ئەنقەرە

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-11-27-22:35:00 - کۆدی بابەت: 10472
ئەنقەرە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەنقەرە (بە ئینگلیزی: Ankara، بە عەرەبی: أنقرة). پایتەختی دەوڵەتی تورکیایە و بە ئەنکیرا یاخود ئەنگۆرە ناسراوە. دانیشتووانەکەی لە ٥.٧ ملیۆن کەس پێکهاتووە، کە وای لێ دەکات دووەم زۆرترین دانیشتووانی لە دوای شاری ئیستەنبووڵەوە هەبێت.

زانیاری گشتی
وڵات تورکیا
دروستکەر موستەفا کەمال ئەتاتورک
حوکمڕان ڤاسیپ شاهین
ڕووبەر ٢٤،٥٢١ کیلۆمەتر دووجا
ژمارەی دانیشتووان ٥،٧٤٧،٣٢٥
دراو لیرەی تورکی

مێژوو

سەرەتاکانی دۆزینەوەی ئەنقەرە

کۆنترین شوێنەواری شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ ١٧٠٠-٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین کاتێک هایتییەکان حوکمڕانی شارەکەیان دەکرد. پاشان فارسەکان دەستیانگرت بەسەر شارەکەدا و حوکمڕانی فارسەکان بەردەوام بوو تا هێرشەکەی ئەلێکساندەری مەزن کاتێک توانی دەسەڵاتی فارسەکان لە ناوچەکەدا نەهێڵێت. پاش مردنی ئەلێکساندەر جێگرەوەکانی دەسەڵاتیان هەبوو لە شارەکەدا.

٣٠٠ ساڵ پێش زایین یۆنانییەکان توانیان ئەنقەرە داگیربکەن و وەکوو ناوەندی بازرگانی بۆ گواستنەوەی کەلوپەل بەکاریبهێنن و هەر لە هەمان ساڵدا ئەنقەرە ناسناوی ئەنکیرا (Ankyra) کە بە واتای قولاپی پاپۆڕ ڕاگرتن دێت لە زمانی یۆنانیدا لێنرا. لە ساڵی ٢٧٨ پێش زایین ئەنقەرە لەلایەن هۆزێکی هندۆ ئەوروپی کە بە کەلتیکەکان دەناسران داگیرکرا. کەلتیکەکان یەکەم گرووپ بوون کە ئەنقەرە وەکوو پایتەختی خۆیان بناسێنن.

داگیرکردنی ئەنقەرە لەلایەن ڕۆمانییەکانەوە

ئەنقەرە لە ٢٣ ساڵ پێش زایین تاوەکوو سەدەی سێیەم لەژێر دەسەڵاتی ڕۆمانییەکاندا بوو. بە درێژایی دەسەڵاتی ڕۆمانییەکان ئەنقەرە گۆڕانکارییەکی زۆری بەخۆیەوە بینی لە ڕووی (بیناسازی، ئایینی، جەنگی و ئابووری). ئەنقەرە بەهۆی شوێنی جوگرافییەوە سوودی زۆری لێدەبینرا بەتایبەتی لەڕووی بازرگانییەوە، لەبەرئەمەش لای دەسەڵاتدارە ڕۆمەکان گرنگییەکی زۆری پێدەدرا.

دەسەڵاتی بێزەنتینییەکان لە ئەنقەرەدا

لە ساڵەکانی دەسەڵاتی بێزەنتینییەکان ئەنقەرە بە ناوەندی چالاکی ئایینی مەسیحی ناسرابوو. لە ساڵانی ٣٣٧-٩٣١ـی زایینی کاتێک ئەنقەرە لەژێر دەسەڵاتی بێزەنتینییەکاندا بوو چەندین هێرشی کرایە سەر لەلایەن سەرکردە عەرەبەکانەوە، بەڵام هیچیان سەرکەوتوو نەبوون و ئەنقەرە لەژێر دەسەڵاتی بێزەنتینییەکاندا مایەوە.

دەسەڵاتە پچڕ پچڕەکان

لە ساڵی ١٠٧١ و لە دوای جەنگی مەلەزگرەوە تورکە سەلجوقییەکان دەسەڵاتی زۆربەی ناوچەی ئەنادۆڵیایان گرتەدەست. لە ساڵی ١٢٤٣ مەنگۆلەکان توانیان تورکە سەلجوقییەکان ببەزێنن و ناوچەکە داگیربکەن، بەڵام لە ساڵی ١٣٦٥ عوسمانییەکان توانیان دەسەڵاتی مەنگۆلەکان لە ناوچەکەدا نەهێڵن. دواتر لە جەنگی ئەنقەرە لە ساڵی ١٤٠٢ تەیمور خان ناوچەکەی گرتەوە بەڵام دووبارە لە ساڵی ١٤٠٣ بە هێرشێکی عوسمانییەکان مەنگۆلەکان ناوچەکەیان ڕادەستی عوسمانییەکان کردەوە.

ئەنقەرە وەکوو پایتەختی دەوڵەتی تورکی

پاش لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا، لەلایەن وڵاتانی براوەوە بڕیاردرا کە تورکیا بەسەر هەریەک لە وڵاتانی (ئەرمینیا، فەڕەنسا، یۆنان، ئیتاڵیا و شانشینی بەڕیتانیا)دا دابەش بکرێت، بەڵام لە ساڵی ١٩٢٠ و پاش بانگەوازەکەی مستەفا کەمال ئەتاتورک، گۆڕینی ناوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بۆ کۆماری تورکیا و بردنەوەی جەنگی سەربەخۆیی دەوڵەتی تورکیا سەربەخۆی ڕاگەیاند و ئەنقەرە بە پایتەختی نوێی کۆماری تورکیا دەستنیشانکرا.

پاش دەستنیشانکردنی ئەنقەرە وەکوو پایتەخت گۆرانکارییەکی زۆر لە شارەکەدا ئەنجامدرا چەندین شوێنی نوێی وەکوو (شەقام، ئوتێل، سینەما، مۆڵی بازاڕ کردن) دروستکران. سەرەڕای ئەوەی نوێگەرییەکی زۆر لە شارەکەدا ڕوویدا، بەڵام شوێنەوارە کۆنەکانی مەنگۆلەکان، عوسمانییەکان، بێزەنتینییەکان و ڕۆمانییەکان وەکوو خۆیان ماونەتەوە. لە پاش ١٩٣٠ ئەنقەرە بەرەوپێشچونێکی خێرای بەخۆیەوە بینیوە و لە ئێستادا بە دووەم گرنگترین شاری دەوڵەتی تورکیا دادەنرێت.

جوگرافیا

ئەنقەرە دەکەوێتە ناوەڕاستی هەرێمی ئەنتۆلیا و زۆربەی بەشی ڕۆژاوای شارەکە لە دەشت پێکهاتووە، هەریەک لە ڕووبارەکانی ئەنقەرە و سەکەریای پیادا دەڕوات. 

شوێنەوارە گرنگەکان

  • قەڵای ئەنقەرە
  • سینەمای ڕۆمانییەکان
  • پەرستگای ڕۆمانییەکان
  • شەقامی ڕۆمانییەکان

مزگەوتەکان

  • مزگەوتی کۆسەتێپ
  • مزگەوتی ئەحمەد حەمدی
  • مزگەوتی یێنی
  • مزگەوتی حاجی بەیرام
  • مزگەوتی ئاهی ئیلڤان
  • مزگەوتی عەلائەدین

مۆنۆمێنتەکان

  • مۆنۆمێنتی سەرکەوتن
  • پەیکەری ئەتاتورک
  • مۆنۆمێنتی بۆ داهاتوویەکی باشتر 
  • مۆنۆمێنتی هاتی


سەرچاوەکان



411 بینین