نایکتۆفۆبیا (ترس لە تاریکی)

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-09-20-19:48:00 - کۆدی بابەت: 11343
نایکتۆفۆبیا (ترس لە تاریکی)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نایکتۆفۆبیا یان ترس لە تاریکی (بە ئینگلیزی: Nyctophobia or Fear of the Dark، بە عەرەبی: نيكتوفوبيا او الخوف من الظلام) ترسێکی گەورەیە لە تاریکی. ئەم فۆبیایە زۆر باوە لەنێو منداڵاندا، بەڵام دەکرێت کاریگەری لەسەر هەموو تەمەنەکان هەبێت. ئەو کەسانەی ئەم نەخۆشییە دڵەڕاوکێیەیان هەیە لەوانەیە کێشەی خەوتنیان هەبێت، هەروەها دەکرێت هێرشی ترسیان هەبێت و لەوانەیە خۆیان بەدووربگرن لە جێهێشتنی ماڵەکانیان دوای تاریک داهاتنی ڕۆژ. دەکرێت چارەسەری پزیشکی وەربگیرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی نایکتۆفۆبیا.

نایکتۆفۆبیا چییە؟

نایکتۆفۆبیا ترسێکی گەورەیە لە تاریکی. ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وشەی یۆنانی نایکتۆ کە بە مانای شەو دێت هەروەها وشەی ئینگلیزی فۆبیا کە بە مانای ترس دێت. منداڵان و گەورەکان کە نەخۆشی نایکتۆفۆبیا هەیە بە تایبەتی لە تەنیایی دەترسن لە تاریکیدا. هەروەها لە شوێنە تاریکەکاندا دڵەڕاوکێیان هەیە و لەوانەیە کێشەیان هەبێت لە خەوتن لە ژوورێکی تاریکدا.

هەندێک جار چاودێرانی تەندروستی بە ترس لە تاریکی دەڵێن سکۆتۆفۆبیا scotophobia یان لایگۆفۆبیا lygophobia. ئەو کەسانەی کە تووشبووی نایکتۆفۆبیان و چارەسەر نەکراون، خۆیان بەدووردەگرن لە هەر بارودۆخێک کە ڕووناکی پێویستی نەبێت و تاریک بێت. لەوانەیە خۆیان لە ماڵەوە بهێڵنەوە دوای ئاوابوونی خۆر و خۆیان بەدووربگرن لەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییانەی کە پێویست دەکات دوای تاریکی لە دەرەوە بن.
هەروەها ئەو کەسانەی کە نەخۆشی نایکتۆفۆبیایان هەیە لەوانەیە کێشەی خەوتنیان هەبێت و تووشی کەمخەوی ببن، کە لەوانەیە ئەمەش کاربکاتە سەر ماندووبوون لە ماوەی ڕۆژدا و تەنانەت کێشەی مانەوەیان لە سەر کار بۆ دروستبکات. بێگومان هەندێک جۆری چارەسەر هەیە کە دەتوانێت یارمەتی منداڵان و گەورەکان بدات بۆ ئەم نەخۆشییە.

فۆبیا چییە؟

فۆبیای دیاریکراو جۆرێکە لە دڵەڕاوکێ. ئەم نەخۆشییانە وا لە گەورەکان و منداڵان دەکات کە ترسێکی ناعەقڵانییان هەبێت لە شتێک کە لە ڕاستیدا بێ زیانە. ئەو کەسانەی فۆبیایان هەیە کاردانەوەیەکی زۆر ناواقعیان هەیە بەرامبەر شتێک کە زۆر کەسی تر بە ئاسایی وەریدەگرن.
نایکتۆفۆبیا نەخۆشییەکی فۆبیای دیاریکراوە، کە ترسێکی زۆرە لە بارودۆخێک یان شتێکی دیاریکراو. ئەگەر نەخۆشییەکی فۆبیای دیاریکراوت هەبێت، لەوانەیە بۆ ماوەیەکی زۆر بڕۆیت بۆ ئەوەی خۆت بەدووربگریت لەو بابەتە یان لەو بارودۆخەی کە بێزارت دەکات.

نایکتۆفۆبیا چەنێک باوە؟

نایکتۆفۆبیا واتا ترس لە تاریکی یەکێکە لە گرفتە دەروونییە  زۆر باوەکان، بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا. هەندێک لە توێژەران دەڵێن نزیکەی لە سەدا ٤٥ ی منداڵان ترسیان هەیە لە زۆرەی جۆرەکانی فۆبیا. کە ترس لە تاریکی یەکێکە لە باوترین ترسەکانی منداڵانی تەمەن ٦ بۆ ١٢ ساڵان. منداڵان بە زۆری لە تەمەنی هەرزەکاریدا نایکتۆفۆبیایان نامێنێت. بەڵام ئەمە بۆ هەمووان وەک یەک نییە کەسانێک هەن دوای گەورەبوونیشیان ترسی تاریکیان هەر هەیە.

لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی لە سەدا نۆی گەورەکان تووشی نەخۆشی فۆبیا بوون. زیاتر لە لە سەدا دوانزەی گەورەکان لە ژیانیاندا فۆبیایەکی تایبەتیان هەبووە. بە شێوەیەکی گشتی، ژنان ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی فۆبیای دیاریکراو زیاترە. 

نیشانە و هۆکارەکان

کێ مەترسی تووشبوونی بە نایکتۆفۆبیا هەیە؟

لە منداڵاندا زۆر باوترە لە چاو گەورەکان، بەڵام خەڵکی هەر تەمەنێک دەکرێت لە تاریکی بترسن. منداڵان و گەورەکان کە ئەزموونێکی ئازاربەخش یان نیگەرانکەریان هەبووە لە تاریکیدا ئەگەری تووشبوونیان بەم جۆرە فۆبیایە زیاترە، بەتایبەتی ئەگەر ڕووداوەکە لە تاریکیدا ڕوویدابێت. یادەوەرییەکانی ئەو ئەزموونە ترسناکە دەتوانن بگەڕێنەوە هەر کاتێک ڕووناکییەکان دەکوژێنەوە یان تەنانەت کاتێک بیر لەوە دەکەنەوە کە لە تاریکیدا لەوانەیە چی ڕووبدات. ئەمە مانای ئەوەیە کە نایکتۆپۆبیا دەتوانێت گەشە بکات وەک بەشێک لە نەخۆشی دڵەڕاوکێی دوای کارەسات (PTSD).

هەروەها نایکتۆفۆبیا دەتوانێت گەشە بکات دوای سەیرکردنی فیلمێکی ترسناک یان بیستنی چیرۆکێکی ترسێنەر. لەوانەیە تۆ (یان منداڵەکەت) ئەم وێنە ترسناکانە لە مێشکتاندا دووبارە بکەنەوە. وە ئەگەر لە جێیەک بن کە زۆر تاریک بێت بۆ بینینی دەوروبەر، لەوانەیە نیگەران بن لەوەی کە شتە ترسناکەکان لە تاریکیدا دەکرێت ڕاستەقینەبن.

مەترسی تووشبوون بە هەر جۆرە نەخۆشییەکی فۆبیایی زیاد دەکات ئەگەر کەسێک ئەمانەی هەبێت:

  • خەمۆکی
  • خراپ بەکارهێنانی ماددە
  • دڵەڕاوکێی گشتی (GAD)
  • مێژووی نەخۆشییە دەروونییەکان
  • نەخۆشی ڕاڕایی (OCD)
  • فۆبیای تر یان مێژووی فۆبیا لە خێزاندا
  • هێرشی ترس یان شێواوی ترس (کە لە لایەن ناوەندە کۆئەندامی دەمارەوەیە لە بەشی خۆییە کۆئەندامی دەماردا)

هۆکاری نایکتۆفۆبیا چییە؟

  • هەندێک لە توێژەران پێیان وایە ترس لە تاریکی دەگەڕێتەوە بۆ باوباپیرانمان. چەندین ساڵ لەمەوبەر، کاتێک باوباپیرانمان لە دەرەوە دەژیان و لە دەرەوە دەخەوتن، تاریکی زۆر مەترسیدار بوو. دڕندەکان لە شەودا دەگەڕان و باوباپیرانمان دەبوو ئاگادار بن بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت.
  • بەڵام نایکتۆفۆبیا تەنها دەربارەی ترس لە تاریکی نییە. بەڵکو منداڵان و گەورەکان، ئەوانەی کە ئەم فۆبیایەیان هەیە لە ڕاستیدا ترسیان هەیە لەو شتانەی کە ناتوانن لە تاریکیدا بیبینن. لە تاریکیدا، زۆرێک لە منداڵان لە ڕۆح و دڕندە و دز دەترسن. لەوانەیە نیگەران بن لەو دەنگانەی کە گوێیان لێدەبێت کاتێک ڕووناکییەکان کوژاونەوە، بەتایبەتی ئەگەر نەتوانن بزانن هۆکاری ئەو دەنگانە چییە و لە کوێوە دێن. ئەوان لەوە دەترسێن کە لە تاریکیدا هەیە وەک ئەوەی خۆیان لە تاریکییەکە دەترسن.
  • ئەزموونی ئازاربەخش (تەنانەت ئەوەی کە لە کاتی ڕۆژدا ڕوویدا) دەتوانێت ببێتە هۆی نایکتۆفۆبیا. یادەوەری ڕووداوێکی ترسناک دەتوانێت بگەڕێتەوە کاتێک تاریکی دادێت، کە کاردانەوەیەکی توند دروست دەکات لای کەسەکە.

هەموو کەسێک هەست بە ناڕەحەتی یان ترسێکی کەم دەکات لە تاریکیدا. بەڵام فۆبیای دیاریکراو زیاترە لە ترسێکی جار جاری و کەم. منداڵان و گەورەکان کە نەخۆشی نایکتۆفۆبیایان هەیە زۆرجار تووشی دڵەڕاوکێ دەبن کاتێک:

  • دەچنە ناو شوێنێکی تاریک وەک سینەما.
  • دەیانەویت بنوون. 
  • خۆر دەبینن کە دادەبەزێ.
  • بیردەکەنەوە لەوەی کە لە تاریکیدا دەکرێت ڕووبدات.
  • هەوڵدان بۆ خەوتن لە تاریکی شەودا.
  • گڵۆپەکان دەکوژێننەوە.
  • سەیری فیلمێک دەکەن یان بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کە دیمەنی تاریکی و شەوی تێدایە.

نیشانەکانی نەخۆشی نایکتۆفۆبیا چین؟

ئەو کەسانەی کە ترسێکی زۆریان هەیە لە تاریکی ئەزموونی ترس یان دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەکەن کاتێک لە تاریکیدان یان بیر لە تاریکی دەکەنەوە. لەوانەیە منداڵان خۆیان بەدووربگرن لە خەوتن یان ڕەتی بکەنەوە ڕووناکییەکان بکوژێننەوە لە کاتی خەوتندا. نیشانەکانی نایکتۆفۆبیا بریتین لە:

  • قورسبوونی توانای قوتدانی خواردن dysphagia و وشکی دەم
  • سەرگێژخواردن و سەرئێشە
  • زیادەڕەوی لە ئارەقکردنەوە (hyperhidrosis)
  • هەستکردن بە ترس، بیرکردنەوەی کارەساتبار (ترسناک) و هێرشی ترس
  • بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ، ئازاری سنگ یان ناڕێک لێدانی دڵ.
  • هەستیار بوون دەستکردن و بە گریان و هاوارکردن لە تاریکیدا
  • هێڵنجدان و ڕشانەوە لەکاتی بیرکردنەوە لە تاریکی یان شەو.
  • کورتبوونی هەناسە (dyspnea)، زەحمەتی هەناسەدان یان هەناسەدانی خێرا.

دەستنیشانکردن و پشکنین

چۆن چاودێری تەندروستی دەستنیشانی نایکتۆفۆبیا دەکات؟

بۆ دەستنیشانکردنی ئەم فۆبیایە، چاودێری تەندروستی پرسیار دەکات دەربارەی نیشانەکان (یان ئەو نیشانانەی لە منداڵدا دروستبوون) ، لەوانە کەی نیشانەکان دەستیان پێکردووە و کەی ڕوودەدات. بە چاودێری تەندروستییەکە بڵێ دەربارەی هەر ئەزموونێکی ترسناک یان ئازاربەخش کە هەتبووە، تەنانەت ئەگەر لە کاتی ڕووناکی ڕۆژدا ڕوویدابێت.

لەم کاتەدا گرنگە هەموو زانیارییەکان دەربارەی کاریگەری ترسەکەت لە سەر ژیانی ڕۆژانە و کارەکانت باسبکەیت بۆ چاودێری تەندروستی. هەروەها هەر فۆبیایەکی تر کە هەتبووە یان لە خێزانەکەت دا کەسی تووشبوو بە فۆبیای دیاریکراو هەیە یان نا.

کارمەندی تەندروستی لەوانەیە تۆ ڕەوانەی پسپۆڕێکی تەندروستی دەروونی بکات کە پسپۆڕە لە فۆبیا کاتێک بە پێی وڵامدانەوەکان هەستی بە بوونی فۆبیاکە کرد. پسپۆڕی تەندروستی دەروونی پسپۆڕێکە کە بە تایبەتی ڕاهێنراوە بۆ دەستنیشانکردنی فۆبیا. هەروەها یارمەتی نەخۆشییە دەروونییەکانی تری وەک دڵەڕاوکێ دەدات.

بەڕێوەبردن و چارەسەرکردن

چۆن نایکتۆفۆبیا چارەسەردەکرێت؟

خەوتن لەبەر لایتی شەواندا یارمەتی هەندێک منداڵ و گەورە دەدات هەست بە ئاسوودەیی بکەن لە ژوورێکی تاریکدا. هەندێک جار تەنها هەبوونی کەمێک ڕووناکی بەسە بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە نەخۆشی نایکتۆفۆبیایان هەیە لە خەودا بن و ئاسودەیی خەویان تێک نەچێت.

ئەگەر کەسێک بە هۆی ترسی لە تاریکی کێشەی خەوتنی هەبوو، پێویستە بە چاودێرە تەندروستییەکی بڵێت و ئەویش لەوانەیە پێشنیاری تەواوکەری میلاتۆنین یان دەرمانی تری بۆ بکات بۆ ئەوەی یارمەتیدەری بێت و کێشەی خەوتنی نەمێنێت. ئەگەر بە هۆی تاریکییەوە ئەزموونێکی ئازاربەخشی هەبوو کە ببێتە هۆی دڵتەنگی، چاودێری تەندروستی پێشنیاری چارەسەر یان ڕاوێژکردن لەگەڵ پسپۆڕی دەروونی دەکات بۆ ئەوەی یارمەتیدەری کەسەکە بن و زیاتر لە هەستەکانی تێبگەن و فێری بەڕێوەبردنیان بکەن. هەروەها لەوانەیە پێویست بە دەرمان بکات بۆ چارەسەرکردنی خەمۆکی یان کۆنترۆڵکردنی هێرشی ترس
چەند جۆرێک لە چارەسەر دەتوانێت یارمەتی ئەو کەسانە بدات کە ترسیان لە تاریکی هەیە، لەوانە:

  • چارەسەری هەڵسوکەوتی زانستی (CBT) بۆ فێربوونی گۆڕینی چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ترس لە تاریکی.
  • چارەسەری بەرکەوتن کە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو تاریکیت ئاشنا دەکات بۆ ئەوەی بتوانیت چیتر ئەو هەستیارییەت بۆ تاریکی نەمێنێت. گرنگە ئەم چارەسەرە لە ژێر چاودێری پسپۆڕا ئەنجام بدرێت.
  • چارەسەری خەواندنی موگناتیسی یارمەتیدەر دەبێت بیر لە ترسەکەت بکەیتەوە لە تاریکی و ئەو دڵەڕاوکێیەی کە دروستی دەکات. چارەسەری خەواندنی موگناتیسی ڕاهێنانی پشوودان لەخۆ دەگرێت لە کاتێکدا مێشکت لە دۆخێکی ئارامدایە.
    چارەسەری دەروونی، یان چارەسەری قسەکردن، بە گشتی بۆ ئەوەن یارمەتیت بدەن لە ترسەکانت تێبگەیت و بەڕێوەیان ببەیت و کۆنترۆڵیان بکەیت.

ئاڵۆزییەکانی نایکتۆفۆبیا چین؟

ئەو کەسانەی ترسیان لە تاریکی هەیە کێشەیان لە کاتی خەوتندا بۆ دروست دەبێت و ناتوانن بە ئاسودەیی بخەون. خەوتنیش بێگومان گرنگییەکی زۆر تەندروستی هەیە و کاریگەری لەسەر تەندروستی و دەرووندروستی تاک هەیە. هەر بۆیە لە ڕێگەی گرفتی خەوتنەوە ترس لە تاریکی دەکرێت ببێتە هۆی کۆمەڵێک زیانی تەندروستی.
هەروەها کەسانێک لە ترسی تاریکی لە کاتەکانی شەودا بەردەوام لە ماڵەوە دەمێننەوە ئەمە لەوانەیە جۆرێک لە گۆشەگیری بۆ کەسەکە دروست بکات و ببێتە کێشە لە بەردەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی.
کێشەی خەوتن کاریگەری دەبێت لە سەر گەشەکردنی منداڵ، ئەو منداڵانەی لە تاریکی دەترسن و خەوتیان بەو هۆیەوە و تێکچووە، دەکرێت کێشەی گەشە، فێربوون یان هەڵسوکەوتیشیان بۆ دروستببێت. 

پێشبینی

زۆربەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشی نایکتۆفۆبیایان هەیە بە وەرگرتنی چارەسەر باشتر دەبن. هەروەها چارەسەرییەکەیان پشت دەبەستن بە توندی فۆبیاکەوە. ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دڵەڕاوکێ و نەخۆشییەکانی تری دەروونییان هەیە لەوانەیە پێویستیان بە چەندین جۆری چارەسەر هەبێت بۆ ئەوەی دۆخەکەیان باشتر بێت. بەڵام بە گشتی تووشبووانی نایکتۆفۆبیا دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست هەست بە باشتربوون دەکەن و دەتوانن زاڵبن بە سەر ترسەکەیان هەروەها چارەسەری کێشەی خەوتن دەکەن و بەمەش چارەسەری سەرجەم گرفتەکانی تری تەندروستی دەکەن.


سەرچاوەکان



988 بینین