دەرمانی دژە ڤایرۆس

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-02-01-23:18:00 - کۆدی بابەت: 11916
دەرمانی دژە ڤایرۆس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەرمانی دژە ڤایرۆس (بە ئینگلیزی: Antiviral drug، بە عەرەبی: عقار مضاد للفيروسات) یارمەتی لەش دەدات لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسە زیانبەخشەکان. دەرمانەکان دەتوانن نیشانەکان کەم بکەنەوە و درێژی هەوکردنەکە کورت بکەنەوە. هەروەها دەرمانی دژە ڤایرۆسەکان مەترسی تووشبوون یان بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسانە کەم دەکەنەوە کە دەبنە هۆی هێرپس و ئایدز. لە نموونەی دەرمانەکانی دژە ڤایرۆسەکان ئەوانەن کە چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن کە دەبێتە هۆی کۆڤید ١٩.

دژە ڤایرۆسەکان چین؟

دژە ڤایرۆسەکان ئەو دەرمانانەن کە یارمەتی جەستە دەدەن لە بەرەنگاربوونەوەی هەندێک ڤایرۆس کە دەتوانن ببنە هۆی نەخۆشی. واتا دەرمانەکانی دژە ڤایرۆس ڕێگری دەکەن لە هەوکردنە ڤایرۆسییەکان. دەرمانەکان دەتوانن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی یان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس بۆ کەسانی تر بتپارێزن.

ڤایرۆسەکان چین؟

ڤایرۆسەکان بریتین لە میکرۆبە بچووکەکان کە گەشە دەکەن و زیاد دەکەن تەنها لەناو خانە زیندووەکانی زیندەوەرێکدا. ڤایرۆسەکان وەرگریان هەیە کە ڕێگەیان پێدەدات بە خانە تەندروستیەکانی لەش ببەسترێنە و لە ئەنجامی ئەمەش ببنە هۆی هەوکردن.

کاتێک ڤایرۆسێک پەیوەست دەبێت بە خانەیەکی خانەخوێوە و دەچێتە ژوورەوە، دەتوانێت دووبارەی خۆی دروست بکاتەوە (کۆپی خۆی دروست بکات). بەمەش خانەی خانەخوێ دەمرێت و ڤایرۆسەکە خانە تەندروستەکانی تر تووش دەکات.

هەندێک جار ڤایرۆسەکان لە خانەیەکی خانەخوێدا دەمێننەوە بەبێ ئەوەی دووبارەی خۆیان دروست بکەنەوە یان زیان بە خانەکە بگەیەنێت. هەرچەندە ڤایرۆسەکە هێشتا لەوێیە (واتە لەوانەیە بڵاوبیتەوە)، بەڵام نیشانەی نییە. ئەم ڤایرۆسە شاراوەیە، یان ناچالاکە، لەوانەیە لە هەر کاتێکدا چالاک بێت و نیشانەکان دروست بکات یان بگوازرێتەوە بۆ ئەوانی تر. چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکان پشت دەبەستێت بە جۆری ڤایرۆسەکە.

ڕێگاکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس

شێوازەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس بە پێی جۆری ڤایرۆسەکە دەگۆڕێت کە دەکرێت بریتی بێت لەمانە:

  • لە ڕێگەی بەرهەمە پیسەکانی جەستە وەک خوێن، میز، پیسایی، ڕشانەوە، تۆواو و لیک.
  • لە ڕێگەی گازگرتنی مێروو (گواستنەوەی ڤایرۆسێک لە پیسایی مێرووەوە بۆ خوێنی کەسێک).
  • لە ڕێگەی پەیوەندی پێست لەسەر پێست، لەوانە سێکس.

دەرمانەکانی دژە ڤایرۆس چۆن کاردەکەن؟

دەرمانەکانی دژە ڤایرۆس بە شێوەیەکی جیاواز کاردەکەن بەپێی جۆری دەرمان و ڤایرۆسەکە. دژە ڤایرۆسەکان دەتوانن:

  • وەرگرەکان بلۆک بکەن بۆ ئەوەی ڤایرۆسەکان نەتوانن پەیوەندی بکەن بە خانە تەندروستەکانەوە.
  • بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری، یارمەتی دەدات لە بەرەنگاربوونەوەی هەوکردنی ڤایرۆس.
  • کەمکردنەوەی باری ڤایرۆسی (بڕی ڤایرۆسی چالاک) لە لەشدا.

دژە ڤایرۆسەکان چی چارەسەر دەکەن؟

زۆربەی ڤایرۆسەکان بەبێ دەرمانی دژە ڤایرۆس پاک دەبنەوە و نامێنن. دابینکەرانی چاودێری تەندروستی دەرمانی دژە ڤایرۆس دەنووسن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە درێژخایەنەکان یان ئەوانەی هەڕەشە لەسەر ژیان دەکەن، لەوانە:

  • ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک کۆڤید ١٩
  • ئیبۆلا
  • ئەنفلۆنزا وەکوو ئەنفلۆنزای بەراز H1N1
  • هێرپسی ئەندامی زاوزێ
  • هەوکردنی جگەری جۆری B و هەوکردنی جگەر جۆری C
  • ڤایرۆسی نەمانی بەرگری مرۆڤ (HIV)

دژە ڤایرۆسەکان دەتوانن هەوکردنە ڤایرۆسییەکان چارەسەربکەن؟

دەرمانەکانی دژە ڤایرۆس دەتوانن نیشانەکان کەم بکەنەوە و ماوەی تووشبوون بە هەوکردنەکەکەش کەم بکەنەوە وەک ئەنفلۆنزا و ئیبۆلا. دەرمانە دژە ڤایرۆسەکان دەتوانن جەستە لەم ڤایرۆسانە ڕزگار بکەن.

بەڵام هەوکردنە ڤایرۆسییەکانی وەک ئایدز، هەوکردنی جگەر و هێرپس درێژخایەنن. دژە ڤایرۆسەکان ناتوانن ڤایرۆسەکە ڕزگار بکەن کە لە جەستەدا بوونی هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا، دەرمانەکانی دژە ڤایرۆس دەتوانن ڤایرۆسەکە شاراوە بکەن (ناچالاک) بۆ ئەوەی نیشانەیەکی کەمتری هەبێت ئەگەر هەر نیشانەی هەبێت. ئەو نیشانانەی کە دەردەکەون کاتێک دژە ڤایرۆسەکان وەردەگرن لەوانەیە کەمتر توند بن یان خێراتر نەمێنن.

دژە ڤایرۆسەکان دەتوانن ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی هەوکردنە ڤایرۆسییەکان بکەن؟

بەڵێ، دەرمانەکانی دژە ڤایرۆس دەتوانن ڕێگریت لێ بکەن لە تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی ڤایرۆسی دوای بەرکەوتنێکی گومانلێکراو یان ناسراو. بۆ نموونە بەکارهێنانی دژە ڤایرۆس:

  • لەکاتی دووگیانیدا مەترسی گواستنەوەی ئایدز لە دایکەوە بۆ کۆرپەیەکی تازە لەدایکبوو کەم دەکاتەوە. (هەروەها کۆرپەکان دوای لەدایکبوون دەرمانی دژە ڤایرۆس وەربگرن.)
  • کەمکردنەوەی مەترسی گواستنەوەی هێرپس یان ئایدز بە کەسانی تر یان وەرگرتنی ئایدز لە هاوبەشە تووشبووەکە کەم دەکاتەوە.
  • لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا ئەگەری تووشبوون بە ئایدز کەم دەکاتەوە.
  • دوای ٤٨ کاتژمێر لە تووشبوون بە ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزا دەکرێت بتپارێزێت لە مەترسی توشبوون.

چۆن دەرمانی دژە ڤایرۆس بەکاردێنیت؟

زۆربەی دژە ڤایرۆسەکان ئەو دەرمانانەن کە دەیخۆن. هەروەها دەتوانیت دەرمانی دژە ڤایرۆس وەربگریت وەک:

  • دڵۆپی چاو
  • پاودەری هەڵمژین
  • دەرمانی ناو ماسولکەدا
  • دەرمانی ناو خوێندا
  • کرێم و نەرمکەرەوەی پێست

چەند پێویستە دەرمانی دژە ڤایرۆس وەربگریت؟

ماوەی چارەسەرەکە دەگۆڕێت بەپێی دەرمانی دژە ڤایرۆس و هەوکردنی ڤایرۆس. لەوانەیە پێویست بە یەک ژەمی دەرمانی ناو خوێنهێنەر یان هەفتەیەک دەرمان لەڕێی دەمەوە بێت.

ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەک ئایدز لەوانەیە ڕۆژانە دژە ڤایرۆس وەربگرن. ئەم دەرمانە ڕێگری دەکات لەوەی ڤایرۆسەکە چالاک بێت. هەروەها دەتوانێت ڕێگری بکات لەوەی ڤایرۆسەکە کەسانی دیکە تووش بکات.

جیاوازی چییە لە نێوان دژە بەکتریا و دژە ڤایرۆس؟

دژە بەکتریا یارمەتی کۆئەندامی بەرگری دەدات لە بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن بە بەکتریا. بەکتریاکان بە شێوەیەکی ئاسایی لە دەرەوەی خانەکان زاوزێ دەکەن، ئەمەش ئاسانکاری دەکات بۆ دەرمانەکان بۆ بە ئامانجکردنیان. دژە بەکتریا بە شێوەیەکی گشتی دەتوانێت چارەسەری چەندین جۆری جیاواز لە هەوکردنی بەکتریا بکات. بەڵام بێگومان دژە بەکتریاکان کاریگەرییان لەسەر ڤایرۆسەکان نییە.

هەر دژە ڤایرۆسێک تەنها دژی ڤایرۆسێکی دیاریکراو کار دەکات. لەبەرئەوەی ڤایرۆسەکانی ناو خانەکان قورسترن بۆ بەئامانجکردن، دەرمانەکانی دژە ڤایرۆس زەحمەتترن بۆ گەشەکردن. هەربۆیە ژمارەی ڤایرۆسەکان زیاترن لە دەرمانی دژە ڤایرۆس بۆ چارەسەرکردنیان.

کاریگەرییە لاوەکییەکانی دژە ڤایرۆس چین؟

کاریگەرییە لاوەکییەکانی دژە ڤایرۆسەکان دەگۆڕێت بەپێی جۆری دەرمانەکە و بەهێزی دەرمانەکە. دەتوانیت ئەزموونی ئەمانە بکەیت:

  • کۆکە
  • وشکبوونی دەم
  • سکچوون
  • سەرگێژبوون
  • ماندوێتی
  • سەرئێشە
  • بێخەوی
  • ئازاری جومگەکان یان ئازاری ماسولکەکان
  • هێڵنجدان و ڕشانەوە
  • پێست ڕەشبوون

بەرگری دژی دژە ڤایرۆسەکان چییە؟

فەرامۆشکردنی ژەمەکان یان دەستپێکردن و وەستاندنی دەرمانی دژە ڤایرۆس دەتوانێت ڕێگە بە ڤایرۆس بدات بگۆڕێت و خۆی بگونجێنێت بۆ ئەوەی چیتر دژە ڤایرۆس کاریگەری نەبێت لەسەری، ئەمە پێیدەوترێت پەیدابوونی بەرگری دژی دژە ڤایرۆسەکان. ئەو کەسانەی کە بۆ ماوەیەکی درێژ دەرمانی دژە ڤایرۆسەکان وەردەگرن زیاتر بەرگری بەرامبەر دژە ڤایرۆس دروست دەکەن.

کێ دەبێت دەرمانی دژە ڤایرۆس وەرنەگرێت؟

دژە ڤایرۆسەکان دەرمانی سەلامەتن. منداڵانی تەمەن دوو هەفتە، هەروەها ئەو کەسانەی دووگیانن و شیر دەدەن، دەتوانن هەندێک دەرمانی دژە ڤایرۆس وەربگرن. ڕێنماییەکان بۆ ئەو کەسانەی نابێت دەرمانی دژە ڤایرۆس وەربگرن بەپێی دەرمانەکە دەگۆڕێت. دابینکەری تەندروستی دەتوانێت دیاری بکات کە ئایا دەرمانی دژە ڤایرۆس بۆ تۆ سەلامەتە یاخود نا.

دەرمانەکانی دژە ڤایرۆس دەتوانن چارەسەری هەندێک ڤایرۆس بکەن، کۆتایی بە نیشانەکانیان بهێنن. بۆ ئەو کەسانەی کە هەوکردنی ڤایرۆسی درێژخایەنیان هەیە، دەرمانی دژە ڤایرۆس دەتوانێت ڤایرۆسەکە ڕابگرێت لە زۆربوون و دروستبوونی کێشە و نیشانەکانی نەخۆشی. هەروەها دەرمانەکە ئەگەری تووشبوونی ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی دیکە کەم دەکاتەوە واتا گواستنەوەی ڤایرۆسەکە کەمدەکاتەوە. دابینکەری چاودێری تەندروستی لەوانەیە دژە ڤایرۆسێک بنوسێت وەک پێوانەی خۆپاراستن ئەگەر بەرکەوتنێکی ڤایرۆسی ناسراوت هەبێت. بەکارهێنانی دەرمانی دژە ڤایرۆس بۆ ماوەیەکی زۆر، یان بەکارنەهێنانی بەو شێوەیەی کە نووسراوە، دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی بەرگری دژی دژە ڤایرۆسەکان.


سەرچاوەکان



321 بینین