هەوکردنی جگەر جۆری B

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-07-12-18:02:00 - کۆدی بابەت: 9369
هەوکردنی جگەر جۆری B

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەوکردنی جگەری جۆری B یان هەوکردنی ڤایرۆسی جگەر جۆری B (بە ئینگلیزی: Hepatitis B) باوترین جۆری هەوکردنی جگەره لە جیهاندا. هەروەها یەکێکە لە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان (STD) واتە لە ڕێگەی سێکسەوە دەگوازرێتەوە و نەخۆشیییەکی کوشندە و مەترسیدارە. ئەم نەخۆشییە بەهۆی ڤایرۆسێکەوە بە ناوی (HBV) تووشی جگەر دەبێت. بەگشتی ساڵانە ٨٥٠٠٠٠ بۆ دوو ملیۆن کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووچاری دەبنەوه، هەموو ساڵێک نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە دەمرن، دەکرێت بەهۆی ڤاکسینی هەوکردنی جگەر جۆری B ئەگەری تووشبوون بە ٪٩٠ کەم بکات، و خراپترین جۆری هەوکردنی جگەر ئەم جۆرەیانە.

ڤایرۆسی B

ئەم ڤایرۆسەی کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە هەوکردنی جگەر لە جۆری B، سەر بە خێزانی (Hepa DNA virus)ـە تیرەکەی ٤٣ نانۆمەترە و بە پەردەیەکی حەوت نانۆمەتری داپۆشراوە. ڤایرۆسەکە سێ جۆری سەرەکی دژەپەیداکەری هەیە کە ئەمانەن:

  1. دژەپەیداکەری ڕووکەشی ڤایرۆسەکە (HBsAg)
  2. دژەپەیداکەری ناوەوەی ڤایرۆسەکە (HBcAg)
  3. دژەپەیداکەری ئی ڤایرۆسەکە (HBeAg)  کە ئەمە بەشێکە لە دژەپەیداکەری ناوەوەی ڤایرۆسەکە

جۆرەکانی هەوکردنی جگەری جۆری B

هەوکردنی کورتخایەن

ئەم جۆرەیان هەوکردنێکی کورتخایەنە و دوای شەش مانگ نەخۆشەکە باش دەبێتەوە، لە هەندێک حاڵەتەدا لەوانەیە نەخۆشەکە هیچ نیشانەیەکی نەبێت و هەندێک کەسیش بە چارەسەر وەرگرتن و خەواندن باش دەبن.

هەوکردنی درێژخایەن

ئەم جۆرە هەوکردنە درێژخایەنە، و کاتێک ڤایرۆسەکە لە شەش مانگ زیاتر لەناو جەستەی نەخۆشەکەدا ماوەیە ئەوا دووچاری هەوکردنی درێژخایەن بووەتەوە و تاکوو کۆتایی تەمەنی ڤایرۆسەکە لە جەستەیدا دەمێنێتەوە. بەگشتی تاکوو تەمەنی کەسەکە کەمتر بێت ئەگەری تووشبوونی بە هەوکردنی جۆری درێژخایەن زیاتر دەبێت، و ٩٠٪ ئەو منداڵە تازەلەدایکبووانەی تووشی هەوکردنی جگەری جۆری B دەبن دەبێتە درێژخایەن تێیاندا.
کاتێک کەسی تووشبوو تەمەنی لە سەرووی ٥ ساڵەوە بێت مەترسی تووشبوونی بە هەوکردنی درێژخایەن ٦٪ بۆ ١٠٪ کەم دەکات. هەربۆیە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) و سەنتەری کۆنتڕۆڵ و ڕێگریکردن لە نەخۆشی (CDC) دەڵێن کە هەموو منداڵە تازەلەدایکبووەکان ١٢ بۆ ٢٤ کاتژمێر دوای لەدایکبوون، دەبێت یەکەمین ژەمی پێکوتەکەیان لێ بدرێت. ژەمەکانی تر لە یەک بۆ دوو مانگی و شەش بۆ ١٨ مانگی دەبێت.

نیشانەکان

بەگشتی نیوەی تووشبووانی هەوکردنی جگەر جۆری B لە جۆری کورتخایەن هیچ جۆرە نیشانەیەکیان نابێت، بەڵام لە هەندێک حاڵەتیشدا لەوانەیە نیشانەکان دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ دەربکەون و نیشانەکان بەگشتی چەند هەفتەیەک بەردەوامییان دەبێت و هەندێکیشیان لەوانەیە تاکوو شەش مانگ درێژە بکێشێت، کە نیشانەکان ئەمانەن:

  • تا
  • ماندوویەتی
  • لەدەستدانی حەزی خواردن
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە
  • ئازاری سک
  • تۆخبوونی ڕەنگی میز
  • ئازاری جومگەکان
  • زەردبوونی ڕەنگی پێست و سپێنەی چاو

زۆرینەی تووشبووانی جۆری درێژخایەنیش هیچ نیشانەیەکیان نییە و هەست بە هیچ ناکەن، ئەمە لەوانەیە بەردەوام بێت تاکوو بەتەواوی جگەر لە کار دەکەوێت ١٥٪ـی ئەو کەسانەی تووشبووی هەوکردنی درێژخایەنی جگەرن لە جۆری B بەبێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکیان هەبێت، لە ئەنجامدا بەهۆی کێشەی گەورەی جگەر وەک، ئەستووربوونی شانەکانی جگەر یاخود بەمۆمبوونی جگەر (Cirrhosis) و شێرپەنجەی جگەر (liver cancer) و زۆرجار نەخۆشەکە بەهۆی ئەمانەوە گیان لەدەست دەدات.

تووشبوون و گواستنەوە

هۆکاری تووشبوون بەم ڤایرۆسە بریتییە هاتنە ناوەوەی ڤایرۆسی B بۆ ناو جەستەی کەسەکە. کە ئەویش لە چەند ڕێگایەکەوە دەکرێت ئەم ڤایرۆسە بێتە جەستەوە کە ئەمانەن:

پەیوەندی سێکسی

باوترین ڕێگا بۆ گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە جووتبوونە، هەبوونی پەیوەندی سێکسی لەگەڵ کەسی تووشبوودا ڤایرۆسەکە دەگوازێتەوە.

بەکارهێنانی سرنجی بەکارهاتوو

کاتێک سرنجێکی پیسبوو بۆ کەسێکی تر بەکاردێت و ئەو کەسە تووشبووی ئەم هەوکردنەیە، وادەکات ڤایرۆسەکە بۆ کەسە ساغەکەش بگووازرێتەوە، کاتێک سرنجێک بەکارهاتووە بۆ کەسێکی تووشبوو و پاشان هەمان سرنج نابێت بەکاربهێنرێت چونکە کەسانی تریش تووش دەکات. هەروەها بەکارهێنانی سرنجی ئالوودە لە کاتی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکاندا.

نەبوونی پێکوتە (ڤاکسین)

ڤایرۆسی جۆری B بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ دەتوانێت لە دەرەوەی جەستەی مرۆڤدا بژی. بۆیە ئەگەر کەسێک پێکوتەی ئەم ڤایرۆسەی وەرنەگرتبێت و بەرکەوتەی ڤایرۆسەکە بێت لە دەرەوە بەئاسانی تووش دەبێت.

لە دایکەوە بۆ منداڵ

بەزۆری ئەم ڤایرۆسە لە کاتی منداڵبووندا لە دایکی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکە و منداڵەکەش تووش دەکات.

بەرکەوتن بە خوێن

بەرکەوتنی شلەی جەستەت بە خوێنی کەسی تووشبوو دەبێتە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە. هەروەها گواستنەوەی خوێنی تووشبوو بۆ کەسێکی ساغ، بەتایبەت ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشی درێژخایەنی خوێنیان هەیە و بەردەوام پێویستیان بە وەرگرتنی خوێن هەیە.

تاتۆکردن

بەکارهێنانی یەک دەرزی تاتۆ بۆ زیاتر لە یەک کەس ئەگەری تووشبوون زۆر زیاد دەکات.

دەستنیشانکردن

بەتەنها بە نیشانە جەستەییەکان ناتوانرێت دەستنیشانی نەخۆشییەکە بکرێت، چونکە بەگشتی جۆرەکانی تری ڤایرۆسی جگەریش هەمان نیشانەیان هەیە، لە ڕێگەی خوێنەوە پشکنین دەکرێت بۆ کەسی تووشبوو و بەدواداچوون دەکرێت بۆ دژەتەن و دژەپەیداکەرەکانی نەخۆشەکە.

  1. دژەپەیداکەری HBsAg یاخود دژەپەیداکەری ڕووکەشی ڤایرۆسی جگەر جۆری B یەکەمین نیشانەی سیرۆلۆجی (serology)ـیە کە زانستی سیڕەم و بەکارهێنانی سیڕەمە له پشکنینەکاندا، کە بەهۆی هەوکردنی کورتخایەنەوە دەردەکەوێت، ئەم دژەپەیداکەرە بەنزیکەیی دوای تێپەڕینی مانگێک لەوەی کە کەسەکە تووشی ڤایرۆسەکە بووە لە جەستەدا دەردەکەوێت و یەک بۆ نۆ هەفتە دوای دەرکەوتنی دەتوانرێت بناسرێتەوە، و هەر دەمێنێتەوە تاکوو قۆناغی پێش چاکبوونەوە. ئەنجامی پشکنینی HBsAg بەنزیکەیی بۆ ئەو کەسانەی کە خۆیان و بەبێ ڕێگاچارە چاکبوونەتەوە لە هەوکردن نێگەتیڤ دەردەچێت. بەڵام ئەم ڤایرۆسە لە قۆناغی درێژخایەنی نەخۆشییەکە بەبەردەوامی لەناو خوێندا هەیە. واتە ئەو کەسانەی HBsAg و Anti HBcAgـیان بۆ ماوەی نۆ مانگ پۆزەتیڤە ئەوا واتە تووشی هەوکردنی درێژخایەنی ڤایرۆسەکە بوون 
  2. بەدواداچوون بۆ HBsAb دژەتەنی ڕووکەشی ڤایرۆسی جگەری جۆری B لەدوای ونبوونی HBsAg لە کەسەکەدا دەردەکەوێت، ئەو نەخۆشانەی کە دوای تووشبوون بە هەوکردنی کورتخایەنی جگەر جۆری B توانیویانە چاک ببنەوە و نەخۆشییەکە تێ بپەڕێنن. ئەم دژەتەنە لە جەستەیاندا هەیه. هەبوونی ئەم دژەتەنە لە جەستەدا نیشانەی چاکبوونەوەیە و دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە بەرگری پەیدا بکات دژی ڤایرۆسەکە.
  3. دژەپەیداکەری ‌HBcAg یاخود دژەپەیداکەری ناوەوە ئەمەیان لەناو خوێندا نابینرێت و لە خانەکانی جگەردایە. دژەتەنی ناوەوە دوو جۆری هەیە ئەوانیش IGg و IGm.
    جۆری IGg لە سەرەتای نەخۆشییەکە لەناو خوێندا بۆ ماوەیەکی کورت دەردەکەوێت، و دواتر بۆ ماوەی چەند مانگێک جۆری IGg دەردەکەوێت. 
  4. هەبوونی HBeAg واتای توندی و بەرزی هەوکردنەکەیە و ڤایرۆسەکان بەخێرایی زیاد دەکەن و خەڵکی بە ئاسانی تووش دەکەن. هەروەها بوونی دژەتەنی Anti HBe واتای کەمی دابەشبوونی ڤایرۆسەکانە و واتە کەمتر خەڵک تووش دەکات، و هەردووکیان لە قۆناغی درێژخایەن دەبینرێن.

چارەسەر

تاکوو ئێستا هیچ چارەسەرێک بۆ نەخۆشییەکە نەدۆزراوەتەوە و ئەوەی هەیە تەنها دواخستنی لێکەوتە خراپەکان و نەهێشتنی نیشانە و یارمەتیدانی نەخۆشەکەیە وەک:

  1. پێدانی خۆراکی تەندروست و خواردنەوەی زۆر بۆ ئەوەی قەرەبووی لەدەستدانی ئەو شلەیە بگرێتەوه کە بەهۆی ڕشانەوەوە تووش بووە.
  2. دوورکەتنەوە لە بەکارهێنانی هەر دەرمانێک بەبێ پرسی پزیشک بەتایبەت پاراسیتامۆڵ و ئەو دەرمانانەی بۆ نەهێشتنی دڵتێکچوون و ڕشانەوە بەکاردێن، چونکە ئەمانە دەبنە هۆی هەوکردنی زیاتری جگەر.

لێکەوتەکان

  • تووشبوون بە هەوکردنی جگەر جۆری D کە بەهۆی جۆری B ڕوودەدات
  • بەمۆمبوونی جگەر
  • تێکچوونی جگەر
  • شێرپەنجەی جگەر
  • مردن

پێکوتە (ڤاکسین)

پێکوتەی ڤایرۆسی جۆری B سوودێکی زۆری هەیە بۆ ڕێگریکردن لە تووشبوون و کەمکردنەوەی نەخۆشییەکە. پێکوتەکە بۆ هەموو تەمەنەکان گونجاوە، بە ڕێژەی ٩٠٪ پارێزگاری لە تووشبوون دەکات، پێکوتەکە بە سێ ژەمی جیا لە ڕێگەی ماسولکەوە دەدرێت.
ژەمی سفر بۆ دروستکردنی بەرگرییە بە ڕێژەی ١٠٪، و دوای مانگێک ژەمی یەکەم دەدرێت ئەویش بەرگری بەڕێژەی ٧٥٪ دروست دەکات، و دوای شەش مانگ ژەمی دووەم دەدرێت بۆ دروستکردنی بەرگری بەڕێژەی ٩٠٪.

ئەو کەسانە کێن کە پێویستە پێکوتەیان بۆ بکرێت؟

  • هەموو منداڵێک لە کاتی لەدایکبووندا
  • ئەو منداڵ و گەنجانەی کە لە کاتی لەدایکبوونیاندا پێکوتەیان بۆ نەکراوە
  • ئەو کەسانەی لەژێر چارەسەری نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکاندان
  • پزیشکان و کارمەندان کە لە هەر بوارێکدا کار دەکەن و مامەڵە لەگەڵ خوێندا دەکەن
  • کەسانی هاوڕەگەزخواز
  • کەسانی تووشبوو بە ئایدز
  • کەسانی ئالوودە بە ماددە هۆشبەرەکان
  • ئەو کەسانەی نزیکێکیان تووشبووی ئەم ڤایرۆسەیە
  • کەسانێک کە تووشبووی نەخۆشییە درێژخایەنەکانن

ڕێگریکردن

  • دوورکەتنەوە لەو کەسانەی تووشبووی ڤایرۆسەکان
  • گەشت نەکردن بۆ ئەو شوێنانەی کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تێیاندا زۆرە
  • بەکارنەهێنانی ماددەی هۆشبەر
  • دوورکەوتنەوە لە پەیوەندی سێکسی ناشەرعی
  • بەکارهێنانی کۆندۆم لە کاتی جووتبوون لەگەڵ کەسی تووشبوودا
  • وەرنەگرەتی خوێنی کەسی تووشبوو
  • دوورکەتنەوە لەو شوێنانەی تاتۆیان تێدا دەکرێت
  • دوورکەتنەوە لە سەنتەرەکانی مەساج و شوێنەکانی لەشفرۆشی
  • بەکارهێنانی دەستکێش و خۆپاراستنی پزیشک و کارمەندان لە نەخۆشخانەکاندا
  • بەکارنەهێنانی مەکینەی ڕیشتاشین، مووس، فڵچەی دانی کەسانی تر
  • پێویستە هەموو کەسێک لە کاتی چوونی بۆ سەنتەرەکانی چارەسەر بەتایبەت سەنتەری ددان، پشکنینی ڤایرۆسەکە بکات


سەرچاوەکان



2495 بینین