بەمۆمبوونی جگەر

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-08-30-00:11:00 - کۆدی بابەت: 11159
بەمۆمبوونی جگەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەمۆمبوونی جگەر (بە عەرەبی: تليف الكبد، بە ئینگلیزی: cirrhosis)، بەمۆمبوونی جگەر هەروەها پێی دەوترێت سیرۆزیس نەخۆشیەکی درێژخایەنی جگەرە کە تێیدا خانەکانی جگەر پێکهاتە و فەرمانیان تێکدەچێ و بە باشی کار ناکەن. جگەر یەکێکە لە ئەندامە زۆر گرنگەکانی لەش و زۆرێک لە فەرمانەکانی لەش جێبەجێدەکات وەک پاککردنەوەی لەش لە ژەهر و کرداری زیندەچالاکی و زۆربەی دەرمانەکانیش هەر لە ڕێگای جگەرەوە دەردەکرێن. هەندێکجار بەم نەخۆشییە دەوترێت قۆناغی کۆتایی جگەر چونکە دوای قۆناغەکانی تری تێکچوونی جگەر ڕوودەدات. لەوانەیە جگەر بەردەوام بێت لە کارکردن تەنانەت دوای تووشبوون بە بەمۆمبوونی جگەریش. بەڵام لە کۆتاییدا ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی جگەر، هەروەها دەکرێت تووشی ئاڵۆزییە گەورەکان بیت، کە مەترسی لەسەر ژیان دروست دەکەن. ڕەنگە چارەسەرکردن بتوانێت بەمۆمبوونی جگەر لە خراپتربوون بوەستێنێت.

نیشانەکانی نەخۆشی بە مۆمبوونی جگەر

لەوانەیە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی نەخۆشی بە مۆمبوونی جگەردا هیچ نیشانەیەکت نەبێت، بەڵام لەگەڵ زیاتر زیانگەیاندن بە جگەر، دەکرێت:

  • هەست بە ماندوێتی و لاوازییەکی زۆر بکەیت.
  • هەست بە هێڵنج و دڵتێکهەڵاتن بکەیت.
  • لە دەستدانی ئارەزووی خواردن.
  • دابەزینی کێش و ماسولکەکان.
  • دەرکەوتنی پەڵەی سوور لەناو لەپی دەست.
  •  دەرکەوتنی خوێنبەرە بچووکەکانی لە شێوەی تۆری جاڵجاڵۆکە لەسەر پێست (spider angiomas) لە سەرووی کەمەرەوە.

دوا بە دوای خراپتربوونی بەمۆمبوونی جگەر، هەندێک لە نیشانە و ئاڵۆزییەکانی تر دەردەکەون وەکوو:

دەستنیشانکردنی بەمۆمبوونی جگەر

ئەگەر پزیشک گومانی لە بەمۆمبوونی جگەر هەبێت، لەوانەیە بە پشتبەستن بە مێژووی نەخۆش، نیشانەکان، پشکنینی جەستەیی و ئەنجامی پشکنینی خوێن نەخۆشییەکە دەستنیشان بکات. هەروەها پشکنینی ئاستی ئەنزیمەکانی جگەر ئایا بەرزترە یان نزمترە لە ڕێژەی ئاسایی، لەوانەیە پزیشکەکەت گومانی نەخۆشی بەمۆمبوونی جگەری بکات ئەگەر:

  • بەرزبوونەوەی ئاستی ئەنزیمەکانی جگەر (ALT)، (AST) و (ALP).
  • بەرزبوونەوەی ئاستی بیلیروبین.
  • نزمبوونەوەی ئاستی پڕۆتینەکانی خوێن وەکوو ئەلبومین یان بەرزبوونەوەی ئاستی پڕۆتینەکانی خوێن کە پێیان دەوترێت immunoglobulins.
  • پشکنینی CBC کە لە ڕێگەیەوە هەوکردن یان کەمخوێنی دەردەکەوێت.
  • پشکنینەکان بۆ هەوکردنی ڤایرۆسی بۆ دڵنیابوون لە بوونی هەوکردنی جگەری جۆری بی یان سی.
  • پشکنینی (autoimmune liver disease) لە ڕێگەی دەرکەوتنی دژەتەنی (ANA)، (SMA) و (AMA).
  • سۆنەر، وێنەگرتن بە لەرەلەری موگناتیسی (MRI) و تیشکی تەنووری سیتی سکان (CT_scan) یان سکانی ئیلاستۆگرافی کاتی.
  • بایۆپسی جگەر، دەرزییەکی باریک بەکاردەهێنرێت بۆ وەرگرتنی نمونەی خانەکانی جگەر بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ژێر مایکرۆسکۆپدا پشکنینی بۆ بکرێت.

ئەگەر پشکنینەکان دەریانخست کە تووشی نەخۆشی بەمۆمبوونی جگەر بوویت، پێویستە پزیشکی گشتی ڕەوانەی پزیشکێکت بکات کە پسپۆڕە لە کێشەکانی جگەر (hepatologist).

چارەسەرکردنی نەخۆشی بەمۆمبوونی جگەر

 هیچ چارەسەرێک بۆ نەخۆشی بەمۆمبوونی جگەر  بوونی نییە. بەڵام ڕێگا هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی نیشانە و ئاڵۆزییەکان و خاوکردنەوەی گەشەسەندنی نەخۆشییەکە. چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی کە هۆکاری نەخۆشی بەمۆمبوونی جگەرە (بۆ نموونە بەکارهێنانی دەرمانی دژە ڤایرۆس بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی جگەری جۆری سی) دەتوانێت ڕێگری بکات لە خراپتربوونی بەمۆمبوونی جگەر.

  • واز هێنان لە خواردنەوە کحولییەکان.
  • دابەزاندنی کێش ئەگەر کێشت زیادە.
  • ئەگەر جگەر زیانێکی زۆری پێگەیشتبوو، ڕەنگە چاندنی جگەر تاکە بژاردەی چارەسەرکردن بێت.

هۆکاری نەخۆشی بەمۆمبوونی جگەر  چییە؟

باوترین هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی بەمۆمبوونی جگەر  بریتین لە:

  • زۆر خواردنەوەی کحول بۆ ماوەی چەندین ساڵ
  • تووشبوون بە هەوکردنی جگەر بۆ ماوەیەکی زۆر، بەتایبەتی هەوکردنی جگەری جۆری بی (hepatitis B) یان هەوکردنی جگەری جۆری سی (hepatitis C).
  • جۆرێکی توندی نەخۆشی چەوری جگەری ناکحولی (NAFLD)، پێی دەوترێت non-alcoholic steatohepatitis، کە بەهۆی کۆبوونەوەی چەوری زیادەوە جگەر توشی هەوکردن دەبێت.
  • هەروەها نەخۆشی بەمۆمبوونی جگەر  دەکرێت بەهۆی هۆکارێکەوە بێت کە کاریگەری لەسەر بۆرێکانی زراودا هەیە وەکوو (primary biliary cholangitis) یان سیستەمی بەرگری وەکوو (autoimmune hepatitis).
  • هەندێک حاڵەتی بۆماوەیی و بەکارهێنانی درێژخایەنی هەندێک دەرمان.

نەخۆشی جگەری پەیوەندیدار بە کحولەوە

زۆر خواردنەوەی کحول بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی  (alcohol-related liver disease) نەخۆشی جگەری پەیوەندیدار بە کحولەوە، نەخۆشی بەمۆمبوونی جگەریش کۆتا قۆناغیەتی. بەزۆری دوای چەندین ساڵ لە خواردنەوەی کحول ڕوودەدات.

چۆنێتی خۆپاراستن لە نەخۆشی بەمۆمبوونی جگەر

١- وازهێنان لە خواردنەوە کحولییەکان: چونکە خواردنەوەی کحول ڕێژەی گەشەسەندنی نەخۆشی بەمۆمبوونی جگەر خێراتر دەکات، بەبێ گوێدانە هۆکارەکەی.

٢- خۆت لە هەوکردنی جگەر بپارێزە: هەوکردنی جگەری جۆری بی و سی دوو جۆری هەوکردنن لە جگەردا کە بەهۆی ڤایرۆسەوە دروست دەبن. ڤایرۆسی (hepatitis B) لە خوێن و شلەی جەستەدا بڵاودەبێتەوە بەڵام ڤایرۆسی (hepatitis C) بەزۆری لە خوێندا بڵاودەبێتەوە. ڕێگا باوەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسانە بریتین لە ئەنجامدانی سێکس لەگەڵ کەسێکی تووشبوو بەبێ بەکارهێنانی کۆندۆم، یان بەرکەوتن لەگەڵ خوێنی کەسێکی تووشبوو، وەک هاوبەشیکردنی فڵچەی ددان یان بەکارهێنانی دەرزی کەسی تووشبوو. کوتان بۆ هەوکردنی جگەری جۆری B. هەروەها ڤاکسینەکە بەردەستە بۆ هەر کەسێک کە ئەگەری تووشبوونی بە هەوکردنی جگەری جۆری بی زیاترە. هیچ ڤاکسینێک بۆ هەوکردنی جگەری جۆری C نییە.

٣- کێشی تەندروست: بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوونت بە نەخۆشی چەوری جگەری نا کحولی (NAFLD) کە دەتوانێت ببێتە هۆی نەخۆشی بەمۆمبوونی جگەر، پێویستە کێشێکی تەندروستت هەبێت ئەویش بە خواردنی تەندروست و وەرزشکردنی بەردەوام.


سەرچاوەکان



333 بینین