ساڵح عاروری

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-01-05-13:21:00 - کۆدی بابەت: 11806
ساڵح عاروری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ساڵح عاروری (بە عەرەبی: صالح العاروري، بە ئینگلیزی: Saleh al-Arouri) سەرکردەی سیاسی و سەربازی فەڵەستینی و پیاوی دووەمی نێو بزووتنەوەی حەماس و جێگری پێشووی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس بوو. لە دامەزرێنەرانی یەکینەکانی شەهید قەسام بووە کە بە باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس دانراوە لە بەشی ڕۆژاوا، عاروری بە سەرۆک و داڕێژەری پڕچەککردنی لیواکانی قەسام دانراوه.

لەلایەن هێزی داگیرکاری زایۆنی بۆ ماوەی ١٨ ساڵ زیندانی کراوە و پاشان لە فەڵەستین دوورخراوەتەوە و دەرکراوە. لە ڕۆژی دووی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە هێرشێکی فڕۆکەوانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنەکەی لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان شەهید کرا.

زانیاری گشتی

ناو ساڵح عاروری
نازناو ئەبوو محەمەد
پلەکانی جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون ١٩ـی ئابی ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی عارورە لە ڕامەڵڵا لە فەڵەستین
ڕەچەڵەک فەڵەستینی
شوێنی نیشتەجێبوون ئوردن، فەڵەستین، لوبنان
پیشە سیاسەتوان، سەرکردەی سەربازی
حیزب بزووتنەوەی حەماس
زمان عەرەبی، عیبری، ئینگلیزی
شەهیدکردنی ڕۆژی دووی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤

ژیاننامەی

ناوی تەواوی صاڵحی کوڕی محەمەد سلێمان عاروریییە و لە ڕۆژی ١٩ـی ئابی ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی عارورە لە ڕامەڵڵا لە فەڵەستین لەدایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە فەڵەستین تەواوکردووە. پاشان بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە شەریعەتی ئیسلامی لە زانکۆی خەلیل بەدەستهێناوە.

لە تەمەنی گەنجیدا لە ڕێی چالاکییەکانی قوتابخانە و مزگەوت و پاشان زانکۆدا پەیوەندی بە کاری ئیسلامییەوە کردووە، سەرەتای ئەزموونی لەگەڵ ئیخوان موسلیمین بووە، پاشان لە سەرەتای تەمەنی بیستەکانی و لە ساڵی ١٩٨٧ پەیوەندی بە بزووتنەوەی حەماس کردووە. لە ساڵی ١٩٨٥ تا دەسگیرکردنی لە ساڵی ١٩٩٢ سەرکردایەتی کاری خوێندکارانی ئیسلامی (ڕەوتی ئیسلامی)ـی کردووە.


ئەزموونی سیاسی 

دامەزراندنی یەکینەکانی شەهید عیزەدین قەسام

لە ساڵانی ١٩٩١ و ١٩٩٢ لە ناوچەی کەرتی ڕۆژاوای فەڵەستین ساڵح عاروری دەستی کردووە بە دامەزراندنی یەکینەکانی سەربازی بزووتنەوەی قەسام، کە بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٩٩٢ چالاکییەکانیان لە کەرتی ڕۆژاوا دەستیپێکرد. ئیسرائیل ساڵح عاروری بە یەکێک لە گرنگترین دامەزرێنەرەکانی یەکینەکانی شەهید عیزەدین قەسام لە کەرتی ڕۆژاوا دادەنا، هەروەها تۆمەتباریشی کردبوو بەوەی کە بەرپرسیار بووە لە ڕفاندنی ئەو سێ جوولەکەیەی کە لە شاری خەلیل لە ساڵی ٢٠١٤ دیارنەمان.

بەهۆی چالاکی و پۆستەکەی لەنێو بزووتنەوەی حەماس و دژایەتیکردنی ئیسرائیل، ئەمریکا ساڵح عاروری لە لیستی تیرۆر دانابوو و بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری وەکوو خەڵات بۆ هەر کەسێک دانابوو کە زانیاری لەبارەی عارورییەوە بدات بە هێزەکان.

پلە و پۆستە سیاسییەکانی

ساڵح عاروری لە ساڵی ٢٠١٠ تا مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی حەماس هەڵبژێردراوە. لە ٩ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شوورای بزووتنەوەی حەماس،  هەڵبژاردنی عاروری وەک جێگری ئیسماعیل هەنییەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی حەماس ڕاگەیاندرا. ساڵح عاروری یەکێک بوو لە ئەندامانی تیمی دانوستانکار بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنی وەفا ئەلئەحرار کە بە ڕێککەوتنی شالیتیش ناسراو بوو.

زیندانی کردن و دوورخستنەوەی

عاروری نزیکەی ١٨ ساڵی تەمەنی لە زیندانەکانی ئیسرائیل بەسەربردووە، لە ساڵی ١٩٩۲ـەوە لە زیندانی ناوەندیی بەناوبانگی تولکەرم ڕاگیرابوو و لێکۆڵینەوەی توندی لەگەڵدا دەکرا، ساڵانی زیندانی زۆربەی بەبێ دادگایی کردنی بەسەرچوون، تاکوو دواجار دەستبەسەرکردنی ساڵح بە تۆمەتی پێکهێنانی یەکینەکانی قەسام لە کەناری ڕۆژاوا ١٥ ساڵی خایاند و لە ساڵی ٢۰۰٧ ئازاد کرا.

پاشان دوای سێ مانگ لە ئازادکردنی دووبارە دەستگیرکرایەوە و بۆ ماوەی سێ ساڵی تر تاکوو ساڵی ٢٠١٠ لە زیندان بوو، دوای ئەو سێ ساڵە دادگای باڵای ئیسرائیل بڕیاریدا ئازادی بکات و دیپۆرتی بکاتەوە بۆ دەرەوەی لە فەڵەستین دووریکردەوە. دوای تەواوبوونی دادگاییکردنەکەی و ئازادکردنی ڕاستەوخۆ دیپۆرتکرایەوە بۆ وڵاتی سوریا و بۆ ماوەی سێ ساڵ لەوێ نیشتەجێ دەبێت، لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانەکان و شەڕی ناوخۆی سوریا، لە شوباتی ساڵی ٢٠١٢ بۆ وڵاتی تورکیا کۆچی کرد، دواتر دوای چەند ساڵێک وڵاتی تورکیا بەجێدەهێڵێت و لە نێوان چەند وڵاتێکی نموونەی قەتەڕ و مالیزیا هاتوچۆ دەکات، بۆ دواجار لە بەشی باشووری بەیرووتی پایتەختی وڵاتی لوبنان نیشتەجێ دەبێت.

ڕووخاندنی ماڵەکەی

لە ڕۆژی ٢ـی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی دەستیان کرد بە خاپوورکردن و ڕووخاندنی خانووەکەی ساڵح عاروری لە ناوچەی ئارورا لە باکووری ڕۆژاوای ڕامەڵڵا.

لە نیوەی شەو هێزەکانی داگیرکەر بڕیاری ڕووخاندنی خانووەکەیان وەکوو هەڕەشه دایە دەست بنەماڵەی عاروری، هەر لە سەرەتای هەڵمەتەکەوە هێزەکانی داگیرکەر هەڕەشەیان کردبوو کە ماڵی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی ڕۆژاوا دەکەنە ئامانج، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ بێسەروشوێنبوونی سێ دانیشتووی جوولەکە لە کەرتی ڕۆژاوا کە تێیدا یەکینەکانی قەسام بەهۆی ئەم ڕووداوەوە تۆمەتبار کران.

لە یەکی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ هێزەکانی داگیرکەر جارێکی تر خانووە چۆڵەکەی ساڵح عارورییان لە ڕامەڵڵا ڕووخانەوە و خاپووریان کرد، ئەم ڕووداوەش وەکوو کاردانەوەیەک بۆ ئۆپەراسیونەکانی  تۆفانی ئەقسا ئەنجام درا.

تیرۆرکردنی

ساڵح عاروری ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەی ڕۆژی دووی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە تەمەنی ٥٧ ساڵیدا لە بەیرووت شەهیدکرا.

دوای تێپەڕبوونی ٨٨ ڕۆژ بەسەرئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل کە ئۆفیسێکی بزووتنەوەی حەماسی کردە ئامانج لە گەڕەکی موشریفییەی باشووری بەیروتی وڵاتی لوبنان تیرۆر کرا، لە ئەنجامی ئەو هێرشەی هێزەکانی ئیسرائیل ساڵح عاروری لەگەڵ دوو سەرکردەی یەکینەکانی قەسام بە ناوەکانی "سەمیر فەندی" ناسراو بە "ئەبو عامر" و "عەزام ئەقرەع" ناسراو بە "ئەبو عەممار"، لەگەڵ چوار ئەندامی بزووتنەوەکە کۆچی دواییان کرد و بوونە قوربانی لەگەڵ برینداربوونی دە هاوڵاتی مەدەنی کە لە هەمان شوێن بوون لە ناوچەکە.

ساڵح عاروری ئامانجی سەرەکی هێرشەکە بوو و ڕاستەوخۆ گیانی سپاردووە، لە ڕۆژی چواری کانوونی دووەم دوای نوێژی عەسر لە مزگەوتی "ئیمامی عەلی کوڕی ئەبووتاڵب" نوێژی جەنازەی لەسەر کراوە، پاشان لە گۆڕستانی شەهیدان لە کەمپێکی ئاوارەکانی فەڵەستین بە ناوی "کەمپی شاتێلا" بە خاک سپێردرا.


سەرچاوەکان



248 بینین