چۆن خۆمان بۆ نەشتەرکاری ئامادە بکەین؟

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2023-10-23-22:14:00 - کۆدی بابەت: 11521
چۆن خۆمان بۆ نەشتەرکاری ئامادە بکەین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن خۆمان بۆ نەشتەرکاری ئامادە بکەین (بە ئینگلیزی: How to prepare our self for surgery، بە عەرەبی: كيف نعد أنفسنا للجراحة) لەوانەیە چەندین پرسیار لە مێشکت پێش ئەنجامدانی نەشتەرکاری دروست ببێت. ڕەنگە نەشتەرکاریەکی بچووک، یان ئاڵۆز بێت و پێویست بە شەو مانەوە لە نەخۆشخانە بکات. تەنانەت لەوانەیە هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ بکەیت. لە کاتێکدا ڕوودانی ئەم هەستانە ئاسایی و چاوەڕوانکراوە. دەتوانیت هەندێک شت ئەنجام بدەیت تاکوو زیاتر هەست بە ئارامی بکەیت و دەمارەکانت ئارام بکەیتەوە. 

چەند پرسیار و وەڵامێکی باوی پێش ئەنجامدانی نەشتەرکاری

چۆن دڵنیا بم کە تەندروستم و بۆ نەشتەرکاری ئامادەم؟

  • کاتێک خۆت بۆ نەشتەرکاری ئامادە دەکەیت، ئەوەی لە تواناتدایە بیکە تاکوو لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە خۆت ئامادە بکەیت.
  • دەرمانەکانت بە باشی وەربگرە.
  • کەمکردنەوە و وازهێنان لە جگەرە کێشان.
  • بەکارهێنانی خواردنی تەندروستی وەک سەوزە، میوەکان و خواردنەوەی بڕی پێویستی شلەمەنی تاکوو لە وشکبوونەوەی لەش بە دوور بیت.
  • پشووی تەواو وەربگرە.
  • وەرگرتنی پشتگیری لە خێزان و هاوڕێکانت.

ئایا هەموو کەسێک پێش ئەنجامدانی نەشتەرکاری پێویستی بە پشکنینی جەستەیی هەیە؟

نەخێر، پزیشک دیاری دەکات کە ئایا کەسێک پێش ئەنجامدانی نەشتەرکاری پێویستی بە پشکنینی جەستەیی هەیە یان نا.

بەشێوەیەکی گشتی نەشتەرکارییە سادەکان پێویستیان پێی نییە و بەتایبەت ئەگەر نەخۆشەکە نەخۆشیی درێژخایەنی وەک بەرزی پەستانی خوێن، شەکرە، قەڵەوی یان نەخۆشیی دڵی نەبێت.

بۆچی هەندێک نەخۆش پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری پێویستییان بە ئەنجامدانی پشکنینی جەستەیی دەبێت؟

ئەنجامدانی پشکنینی جەستەیی یارمەتی پزیشکەکان دەدات دڵنیابن کە باری تەندروستی نەخۆشەکە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرکاری و بێهۆشکردن گونجاوە. ئەنجامدانی ئەم پشکنینانە زانیاری تەواو دەربارەی جەستەی نەخۆشەکە بۆ پزیشکەکان دەردەخات و دەتوانن بەباشی خۆیان بۆ ڕوودانی هەر بارودۆخێکی لە ناکاو ئامادە بکەن.

پێویستە چی لەگەڵ خۆم بۆ نەخۆشخانە ببەم؟

  • لیستی ئەو دەرمانانەی پێویستە بەکاریان بهێنیت، یان دەرمانەکان لە شوشەی تایبەتی خۆیدا.
  • لیستی ئەو دەرمان و کەلوپەلانەی کە هەستیاریت پێیان هەیە.
  • جلوبەرگی پێویست بۆ مانەوە لە نەخۆشخانە. لە دوای ئەنجامدانی هەندێک جۆری نەشتەرکاری جلوبەرگ کاریگەری زۆر لەسەر نەخۆش دروست دەکات. ئەگەر زانیت نەشتەرکارییەکەت بە جۆرێکە کە کاریگەری لەسەر گۆڕینی جلوبەرگەکانت دروست دەکات، هەوڵبدە جلوبەرگێک کە بە ئاسانی بتوانرێت بگۆڕدرێت لە دوای نەشتەرکاری بەکاربهێنە.
  • چەند پێداویستییەک تاکوو لە کاتی چاوەڕوانی کاتەکانتی پێ بەسەر بەریت وەک کتێب، مۆسیقا و مۆبایل.

پێویستە لە ڕۆژی ئەنجامدانی نەشتەرگەریدا چاوەڕوانی چی بکەیت؟

پەرستار یان ئەندامانی تیمی چاودێری پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەت زانیاری تەواوت دەربارەی نەشتەرگەریەکەت پێ دەدەن، وەک ئەو خواردن و خواردنەوانەی پێویستە بیان خۆیت یان لێیان دووربکەویتەوە. ڕەنگە بەهۆی بێهۆشکردنەوە ڕشانەوە ڕووبدات، بەشێوەیەکی ئاسایی جەستە ڕێگری لە هەڵمژینەوەی ئەو خواردن و خواردنەوانە دەکات کە لە کاتی ڕشانەوەدا دەکرێنە دەرەوە. بەڵام لە کاتی بێهۆشبوون ئەم کردارە دەوەستێت و ڕەنگە ببێتە هۆی خنکان یان کێشەی تر دوای نەشتەرکاری. لەبەر ئەوە دڵنیا بە کە ڕێنمایەکانی پزیشکەکەت جێ بەجێ بکەیت کاتێک داوای وەستاندنی خواردن و خواردنەوە بکات.

لەگەڵ پزیشکەکەت گفتوگۆ بکە

پزیشکەکەت ئاگادار بکەرەوە ئەگەر هەر کێشەیەکی تەندروستی وەک نەخۆشیی دڵ، سییەکان، نەخۆشیی شەکرە، هەوکردنی جومگەیی و هەستیاریت هەبێت. هەروەها ئاگاداریان بکەرەوە ئەگەر خۆت یان هەرکەسێکی تر لە خێزانەکەت کاردانەوەیان بۆ بێهۆشکردن هەبووە.


سەرچاوەکان



439 بینین