جەنگی مارنگۆ

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-05-14:05:00 - کۆدی بابەت: 11223
جەنگی مارنگۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جەنگی مارنگۆ (بە عەرەبی: معرکة مارنجو، بە ئینگلیزی: Battle of Marengo) یەکێکە لە گرنگترین جەنگەکانی سەرەتای سەدەی ١٩ کە لە بەرواری ١٤ـی حوزەیرانی ساڵی ١٨٠٠ ڕوویداوە. جەنگەکە لە نێوان کۆماری فەڕەنسا بە سەرکردایەتی کونسوڵی یەکەم ناپلیۆن بۆناپارت و هێزەکانی ئیمپڕاتۆریەتی نەمسا لە باکووری ئیتاڵیا ڕوویدا کە پاش ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی سەخت لە نێوان هەردوو هێزدا بە سەرکەوتنی فەڕەنسا کۆتایی هات و هێزەکانی نەمسا دوور خرانەوە لە شاری ئەلسەندەریا لە پیدمۆنتی ئیتاڵیا. 

زانیارییە گشتییەکان

بەرواری دەستپێکی جەنگەکە ١٤ـی حوزەیرانی ١٨٠٠ 
شوێن سپینێتا مارنگۆ، ئەلسەندەریا، پیدمۆنت
ئەنجام سەرکەوتنی فەڕەنسا
فەرماندەکانی فەڕەنسا ناپلیۆن بۆناپارت، لویس دیسایخ، لویس ئەلیکساندەرێ بێرسیەر، جان لانس، فرانچیۆس کێلەرمان
فەرماندەکانی هەبسبۆرگ میخائیل ڤۆن مایلس، پیتەر ئۆت
هێزی فەڕەنسا ٢٢ هەزار سەربازی فەرمی، ١٥ تۆپ هاوێژ، کۆی گشتی ٢٨ هەزار سەرباز
هێزی هەبسبۆرگ ٣٠ هەزار سەرباز، ١٠٠ تۆپ هاوێژ
زیانەکانی فەڕەنسا ١١٠٠ کوژراو، ٣٦٠٠ بریندار، ٩٠٠ بەدیل گیراو
زیانەکانی هەبسبۆرگ ٦٠٠٠ کوژراو و بریندار، ٨٠٠٠ بە دیل گیراو

ناوەڕۆک 

جەنگی مارنگۆ یەکێکە لە جەنگە گرنگەکانی مێژوو کە لە بەرواری ١٤ـی حوزەیرانی ساڵی ١٨٠٠ لە مارنگۆ کە دەکەوێتە باکووری ئیتاڵیا ڕوویدا کە بەشێکە لە زنجیرەی داگیرکارییەکانی ئیتاڵیا. 

کۆمارەکانی ئیتاڵیا بەوە ناسراو بوون کە خۆڕاگر بوون لەبەردەم شاڵاوی داگیرکەراندا و پشتیان بەستبوو بە هاوکارییەکانی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیای قەیسەر و ئیمپڕاتۆریەتی نەمسا، کاتێک فەڕەنسا لە ساڵی ١٧٩٦-١٧٩٨ بەشێک لە خاکی ئیتاڵیای داگیرکرد وەکو ناپۆلی و سیسیلیا، شانشینەکانی باکوور هێشتا لە بەرگری کردن و شەڕکردنی پارتیزایدا بوون دژی فەڕەنسا. ئەم هەرێمانە لەلایەن ڕووسیا و نەمسا پاڵپشتی دەکران و خۆراک و چەکیان بۆ ڕەوانە دەکرا. 

لە مانگی ئایاری ساڵی ١٨٠٠ دا هێزەکانی فەڕەنسا دەستیان کرد بە جووڵە بەرەو شانشینەکانی باکوور لەلایەن فەرماندە "لویس ئەلیکساندرێ بێرسیەر" هێزەکانی فەڕەنسا بەرەو شاری میلان کەوتنە ڕێ. لە بەرواری ٢ـی حوزەیران گەیشتنە شاری میلان و داگیریان کرد دواتر شارەکانی پاڤیا، پیسێنزا، ستاردێلا و لامباردی لە شانشینی لامباردی داگیرکران. ئەم سەرکەوتنە گرنگی خۆی هەبوو چونکە توانرا ڕێگای سەرەکی گەیاندنی هاوکارییەکانی نەمسا ڕابگیرێت لە نێوان کەناری ڕۆژهەڵات و کەناری باشووردا تا ڕووباری پۆ. 

لە نزیک ڕووباری پۆ، ناپلیۆن بۆناپارت هیواخواز بوو لە هەڵمەتی جەنەوادا جەنەڕاڵ "ئاندرێ ماسێنا" هێرشی نەمساییەکان ڕابگرێت، جەنەڕاڵ ئاندرێ ماسێنا لە بەرواری ٤ـی حوزەیراندا کۆماری جەنەوای ملکەچ کرد کە تەنها دوو ڕۆژ توانیان بەرگری بکەن. ئەم شکستەی جەنەواییەکان زەبرێکی کوشندە بوو بەر ئۆپراسیۆنەکانی نەمسا کەوت چونکە لە باڵێکەوە شکستیان هێنا و هۆکارێک بوو بۆ دروست بوونی بۆشایی لە نێوان فەڕەنسییەکان و هێزەکانی خۆیاندا. 

لە بەرواری ٩ـی حوزەیراندا جەنەڕاڵ "جان لانس" توانی شکست بە فیڵد مارشاڵ پیتەر ئۆت بهێنێت لە جەنگی مۆنتێبلۆ. ئەم سەرکەوتنەش لەم هەڵمەتەدا کونسوڵی یەکەم "ناپلیۆن بۆناپارت"ی هێندەی تر لە خۆ ڕازی کرد و متمانە کردنی بە خۆی و سوپاکەی زیاتر بوو. دڵنیابوو لەوەی "مایڵس" هێرش ناکات. 

هێزەکانی نەمسا تەواو توشی شۆک هاتبوون بەم شکستە یەک لە دوای یەکانەیان. بۆیە زۆربەی هێزەکەیان جووڵاند بەرەو جەنەوا، ئەلسەندەریا، نیس و ڕێگای تورین مانتوا. 

پلاندانانی نەمسا و پێشڕەوی فەڕەنسا

نەمساییەکان بڕیاریاندابوو کەوا بەرەو ڕۆژهەڵات هەنگاو بنێن تاوەکو هێرشێکی کوشندە لە چەند لایەکەوە بکەنەوە سەر فەڕەنسا. فەرماندەیەکی فەڕەنسا بەناوی "فرانچیۆس دی تۆلی" کونسوڵی یەکەمی ئاگادارکردەوە لەم پلانە کە پێی وابوو نەمسا بەرەو ناوچە دەشتایی و پانتاییەکانی باکوور جووڵە دەکەن. بەتایبەتی ڕووباری پۆ و شاری میلان.

فەرماندە فرانچیۆس دی تۆلی داوای لە ناپلیۆن کرد بەرەو سەیل بجووڵێت کە دەکەوێتە بەرەی باکوور و لە دەشتایی ناوچەکە جێگیربن. تا لەو ناوچەیەدا باڵی چەپی ئیمپڕاتۆریەتی نەمسا بشکێنن کە خەریکی خۆ ئامادەکردن بوون تا یەک بگرنەوە لەگەڵ هێزی سەرەکی و ئەو ناچەیەش پێی دەوترا "مارنگۆ" کە جەنگی مارنگۆ تیایدا ڕوویدا کە لە ڕوانگەی مێژوونووسان چەسپاندی دیکتاتۆریەت بوو لەلایەن کونسوڵی یەکەمەوه. 

پیتەر ئۆت لە بەرواری ١٣ـی حوزەیران گەیشتە مۆنتێبلۆ و ڕووبەڕووی کونسوڵی یەکەم بووەوە، نەمسا بە توندی پێداگری دەکرد کە پلانەکان وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و پشت بە یەکەی ئەسپ سواری ببەسترێت بۆ شکاندنی هێڵەکانی پێشەوەی فەڕەنسا، پیتەر ئۆت لە هەمان ڕۆژدا گەیشتە ئەلسەندەریا بەڵام بە گوێرەی پلانەکانی کونسوڵی یەکەم پیتەر ئۆت هەڵەیەکی گەورەی ئەنجام دابوو چونکە گەمارۆ درابوو و نەیدەتوانی بێتەوە دەرەوە.

ڕۆژی جەنگەکە

جەنگەکە لە شوێنێک ڕوویداوە کە دەکەوێتە خاڵێک لە ڕۆژهەڵاتی مارنگۆ لە باکووری ئیتاڵیا، دوای زنجیرەیەک سەرکەوتنی فەڕەنسا لە کۆمارەکانی باکوور، هەردوو هێزی فەڕەنسا و نەمسا لە مارنگۆ بە یەک گەیشتن. سەرەتا وا بڕیاربوو هێزەکانی نەمسا و ڕووسیا بەکەوە بچنە مەیدانی جەنگ دژی فەڕەنسا. بەڵام ڕووداوێکی لە ناکاو ڕوویدا جەنەڕاڵی ڕووس "ئەلیکساندەر سوڤۆرۆڤ" کە سەرکردەی هێزەکانی ڕووسیا بوو لە ئەورووپا کۆچی دوایی کرد و سوپاکەی بێ فەرماندە مایەوە بۆیە بەپێی یاساکانی سەربازی ڕووسیا سوپای بێ فەرماندە ناتوانێت شەڕ بکەن و بۆیە لەشکری ڕووسیا گەڕانەوە. 

هێزە بەشداربووەکان

لەشکری فەڕەنسا ٢٢ هەزار سەربازی فەرمی و ١٥ تۆپ هاوێژیان هەبوو، لەشکری نەمساش ٣٠ هەزار سەرباز و ١٠٠ تۆپ هاوێژیان هەبوو، دوای گەیشتنی دیساکس لەشکری فەڕەنسا ٦٠٠٠ سەربازی تری بۆ زیاد بوو. بە شێوەیەکی گشتی لەشکری نەمسا لە ڕووی هێز و چەکەوە بەهێزتر بوون بەڵام کۆمەڵێک گرفتیان هەبوو. 

یەکەم: لەشکری نەمسا لە ڕووی وزەوە ماندوو بوون چونکە بە درێژایی مانگێک پشوویان نەدابوو هەر جووڵەیان دەکرد. 

دووەم: نەخۆش کەوتن و مردنی جەنەڕاڵ سوڤۆرۆڤ و نەمانی پاڵپشتی ڕووسەکان بۆ نەمسا هۆکارێکی تر بوو کە لەشکری نەمسا ورە ڕوخاو بوون. 

لەشکری نەمسا لە ١٤ـی حوزەیرانی ساڵی ١٨٠٠ کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکی جەنگەکە لە کاتژمێر ٦ـی بەرەبەیاندا تا کاتژمێر ٨ـی بەیانی لەشکرەکەیان لە ئەلسەندەریا گواستەوە بۆ مارنگۆ لە ڕێگەی دوو پردەوە بەشێکی هێزەکەیان لە بۆرمیدا ئاستەنگی بۆ دروستبوو و کەلوپەلەکانیان لە ناوچوو. وەکو پێداویستی فریاگوزاری سەرەتایی. 

لەلایەکی ترەوە لەشکری نەمسا بە ١٢٠٠ سەرباز لە ژێر سەرپەرشتی کۆلۆنێڵ "جۆهان ماریا فیلیپ فریمۆنت" و ٣٣٠٠ سەرباز لە ژێر سەرپەرشتی فیڵد مارشاڵ "ئۆ ڕێلی" توانیان پێشڕەوی فەڕەنسا ڕابگرن و باڵی ڕاستی سوپای نەمسا بپارێزن لە کەوتن. سوپای ناوەندی نەمسا پێکهاتبوون لە ١٨٠٠٠ سەرباز و لەلایەن مایڵس سەرپەرشتی دەکران پێشڕەویان کرد بەرەو مارنگۆ بەڵام هەر زوو لەلایەن نارنجۆک هاوێژانی فەڕەنسا ڕاگیران، لەلایەکی تر ٧٥٠٠ سەربازی تر لەلایەن پیتەر ئۆت چاوەڕێی پاکبوونەوەی ڕێگاکانیان دەکرد تا بە ڕێگایەکی تردا زەبر لە فەڕەنسا بدەن. ئەم بەر یەک کەوتنانە تا کاتژمێر ١١ـی پێش نیوەڕۆ بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی هێزەکانی ئەسپ سواری فەڕەنسا بە سەرپەرشتی فرانچیۆس دی کیلەرمان و هێزەکانی جان لانس لە گوندی مارنگۆ شکستیان بە نارنجۆک هاوێژەکانی نەمسا هێنا. 

ئەوەی مابوو لەشکری کونسوڵی یەکەم بوو کە هێزی ناوەندی فەڕەنسا بوو کە دژی مایەڵس دەجەنگان لە پێناو سەرکەوتندا، یەکەی هەشتەمی دراگۆنەکانی نەمسا لە کاتژمێر ١٠ـی بەیانی ڕووبەڕووی فەڕەنسا بوونەوە بەڵام شکستیان هێنا و تووشی زیانی زۆر هاتن. 

دەرئەنجامی جەنگەکە

لەشکری نەمسا و فەڕەنسا ١٢ کاتژمێر شەڕیان کرد لە ئەلسەندەریا و مارنگۆ، زۆرترین زیان ڕووبەڕووی نەمسا بووەوە ٦٠٠٠ کوژراو و بریندار و ٨٠٠٠ سەربازیان لێ بە دیل گیرا و لە شەڕەکەدا شکستیان هێنا. 

فەڕەنساش بە سەرکەوتن لەم جەنگەدا بواری ڕەخساند بۆ کونسوڵی یەکەم کە خۆی وەکو ئیمپڕاتۆری فەڕەنسا بناسێنێت و دەسەڵاتی خۆی بچەسپێنێت بەسەر فەڕەنسادا.


سەرچاوەکان



273 بینین