خەونی ئەمریکی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-01-05-22:29:00 - کۆدی بابەت: 10847
خەونی ئەمریکی

ناوه‌ڕۆك

خەونی ئەمریکی چییە؟

خەونی ئەمریکی (بە ئینگلیزی: American Dream، بە عەرەبی: الحلم الأمريكي) بیروباوەڕێکی ئەمریکییە، ئەو باوەڕەیە کە هەر کەسێک بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کوێ لەدایکبووە یان لە چی چینێکدا لەدایکبووە، دەتوانێت لە کۆمەڵگایەکدا کە جووڵەی بەرەو سەرەوەیە، سەرکەوتنی خۆی بەدەست بهێنێت.

کۆمەڵێک بیروبۆچوونە هەوڵی بەدەستهێنانی دەدرێت، کە بریتین لە دیمۆکراسی نوێنەرایەتی، ماف، ئازادی و یەکسانی، کە تێیدا ئازادی وەک دەرفەتێک بۆ خۆشگوزەرانی و سەرکەوتنی تاکەکەسی لێکدەدرێتەوە، هەروەها جووڵەی کۆمەڵایەتی بەرەو سەرەوە بۆ خۆی و منداڵەکانیان، کە لە ڕێگەی کاری قورسەوە لە کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداریدا بەدەست دێت.

پێدەچێت خەونی ئەمریکی بە فیداکاری، مەترسیکاری، ماندووبوون و هەوڵدان بەدی بێت نەک بە ڕێکەوت.

تێگەیشتن لە خەونی ئەمریکی

خەونی ئەمریکی ڕەگ و ڕیشەی لە جاڕنامەی سەربەخۆیی ئەمریکادا هەیە. ئەو بەڵگەنامەیەیە کە لەلایەن باوانی دامەزرێنەری ئەمریکاوە دروستکراوە، دوو شتی سەرەکی دەڵێت کە تاڕادەیەکی زۆر بەرپرسیارن لە داڕشتنی ئەوەی کە خەونی کلاسیکی ئەمریکی چییە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە “هەموو مرۆڤەکان بە یەکسانی وەک یەک دروستکراون” و هەر کەسێک مافی “ژیان و ئازادی و بەدواداچوونی بەختەوەری”ـی هەیە.

گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە دەستووری ئەمریکا ئەو بنەما یاساییە دیاری دەکات کە حکوومەت چۆن ڕۆژانە کاردەکات، لە پێشەکییەکەیدا ئەم بیرۆکەیە دووپات دەکاتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە مەبەست لێی یارمەتیدانی “دەستەبەرکردنی بەخششەکانی ئازادییە بۆ خۆمان و نەوەکانمان.”

ئەم زاراوەیە لەلایەن نووسەر و مێژوونووس جەیمس تروسلۆ ئادەمسەوە لە کتێبەکەیدا کە لە ساڵی ١٩٣١ـدا زۆرترین فرۆشی هەبووە، بە ناوی (Epic of America) داڕێژراوە.

ئەمریکای سەدەی نۆزدەهەم

لە سەدەی نۆزدەهەمدا سەرەتای کۆچی بەکۆمەڵ کاریگەری خەونی ئەمریکی لەسەر بوو. نموونەیەکی تەواو بۆ ئەمەش کۆچی زۆرێک لە ئەڵمانییە خوێندەوارەکانە، کە دوای شکستی شۆڕشی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٨٤٨ و هەوڵدان بۆ تێکدانی چینایەتی لە ئەڵمانیا بەرەو ئەمریکا چوون. 

ئەوان بەهۆی ئەو ئازادییە سیاسی و ئابوورییانەی کە لە جیهانی نوێدا هەبوون، ئەو ڕاستییەی کە ئەمریکا لەسەر هەمان سیستمی چینایەتی کارناکات، هەروەها بەشداری لەو تێڕوانینەدا نەبوو کە مرۆڤ تەنیا دەتوانێت ئەوەندە بەدەستبهێنێت کە چینەکەی دەبێت بیکات.

هەروەها خەونی ئەمریکی بەهۆی دۆزینەوەی زێڕ لە سەدەی نۆزدەهەمدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەردەوام بوو. دۆزینەوەی زێڕ ساڵی ١٨٤٩ لە کالیفۆرنیا سەدان هەزار پیاوی ڕاکێشا و پێیان وابوو کە ئەوانیش دەتوانن لە شەوێکدا سامانێک بەدەست بهێنن.

لە کاتێکدا بە درێژایی چەندین ساڵ و بارودۆخی سیاسی و ئابووری جیاواز لەناو وڵاتدا گۆڕاوە، بەڵام ئەو باوەڕەی کە سەرکەوتنی کەسی بۆ هەر کەسێک بەردەستە و دەتوانێت بەدەستی بهێنێت، خەونێکە کە تا ئەمڕۆش پاڵنەرێکە بۆ ئەمریکییەکان.

خەونی سەدەی بیستەمی ئەمریکی

زاراوەی "خەونی ئەمریکی" لە سەدەی بیستەمدا زیاتر بەناوبانگ بوو، بەشێکی لە پشتی کتێبی (Epic of America)ـی جەیمس تروسلۆ ئادەمسەوە لە ساڵی ١٩٣١ـدا بوو. ئادەمس ئاماژەی بەوەدا کە چۆن خەونی ئەمریکی بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. 

ئادەمس ئاماژەی بەوە دا و وتی "خەونی ئەمریکی، خەونی ئۆتۆمبێل و مووچەی بەرز نییە، بەڵکوو خەونی پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتییە کە تێیدا هەر پیاوێک و هەر ژنێک بتوانن بگەنە ئەو ئاستە باڵایەی کە توانایان هەیە پێی بگەن، لەلایەن کەسانی ترەوە بەو شێوەیە بناسرێن کە هەن، بەبێ گوێدانە بارودۆخی شوێنی لەدایکبوون یان پێگەی خۆیان”. ئەمەش واتە هەر کەسێک بەبێ گوێدانە شوێن، پێگە، ئاستی کۆمەڵایەتی و ڕەچەڵەکی دەتوانێت خەونی بەدی بهێنێت و بگاتە ئەو ئاستەی کە توانای هەیە بگات و ژیانێکی باش بۆ خۆی دابین بکات. 

پێوەری خەونی ئەمریکی 

ئەمڕۆ زۆرجار خاوەندارێتی ماڵ وەک نموونەیەک بۆ گەیشتن بە خەونی ئەمریکی دادەنرێت. هەروەها هێمای سەرکەوتنی دارایی، سەربەخۆیی، توانای کۆنتڕۆڵکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بە پێوەری خەونی ئەمریکی دادەنرێن. 

هاوکات خاوەندارێتی بازرگانی و سەرۆکایەتی نوێنەرایەتی بەدیهێنانی خەونی ئەمریکی دەکەن. جگە لەوەش دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و چاودێری تەندروستی وەک توخمەکانی خەونەکە ئاماژەیان پێکراوە.

خاوەندارێتی ماڵ بە تێپەڕبوونی کات لە ئەمریکا بە شێوەیەکی بەردەوام زیادی کردووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لایەنێکی سەرەکییە لە خاوەندارێتی موڵکی خۆت وەک نیشانەیەک بۆ گەیشتن بە خەونی ئەمریکی.

بۆ نموونە خاوەندارێتی خانوو لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ ڕێژەی ٦٥.٨٪ بووە، کە نیشاندەری زیادبوونی ٠.٧٪ لە ساڵی پێشوو.

کارگێڕی هەمیشە گرنگ بووە بۆ ئابووری ئەمریکا. لە ساڵی ٢٠١٩ـدا، بازرگانییە بچووکەکان بەتەنها ١,٦ ملیۆن هەلی کاریان ڕەخساندووە.

خاوەندارێتی موڵک، کار، کاروباری خۆت و نەخشاندنی ژیانێکی شایستە بەشێکن لە خەونی ئەمریکی، ئەمریکاش وەک وڵاتێکی جیهانی یەکەم بنەماکانی وەکوو دەستڕاگەیشتن بە پەروەردە و چاودێری تەندروستی پێشکەش دەکات. 

نموونەی خەونی ئەمریکی چین؟

نموونەی خەونی ئەمریکی بریتین لە خاوەندارێتی خانووی خۆت، پێکەوەنانی خێزان، هەبوونی کارێکی جێگیر یان خاوەندارێتی کارێکی تایبەت بە خۆت. 

خەونی ئەمریکی چۆن گۆڕاوە؟

بە تێپەڕبوونی کات، خەونی ئەمریکی لە یەکسانی و هاودەنگیەوە گۆڕاوە بۆ کێبەرکێی تاکگەرایی بۆ ئەوەی لە ڕووی ماددییەوە سەرکەوتووتر بن. لە ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ کۆمپانیای گرێبەستی خانووبەرە (Fannie Mae) دەستی کرد بە ڕاگەیاندنی ئەو تێڕوانینەی کە کڕینی خانوو بەردێکی بناغەی خەونی ئەمریکییە، ئەم زاراوەیە بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕیکلامەکانی فرۆشتنی قەرزی خانووبەرەدا بەکاردەهێنران.

ئەم ئایدۆلۆژیایە بووە هۆی بوژانەوە و زۆربوونی کتوپڕی خانووبەرە، کە لە کۆتاییدا بووە هۆی قەیرانی دارایی ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠٠٩.

ئەنجامی خەونی ئەمریکی 

لە کۆتاییدا خەونی ئەمریکی کۆمەڵێک بیروباوەڕی سەرەکی دەپارێزێت، لەوانە مافی هەندێک ئازادی کە هەموو تاکێک دەتوانێت ژیانێکی سەرکەوتوو و بەختەوەری هەبێت، ئەمەش لە کەسێک بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، مەرج نییە بەدەستهێنانی ئەوەی بۆ کەسێک مایەی بەختەوەری و سەرکەوتنە بۆ کەسێکی تریش وا بێت، بۆیە خەونی ئەمریکی لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی تر دەگۆڕێت، ئەوەی هاوبەشە بەدەستهێنانی ئاستێکی باشتری ژیانکردنە. 


سەرچاوەکان



305 بینین