ئەدەنە

له‌لایه‌ن: - مەئوا ئیدریس مەئوا ئیدریس - به‌روار: 2022-12-31-18:51:00 - کۆدی بابەت: 10816
ئەدەنە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەدەنە ( بە عەرەبی: أضنة، بە ئینگلیزی: Adana، بە تورکی: Adana) ناوەندی پارێزگای ئەدەنەیە، شارێکی گرنگی تورکیایە و دەکەوێتە باشووری ئەو وڵاتە. لەسەر ڕووباری سەیهان لە دووری ٣٥ کیلۆمەتر لە ناوەوەی دەریای سپی ناوەڕاستەوە هەڵکەوتووە، بەشێکە لە هەرێمی چوکورۆڤا لە بناری چیاکانی تۆرۆس. ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە ٢ ملیۆن کەسە و لە ڕووی ڕووبەرەوە پێنجەم گەورەترین شاری تورکیایە.

مێژووی ئەدەنە

ئەدەنە ناوەکەی لە ئادانۆسەوە وەرگرتووە کە کوڕی خوداوەندی کەشوهەوای یۆنانی کرۆنۆسە. لە ساڵی ٦٣ پێش زایین لەلایەن دەوڵەتمەداری ڕۆمانی پۆمپیۆی گەورەوە دامەزراوە. لەبەر ئەوەی کەوتبووە سەر ڕێگای ڕۆمانییەکان بۆ ڕۆژهەڵات، بووبوو بە شوێنی پشوودان بۆ کاروانەکانیان. ئەمەش وایکرد ببێتە یەکێک لە شارە ستراتیجییەکان. لە ساڵی ١٥١٧ ناوچەکە لەلایەن سوڵتان سەلیمی یەکەمەوە دەستی بەسەردا گیرا و بووە بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. دوای جەنگی جیهانی یەکەم ئەدەنە لەلایەن سوپای فەرەنساوە داگیرکرا. دواتر لە ساڵی ١٩٢٢ ئەدەنە بە بوو بە بەشێک لە تورکیای ئێستا.

کەشوهەوای ئەدەنە

ئەدەنە بەهۆی نزیکی لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە بەتەواوی دەکەوێتە ژێر کاریگەری هەرێمی ئاو و هەوای دەریای ناوەڕاست. کە هاوینی گەرم و وشکە، زستانیشی سارد و باراناوییە. بەرزترین پلەی گەرمی ساڵانە لە مانگی حەوتدایە و نزمترینیش دەکەوێتە مانگی یەک. لە مانگی هەشتدا نزمترین ڕادەی شێ تۆماردەکرێت و زۆرترین ڕێژەی باران بارینیش لە مانگی دوازدەدایە. بەوهۆیەوە وەرزی بەهار بە باشترین کاتی گەشتکردن بۆ ئەدەنە دادەنرێت.

ئابووری ئەدەنە

ئەدەنە یەکێکە لە یەکەمین ناوچە پیشەسازییەکانی تورکیا. دەوڵەمەندیی بەرهەم و نزیکیی لە کەرەستەی خاو لە چوکورۆڤا کە یەکێکە لە بەپیتترین دەشتەکانی جیهان، پیشەسازییەکانی بەیەکەوە کۆکردوەتەوە. دوای نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم بەرهەمهێنانی پەموو لە خاکی بەپیتی ئەدەنەدا بەخێرایی دەستی بە گەشەکردن کرد. لە ئەنجامی ئەمەشدا کارگەی جینینگ (جیاکردنەوەی تۆو لە پەموو) و قوماش کرایەوە، کە دەتوانرێت وەک یەکەم کارگەی تورکیا هەژمار بکرێت. یەکەم پێشانگای نێودەوڵەتی لە مێژووی کۆماردا کە (پێشانگای کشتوکاڵی) بوو لە ساڵی ١٩٢٤ لە ئەدەنە بەڕێوەچوو. یەکەمین بانکە ئەهلییەکان لە ئەدەنە دامەزراون. لە ئێستادا نزیکەی ٤٠ هەزار کۆمپانیا لە ئەدەنە کاردەکەن. هەناردەی ئەدەنە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بەڕێژەی ٧٦% زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢ ملیار دۆلار.

کەبابی ئەدەنە

ناکرێت باسی ئەدەنە بکەیت کە زۆر دەوڵەمەندە بە کولتووری خواردن، بەڵام کەبابەکەی لەبیر بکەیت. کەبابی ئەدەنە جۆرێکی بەناوبانگی کەبابە کە تایبەتە بە ئەدەنە. ئەوەی ئەم کەبابە جیا دەکاتەوە ئەو گۆشتەیە کە لە ئامادەکردنیدا بەکاردێت. گۆشتی کەبابی ئەدەنە دەبێت لە مەڕ و بەرخی نێر بەدەست بهێنرێت کە لە ژینگەی سروشتی و لە بەرزاییەکانی ناوچەکە بە گیای تایبەتی خۆی بەخێو دەکرێن. ئەم کەبابە بە چەقۆیەکی تایبەت کە پێی دەوترێت (Zırh) ورد دەکرێت و خواستێکی زۆری لەسەرە. ناوبانگی کەبابی ئەدەنە لە تورکیا تێپەڕیوە و لە زۆرێک لە وڵاتانی دەرەوە پێشکەش دەکرێت. ژووری بازرگانی ئەدەنە لە ساڵی ٢٠٠٥ تۆماری جوگرافیای خۆی بەدەستهێنا بۆ پاراستنی ستانداردەکانی کەبابی ئەدەنە.

لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئەدەنە

  • تاڤگەی کاپوزباشی
  • مزگەوتی ناوەندی سابانجی
  • دۆڵی بەلەدەمیک
  • پردی بەرد
  • مۆزەخانەی سینەمای ئەدەنە
  • ڕووباری سەیهان
  • بازاڕی مێژوویی کازانجلار


سەرچاوەکان



794 بینین