شوێنە گەشتیارییەکانی هەولێر

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-24-23:02:00 - کۆدی بابەت: 11099
شوێنە گەشتیارییەکانی هەولێر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شوێنە گەشتیارییەکانی هەولێر یان شوێنە گرنگەکانی هەولێر یان شوێنە ناودارەکانی هەولێر (بە عەرەبی: الأماكن السياحية في أربيل یان معالم ٲربيل، بە ئینگلیزی: sights in Arbil) هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە و پارێزگایەکی گرنگی وڵاتی عێراقە، بەهۆی هەڵکەوتە و لەباری شوێنی جوگرافی و کەشوهەوای ناوچەکه و بوونی شوێنەواری مێژوویی و سەیرانگا و شوێنی گەشتیار، هەولێر بووەتە ناوچەیەکی گرنگی گەشتیاری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و ساڵانە لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق لەکاتی بۆنە و پشووەکان ڕێژەیەکی زۆر لە گەشتیاران بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی شوێنە گرنگەکانی هەولێر دەکەن.

شوێنەوارەکانی ناو هەولێر

قەڵای هەولێر

قەڵای هەولێر گرنگترین شوێنەواری مێژوویی شارەکەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا، قەڵاکە دەکەوێتە ناوەندی شاری هەولێرەوە و تەپۆلکەیەکی بازنەییە کە بەرزییەکەی نزیکەی ٤٣١ مەترە و ڕووبەری زەوییەکەی ١١٠ مەتری چوارگۆشەیە، قەڵاکە لە سێ گەڕەک پێکهاتووە کە بریتیین لە سەرای و تۆپخانە و تەکییە، هەروەها مزگەوتی قەڵا دەکەوێتە ناوەڕاستی قەڵاکەوە، هاوکات گەرماوێک لەنێو قەڵاکە بوونی هەیە کە لە دوو بەش پێکهاتووە و دوو هۆڵی گەورەی لەخۆگرتووە و بنمیچەکەی گومەزێکی خڕی گەورەیە، هەروەها بیرێکی ئاو نزیک گەرماوەکە بوونی هەیە.

بازاڕی قەیسەری هەولێر

بازاڕی قەیسەری دەکەوێتە بەرانبەر قەڵای هەولێرەوە و مێژووی دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانییەکان و هاوشێوەی بازاڕی قەیسەری کەرکووک لەلایەن عوسمانییەکانەوە بنیاتنراوە، بازاڕەکە لە هۆڵ و ڕێڕەوێکی درێژ و فراوان و بەرز پێکهاتووە، هەردوو لای ڕێڕەوەکە لە ژووری هاوشێوە لە تەنیشت یەک و بەرانبەر یەک دروستکراون کە وەکوو فرۆشگا و دوکان سوودی لێبینراوە، هاوکات بازاڕەکە دوو دەرگای سەرەکی هەیە کە بریتین لە دەرگای باشوور و دەرگای ڕۆژهەڵات، لە ئێستادا بازاڕی قەیسەری هەولێر بازاڕێکی نەتەوەیی و هەمەجۆرە و سەردانیکەرانی زۆرە.

منارەی موزەفەرییە

دوای قەڵای هەولێر دووەم دێرینترین شوێنی هەولێرە و ٥٥٠ مەتر لە قەڵاوە دوورە و شوێنێەوارێکی گرنگی مێژوویی شارەکەیە، منارەکە لە سەردەمی شا موزەفەردین دروستکراوە و بەرزییەکەی ٣٧ مەترە و دوو دەرگای هەیە کە بەرزی و درێژییان مەتر و نیوێکە.

مۆزەخانەی شارستانی هەولێر

مۆزەخانەی گشتی هەولێر دەکەوێتە ناوەندی شارەکە و نزیک شارەوانی هەولێرە. زۆرێک لە شوێنەوار و بابەتی کەلەپووری سەردەمە جیاوازەکانی کوردستان و عێراقی لەخۆگرتووە و لە سێ هۆڵی گەورە شتومەکە کۆنەکان ڕێکخراوان و نیشان دراون، مۆزەخانەکە خاوەن کتێبخانەیەکی کۆنە و چەندان سەرچاوەی مێژوویی گرنگی تێدایە.

مزگەوتی جەلیل خەیات 

مزگەوتی جەلیل خەیات بە گرنگترین و گەورەترین مزگەوتەکانی هەولێر دادەنرێت، خاوەن دیزاینێکی ئەندازیاری سەردەمیانەیە و بنیاتنانەکەی دە ساڵی خایاندووە. لەلایەن حاجی جەلیل خەیاتەوە مزگەوتەکە دروستکراوە و ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٥ هەزار کیلۆمەتر دووجایە، دوو هۆڵی هەیە و لە بۆنە و ئاهەنگە ئایینییەکان بەکاردەهێنرێت، هاوکات نوێژە فەرزەکان و نوێژی هەینی تێدا ئەنجام دەدرێت و هەروەها شوێنی تایبەتی بۆ ژنان دابینکراوە.

گرنگترین پارک و ڕووبەرە سەوزاییەکانی هەولێر

پارکی سامی عەبدولڕەحمان

بە گەورەترین پارکی هەولێر دادەنرێت لەڕووی ڕووبەرەوە کە ڕووبەرەکەی نزیکەی ٨٠٠ دۆنمە و بە سێیەم گەورەترین پارک دادەنرێت لە عێراق، چوونە ژوورەوە بۆ پارکەکە بە خۆڕاییە و دەکەوێتە ڕۆژاوای هەولێر بەرانبەر پەرلەمانی کوردستانە، لە سەرەتای نەوەدەکان و دوای ڕاپەڕینی کوردستان شوێنەکە سەربازگە بووە، بەڵام لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ٨٠٠ دۆنمی دابین کرد و کردی بە باخی گشتی، ناوەکەی بە ناوی جێگری سەرۆکی کوردستانی هەرێمی کوردستان سامی عەبدولڕحمانەوە ناونراوە کە لە تەقینەوەکەی یەکی شوباتی جەژنی قوربانی ساڵی ٢٠٠٤ کوژرا، خودی خۆی چاودێری پرۆسەی دروستکردنی پارکەکەی کردووە بۆیە وەکوو ڕێزلێنانێک بە ناوی ئەوەوە ناونراوە. پارکەکە لە خواردنگە، یاریگا، هۆڵی پێشانگای گشتی هەولێر پێکهاتووە و چالاکی هەمەجۆری تێدا بەڕێوەدەچێت.

پارکی شانەدەر

پارکێکی ناوداری هەولێرە و دەکەوێتە پشت قەڵای هەولێرەوە و بەرانبەر پارکی منارەیە و تەنیشت بانکی ناوەندیی هەولێرە، پانتاییەکی سەوزایی فراوانی هەیە و چوونە ژوورەوە بەخۆڕاییە، گەلەرییەکی لەخۆگرتووە کە لەسەر شێوازی ئەشکەوتی شانەدەر دروستکراوە و هەر بەناوی ئەشکەوتی شانەدەرەوە ناونراوە و لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە کراوەتەوە، لە پارکی شانەدەر تەلەفریکێک هەیە کە هەردوو پارکی منارە و پارکی شانەدەری پێکەوە بەستووەتەوە و گەشتیاران سەردانی دەکەن.

پارکی منارە

پارکی منارە بەرانبەر پارکی شانەدەرە و لەسەر ڕێگای هەولێر ـ هەڵەبجەیە کە بە دووری کیلۆمەترێک لە باشووری قەڵای هەولێرەوە دوورە، ڕووبەرەکەی نزیکەی ٨٥ هەزار مەتری چوارگۆشەیە، منارەی چۆلی دەکەوێتە ئەم پارکەوە و هەر بەوهۆیەوە بە ناوی پارکی منارە ناونراوە.

باخچەی ئاژەڵانی هەولێر

بە گەورەترین باخچەی ئاژەڵانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و ڕووبەرەکەی ٢٠٠ دۆنمە و دەکەوێتە خۆرهەڵاتی هەولێرەوە، نزیکەی ١٥٠ جۆر ئاژەڵی جیاواز لەخۆدەگرێت و سێ دەریاچەی دەستکردی تێدا دروستکراوە، ڕووبەری شوێنەکە زۆر فراوانە و گەشتیاران دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان لەناو باخچەکە بگەڕێن.

سەیرانگاکانی دەوروبەری هەولێر 

تاڤگەی بێخاڵ

هاوینەهەواری بێخاڵ دەکەوێتە نێوان لوتکە چیاکانی سنووری ڕەواندزەوە لە تاڤگەیەکی سروشتی پێکهاتووە کە دەڕژێتە، بێخاڵ بە دووری ١٠٥ کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە و پێنج کیلۆمتر لە ڕەواندزەوە دوورە. چەندین چێشتخانە و شوێنی حەوانە و کەپری گەشتیاری لە ناوچەکە بۆ گەشتیاران دروستکراوە.

تاڤگەی گەلی عەلی بەگ

تاڤگەی گەلی عەلی بەگ بە دووری ٩٥ کیلۆمەتر لە شاری هەولێرەوە دوورە، لەنێوان دوو چیای بڵند هەڵکەوتووە کە بریتین لە چیای کۆڕەک و چیای برادۆست، سروشت و کەشوهەوایەکی دڵگیری هەیە و تاڤگەکەی لە یەکگرتنی ئاوی دوو ڕووبار دروست دەبێت کە بریتین لە ڕووباری دۆڵی ئالانەی سەر بە شارۆچکەی خەلیفان لەگەڵ ئاوی بێخاڵ کە لە ڕەواندزەوە هەڵدەقووڵێت. شوێنەکە خاوەن سروشتێکی شاخاوییەوە دارودرەختی زۆری لێیە و بووەتە شوێنێکی گەشتیاری گرنگ بۆ گشتیاران.

سەیرانگای جوندیان

سەیرانگایەکە کە دەکەوێتە کۆتایی سەیرانگای بێخاڵەوە و بە دووری ١١٥ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری هەولێرەوە دوورە، سەر بە شارۆچکەی سۆرانە دەکەوێتە دامێنی چیای هەندرێنەوە. کانییەکی سازگار لەگەڵ تاڤگەیەکی بچووک لە بن چیاکە هەڵدەقوڵێت و خاوەن کەشوهەوایەکی لەبار و گونجاوە و ژمارەیەک چێشتخانە و کەپری گەشتیاری و شوێنی پشوودانی خێزانی تێدا دروست کراوە.

سەیرانگای شەقڵاوە

شارۆچکەی شەقڵاوە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر و بە دووری ٤٥ کیلۆمەتر لێوەی دوورە، ناوچەکە لەنێوان دوو چیایە چیای سەفین و چیای سۆرک، بۆیە هەڵکەوتەی جوگرافی و کەشوهەواکەی سروشتێکی دڵگیری هەیە و بە تایبەتی لە بەهاران و هاویناندا. بازاڕی شەقڵاوە ناودارترین شوێنی شارۆچکەکەیە و چەندان میوانخانە و چێشتخانە و فرۆشگای تێدایە، هاوکات دەوروبەری شەقڵاوە باخ و شوێنی گەشتیارییە.

سەیرانگای هیران

هیران شارۆچکەیەکە بە دووری ٧٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێرەوە و ٢٣ کیلۆمەتر لە شەقڵاوەوە دوورە، باخ و بێستانی زۆر لە ناوچەکە هەیە و بە سەیرانگای هیران و نازەنین ناودارە و چەندان کەپر و شوێنی حەوانەی هەیە و گەشتیاران لە وەرزی بەهار و هاوین سەردانی ناوچەکانی دەکەن. هاوکات لە شارۆچکەی هیران مەزار و تەکیەی شێخی هیرانی لێیە کە نزیک گۆڕەکەی کراوە بە مزگەوت و بە ڕێبەری شێخانی تەریقەی قادری دادەنرێت، شوێنەکە ساڵانە لەلایەن دەروێشان و شوێنکەوتووانی تەریقەتەکە سەردانی دەکرێت.

دۆڵی سەکران

دۆڵێکە کەوتووەتە باکووری زنجیرە چیای سەکران و سەر بە قەزای چۆمانە، سەیرانگاکە ئاوی ڕووباری تێدایە و دەرەخت و دارێکی زۆری هەیە، شوێنەکە کەپر و شوێنی پشوودانی بۆ دروستکراوە و گەشتیاران سەردانی دەکەن.

چیای کۆڕەک

چیای کۆڕەک دەکەوێتە باکووری ناوەندی هەولێرەوە و بەرزییەکەی ٢١٢٧ مەترە و سەر بە زنجیرە چیاکانی زاگرۆسە، بە دووری ٥٠ کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە. ناوچەکە بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی و کەشوهەواکەیەوە بووەتە شوێنێکی گەشتیاری گرنگ بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا کە ڕێژەیەکی زۆر بەفری لێدەبارێت، خزمەتگوزاری گتشتیاری زۆری تێدا دروستکراوە نموونەی تەلەفریکێکی درێژ کە درێژییەکەی ٤ کیلۆمەترە و بەرزییەکەی ٧٥ مەترە گەشتیاران دەگوازێتەوە بۆ سەر لوتکەی چیاکە، هاوکات ناوچەکە چەند جۆرێک یاری خلیسکێنەی سەر بەفر و شوێنی پشوودان و میوانخانەی تێدایە.


سەرچاوەکان



1391 بینین