دۆڵی سلیکۆن

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-09-22:30:00 - کۆدی بابەت: 10601
دۆڵی سلیکۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دۆڵی سلیکۆن یان سلیکۆن ڤالی (بە ئینگلیزی: Silicon Valley، بە عەرەبی: سليكون ڤالي یان وادي السليكون)، ناوچەیەکە لە باکووری کالیفۆرنیا کە وەک ناوەندێکی جیهانی بۆ تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو و داهێنان کار دەکات. ئەم دۆڵە دەکەوێتە بەشی باشووری ناوچەی کەنداوی سان فرانسیسکۆ. شاری سان جۆز گەورەترین شاری دۆڵی سلیکۆنە و سێیەم گەورەترین شاری کالیفۆرنیایە و دەیەم گەورەترین شاری ئەمریکایە، شارە سەرەکییەکانی دیکەی دۆڵی سلیکۆن بریتین لە سەنیڤەیل، سانتا کلارا، ڕێدوود سیتی، ماونتێن ڤیو، پالۆ ئاڵتۆ، مێنلۆ پارک، کوپەرتینۆ و فرێمۆنت. ناوچەی گەورەشاری سان جۆز سێیەم بەرزترین بەرهەمی ناوخۆیی سەرتاسەری لە جیهاندا هەیە دوای (زیوریخ، سویسرا، ئۆسلۆ و نەرویج)، بەپێی دامەزراوەی بروکینگز، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢١، خانووەکانی سلیکۆن ڤالی بە یەک ملیۆن دۆلار یان زیاتر خاوەنی بەرزترین بەهان لە ئەمریکا.

دۆڵی سلیکۆن شوێنی زۆرێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیای پێشکەتووی جیهانە، لەوانە بارەگای سەرەکی زیاتر لە ٣٠ بزنس لە فۆرچن ١٠٠٠ و هەزاران کۆمپانیای سەرەتایی. زۆرێک لە بارەگا سەرەکییەکانی کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان لە دۆڵی سلیکۆن بوونەتە شوێنی گەشتیاری سەرنجڕاکێش. هەندێک لە کۆمپانیا گەورەکانی ئەم ناوەندە تەکنەلۆجییە بریتین لە ئەپڵ، ئەلفابیت/گوگڵ، مێتا، دەبلیو ئێف سی، ڤیزە و سی ڤی ئێکس. زۆرێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەم ناوچە بۆ لایەنە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی کۆمەڵگەی تەکنەلۆجی دەگەڕێتەوە کە لەوێ گەشەیان کردووە.

لەڕووی وشەزانییەوە

وشەی سلیکۆن "silicon" له بنەڕەتدا ئاماژەیە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە داهێنەران و پیشەگەرانی ناوچەکە کە تایبەتمەند بوون لە ترانسيستەرەكانی لە ماددەی سلیکۆن دروستکراوە و چیپی گێژەنی پێکەوەبەستراو.‌‌‌‌ بەڵام لەلایەکی ترەوە ناوی دۆڵەکە ئاماژە بە تەواوی بازرگانییە تەکنەلۆجییە پێشکەوتووەکانی ناوچەکە دەکات؛ ئێستا بەگشتی وەکو دەستەواژەیەکی مەجازی بۆ کەرتی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی ئەمریکا بەکار دەهێنرێت. سەرەڕای گەشەسەندنی ناوەندە ئابوورییە تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانی دیکەی سەرانسەری ئەمریکا و جیهان، دۆڵی سلیکۆن بەردەوامە لە بوون بە ناوەندی پێشەنگی داهێنان و پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو، کە یەک لەسەر سێی تەواوی وەبەرهێنانی سەرمایەی دووبەختەکیی ئەمریکا پێک دەهێنێت.

بەناوبانگبوونی ئەم ناوە دەگەڕێتەوە بۆ دۆن هۆفلێر، کە بۆ یەکەمجار لە وتارەکەی "سلیکۆن ڤالی ئەمریکا"ـدا بەکاری هێنا و لە ژمارەی ١١ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧١ـی ڕۆژنامەی بازرگانی هەفتانەی هەواڵی ئەلیکترۆنیدا بڵاوکرایەوە. بەڵام ئەم زاراوەیە تا سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، لە کاتی ناساندنی کۆمپیوتەری IBM و چەندین بەرهەمی ڕەقەکاڵا و نەرمەکاڵا لە بازاڕی بەکارهێنەراندا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکار نەهات.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی دۆڵی سلیکۆن لە ساڵی ٢٠٢١ـدا کەم بووەوە بە پێچەوانەی هەر کاتێک لە دوای مایەپوچبوونی کۆمپانیاکانی ئەنتەرنێت لە ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٢، بەڵام ئەمەش تەنها بەهۆی ڕۆشتنی خەڵکەوە نەبوو، بەڵکوو ڕاپۆرتی ساڵانە ئەوە دەردەخات کە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی کۆچەوە كەسانێکی کەم ڕوویان لە دۆڵی سلیكۆن كردوە، بە هەمان شێوە ڕێژەی لەدایكبوون كەمیكردووە و ڕێژەی مردنیش زیادیكردووە. ئەم دۆڵە لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ٤٠ هەزار دانیشتووی لەدەستداوە و تەنها ٥٫٥٦٠ کەس ڕوویان لە دۆڵەکە کردووە، کە نزیکەی سێ هێندە کەمترە لە ساڵی پێشوو، هەروەها بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ بە ڕێژەی ٧٢٪ کەمیکردووە. هەروەها نزیکەی ٦٥٪ـی ئەوانەی پایتەختی تەکنەلۆجیایان بەجێهێشتووە لە ناوچەی کەنداوی سان فرانسیسکۆ و کالیفۆرنیا ماونەتەوە.

کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانەکەی کاریگەری لەسەر ئەو پارەیە نەبوو کە دەڕژێتە هەرێمەکە، بە هەمان شێوە کاریگەری لەسەر گەشەی پیشەسازییە سەرەکییەکەشی نەبووە. سەرەڕای ئەوەش ڕێژەی بێکاری بۆ ٢٫٩٪ دابەزی، ١٥ هەزار هەلی کاری نوێ ڕاگەیەندرا و دەستکەوتی سامانی تەکنەلۆجیا لە هەرێمەکەدا زیادی کرد. هەروەها بەرزترین ئاستی تۆمارکراو لە بودجەی سەرمایەی دووبەختەکی (٩٥ ملیار دۆلار) و وەبەرهێنانی بازاڕی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا (١٤ تریلیۆن دۆلار) بوو. ئێستا ژمارەی دانیشتووانی دۆڵەکە نزیکەی ٣٫٠٧ ملیۆن کەسە کە ٣٩ شار و چوار هەرێم لەخۆ دەگرێت.


سەرچاوەکان



272 بینین