کیلۆپاترا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-21-20:47:00 - کۆدی بابەت: 11073
کیلۆپاترا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کیلۆباترا یان کیلۆپاترا یاخود شاژنە کیلۆپاترای حەوتەم (بە عەرەبی: كليوباترا، بە ئینگلیزی: Cleopatra) کۆتا شاژن و دەسەڵاتداری خێزانی مەقدۆنییەکان بوو کە ناسراون بە بنەماڵەی پتۆلیمی، لەدوای کۆچی دوایی ئەسکەندەری مەزن وەکوو شاژنی دەسەڵاتداری میسر هەڵبژێردرا. شاژنێکی سەر بە پتۆلیمەکانی میسر بوو کە دوای کۆچی دوایی باوکی لە تەمەنی ١٨ ساڵی لە ساڵی ٥١ بۆ ٣٠ پێش زایین دەسەڵات و فەرمانڕەوای میسری گرتەدەست. یەکەمین ژن بوو لە مێژوودا کە لە ڕێگەی جوانییەکەیەوە سیاسەتی دەکرد و جوانییەکەی بۆ مەبەستی سیاسی و پارێزگاریکردن لە دەسەڵاتەکەی بەکاردەهێنا.

زانیاری گشتی
ناو شاژنە کیلۆپاترای حەوتەم
ڕێکەوتی لەدایکبوون ساڵی ٦٩ـی پێش زایین، شوێنی لەدایکبوون ئەسکەندەرییەی میسر.
ماوەی دەسەڵات ساڵی ٥١ـی پێش زایین تاکوو ساڵی ٣٠ پێش زایین.
کۆچی دوایی ساڵی ٣٠ پێش زایین

ژیاننامە و وەرگرتنی دەسەڵات

کیلۆپاترا حەوتەم کچی شا بەتڵیمۆسی دوازدەیەم بوو و لە ساڵی ٦٩ـی پێش زایین لە ئەسکەندەرییەی میسر لەدایکبووە. وەکوو جێنشینی باوکی لە ساڵی ٥١ـی پێش زایین و لە تەمەنی ١٨ ساڵی دوای کۆچی دوایی باوکی بەهۆی ئەوەی کچە گەورەی خانەوادەکەی بوو وەکوو شاژنی دەسەڵاتداری میسر هەڵبژێردرا و دیاریکرا. کیلۆپاترا بە خانمە شاژنێکی زیرەک و بوێر و جوان ناسراو بووە، هەر لە تەمەنی لاوییەوە فێری چەندان زمان بووە و لە تەمەنی ١٨ ساڵی بووە بە شاژنی میسر، تەنانەت لە تەمەنی ٢١ ساڵی بووە بە فەرماندەی سوپا و بەشداری لە جەنگ کردووە.

کیلۆپاترا کچە گەورەی باوکی بووە و خاوەن دوو برای لەخۆی بچووکتر بووە، دوای کۆچی دوایی دەسەڵات گوازرایەوە بۆ بەتڵیمۆسی سیازدەیەمی برا بچووکی کە تەمەنێکی کەمی هەبووە بە هاوبەشی لەگەڵ کیلۆپاترا دەسەڵاتیان پێدرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی براکەی کیلۆپاترا تەنها تەمەنی هەشت ساڵ بووە دەسەڵاتی ڕەها گوازرایەوە بۆ کیلۆپاترا. کیلۆپاترا ڕەچەڵەکی یۆنانی بووە و میسری نەبووە، بۆیە زمانی یۆنانی بە باشی زانیووە و خۆی فێری زمانی میسری کۆن کردووە.

سەردەمی فەرمانڕەوایی و ململانێی بۆ دەسەڵات

خێزان و بنەماڵەی پتۆلیمییەکان کە ڕەچەڵەکیان یۆنانی بوو و بۆ ماوەی ٣٠٠ ساڵ فەرمانڕەوایی میسریان کرد و کیلۆپاترا کۆتا نەوەی ئەو بنەماڵەیە بوو کە دەسەڵاتی گرتەدەست. دوای کۆچی دوایی باوکی کیلۆپاترا، دەسەڵات هاوبەشی پێکرا لەنێوان کیلۆپاترا و بەتڵیمۆسی سیازدەیەمی برای، بەڵام بەهۆی کەمی تەمەنی بەتڵیمۆس دەسەڵاتی ڕەها درا بە کیلۆپاترا، لە ماوەی فەرمانڕەوایی کیلۆپاترا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بووژانەوە و گرنگییان پێدرا، گرنگی بە کشتوکاڵ داوە و لە کاتی وشکەساڵی هاوکاری دانیشتووانی کردووە، هەروەها گرنگی زۆری بە کولتووری میسری و فێربوونی زمانی میسری کۆن داوە و بڵاوی کردووەتەوە، کەسێکی کۆمەڵایەتی بووە و لەگەڵ دانیشتووان بەشداری بۆنە و ئاهەنگەکانی کردووە.

دوای پێگەشتنی براکەی لەو سەردەمەدا لەنێوان میسرییە کۆنەکان نەریتی هاوسەرگیری قەدەغەکراوی نێو خێزانەکان باو بووە، میسرییەکان ئەو نەریتەیان لە یۆنانییەکانەوە وەرگرتووە، بۆیە بە بیانووی بەردەوامیدان بە وەچی بنەماڵەکەیان کیلۆپاترای حەوتەم هاوسەرگیری لەگەڵ بەتڵیمۆسی سیازدەیەمی برای کردووە و بووەتە خاوەن کوڕێک. دوای هاوسەرگیرییەکەیان براکەی دەسەڵاتی کیلۆپاترای پەسەند نەکرد و ململانێیەکی سەخت لەسەر دەسەڵات کەوتە نێوانیانەوە، کیلۆپاترا بۆ چارەسەری کێشەکانی دەسەڵاتی نێوان خۆی و براکەی لە میسر هەڵهات بۆ سووریا و پەنای بردە بەر ڕۆمانییەکان، بە دیاریکراوی یۆلیۆسی قەیسەری هەڵبژارد و داوای هاوکاری لێی کرد، یۆلیۆس ئەفسەرێکی بە ناوی ئەنتۆنیۆ ناردە هاوکاری کیلۆپاتراو توانی سوپای براکەی لەناوبەرێت.

کیلۆپاترا بەوە ناسراو بووە کە بۆ مەرامی سیاسی جوانییەکەی بەکارهێناوە، بۆیە پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ یۆلیۆسی قەیسەری ڕۆمانییەکان دروستکرد تاکوو کۆتایی بە دەسەڵاتی براکەی هێنا، بەهۆی دابوونەریت و یاسای ڕۆمانییەکان قەیسەر نەیتوانی هاوسەرگیری لەگەڵ کیلۆپاترا بکات. لە ڕووداوێکدا قەیسەری ڕۆمانییەکان کوژرا، بۆیە دوای کۆچی دوایی براکەی و قەیسەری ڕۆمانییەکان، کیلۆپاترا نەیویست پەیوەندی لەگەڵ ڕۆمانییەکان بپچڕێت، بۆیە خۆی پێشکەشی مارک ئەنتۆنی کرد کە ئەفسەرێکی ڕۆمانی ناودار بوو و هاوسەرگیری لەگەڵ ئەنجامدا و بوونە خاوەن دوو منداڵی دووانە.

کۆچی دوایی

چەندان ئەفسانە و داستان لەسەر کۆتایی و مردنی کیلۆپاترا بوونیان هەیە، بە چەند شێوازێک کۆچی دوایی کیلۆپاترا لە سەرچاوەکانی مێژوو باسکراوە. دوای داگیرکردنی میسر و کۆتایی دەسەڵاتەکەی کیلۆپاترا لەگەڵ گەمارۆدانی ئەسکەندەرییە لەلایەن قەیسەری ڕۆمانییەکانەوە، کیلۆپاترا شکست و دۆڕانی پێ پەسەند نەکرا و لە یەکێک لە ژوورەکانی کۆشکەکەی خۆی حەشاردا بوو و قەیسەر بڕیاری بە دیل گرتنی دابوو، دەنگۆ بڵاوبووەوە کیلۆپاترا خۆی کووشتووە لەکاتێکدا خۆی حەشاردا بوو، بۆیە کاتێک ئەنتۆنی هاوسەری کیلۆپاترا گوێبیستی هەواڵەکە بوو بە شمشێرەکەی خۆی کووشت.

کاتێک کیلۆپاترا هەواڵی شکستی دەسەڵات و خۆکووشتنی هاوسەرەکەی بیست خۆی ژەهرخوارد کرد و لە ساڵی سی پێش زایین کۆتایی بە ژیانی هێنا. لەسەر خۆکووشتنەکەی چەندان ئەفسانە و بۆچوونی جیاواز بوونی هەیە، هەندێک سەرچاوە پشتڕاستی دەکەنەوە کە بە ژەهری ماری کۆبرا خۆی کوشتووە، هەندێک سەرچاوەی تر دەڵێن کە بە دەرمان و گوڵ و گیای ژەهراوی خۆی کوشتووە.

شوێنی ناشتنی کیلۆپاترا ڕاجیایی لەسەرە، هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە لە ئەسکەندەرییە لە نزیک کۆشکەکەی لەگەڵ هاوسەرەکەی نێژراوە، بەڵام بەهۆی بوومەلەرزەی سەدەی هەشتەمی زایینییەوە لە ناوچەی ئەسکەندەرییە گۆڕانکاری جوگرافی ڕوویداوە و شوێنەکەیان بووە بە دەریا و نوقمی دەریا بووه و شوێنەواری نەماوە. هەندێک سەرچاوەی مێژوویی تر دەڵێن کە گۆڕی هەردوو هاوسەرەکە لە پەرستگای ماگنا نێژراوان کە شوێنەوارێکی مێژووییە لە میسر و بە دەیان گۆڕ و مۆمیای مێژوویی لەخۆگرتووە.

چیرۆکی کیلۆپاترا لە ئەدەب و هونەردا

کیلۆپاترا بە کەسایەتییە مێژووییە گرنگەکان دادەنرێت و لە ئەدەب و نووسراوەکانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتیش قسەی لەسەر کراوە و باسکراوە، هەریەک لە شکسپیر و ئەحمەد شەوقی لەسەری شانۆنامەیان نووسیوە. مێژوو وێنایەکی نەرێنی و خۆپەسەندی کیلۆپاترای حەوتەم دەخاتەڕوو، کە ناسراوە بەوەی لەڕێی جوانی و سەرنجڕاکێشییەکەیەوە پیاوان بەکاربهێنێت بۆ بەدەستهێنان و دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی، هەروەها بە کەسێکی زۆرزان و زیرەک ناسراوە. شکسپیر لە شانۆگەرییەکەی بە ناوی "چیرۆکی خۆشەویستی نێوان کیلۆپاترا و ئەنتۆنیۆ" وێنایەکی نەرێنی کیلۆپاترا دەخاتەڕوو بە خیانەتکار ناوەزەدی دەکات، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەحمەد شەوقی وێنایەکی ئەرێنی کیلۆپاترا دەرەخات و بە ژنێکی بەهێز و بەتوانا ناوزەدی دەکات.

لە هونەر و سینەمادا چەندان فیلم و دراما لەسەر کەسایەتی کیلۆپاترا بەرهەمهێنراون، لە هۆلیوود بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦٣ لە سینەماکانی جیهان فیلمێکی سینەمایی لەسەر ژیانی کیلۆپاترا بڵاوبووەوە. لە سینەمای ڕۆژهەڵاتدا چەند فیلمێکی کەم لەسەر ژیاننامەی کیلۆپاترا هەیە، بەڵام دیارترینیان بریتییە لە زنجیرە درامایەکی سووری که هونەرمەندی سووری سۆلاف فەواخرچی لە زنجیرە دراماکە لە ساڵی ٢٠١٠ ڕۆڵی کیلۆپاترای بینیووە و لەو زنجیرە درامایە ژیاننامەی کیلۆپاترا خراوەتەڕوو.


سەرچاوەکان



981 بینین