چاندنی کەرەوز

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-02-17-22:22:00 - کۆدی بابەت: 11041
چاندنی کەرەوز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی کەرەوز (بە ئینگلیزی: planting celery، بە عەرەبی: زراعة الکرفس)، یەکێکە لە ئەو سەوزانەی کە زۆرینەی باخەوانەکان دەیچێنن، چەندین جۆری هەیە کە جیاوازن لە ڕووی درێژی قەد و توانای بەرگەگرتنیان بۆ نەخۆشی، تەنانەت جیاوازی هەیە لە کاڵی و تۆخی ڕەنگیاندا، سوودێکی زۆری تەندروستی هەیە و لە زۆرینەی جێگەکاندا دەفرۆشرێت.

بەڵام ئەوانەی لە بازاڕەکاندا هەن قەبارەیان گەورەترە لە ئەوەی لە باخچەی ماڵەکاندا بەرهەمدێت، چونکە جۆرە بازرگانییەکان لە ڕووناکی خۆری زۆر دەپارێزرێن و لەناو خانووی پلاستیکیدا بەرهەمدێن، لەهەمان کاتدا هەڵگری دەرمانی قڕپێکەری زۆرن کە بۆ چارەسەر کردنیان بەکارهێنراوە.

هاوشێوەی زۆرینەی سەوزەکانی تر کەرەوزیش ڕووبەڕووی نەخۆشی مێروویی و ڤایرۆسی دەبێتەوە، نیشانەکان بەگوێرەی جۆری هۆکاری نەخۆشییەکە دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی دەبنە هۆی دروستبوونی پەڵە و نیشانەی ڕەنگ جیاواز لەسەر گەڵاکان، لەگەڵ دروستبوونی کونی بچووک یاخود گەورەی زۆر لەسەر گەڵا و ڕەگەکەی، بۆ چارەسەر کردن پێویستە چاودێری بەردەوام بکرێت و جۆرێک هەڵبژێردرێت کە توانای بەرگەگرتنی باشتربێت، لەگەڵ کۆمەڵێک چارەسەری تر کە بە گوێرەی هۆکاری نەخۆشییەکە دەگۆڕێت.   

هەنگاوەکانی چاندن

  • سەرەتا پێویستە خاکەکەی دەوڵەمەند بکرێت بە ماددەی خۆراکی، پەیینی کۆن و پەیینی ڕووەکی تێکەڵ بە خاکەکەی بکرێت.
  • کاتێک پلەی گەرمی خاک گەشتە نزیکەی ١٠ پلەی سەدی ئەوا کاتێکی گونجاوە بۆ چاندنی تۆوی کەرەوز.
  • شەوێک پێش چاندنی تۆوەکەی باشترە بخرێتە ئاوی گەرمەوە، کە ئەمە هاوکاری خێراکردنی چەکەرە کردن دەدات.
  • پاشان تۆوەکان لە قووڵاییەکی کەمدا دەچێنرێت و مەودای نێوان تۆوێک بۆ دانەیەکی تر باشترە نزیکەی ٢٠ سانتیمەتر ببێت.
  • دواتر بە بەردەوامی و بەشێوەیەکی ڕێکخراو پێویستی بە ئاودانی زۆر هەیە.

شێوازی گرنگیپێدان

لە خاکی کەمێک ترش و هاوکێشدا گەشە دەکات و پێویستی بە ڕووناکی خۆری زۆر هەیە، دەکرێت بەشێک لە کاتەکانیشی سێبەر بێت، بەڵام باشترە کە ڕۆژانە بە لایەنی کەمەوە ٦-٨ کاتژمێر ڕووناکی خۆری هەبێت، دەبێت بژار بکرێت و گژوگیا زیانبەخشەکان هەڵبکەنرێن، بەڵام بە وریاییەوە چونکە ڕەگی کەرەوزەکە لە قوڵاییدا نییە و دەکرێت بە ئاسانی زیانی پێبگات.

باشترین کات بۆ چاندنی لە ناوچە فێنکەکاندا سەرەتای بەهارە، لە ناوچە گەرمەکانیشدا دەکرێت ناوەڕاست و کۆتایی هاوینیش بچێنرێت، بەڵام پێویستە بە بەردەوامی خاکەکەی بە شێداری بهێڵرێتەوە و باشترە کە خێرا وشک نەبێتەوە چونکە کەرەوز پێویستی بە ئاوی زۆر هەیە، بە تایبەتی لە کەشوهەوای گەرمدا، کەرەوزەکان بەرگەی پلەی گەرمی زۆر بەرز ناگرن، بە نەبوونی ئاوی پێویستیش قەدەکەی بچووک و باریک و ڕەق دەبێت.

دوای پێگەیشتن و گەورەبوونی کەرەوزەکە هەتاکوو هاتنی سەرمای بەهێز دەکرێت بەرهەمی هەبێت، چونکە توانای هەیە بەرگەی کەمێک سەرما بگرێت، بەڵام بە مەرجێک کە لە قەدەکەیدا ببڕێت و ڕەگەکەی بمێنێتەوە و دواتر دووبارە گەشە بکاتەوە، هەتاکوو ڕەنگی قەدەکەی تۆختر بێت ئەوا واتا ماددەی خۆراکی زیاتری تێدایە، بەڵام لەهەمان کاتدا تامێکی تاڵتری هەیە بە بەراورد بە ڕەنگ کاڵەکان، دوای لێکردنەوەشی کەرەوزەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لە بەفرگردا هەڵدەگیرێت. 


سەرچاوەکان



511 بینین