ناوهڕۆك
سەرەتا
ئایا لیکی دەم سوودی هەیە؟ (بە ئینگلیزی: ?does saliva have benefits، بە عەرەبی: هل اللعاب لە استفادة؟)، لیک ماددەیەکی شلی بێ ڕەنگە لەلایەن ئەو ڕژێنانەوە دروست دەکرێن کە لەناو دەمدا هەن، زۆربەی پێکهاتەی لیک لە ئاو پێکهاتووە بەڵام کۆمەڵە ماددەیەکی تری تێدایە کە زۆر گرنگن لە هێشتنەوەی لەش بە تەندروستی.
پێکهاتەی لیکی دەم
لیکە ڕژێنەکان لە ڕوومەت و ژێر زماندا هەن و لیک دروست دەکەن، لیک ٩٩،٥٪ لە ئاو پێکهاتووە بەڵام کۆمەڵە پێکهاتەیەکی تری تێدایە ڕۆڵی زۆر گرنگیان هەیە و یارمەتی پاراستنی هاوسەنگی ناوەکی دەدەن، پێکهاتەکانیش بریتین لە:
- ئاو
- ئایۆنی ئایەتی و نایەتی وەک (سۆدیۆم، پۆتاسیۆم، کالسیۆم، مەگنیسیۆم، کلۆراید، بیکاربۆنات، فۆسفات، یۆد).
- بەڵغەم یان لینجە ماددە کە لە (پڕۆتینە شەکرییەکان و فرەشەکرە لینجەکان) پێکهاتووە.
- دژە بەکتریا وەک (سایۆسیانەیت، هایدرۆجین پیرۆکساید، دژەتەنی جۆری A).
- هاندەرە هۆکاری گەشە و دابەشبوونی خانەکانی دەم و زمان.
- ئەنزیمی وەک (ئەمایلەیز بۆ تێکشکاندنی کاربۆهیدرات، لایپەیز بۆ تێکشکاندنی چەوری، کالیکرین بۆ هەرسکردنی کینینۆجین بۆ برادیکینین کە هانی لوولە خوێنەکان دەدات فراوان ببن).
- ئەنزیمی دژە میکرۆبە هەمەجۆرەکانی تێدایە وەک (لایسۆزایم، لاکتۆپیرۆسیدەیز، لاکتۆفەرین، دژەتەنی جۆری A).
- پڕۆتین.
- خانەی تێدایە کە ٨ ملیۆنی خانەی مرۆڤە و ٥٠٠ ملیۆنی خانەی بەکتریای فلۆرایە لە هەر میلیلیترێکی لیکدا.
- ئۆپیرۆفین کە وەک دژە ئازار کار دەکات.
- پڕۆتینی هاپتۆکۆرین کە بە ڤیتامین B12 دەنووسێت و دەیپارێزێت لە تێکشکان.
سوود و فەرمانەکانی لیکی دەم
- دەم بە شێداری دەهێڵێتەوە و دەیپارێزێت لە وشکبوونەوە و نائاسوودەیی.
- یارمەتی جووین و قوتدان دەدات.
- یارمەتی تامکردن دەدات هاندەری مژینی پێکهاتە کیمیاییەکانی خۆراکە بۆ ناسینەوە و لێکدانەوەی تامی خواردنەکە.
- یارمەتی هەرسکردنی خواردن دەدات بۆ ئاوێتەی سادەتر تا لە بەشەکانی تری کۆئەندامی هەرسدا زیاتر هەرس بکرێن و بمژرێن.
- بەکتریا و میکرۆبەکانی تر دەکوژێت و لە هەوکردن دەیپارێزێت و ڕێگری دەکات لە دروستبوونی بۆنی ناخۆشی دەم.
- پڕۆتین و کانزای تێدایە کە ددان دەپارێزێت لە کلۆربوون و پووکیش دەپارێزێت لە دروستبوونی نەخۆشی.
- ددانەکان لە شوێنی خۆیان بە جێگیری دەهێڵێتەوە.
سەرچاوەکان
743 بینین