سندی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-09-16-20:45:00 - کۆدی بابەت: 10273
سندی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سندی یان لیمۆی گەورە یان گرێپ فروت (بە عەرەبی: السندي یان كريب فروت، به ئینگلیزی: Pomelo یان Grapefruit، ناوی زانستی: Citrus maxima) میوەیەکی مزرەمەنی ئاودارە و تامێکی ترشی مەیلەو شیرینی هەیە، لە ڕەگەزی لیمۆیە و لە نێوان میوە مزرەمەنییەکان سندی گەورەترین قەبارەی هەیە و شێوەکەی گۆییەکی خڕە، قەبارەکەی چەنێک گەورە بێت ئەوەنە ئاویشی زۆردەبێت.

توێکڵێکی ئەستووری هەیە و ڕەنگەکەی یان پڕتەقاڵییە یان سەوزێکی زەردکارە یاخود ڕەنگی سپییه. هەندێک جۆری سندی ناوکدارە، هەروەها ڕەنگی ناوەکەی سوورێکی ئاڵە. بنەچەی ئەم دارە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی چین و لەو وڵاتەوە بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە. لە ساڵی ١٩٨٠ فلۆریدا لەو شوێنانەی جیهان بوو کە سندی بە ڕێژەیەکی زۆر بەرهەم دەهێنا، پاشان لە ئێستادا وڵاتانی مەکسیک، ئەرجەنتین، قوبرس، مەغریب و چەند ناوچەیەکی ئەمریکای باشوور لە پێشەنگی وڵاتانی بەرهەمهێنەری سندین لە جیهاندا.

پێکهاتەی خۆراکی سندی

پێکهاتەی خۆراکی لە یەک سندی قەبارە مامناوەند بۆ گەورە

بڕی کالۆری

 ٤٢ کالۆری

کاربۆهیدرات

١٠٫٦ 

پرۆتین

٠٫٧٧

چەوری

٠٫١٤

ڕیشاڵ

١٫٦

شەکر

٦٫٨

خواردنی نیو لەت لە سندی ڕۆژانە بڕی پێویستی ٦٤٪ لە ڤیتامین c و بڕی ٢٨٪ لە ڤیتامین A و بڕی ٢٪ لە کالسیۆم بۆ لەشی مرۆڤ دابین دەکات.

سوودەکانی سندی

  1. بەهۆی ئەوەی ڕێژەی کالۆری کەمە لە زۆرێک لە سیستمەکانی ڕیجیم بەکاردێت و سوودی بۆ کێش دابەزاندن هەیە.
  2. بڕێکی زۆر لە ڤیتامین C تێدایە سندی هەر وەکوو میوە مزرەمەنییەکانی تر دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C، کە سوودێکی زۆری بۆ لەشی مرۆڤ هەیە و سیستمی بەرگری بەهێز دەکات.
  3. یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات چونکە بڕی کالۆری کەم تێدایە، لە زۆرێک لە سیستمەکانی ڕێجیم بەکاردەهێنرێت.
  4. بەهۆی ئەوەی دژە ئۆکسێن و ڤیتامین C زۆر لە پێکهاتەکەیدا هەیە سیستمی بەرگری لەش بەهێز دەکات.
  5. بڕێکی زۆر لە کانزا و ڤیتامینەکان لەخۆدەگرێت وەکوو ڤیتامین A، ڤیتامین B و زینک کە هەموو ئەم پێکهاتانە گرنگن بۆ لەشی مرۆڤ بەرگری بەهێز دەکەن و لە نەخۆشی دەیپارێزن.
  6. سندی کۆنتڕۆڵی ئاستی شەکری خوێن دەکات و ڕێژەی ئەنسۆلین لە خوێندا ڕێکدەخات، بۆیە خواردنی سندی بەشێوەیەکی سنووردار بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە سوودبەخشه.
  7. نیشانەکانی نەخۆشی ڕەبۆ کەم دەکاتەوە و یارمەتی بەجێگەیاندنی فرمانی سییەکان دەدات.
  8. خواردنی سندی بە بەردەوامی و بەشێویەکی ڕێکخراو ڕێژەی کۆلیستڕۆڵی خوێن و چەوری سیانی دادەگرێت و بەرزی پەستانی خوێن کۆنتڕۆڵ دەکات.
  9. سندی وەکوو مرەبا یان شەربەت بەکاردەهێنرێت، بۆ زۆر خواردن سوود لە ئاوەکەی دەبینرێت.
  10. لە توێکڵی سندی زەیتی جۆراوجۆر دروستدەکرێت کە لە دروستکردنی مۆم و بۆن و کەرەستەکانی جوانکاری بەکاردێت.

زیانەکانی سندی

خواردنی سندی بەشێوەیەکی ئاسایی و سنووردار بەبێ زیادەڕۆیی هیچ زیانێکی نییە، بەڵام زیادەڕۆیی کردن لە خواردنی چەند زیانێکی هەیە و زیانی لاوەکی دروست دەکات گرنگترین زیانەکانی سندی بریتین لە:

  • زیادەڕۆیی کردن لە خواردنی سندی زیان لەسەر کۆئەندامی هەرس دروستدەکات و دەبێتە هۆی سکچوون.
  • ئەو کەسانەی هەستیارییان بە میوە مزرەمەنییەکان و سندی هەیە نابێت سندی بخۆن.
  • پێکهاتەی سندی لەگەڵ پێکهاتەی چەند دەرمانێک کارلێک دەکات، نموونەی دەرمانی کۆرتیزۆن و ئەو دەرمانانەی کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی فشاری دەروونی بەکاردەهێنرێن، هەروەها چەند جۆرێکی دەرمان کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن بەکاردێت، هاوکات لەگەڵ چەند جۆرێکی تری دەرمان کە بۆ ڕێکخستنی ترپەی دڵ بەکاردێت کارلێک دەکات.
  • خانمانی دووگیان و شیردەر پێشنیاری ئەم میوەیەیان بۆ ناکرێت.
  • ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە بەتایبەتی ئەوانەی کێشەیان لە ڕێکخستنی ترپەی دڵیان هەیە سندی بۆیان باش نییە.


سەرچاوەکان



934 بینین