بۆچی خەون بە کەسێکەوە دەبینم؟

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-09-13-23:21:00 - کۆدی بابەت: 10245
بۆچی خەون بە کەسێکەوە دەبینم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خەون بریتییە لەو چیرۆک و وێنانەی لە کاتی خەودا مێشک دروستیان دەکات، خەونیش هەمەجۆرە و دەشێت ببێتە هۆی دڵخۆشکردنت یانیش بە پێچەوانەوە دووچاری نائاسوودەییت دەکاتەوە، هەندێک جار خەونەکان زۆر سەیرن یان ترسناکن و کار لە دەروونی کەسەکە دەکەن، هۆکارەکەشی بیرکردنەوەیە لە ڕووداوەکان و کەسەکان و لە خەوندا ڕەنگ دەداتەوە.

بۆچی خەون بە کەسێکەوە دەبینم؟

خەونبینین بە کەسێکەوە (بە عەرەبی: الحلم بشخص، بە ئینگلیزی: dreaming about someoneخەون بینین بە کەسێکەوە حاڵەتێکی باوە و لە ژیانی هەموو کەسێکدا ڕوو دەدات، دەشێت بەهۆی ئەم هۆکارانەوە ڕووبدات:

  • بینینی کەسێک لە خەوندا لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بێت کە ئەو کەسە و تایبەتمەندییەکانیت بەدڵە، ڕەتکردنەوەت لەلایەن کەسێکەوە لە خەوندا واتا متمانەت بە خۆت نییە و مێشکی خۆت ئامادە کردووە بۆ ئەوەی ڕەت بکرێیتەوە لەلایەن هەمان کەسەوە.
  • بینینی کەسێک کە هیچ پەیوەندییەکت لەگەڵیدا نییە واتای ئەوە نییە بیری لێدەکەیتەوە، بەڵام لەوانەیە دووچاری هەندێک ڕووداو بووبیت کە هاوشێوەبێت لەگەڵ ڕووداوەکانی کە لە ڕابردوودا بەسەرتدا هاتووە، هەروەها هەمان هەست و سۆزی ڕابردووی بۆ دروست کردوویت، بەڵام مێشکت کەسێکی تر بەکار دەهێنێت و لە خەونەکەتدا ڕەنگ دەداتەوە، یاخود لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بێت پەیوەست بیت پێوەی و گرنگ بن لای تۆ بەڵام نەتوانیت لە هەستەکانت تێبگەیت یان دەریان ببڕیت.
  • خەونبینین بە کەسێکەوە کە ڕقت لێیە و کێشەی کۆمەڵایەتی بۆ دروست کردوویت واتا تۆ بەبارودۆخێکی قورسدا تێدەپەڕیت و دەروونت ماندووە، بە پێچەوانەشەوە بینینی کەسێک کە خۆشتدەوێت لە خەونتدا واتا تۆ لە ئاسوودەیی و ئارامیدا دەژیت.
  • بینینی کەسێکی بەناوبانگ لە خەوندا لەوانەیە بەهۆی ئارەزووکردن بۆ بەناوبانگبوون بێت و لە تواناتدا نەبووبێت بەدیبهێنیت، بۆ نموونە خەونبینین بە وەرزشوانێکەوە بە واتای ئارەزووکردنت دێت بۆ ئەنجامدانی هەمان وەرزش.
  • مردنی کەسێکی ئازیز لە خەوندا واتای ئەوەیە تۆ ترسی لەدەستدانی ئەو کەسەت هەیە، مێشکیشت خۆی بەهێز و ئامادە دەکات بۆ ڕوودانی ئەو بارودۆخە.
  • خەونبینین بە کەسێکی دیاریکراوەوە واتای ئەوە نییە کە بیر لە تۆ دەکەنەوە بەڵکوو زۆربەی کات بەهۆی بیرکردنەوەیە لێیان پێش خەوتن، لەوانەشە بەهۆی ئەوەوە بێت کە تۆ بیریان دەکەیت.
  • بوونی ئەو کەسانەی لە ڕابردوودا لێت نزیک بوون لە خەوندا بەهۆی ئەوەوەیە کە ناتوانیت هۆکاری دابڕانتان لە یەکتر پەسەند بکەیت یان هێشتا بەدوای هۆکاری دوورکەوتنەوەتان دەگەڕێیت و دەتەوێت دووبارە پەیوەندییان لەگەڵ دروست بکەیت.
  • دڵەڕاوکێ و پەستانی دەروونی دوو هۆکاری سەرەکین ترن بۆ بینینی خەون بەبەردەوامی.

چۆن وا بکەم خەون نەبینم؟

هەندێک ڕێگا یارمەتی کەمکردنەوەی خەونە بێزارکەر و ناخۆشەکان دەدەن، شێوازی ژیان ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە، خواردنی تەندروست و جگەرەنەکێشان و وەرزشکردن و ڕێکخستنی کاتی خەو زۆر بەسوودن و مێشک و دەروون ئارام دەکەنەوە و لە خەونە ناخۆشەکان دوورت دەخەنەوە، کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و پەستانی دەروونی لە ڕێگەی ئەنجامدانی یۆگا و هەناسەدانی قووڵی بەردەوام دەبنە هۆی جێگیرکردنی باری دەروونیت، پزیشکەکان پێشنیاری بەکارهێنانی دەرمان ناکەن بۆ کەسی ئاسایی لە کاتی بینینی خەونی بەردەوام، بەڵام لە کاتی نەخۆشییە دەروونییەکان و بینینی مۆتەکەی بەردەوام کە بەهۆی ترسێکی زۆرەوە دروست بووبێت دەرمان بۆ نەخۆش پێشنیار دەکەن بۆ ئەوەی باری دەروونیان دووبارە جێگیر بکرێتەوە و خراپتر نەبێت.


سەرچاوەکان



10886 بینین