:50:00 - کۆدی بابەت: 10144
سەرچنار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەرچنار (بە ئینگلیزی: Sarchnar)، یەکێکە لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی و دەکەوێتە ڕۆژئاوای شارەکە، جاران بەهۆی لاوازی کەرەستەی هاتووچۆ و کەمی دانیشتووانی شار، سەرچنار جیا بوو لە بەشەکانی تری سلێمانی و دەزانرا لەکوێوە بۆ کوێ دەستپێک و کۆتایییەتی، ئەمڕۆ سەرچنار تێکەڵ بووە و لە دەوریا چەندین گەڕەکی تر دروست بوون وەک: شەهیدانی سەرچنار و گردی سەرچنار.

هاوینەهەواری سەرچنار

هاوینەهەواری سەرچنار بە یەکێک لە هاوینەهەوارەکانی عێراق دەژمێردرێت بەهۆی بوونی ئاوی هەڵقوڵاوی ژێر گرد و بەرزایییەکانی، زۆر لەمێژە سەرچنار ئوتێل و شوێنی حەوانەوەی لێ دروست کراوە بۆ گەشتیاران. شوێنێکی فێنک و خەم ڕەوێن بووە بۆ خەڵکی شاری سلێمانی و دەوروبەری، کە تاکوو ئەمڕۆش کۆتایی هەفتان خەڵکانێکی زۆر ڕووی تێدەکەن بۆ سەیران. سەرچنار چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە و سیمای ناو سەیرانگاکانی دەستکاریی کراون و خۆشکراوە.

ئاوی سەرچنار

سەرچنار ئاوێکی سروشتی هەیە کە لە بنی بەرزایییەکانی دەوروپشتییەوە هەڵدەقوڵێت، ئەم سەرچاوەیە گرنگییەکی زۆری هەبووە لە بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەدا، تاکوو ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاوی ناو شاری سلێمانییە. لە هاویندا ئاستی ئاوەکە زۆر کەم دەبێتەوە و لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی وشکەساڵییەوە لەمانگەکانی وەرزی هاویندا وشک دەکات.

کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار

لەبەر بوونی شاخی بەردین و بەردەڵان لە سەرچناردا، لە ساڵەکانی پەنجاکانی سەدەی پێشوودا ڕووسەکان کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار دروست دەکەن. بەهۆی ئەم کارگەیەوە، خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون دابین کرا بۆ کارمەندەکانی، لەو کاتەوە سەرچنار بوژاندنەوەی بەخۆیەوە بینی. ئەم کارگەیە لەسەر بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٨ داخرا، تاکوو ژینگەی ناوچەکە بە پاکی بمێنێتەوە و دیمەنی سەرچنار خۆشتر بێت.

سەرچنار لە ئاوێنەی شیعری کوردیدا

مێژووی سەرچنار دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی دروستکردنی شاری سلێمانی لە ساڵانی ١٧٨٣ بۆ ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە. وەک سەرچاوە مێژوویییەکانیش پێمان دەڵێن یەکێک لە ئەو هۆکارانەی وایان لە ئیبراهیم پاشای بابان کردووە کە ئەم شوێنەی ئێستای سلێمانی هەڵببژێرێت بۆ دروستکردنی شار هۆکاری تۆبۆگرافی بووە. بە ئەو واتایەی لە کۆندا گەڕەکی مەڵکەندی کراوە بە ناوەندی شار، لە دەوروبەری شاریش چەندین سەرچاوەی وەک کانی‌، مێرگ ‌و سەوزایی هەبووە. هەڵبەت ناودارترین ‌و سەرنجڕاکێشترینی ئەو سەرچاوانە کانی ئاسکان ‌و سەرچنار بوون.

دیارە سەرچنار هەر لەگەڵ دروستبوونی شاردا شوێنی پشوودان ‌و کات بەسەربردنی ئەهلی شار و پیاوماقوڵان بووە. بەڵگەی ڕاستی ئەم بۆچوونەشمان ئەو ئاماژە جوان ‌و گرنگیپێدانەی نالی شاعیرە بە ناوی ئاوی سەرچنار. ئەویش لە چامە بەناوبانگەکەی بە ناوی (قوربانی تۆزی ڕێگەتم) کە پاش ئەوەی نالی لە ساڵی ١٨٣٠ دەچێت بۆ حەج، دواتر بەهۆی داگیرکردن و خاپوورکردنی شار لەلایەن لەشکری عوسمانییەوە نەگەڕاوەتەوە سلێمانی ‌و لە ئاوارەییدا ماوەتەوە. دواتر و لە ساڵی ١٨٣٤ واتا تەنها ٥٠ ساڵ دوای دروستبوونی شار چامەکە بۆ سالمی هاوڕێ‌ و هاودەمی دەنێرێت. نالی لە بەیتی ١٠ بۆ ١٤ی ئەو چامەیەدا بادی سەبا ڕادەسپێرێت ‌و پێیدەڵێت:

ئەمجا مەوەستە تا دەگەیییە عەین-ی سەرچنار ئاوێکە پڕ لە نار و چنار و گوڵ‌ و چنوور

چەشمێکە میسلی خۆر کە لە سەد جێ بە ڕۆشنی فەورانی، نوری سافە لەسەر بەردی وەک بکوور

یا عەکسی ئاسمانە لە ئاوێنەدا ک وا ئەستێرەکانی ڕابکشێن وەک شەهابی نوور

یا چەشمە ساری خاتری پڕ فەیزی عاریفە یەنبوعی نوورە دابڕژێنێ لە کێوی توور

تەنانەت سالم یش لە وەڵامی نالی دا ئاماژە دەدات بە سەرچنارو دەڵێت:

سووتا دڵم بە حاڵەتی جۆباری سەرچنار لێڵاوە چەشمەساری وەکو چاوی بێ بەسەر

ئەو دەشتە جایی یاریی یارانی حوجرە بوو یەکسەر مەقامی ڕۆمییە هەروەک تەهی سەقەر

هەڵبەت زۆرن ئەو شاعیرو نووسەرانەی لە دووتوێی بەرهەمەکانیاندا ئاماژە و گرنگییان بە سەرچنار داوە. یەکێکی تر لەوانە مامۆستا پیرەمێردە لە شیعری (لەو دەمەی ڕۆژ دەگاتە ئێواره) دا دەڵێت:

زەمزەمەی بولبولی ئێوارانی نەرمە بارانی ژێر دەوارانی لە نەشئە و بەزمی سەرچنارانی وشکە سۆفی دەخاتە گۆرانی

شیعرێکی تر شیعری مامۆستا ئەخۆل کە دەڵێت:

نامەوێ بۆچیمە ئاهەنگ بەزم‌ و ڕەزمی سەرچنار چی لە مەی کەم، چی لە نەی کەم، یا لە نەغمەی عودوتار

وەک ڕەنگدانەوەی سەرچنار لە هونەری گۆرانی کوردیشدا لە سەرەتای ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوودا یەکێک لە گۆرانییەکانی هونەرمەندی کۆچکردووی کەرکووک سەڵاح داودەوە زۆر دیار بوو کە دەیوت:

ئەرێ خۆشە سلێمانی گیانە قەسرو دوکانی ئەوا لەگەڵ سەرچنار بەخوا عەسرو بەیانی

یاخود گەنجێک لە بنەماڵەی مامۆستا ڕەفیق چالاک، بەناوی ئاوات چالاک گۆرانییەکی هەبوو بۆ سەرچنار کە دەیوت:

سەرچنار وێنەی باخی لوبنانی.

گرنگی سەرچنار

جگە لەوەی کە سەرچنار سەرچاوەی ئاو بووە بۆ سلێمانی، کارگەی چیمەنتۆی تیابووە و هاوینەهەوارێکی خۆش بووە، سەرچنار شوێنێکی هەستیار بووە بۆ داڵدەدانی پێشمەرگە و پشتیوانی لە شۆڕشی گەلی کورد، چونکە هەڵکەوتی ناوچەکە و لکانی بە دۆڵ و بەرزایییەکانەوە یارمەتی پارتیزانانی داوە لە برەودان بە خەبات و تێکۆشان.


سەرچاوەکان



1206 بینین