چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسێکدا دەکەیت کە نەخۆشی درێژخایەنی هەیە؟

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-12-31-19:33:00 - کۆدی بابەت: 11794
چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسێکدا دەکەیت کە نەخۆشی درێژخایەنی هەیە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسێکدا دەکەیت کە نەخۆشی درێژخایەنی هەیە (بە عەرەبی: كيف اتعامل مع شخص لدية مرض مزمن، بە ئینگلیزی: How do you deal with someone who has a chronic illness)، نەخۆشییە درێژخایەنەکان ئەو نەخۆشیانەن کە یەک ساڵ یان زیاتر دەخایەنێت و پێویستی بە چاودێری پزیشکی بەردەوام هەیە، هەروەها شێوازی مامەڵەکردنی دەوروبەر لەگەڵیاندا.

بۆچی پشتگیری کردنی کەسێکی نەخۆشی درێژخایەن گرنگە؟

لە کاتێکدا چارەسەرکردن لە لایەن پسپۆڕانی پزیشکییەوە یارمەتیدەر و پێویستە بۆ ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، بەڵام ئەوە نیشاندراوە کە پاڵپشتی کۆمەڵایەتی بە تایبەتی لەلایەن هاوڕێیەکی نزیک یاخود خێزانەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ئاستی فشار و کەمکردنەوەی ئاستی خەمۆکی بە تایبەتی پاڵپشتی بۆ ماوەیەکی درێژ، هەستکردن بە بوونی پاڵپشتی لەلایەن ئەو کەسەی کە نەخۆشی درێژخایەنی هەیە کاریگەری دەبێت بۆ سەر کەسەکە و دەتوانێت سوودی بۆی هەبێت وەک:

  • هەستکردن بە هاندان
  • تەندروستی دەروونی باشتر وەک کەمکردنەوەی ئەگەری تەنهایی و خەمۆکی

چەند ڕێگایەک بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسێک کە نەخۆشی درێژخایەنی هەیە

لە کاتێکدا پێشکەشکردنی پاڵپشتی گرنگە، هەندێک کات قورسە دیاری بکەیت کە چ شتێک سوود بەم کەسە دەگەیەنێت و یارمەتیدەرە.

چەند ئامۆژگارییەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە

١. نیشاندانی هاوسۆزی، هاوسۆزی نیشان بدە بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، کاتێک کەسێک ڕووبەڕووی ئازار دەبێتەوە بە نیشاندانی هاوسۆزی هەست بە هاندان و پاڵنەر دەکات.

٢. میهرەبانی ئەوە نییە کە بە کەسەکە بڵێیت: کێش دابەزێنە، وەرزش بکە، یان هەر ئامۆژگارییەکی تر کە لێت داوا نەکراوە، ئەم ئامۆژگارییانە لە دڵی خۆشتەوە مەڵێ.

٣. لەگەڵیدا بە و هەست بە ئازاراەکانی ئەو کەسە بکە، کە هەستت بە ئازاری ئەوانی تر کرد دەتوانیت یارمەتیدەر بیت.

چۆن دەبیتە هاوڕێیەکی باش بۆ کەسێک کە نەخۆشی درێژخایەنی هەیە؟

کاتێک کەسێکی نزیکت تووشی نەخۆشی درێژخایەن دێت لەوانەیە بۆ هەردوولا زەحمەت بێت پاراستنی هاوڕێیەتی، ئەگەر هاوڕێیەکت هەیە کە بەم دواییانە نەخۆشییەکی درێژخایەنی هەیە، وەکو شەکرە، نەخۆشی ئیفلیجی مێشک، لەوانەیە بپرسیت چۆن دەتوانیت یارمەتییان بدەیت، خوێندنەوەیەک بۆ باشترکردنی چۆنیەتی یارمەتیدانی هاوڕێیەک کە نەخۆشی درێژخایەنی هەیە:

  • لە بارودۆخەکەیان تێبگە
  • خۆت بە دوور بگرە لە ئامۆژگاری کردن
  • لە پەیوەندیدا بمێنەرەوە
  • بارودۆخەکە قبووڵ بکەن
  • گرنگی هاوڕێیەتی
  • یارمەتی کرداری پێشکەش بکە

١. لە بارودۆخەکە تێبگەن، لە بارودۆخەکەیان تێبگە و لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی هاوڕێکەت بکە لەسەر ماڵپەڕە باوەڕپێکراوەکان و کتێب و سەرچاوەکانی تری دەستکەوتنی زانیاری، بۆ ئەوەی تێگەیشتنی ڕوونترت پێببەخشێت لەوەی کە ئەوان ڕووبەڕووی چی دەبنەوە، پێویست ناکات بە کەسەکە بڵێیت کە دەربارەی دۆخی تەندروستی ئەو خوێندووەتەوە و لەبیرت بێت کە هەموو کەسێک بە شێوەیەکی جیاواز ئەزموونی ئەم حاڵەتە دەکات.

٢. خۆت بە دوور بگرە لە ئامۆژگاری کردن، زۆرجار هاوڕێی باش بە کەسێک دادەنرێت کە گوێ دەگرێت و ئامۆژگاری دەکات و پشتگیری دەکات، کاتێک ئەوی تریان هەست بە ڕووخان و نائومێدی و شکان دەکات، لەوانەیە وا باشتر بێت کە خۆت بە دوور بگریت لە پێدانی ئامۆژگاریکردن، هاوڕێکەت بە تەواوەتی ئامۆژگاری پزیشکی وەرگرتووە، تەنها لە کاتێکدا خۆی پرسیارت لێ بکات، پێشنیاری ئەوەی بۆ مەکە کە چۆن هەست بە باشتربوون بکات، چ چارەسەرێکت بیستووە سەبارەت بە نەخۆشییەکەی یان پێشووتر کەسێک تووشی ئەم نەخۆشییە بووە و هەمان حاڵەتی هەیە، ئەزموونی ئەوان بە تەواوەتی تایبەتە و گەشتەکەیان بە ناو نەخۆشییەکەیاندا بە تەواوی جیاواز دەبێت لە گەشتی ئەوانی تر.

٣. لە پەیوەندیدا بمێنەرەوە، هاوسەنگییەکی ڕاست بدۆزەرەوە لە نێوان پێدانی بۆشایی و مانەوە لە پەیوەندیدا، هەوڵبدە بۆ ماوەیەکی زۆر بەجێی نەهێڵیت.

٤. بارودۆخەکە قبووڵ بکەن، هەندێکجار لەوانەیە پێویست بکات ئەوە قبووڵ بکەیت کە هاوڕێکەت بە چەند کاتێکئ سەختدا تێدەپەڕێت و لەوانەیە کات و وزەی ئەوەی نەبێت کە کات لەگەڵ تۆدا بەسەربەرێت، لەوانەیە نەتوانیت هەموو کات بیبینیت، بەڵام دەتوانیت پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورتی لەگەڵدا ئەنجام بدەیت، یاخود نامەیەکی بۆ بنێریت.

٥. گرنگی هاوڕێیەتی، هاوڕێیەتی زۆر گرنگە بۆ خۆشگوزەرانی ئێمە و هەندێک لە هاوڕێکان بەرگەی تاقیکردنەوەی کات دەگرن، بەڵام هەندێکی تریان لەوانەیە نەتوانن بەرگەی تاقیکردنەوە بگرن، هەموو ئەوەی کە دەتوانین بیکەین ئەوەیە کە لەوێ بین بۆ هاوڕێکانمان، ڕاستگۆبین لەگەڵیان و دڵنیا بین لەوەی کە ئەوان دەزانن ئێمە لەوێین بۆ ئەوان گرنگ نییە هەرچییەک بێت.

٦. یارمەتی کرداری پێشکەش بکە، "پێم بڵێ چی بکەم بۆ یارمەتیدانت" ئەم دستەواژەیە زۆر بەکاردێت، لەوانەیە تەنانەت نەزانن چۆن دەتوانیت یارمەتیان بدەیت، یان هەست بەوە بکەن کە ناتوانن پێت بڵێن کە پێویستیان بە یارمەتی چییە، بە شێوەیەکی هەستیار قسەیان لەگەڵدا بکە دەربارەی ئەو بابەتەی کە کێشەیان لەگەڵیدا هەیە، پاشان دەتوانیت پێشنیاریان بۆ بکەیت، لەوانەیە پێویستیان بە یارمەتی هەبێت لە کارەکانی ماڵەوە، چاودێری منداڵان، کڕین و چوونەوە دەرەوە یاخود ئاودانی باخچە و چاککردنی، یان ڕەنگە بیانەوێت هەندێک ڕاهێنان بکەن بەڵام لە دەستپێکردن دەترسن، ئەو چارەسەر و یارمەتیانە پێشکەش بکە کە لە توانادایە بیانکەیت، ئەگەریش ڕەتیان کردەوە کە یارمەتیان بدەیت ئەوە وەکو مافێکی خۆیان لێی بڕوانە.

چۆن دەبیت بە هاوسەرێکی باش بۆ هاوسەرەکەت کە نەخۆشی درێژخایەنی هەیە؟

هەبوونی نەخۆشی درێژخایەن، وەک شەکرە، هەوکردنی جومگەکان، یان نەخۆشی ئیفلیجی دەتوانێت کاریگەری لەسەر بەهێزترین پەیوەندیش هەبێت، شەش ئامۆژگاری کۆکراوەتەوە لەسەر چۆنیەتی بوون بە هاوبەشێکی پشتگیریکار بۆ کەسێک کە نەخۆشی درێژخایەنی هەیە: خۆت پەروەردە بکە و دەست پێبکە، گوێ لە هاوسەرەکت بگرە کاتێک باسی کاریگەرییە جەستەییەکانی دەکات، لەگەڵ نیشانە  وکاریگەرییە لاوەکییەکان، ئارام بگرە لەگەڵیدا و باوەڕی پێبکە، لەوە تێبگە ئەوەی کە ئەوان بە ناویدا تێدەپەڕن خراپترە لەوەی کە تۆ ئەزموونی دەکەیت، پاشان زیاتر بگەڕێ و زانیاریت زیاتر بکە سەبارەت بە نەخۆشییەکە دەتوانیت چی بکەیت بۆ یارمەتیدان و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ هاوبەشی ژیانت.

لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی ڕاستی و دروستی پەیوەندی گرنگە کە هاوسەرەکەت بە ڕاستی پێت بڵێت سەبارەت بە نەخۆشییەکەی و زانیاری تەواوت پێ بدات تا بتوانیت هاوکاری پێشکەش بکەیت، هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ فشاری دەروونی کاتێک هاوسەرەکەت ڕووبەڕووی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەبێتەوە ئاساییە کە تووشی دڵەڕاوکێ یاخود خەمۆکی ببێت ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە کە تۆ بزانیت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەیت بۆ کەمردکەنەوەی فشار و دڵەڕاوکێیەکەی ئەمەش بە چارەسەرکردن یاخود کەمکردنەوەی ئەو نیشانانە دەبێت کە لە هاوسەرەکتدا دەردەکەوێت. هەروەها خۆت بە دوور بگرە لە چاودێریکردنی زۆری هاوسەرەکەت، پێویستە ئاگاداری سنوورەکانی خۆت بیت و بزانیت کە کەی هاوسەرەکەت پێویستی بە چاودێریکرن هەیە، کۆمەڵێک نیشانە دەردەکەوێت لە ئەنجامی زۆر چادوێریکردنەوە:

١. دوورکەوتنەوە لە هاوڕێ و خێزان و خۆشەویستانی تر.

٢. لەدەستدانی ئارەزووی ئەو چالاکییانەی کە پێشووتر چێژت لێ وەرگرتوون.

٣. هەستکردن بە تووڕەبوون و بێ هیوایی.

٤. گۆڕانکاری لە ئارەزووی خواردن، کێش، یان هەردووکیان.

٥. گۆڕانکاری لە کاتەکانی خەو.

٦. زیاتر نەخۆش دەکەوێت.

٧. دەتەوێت ئازاری خۆت یان ئەو کەسە بدەیت کە گرنگی پێدەدەیت.

٨. ماندووبوونی لایەنی جەستەیی و سۆزداریی. 


سەرچاوەکان



411 بینین