پێکھاتەی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-12-27-14:07:00 - کۆدی بابەت: 11776
پێکھاتەی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پێکهاتەی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان (بە عەرەبی: هيكل نظم المعلومات الجغرافية، بە ئینگلیزی: Structure of Geographic Information Systems)، سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان لە چەند پێکھاتەی سەرەکی پێکھاتووە کە بریتین لە:

  • ئامێرەکان (Hardware)
  • بەرنامەکان (Software)
  • داتا و زانیاری (Information & Data)
  • بەکارھێنەر (User)
  • کارکردن و بەڕێوەبردن و شیکردنەوەی داتا و زانیارییەکان

بەرنامەکانی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان (GIS Software)

  • توانای شیکردنەوەی داتاکان (Raster/Vector tool, Temporal, Geostatistics,Netwark analysis,Scripting).
  • توانای نەخشەسازیی (Map tyoes,Coordinate systems,Map layouts/elements, Labelling/annotation,3D Capabilities,Map automaton, and Symbologyە).
  • وێنە (Image classification,LiDAR intergration, Remote sensing tools, Georeferencing, and Photogrammetry). 
  • پێشکەوتن (Machine learning, Al,Lot,indoor mapping,Web mapping intergration).

گرنگترین سۆفت وێرەکان

(Arc gis pro, Arc gis desktop, Qgis3, Qgis2,Gvsig,Grass gis,Cadcrop,Tatuk gis,GE smallword,GeoDA,Udig,Jumo gis, Diva gis, Tnt gis, Map window,Falcon view,ILWIS,Auto cad map 3d, Maptitude,Globe mapper,Hexagon geo media).

گرنگترین وێبسایتەکانی دابەزاندنی داتا و زانیاری لە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان

  • Esri open data hub
  • Natural earth data
  • USGS earth explorer
  • Open street map
  • Open topography 
  • Word blank
  • Terra populus
  • FAO geo network
  • ISCGM global map
  • Unocha
  • Sentinel satellite data
  • NASA earth observations
  • دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان (Krso.net)

ئەم وێبسایتە سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بەکارھێنەرانی ئەم وێبسایتە دەتوانن داتا و زانیاری بەدەست بھێنن لەم بوارانەدا کشتوکاڵ، پیشەسازی، بازرگانی و گواستنەوە و گەیاندن، پەروەردە و تەندروستی، بیناسازی و ژمێریاری و هێزی کار.

  • پێگەیەک بە زمانی کوردی، کە تایبەتە بە داتای سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان بەناوی (GISKurd) کە داتای تابەت بە شارەکانی ھەولێر و دھۆک و کەرکووکی تیاییە.
  • وێبسایتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کە تایبەتە بە داتای ناوچەکە بە ناوی کۆست.
  • وێبسایتێکی تایبەت بە داتای ھەژاری لە وڵاتان، کە داتای ھەژاری وڵاتی عێراقیشی لە خۆگرتووە (Worl Blank).

سەرچاوەکانی داتا و زانیاری لە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان

  • داتای نەخشەیی
  • وێنەی مانگە دەستکردییە ئاسمانیەکان و فڕۆکەکان
  • وەرگرتنی داتا و زانیاری لە ڕێگای (GPS)
  • وەرگرتنی داتا و زانیاری لە ڕێگای (Radar)
  • داتا و زانیاریە بڵاوکراوە ئامارییەکان

ئەرکە سەرەکییەکانی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان

  • داخڵکردنی داتا
  • بەڕێوەبردنی داتا
  • شیکردنەوەی داتا
  • گۆڕینی داتا
  • پیشاندانی داتا
  • دۆزینەوەی داتا
  • دەرھێنانی داتا

جۆرەکانی داتا و زانیاری لە سیستمی  زانیارییە جوگرافییەکان

داتاکانی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان دەکرێن بە چەند بەشێک کە بریتین لە: 

داتا شوێنییەکان (Spatial Data)

بریتییە لەو توخمانەی نەخشەکان پێكدێنن و گوزارشت لە تەوەرەکانی دیاردەکان دەکەن کە پێکھێنەری نەخشەکانن بەستراونەتەوە بە شوێنەکانیان لەسەر زەوی، داتا شوێنییەکان دابەش دەبن بۆ دوو جۆری تری داتا کە بریتین: لە (داتا ھێڵییەکان، داتا تۆڕییەکان).

أ- داتا ھێڵییەکان (Vector Data)

زانیارییە ھێڵییەکان ڕێگایەکن بۆ نواندنی زانیارییە شوێنیێەکانی سەر ڕووی زەوی بەشێوەی خاڵ و هێڵ و ڕووبەر، بۆ نموونە:

  • داتا خاڵییەکان (Point data): بریتین لە خاڵێک کە کۆردینەیتی (X,Y) یان (لا تیتیود و لۆنگتیود)ـی ھەیە کە بە وردی شوێنی خاڵەکان پیشان دەدات لەسەر  زەوی وەک پیشاندانی دارێک یان سەنتەری نیشینگە شارنشینییەکان و لادێ  نشینییەکان. 
  • داتا ھێڵییەکان (Line data): بریتییە لە ھێڵێك یان چەند ھێڵێك کە بەیەکەوە بەستراونەتەوە، ھەر خاڵێکی سەر ھێڵەکان (کۆردینەیتی) خۆی ھەیە کە بەکاردێت بۆ پیشاندانی ڕێگا یان ڕووبار
  • داتا ڕووبەرییەکان (Polygon data): بریتییە لە ڕووبەری چەند لایەکی داخراو، کە بەکاردێت بۆ پیشاندانی ڕووبەرێکی دیاریکراو وەكوو دەریاچە و ڕووبەری ناوچە کشتوکاڵییەکان و ھەرێمەکان. 

ب- داتا تۆڕییەکان (Raster data)

بریتین لە داتای جوگرافیا یان (داتایی ناشوێنی No spatial data)، بەڵام بەشێوەیەکی تۆڕی بەیەکەوە بەستراونەتەوە کە لە چوارگۆشەی بچووك بچووك پێکدێن ھەر چوارگۆشەیەکیش پێ دەگوترێت (Pixle) و ھەر پیکسڵێك نرخی خۆی ھەیە، کە نەخشەکە ڕوون دەکەنەوە بە شێوەی ئاسۆیی و ستوونی.

داتا وەسفییەکان (داتا ناشوێنیەکان No spatial data)

بریتین لەو داتایانەی کە وەسفی دیاردە جوگرافییەکان دەکەن، لە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان ھەر دیاردەیەکی جوگرافی تۆمارێکی تایبەت بە خۆی ھەی کە زانیارییە تایبەتەکانی دیاریدەکات و لەخۆ دەگرێت، کە بە داتا ناشوێنییەکان ناو دەبرێن. پێگەکانی ئەم جۆرە داتایانە لەسەر نەخشە وەكوو ناوی شوێنەکان خانوو، دوکان، شوێنی دامەزراوەکان و ناوی گەرەك و ژمارەی دانیشتووان. زانیارییە وەسفییەکان دەبەسترێنەوە بە داتا شوێنێیەکان کە گرنگییەکی زۆری ھەیە لە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان، چونکە دەبێتە بنەمایەك بۆ ناسینەوەی شوێنەکان. 

داتا کاتییەکان (Time data)

کات گرنگیەکی زۆری ھەیە لە زانیارییە شوێنییەکان، ھەربۆیە توێژینەوەکان لە بواری سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان لەبەر چاوی دەگرن، سروشتی داتای جوگرافی بە سێ شێوە گوزارشت لە جیھانی ڕاستەقینە دەکات کە پێكدێت لە سێ توخم (شوێن و کات و وەسف)، (شوێنی جوگرافی) ئەو بنچینەیەیە کە ئاماژە بە شوێن دەکات لەسەر ڕووی زەوی، بەڵام ھەندێک کاتیش دەبێت ئاماژە بە (کات) بکرێت، بە تایبەتیش کاتی ڕوودانی دیاردەکان، چونکە ھەندێ دیاردە دەگۆڕێن بەپێی تێپەڕبوونی کات.

(وەسف) سەرجەم ئەو زانیارییە ناشوێنیانە دەگرێتەوە کە ھاوکاتە لەگەڵ دیاردەکە ئاماژە بە تایبەتمەندییەکانی دەکات، بۆ نموونە پلەی گەرمی لە ڕۆژی شەمە کاتژمێر  ٢ـی دوای نیوەڕۆ لەسەر خاڵی یەکتر بڕینی بازنەی پانی (٣٦)° و ھێڵی درێژی (٤٥)° بریتی بووە لە (٢٠)° پلەی سیلیزی. کەواتە لێرەدا:

  • شوێن = بازنەی پانی (٣٦)° و ھێڵی درێژی (٤٥)°.
  • کات = ڕۆژی شەمە کاتژمێر ٢ـی دوای نیوەڕۆ.
  • وەسف= پلەی گەرمی (٢٠)° پلەی سیلیزیە.

سوودەکانی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان

١- وەرگرتن و ھەڵگرتنی زانیاری بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی.
٢- خستنەڕووی داتا و زانیارییەکان و شیکردنەوەیان.
٣- دیاریکردنی شوێن و ڕووبەر و دووری و بەرزی.
٤- کۆکردنەوە و بەستنەوەی داتا و زانیارییەکان بە یەکتری. 
٥- ئاسانکاری لە بەکارھێنانی بنەما سەرەکییەکانی نەخشە.
٦- کەمکردنەوەی ماوە و دەستی کار و سەرمایە لە دروستکردنی نەخشە و بەڕێوەبردنی زانیارییەکان.
٧- بە دەست ھێنانی داتا و زانیاری شوێنی بە شێوەیەکی ورد لە ڕێگای وابەستبوونی بە ئینتەرنێتەوە.
٨- خێرایی شیکردنەوەی گۆڕانکارییەکان لە ئێستا و کاتە جیاوازەکان. 

بوارەکانی بەکارھێنانی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان

١- بەکاردێت لە بواری دروستکردنی نەخشە (کارتۆگرافی)
٢- بەکاردێت لە بواری پلاندانان بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان
٣- بەکاردێت لە بواری لێکۆڵینەوە لە ڕووی زەوی
٤- بەکاردێت لە بواری زیندەزانی
٥- بەکاردێت لە بواری دابەشبوونە سیاسییەکان
٦- بەکاردێت لە بواری بەبازارکردنی شمەك و کاڵاکان
٧- بەکاردێت لە بواری توێژینەوە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان
٨- بەکاردێت لە بواری خزمەتگوزاری تەندروستی لەناکاو
٩- بەکاردێت لە بواری بەڕێوەبردنی قەیرانەکان 
١٠- بەکاردێت لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوەی دەرامەتە سروشتییەکان
١١- بەکاردێت لە بواری بەرھەمھێنان بەتایبەتیش بەرووبوومە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان

چەند نموونەیەک لەسەر بەکارهێنانی

بۆ نموونە ئەندازیارێکی شارستانی دەیەوێت باشترین شوێن ھەڵبژێرێت بۆ دروستکردنی بینایەک بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە (GIS) وەردەگرێت. ئەندازیارێکی پلانسازی دەیەوێت بزانێت کامە بەشی شار لە ڕووی دانیشتووانەوە گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینیووە بە بەراورد بە بەشەکانی تر و ھۆکاری ئەو گەشەکردنە چییە، بۆ ئەم مەبەستەش پشت بە (GIS) دەبەستێت. پسپۆڕانی بواری کەشناسی بە سوودوەرگرتن لە (GIS) دەتوانن ئەو شوێنانە دەستنیشان بکەن کە زۆرترین ئەگەری ڕوودانی مەترسیان ھەیە و  ئامادەکاری پێشوەختە بکەن.

بەڕێوبەرایەتی کارەبا بە سوودوەرگرتن لە (GIS) دەتوانێت بزانێت کە زۆرترین پەستان (بەکارهێنان) لەسەر کامە بەشی شارە لە ڕووی بەکارھێنانی وەزەی کارەبا، توانای بینینی ڕاستەوخۆی ھەیە بۆ کۆنترۆڵکردن و کەمکردنەوەی مەترسی بۆ  ڕوودانی کارەساتە کارەباییەکان، بە پشت بەستن بە داتاکانی ڕابردوو. بەڕێوبەرایەتی ئاو بە سوودوەرگرتن لە (GIS) دەتوانێت کۆنتڕۆڵی ئاو و شێوازی پارەدان و چەندیەتی قەرز و دانان یان دانەنانی پێوەری ئاو کۆنتڕۆڵ بکات. بەڕێوبەرایەتییەکانی ئاسایش و تەندروستی بە سوودوەرگرتن لە (GIS) دەتوانن بە باشترین و کورتترین ڕێگا و کەمترین ماوە بگەنە شوێنی مەبەست. 

بنکەکانی ئاگرکوژێنەوە بە سوودوەرگرتن لە (GIS) دەتوانن پێشوەختە ئاگادار بکرێنەوە لە ئەگەر ڕوودانی ئاگر کەوتنەوە لە ناوچەی دیاریکراو. کۆمپانیاکانی پەیوەندی و ھێڵی ئینتەرنێت و تەلەفۆن و ڕادیۆ و تیڤییەکان بە سوودوەرگرتن لە (GIS) دەتوانن باشترین و گونجاوترین شوێن ھەڵبژێرن بۆ دانانی تۆڕی بورجەکانی پەیوەندی کردن و ئینتەرنێت.

بەکارھێنانی (GIS) لە بەڕێوەبردنی سیستمی بانکەکان، لە ڕێگای دیاریکردنی شوێن و چاودێری کردنی لقەکان و کارکردن و ھەڵبژاردنی باشترین شوێن بۆ کردنەوەی لقێکی نوێی بانکی. بەکارھێنانی (GIS) لە بواری بازرگانی ئەمەش لە ڕێگای چاودێریکردنی شوێن و ھەڵسەنگاندن بۆ کڕیار و فرۆشیار و شێوازی بەڕێوەبردنی کارکردن و دیاریکردنی کێشەکانیان، دیاریکردنی باشترین و نزیکترین شوێن بۆ کردنەوەی بەشێکی نوێی بازرگانی.

سوود و بوارەکانی بەکارھێنانی سیستەمی زانیارییە جوگرافییەکان لە ھەرێمی کوردستان 

١- بەکارھێنانی (GIS) بۆ چاودێریکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی (٢٠٢٠) کە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە زانکۆی سلێمانی پڕۆژەی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکانی ڕاگەیاند، کە بۆ یەکەمین جاربوو ئەم پڕۆژەیە بەکاربھێنرێت لە تەوای ھەرێمی کوردستان و عێراق، ئەمەش لە ڕێگای داخڵکردنی ھەموو ئەو داتا و زانیارییانەی کە ئەو کەسانەی کە ھەڵگری ئەم ڤایرۆسە بوون لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان، دواتریش شیکردنەوەی داتا و زانیارییەکان بە شێوەیەکی زانستی و بڕیاردانێکی دروست و یارمەتیدانی وەزارەتی تەندروستی و کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ڤایرۆسە و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی و پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان، ئەمەش جگە لە بەکارھێنانی ئەم داتایانە لە توێژینەوە زانستییەکان لە لایەن توێژەران. 

٢- بەکارھێنانی (GIS) بۆ دیاریکردنی باشترین شوێن بۆ دروستکردنی بەنداو لە ھەرێمی کوردستان، لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا عێراق دووچاری بەبیابانبوونێکی گەورە بووەوە بەھۆی کەمبوونەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە و فوڕات، شایەنی باسە ھەرێمی کوردستانیش لەم زیانانە بێ بەش نەبووە بۆیە بڕیاردرا بە دروستکردنی چەند بەنداوێک و دروێنەکردنی ئاوی بەفر و باران و ڕووبارەکان بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی بە بیابانبوون و ڕزگاربوون لە گرفتی کەم ئاوی لە وەرزی ھاوین، بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە (GIS,RS) وەرگیراوە لە توێژینەوەیەکی زانستی (١١) شوێن ھەڵبژێردراوە بۆ دروستکردنی بەنداو کە باشترین و گونجاوترین شوێنن بۆ دروستکردنی بەنداو.

٣- بەکارھێنانی (GIS) لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی زانیاری و ئاڵوگۆڕکردنی داتا بەکارھێنراوە وەکوو کەرستەیەکی سەرەکی بۆ ڕێکخستن و شیکردنەوەی زانیارییەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو. جگە لەم بوارانەش لە چەندین بوار سوود لە سیستەمی زانیارییە جوگرافییەکان وەرگیراوە وەكوو (بەکارھێنانی GIS بۆ بەنەخشەکردنی کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە، بەکارھێنانی GIS بۆ تۆمارکردنی ٥٠٠ شوێنەواری مێژوویی لە ھەورامان، بەکارھێنانی GIS بۆ ڕێکخستنی بەڕێوبەرایەتی کارەبای سلێمانی، بەکارھێنانی GIS بۆ چاودێریکردنی بەبیابانبوون لە شاری سلێمانی، بەکارھێنانی GIS و RS بۆ دیاریکردنی ئەو دارستانانەی کە مەترسی ئاگرکەوتنەوەیان ھەیە لە کوردستان، بەکارھێنانی لە بواری جوگرافیای دانیشتووان و بەڕێوبەرایەتی ئامار و بەڕێوەبردنی کاروباری بانك و شارەوانییەکان و بەڕێوبەرایەتی پلاندانان.


سەرچاوەکان



491 بینین