چۆن خووە خراپەکان کاریگەری دەکەنە سەر تەندروستی؟

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2023-11-05-19:30:00 - کۆدی بابەت: 11599
چۆن خووە خراپەکان کاریگەری دەکەنە سەر تەندروستی؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن خووە خراپەکانت کاریگەری دەکەنە سەر تەندروستیت؟ (بە ئینگلیزی: How Your Bad Habits Affect Your Health، بە عەرەبی: كيف تؤثر عاداتك السيئة على صحتك)، لە ژیانی ڕۆژانەماندا، هەموومان چەندین خوومان هەیە کە لەوانەیە هەندێکیان بۆ تەندروستیمان باش نەبن. زۆرجار بە "خووی خراپ" ناودەبرێن، ئەو خووانە دەگرێتەوە کە زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن یان سنووردارکردنی کەسێکە لە بەکارهێنانی تواناکانی بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باش. مەترسیدارترین خووەکان ئەوانەن کە لە تەمەنێکی منداڵیی و پێنەگەیشتوویدا بەدەست هاتوون چونکە ئەو خووانە تەرک کردنیان سەختە. لە کاتێکدا لەوانەیە ئێمە دەستبەجێ تێبینی کاریگەرییە نەرێنییەکانیان نەکەین، بەڵام دەرئەنجامە درێژخایەنەکان لەوانەیە زیان بە تەندروستی جەستەیی و دەروونیمان بگەیەنێت. جا جگەرەکێشانی زیاد لە پێویست بێت، کەمی وەرزش، هەڵبژاردنی خۆراکی خراپ، یان شێوازی خەوی ناڕێک. ئەم خووانە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ چەندین تێکچوونی تەندروستی و تەنانەت دەتوانن تەمەنمان کورت بکەن. بۆیە زۆر گرنگە تێبگەین کە چۆن نەریتە خراپەکانمان ڕۆڵ دەبینن لە کاریگەری لەسەر تەندروستیمان و ڕێوشوێنی پێویست بگرینەبەر بۆ ئەوەی وازییان لێ بهێنین.

چۆن خووە خراپەکان کاریگەری دەکەنە سەر تەندروستی؟

بەشێوەیەکی گشتی خووە خراپەکان چەندین کاریگەری نەرێنییان هەیە لەسەر تەندروستی، لەو کاریگەرییە نەرێنییانەش: 

زیانیی تەندروستی: خووی خراپ وەک جگەرەکێشان، خواردنەوەی کحول، شێوازی هەڵەی دانیشتن و خواردنی خۆراکی خراپ دەبێتە هۆی چەندین کێشەی جۆراوجۆری تەندروستی. ئەمانە لەوانەیە قەڵەوی، بەرزی پەستانی خوێن، نەخۆشی دڵ، شەکرە، کێشەی هەناسەدان و هەندێک جۆری شێرپەنجە بگرێتەوە.

لاوازبوونی سیستەمی بەرگری: هەندێک خووی خراپی وەک کەمخەوی و کەمی خۆراک و فشاری دەروونی زۆر دەتوانێت سیستەمی بەرگری لاواز بکات. ئەمە وا دەکات ئاسانتر تووشی نەخۆشییەکانی وەک هەوکردن و هەڵامەت ببیت.

کێشەی تەندروستیی دەروونی: خووی ناتەندروست وەک خواردنەوەی کحول، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان یان بەکارهێنانی زۆری تەکنەلۆژیا، دەتوانن ببنە هۆی زیانیی دەروونی وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و ئاڵوودەبوون.

کەمبوونەوەی ئاستی وزە: کەمی وەرزش، خواردنی خراپ و خەوی نەگونجاو دەتوانێت ببێتە هۆی ماندووبوونی بەردەوام و کەمی ئاستی وزە، ئەمەش وادەکات ئەنجامدانی ئەرکەکانی ڕۆژانە قورستر بێت و وزە و چالاکیت کەم بکات.

لاوازبوونی بیرکردنەوە و فێربوون: هەندێک خووی خراپ، لەوانە جگەرەکێشان، خەوی ناتەندروست، زۆر دانیشتن و گۆشەگیریی پەیوەندییان هەیە بە لاوازبوونی کرداری زانین و  مەترسی نەخۆشییەکانی مێشک و ئەلزەهایمەر زیاد دەکەن. 

زیادبوونی مەترسی ڕووداو و برینداربوون: هەندێک خووی خراپ، وەک بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی شۆفێریکردن، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و نەبەستنی پشتێنی سەلامەتیی ئەگەری ڕووداو و برینداربوون نەک تەنها بۆ تاکەکەس بەڵکو بۆ کەسانی چواردەوریش زیاد دەکات.

نموونەی هەندێ خووی خراپ و زیانیان بۆ تەندروستیت

١. پەنجە تەقاندن: تەقاندنی جومگەکانت لەوانەیە ڕێگایەک بێت بۆ خۆسەرقاڵکردن و نیشانەی دڵتەنگیت یان فشاری دەروونی بێت. ماددەیەک هەیە کە پێی دەوترێت شلەی سینۆڤیال وادەکات جومگەکانت بە ئاسانی بجوڵێنێت. ئەو دەنگەی کە جومگەکانت دروستی دەکەن کاتێک پەنجەکانت دەتەقێنیت بەهۆی ئەوەوەیە کە بڵقی بچووک لەو شلەیەدا دروست دەبێت. زۆر تەقاندنی پەنجەکان دەبێتە هۆی ئاوسان و هەوکردنی کاتی و بە تێپەڕبوونی کات دەست لاوازتر دەکات. بەڵام ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی جومگە زیاد ناکات. 

٢. زۆر دانیشتن: تا کاتی زیاتر بەسەر ببەیت لە دانیشتن، مەترسی مردن زووتر دەبێت. لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٧ کە چاودێری ئاستی چالاکی ٧٩٨٥ کەسی کردووە کە تەمەنیان لە سەرووی ٤٥ ساڵەوە بووە، دەریخستووە ئەو کەسانەی زۆرترین کاتیان بۆ دانیشتن هەبووە مەترسی مردنیان بۆ ئەو کەسانە دوو هێندە دەبێت کە کاتی کەمتر بە دانیشتن بەسەردەبەن. دانیشتن بۆ ماوەیەکی درێژ مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و قەڵەوی و شەکرە و شێرپەنجە و چەندین کێشەی تەندروستیی تر زیاد دەکات.

٣. کەم خەوتن: کەمخەوی پەیوەندی بە کۆمەڵێک کێشەی تەندروستییەوە هەیە، لەوانە قەڵەوی، شەکرەی جۆری دوو، بەرزی پەستانی خوێن، نەخۆشی دڵ، جەڵتەی مێشک، خراپی تەندروستی دەروونی و خەمۆکی و مردنی زوو. هەندێک لێکۆڵینەوە دەریخستووە ئەو کەسانەی کەمتر دەخەون درەنگتر فێر دەبن و یادەوەرییان لاوازترە. کاتژمێرەکانی خەوتن بەپێی تەمەن دەگۆڕێت بەڵام بۆ کەسێکی پێگەشتوو حەوت بۆ نۆ کاتژمێر خەوی شەوان ڕێژەیەکی تەندروستە.

٤. زۆر بیرکردنەوە: زۆر بیرکردنەوە و نیگەرانبوونیش یەکێکی ترە لەو خووە خراپانەی کە زیانی تەندروستیی هەیە. نیگەرانبوونی بەردەوام دەبێتە هۆی شۆکی دەروونی، لێدانی دڵت بەرز دەکاتەوە، پەستانی خوێنت بەرز دەکاتەوە. لە دوای ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی فشاری دەروونی درێژخایەن کە پەیوەندی بە شەقیقەوە هەیە، کێشەی خەو، خەمۆکی، لاوازکردنی سیستەمی بەرگری و مەترسی زیاتری جەڵتەی مێشک و دڵ.

٥. خواردن بە خێرایی: خواردنی ژەمێک پێویستە لە ١٥ خولەک کەمتر نەخایەنێت، نان خواردن بە خێرایی چەندین زیانی تەندروستیی دەبێت، هەندێک لە کاریگەرییە کورتخایەنەکان بریتین لە هەڵئاوسانی زۆر، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن و کەمبوونەوەی ماددەی خۆراکیی بۆ لەش. کاریگەرییە درێژخایەنەکان بریتین لە زیادبوونی ئەگەری قەڵەوی، نەخۆشییەکانی پەیوەندیدار بە میتابۆلیزم، شەکرە و هەوکردنی گەدە. هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە ئەو کەسانەی خواردن بەخێرایی دەخۆن بە ڕێژەی ١١٪ ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاترە.

٦. خراپ بەکارهێنانی هێدفۆن: لە زۆر کەسدا بەکارهێنانی هێدفۆن بۆ گوێگرتن لە گۆرانی، کتێب یان هەر شتێکی تر بووە بە خوو و ئەگەر دەنگی بەرز بێت یان زۆر بەکاری بهێنیت دەکرێت زیانت پێ بگەیەنێت. مەترسیی تووشبوون بە هەوکردنی گوێ، لەدەستدانی بیستن، NIHL، زیاد دەردانی مۆمی گوێ، ئازار گوێیەکان و کاریگەری لەسەر مێشک و کێشەی بیرکردنەوە دەبێت. دەنگ بە دێسیبڵ پێوانە دەکرێت، گفتوگۆی ئاسایی نزیکەی ٦٠ دێسیبڵە، بۆیە باشتر وایە کە  هێدفۆنەکانت لە خوار ٧٥ (نزیکەی دێسیبڵی دەنگی گسکی کارەبایی) بێت بۆ ئەوەی سەلامەت بیت. هەروەها بۆ زیاتر لە کاتژمێرێک بە بەردەوامی گوێی لێ مەگرە.   

٧. جگەرە کێشان: بەپێی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر ١٣ چرکەیەک لە جیهاندا بەهۆی جگەرەکێشانەوە کەسێک دەمرێت. جگەرەکێشان ئاماژە بە یەکێک لە شێوەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەکات، کە دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی درێژخایەنی جەستەی مرۆڤ و گەشەکردنی پشتبەستنی جەستەیی و دەروونی. ئەم خووە خراپە کاریگەری لەسەر نزیکەی هەموو ئەندامەکانی جەستەت هەیە، نەک تەنها خۆت بەڵکوو کەسانی دەوروبەریشت. لەوانەیە ببێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ، شێرپەنجە، شەکرە، جەڵتەی مێشک، هەوکردنی سییەکان، ئیمفیزیما (ئاوسانی سییەکان) و کێشەی تەندروستی تر. هەروەها مەترسی تووشبوون بە سیل و کێشەی چاو و نەخۆشییەکانی بەرگری وەک هەوکردنی جومگەی ڕۆماتید زیاد دەکات. ئەگەر کاتێکی زۆر لە دەوروبەری کەسێک بەسەر ببەیت کە جگەرە دەکێشێت، ئەگەری تووشبوونت بە تەنگەنەفەسی، نەخۆشی دڵ، شێرپەنجەی سییەکان، یان جەڵتەی مێشک زیاترە.

٨. نینۆک خواردن: زۆرجار سترێس و قەلەقی دەبێتە هۆی ئەم خووە کە زیانی بۆ تەندروستی هەیە، کە دەبێتە هۆی کێشەی ددان وەک ناڕێکی و داخورانی ددان، هەروەها هەوکردنی کەڕوو لە جێگای نینۆکەکە، کێشەکانی دەم وەک ئازاری شەویلگە و برینی شانە نەرمەکان، هەوکردنی پێست، زیان گەیاندن بە پەنجەکان و نینۆکەکان و کەمبوونەوەی بەرگری لەش و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکان بەهۆی گوازرانەوەی بەکتریاکانی ژێر نینۆک بۆ دەم.


سەرچاوەکان



248 بینین