ڕوونکردنەوەی تەمەنی هەرزەکاری بۆ تووشبووانی نەخۆشیی ئۆتیزم

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-12-22-00:39:00 - کۆدی بابەت: 10746
ڕوونکردنەوەی تەمەنی هەرزەکاری بۆ تووشبووانی نەخۆشیی ئۆتیزم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕوونکردنەوەی تەمەنی هەرزەکاری بۆ تووشبووانی نەخۆشیی ئۆتیزم (بە ئینگلیزی: Talking about puberty with children that have Autism) منداڵانی تووشبووی نەخۆشی ئۆتیزم بۆ تێگەیشتن لەو گۆڕانکارییانەی لە تەمەنی هەرزەکاریدا بەسەر جەستەیاندا دێت بە بەراورد بە منداڵانی ئاسایی کاتێکی زۆرتریان  پێویستە. ئەگەر منداڵەکەت بە باشی ئامادەبکەیت تاکوو لەو گۆڕانکارییە جەستەیییانەی لە تەمەنی هەرزەکاریدا ڕوودەدات باشتر تێبگات، کەمتر تووشی دوودڵی و سەرلێشێوان یان هەستکردن بەوەی شتێکی هەڵە هەیە دەبێت. تۆ باشتر منداڵەکەت دەناسیت، بۆیە تۆ باشترین کەسیت کە بڕیار بدەیت ئایا منداڵەکەت چەند کاتی پێویستە تاکوو لەم گۆڕانکارییانە تێبگات، هەندێک ڕەفتاری منداڵەکەش دەکرێت کاریگەری لەسەر بڕیارەکەت هەبێت، بۆ نموونە ئەگەر منداڵەکەت خوویەکی وەک لابردنی جلوبەرگەکانی کە لەبەریدایە هەیە، ئەمە واتا پێویستە زووتر بڕیار بدەیت پێش ئەوەی تەمەنی پێگەیشتی منداڵەکەت دەست پێ بکات. پێویستە بۆی ڕوونبکەیتەوە کە بۆچی ناتوانن چیتر جلەکانی لە بەریدایە لای خەڵکی لایان ببات.

تەمەنی پێگەیشتن

 تەمەنی پێگەیشتن بە شێوەیەکی گشتی لە ١٠ بۆ ١١ ساڵی لە کچاندا و ١١-١٣ ساڵی لە کوڕاندا دەست پێ دەکات. بەڵام ئاساییشە کە ئەم تەمەنە لە ماوەی ٨ بۆ ١٣ ساڵی لە کچاندا و ٩ بۆ ١٤ ساڵی لە کوڕاندا دەست پێ بکات. لە کۆتایدا ڕێگەیەکی پشت پێ بەستراو نییە، تاکوو بزانیت کەی تەمەنی پێگەیشتن لە منداڵەکەتدا دەست پێ دەکات. هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر کەسێکی ئاساییدا لە تەمەنی هەرزەکاریدا دێت بەهەمان شێوەش بەسەر منداڵانی تووشبووی ئۆتیزمیشدا دێت، لەبەر ئەمە پێویستە ئەمانیش لەو گۆڕانکارییانە کە بەسەر جەستەیاندا دێن تێبگەن.

چەند ڕێگەیەک کە یارمەتی دایک و باوکان دەدات ئەم تەمەنە بۆ منداڵەکانیان ڕوونبکەنەوە

زمانێکی سادە بەکاربهێنە

ڕەنگە هەندێک منداڵ پێویست بە فێربوونی گۆڕانکارییە جەستەیییەکان نەکەن، چونکە ڕەنگە ئەوە تووشی سەرلێشێواوییان بکات و بۆ تێگەیشتن و قورس بێت. بەڵکوو پێویستە فێری ئەوە بکرێن چۆن ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەگەڵ هەرزەکاریدا دێن و کاردانەوەیان بۆ ئەو گۆڕانکارییانە ڕێکبخەن.

بۆ نموونە، ڕەنگە پێویست نەکات کچێکی تووشبووی ئۆتیزم بزانێت کە هۆکاری ڕوودانی  سوڕی مانگانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە جەستە خۆی بۆ توانای خستنەوەی منداڵ و سکپڕی ئامادە دەکات، لەجیاتی ئەوە پێویستە تێبگات چۆن کەلوپەلەکانی تایبەت بە سوڕی مانگانە بەکاربهێنێت، هەروەها چۆن پاکوخاوێنی جەستەی لەم ماوەیەدا بپارێزێت. هەندێک منداڵی تری تووشبووی ئۆتیزم ڕەنگە توانای ئەوەیان هەبێت تێبگەن سوڕی مانگانە قۆناغێکە لە قۆناغەکانی گەشەی مرۆڤ و جەستە بۆ توانای خستنەوەی منداڵ خۆی ئامادە دەکات. پێویستە لە کاتی قسەکردن لەگەڵ منداڵانی تووشبووی ئۆتیزمدا لە بەکارهێنانی وشەی بریقەدار بەدووربن، چونکە منداڵانی ئۆتیزم دەیانەوێن لە ئاستێکی زۆر بەرجەستەیدا لە شتەکان تێبگەن.

ئەگەر منداڵان لەم کاتەدا پرسیارێک لە دایک و باوکان بکەن، بەڵام دایک و باوکان نەتوانن لەو کاتەدا وەڵامی منداڵەکانیان بدەنەوە، دەتوانن بڵێن "ئەوە پرسیارێکی زۆر ڕاستە و با پێکەوە بەدوای وەڵامەکەیدا بگەڕێین" ئەم جۆرە وەڵامە زیاتر گونجاوە، لەجیاتی وەڵامێکی ناڕوون بێت و منداڵەکان تووشی سەرلێشێوان بکات. گرنگە دایک و باوکان تێبگەن ڕوونکردنەوەی ئەم گۆڕانکارییانە پێویستیان بە کات هەیە، ڕەنگە چەند مانگێک یان زیاتر بخایەنێت.

فێرکردنی چەمکی تایبەت

فێرکردنی چەند چەمکێکی تایبەت وەک، ژوورەکەی خۆم، جلوبەرگەکانی خۆم، ژوورەکەی خۆم ئەو جێگەیە دەتوانم جلەکانمی لێ بگۆڕم. کاتێک فێری چەمکی تایبەتی دەبێت ئەو کات فێری تایبەتمەندی جەستەی خۆی دەبێت، کە جەستەی خۆی تایبەتە بە خۆی و پێویستە خۆی گرنگی پێبدات.

پێویستە فێری ڕۆتینی نوێ بکرێن

ڕۆژانە دووبارەکردنەوە و بەکارهێنانی چەند وێنەیەک دەربارەی گۆڕانکارییەکان دەکرێت سوودی هەبێت.

بۆ نموونە لە کچاندا بەکارهێنانی چەند وێنەیەک کە هەنگاوەکانی  بەکارهێنان و گۆڕینی پاد (سانتی) بەشێوەیەکی تەندروست نیشان دەدات، دەکرێت سوودی هەبێت. هەروەها دەبێت کچەکەکان فێربکرێن ئەمە کارێکە تایبەتە بەخۆی و پێویستە خۆی بە تەنها ئەنجامی بدات.

  • باشترە ئەم منداڵانە لە ژووری تایبەتی خۆیان بمێننەوە.
  • بەکارنەهێنانی جلی تەسک و توند بۆیان.
  • پێویستە دایک و باوکان زۆر ئاگاداربن منداڵەکانیان لە شاشە و مۆبایلەکانیاندا سەیری چی دەکەن، چونکە دەکرێت ئەو شتانە دووبارە بکەنەوە کە دەیبینن.

هەندێک منداڵ بە بەراورد بە  منداڵەکانی تر پێویستییان بە ڕاهێنانی زیاتر هەیە، بۆیە باشترە دایک و باوکان لە حاڵەتە قورسەکاندا ڕاوێژ بە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لەم بوارەدا بکەن.


سەرچاوەکان



475 بینین