چەند ڕێنماییەکی تەندروستی تایبەت بە ڕەمەزان

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-03-03-23:01:00 - کۆدی بابەت: 12057
چەند ڕێنماییەکی تەندروستی تایبەت بە ڕەمەزان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چەند ڕێنماییەکی تەندروستی تایبەت بە ڕەمەزان (بە عەرەبی: بعض النصائح الصحية لشهر رمضان، بە ئینگلیزی: Some health tips for Ramadan)، ڕۆژووگرتن لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا بە یەکێک لەو عیبادەتانە دادەنرێت کە خودای گەورە بەسەر موسوڵمانانیدا سەپاندووە و سەرەڕای بڵاوبوونەوەی چەندین لێکۆڵینەوە لەسەر سوودە تەندروستییەکانی ڕۆژوو وەک ڕزگارکردنی جەستە لە ژەهرەکان، بەڵام زۆرکەس لە ئەنجامی پەیڕەوکردنی ڕەفتار و خووی هەەی خواردن لە سەرەتای مانگی ڕەمەزان تووشی کێشەی تەندروستی دەبن.

ئامۆژگاری تەندروستی بۆ مانگی ڕەمەزان

  • نانی ئێوارە بە خواردنی یەک یان سێ خورما دەست پێ بکە، دواتر کوپێک ئاو، پاشان خواردنی قاپێک شۆربا، دواتریش جۆرێک لە زەڵاتە کە باشترە زەڵاتەی سەوزە بێت و لە کۆتاییدا خواردنی سەرەکیت بخۆ. 
  • هەوڵبدە لە مانگی ڕەمەزاندا خواردنی تەندروست بخۆ و دڵنیابە لەوەی خواردنی سەرەکی سەرچاوەی هاوسەنگی کاربۆهیدراتی تێدایە وەک پەتاتە، بروکلی یان برنج، ئەمە جگە لەو خۆراکانەی کە جۆرێک پرۆتینی تێدایە وەک مریشک و سەوزەی کوڵاو، بۆ ئەوەی لەش ڤیتامین و کانزاکان دابین بکات.
  • لە مانگی ڕەمەزاندا بڕێکی زۆر ئاو بخۆرەوە، دڵنیابە کە بڕی خواردنەوەی ئاوەکەت لە هەشت کوپ کەمتر نەبێت. 
  • دوور بکەوەرەوە لە خواردنی خۆراکی بەهارات یان خوێ، وەک خواردنی قوتوو و ترشیات و هەروەها تا دەتوانیت سەوزە و میوەی تازە بەکاربهێنە. 
  • هەوڵبدە ڕۆژانە دوای دوو کاتژمێر لە خواردنی نانی ئێوارە بچۆرە دەرەوە، بۆ ئەوەی یارمەتی گەدەت بدات بۆ هەرسکردنی خواردن. 
  • ئەو خۆراکانە بخۆ کە کاربۆهیدراتی هێواش مژینی تێدایە، وەک دانەوێڵەی تەواو و نان، بۆ ئەوەی ئاستی شەکری خوێن بە باشی بپارێزرێت. 
  • ڕاستەوخۆ دوای ژەمی ئێواران دوور بکەوەرەوە لە خواردنی شیرینی، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی زیادبوونی قەبارەی گەدەت، هەروەها پرۆسەی هەرسکردنی خۆراک دوادەخات، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە هۆی هەڵاوسان لە ڕێژەی گلوکۆز لە خوێندا و بەم شێوەیەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئارەزووی خواردنی زۆر و بڕی شیرینی زیادە، بۆیە باشترە بڕێکی مامناوەند بخورێت.
  • خواردنی ئەو خواردنانەی دانەوێڵە و سەوزەی جۆراوجۆریان تێدایە بۆ ئەوەی تووشی قەبزی نەبن، ئەمەش زۆرجار کاریگەری لەسەر ڕۆژووانان دەبێت لە ئەنجامی گۆڕینی ڕۆتینی خواردنیان. 
  • کەمکردنەوەی خواردنی خۆراکی سوورکراوە لەبەرئەوەی کالۆری زۆریان تێدایە. 
  • زیادەڕەوی لە بڕی ئەو خۆراکانە مەکە کە لە کاتی نانی ئێوارەدا دەیخۆیت، بۆ ئەوەی هەست بە تێری نەکەیت، هەروەها شوێن بۆ خواردنی ژەمە سووکەکان لە نێوان نانی ئێوارە و پارشێودا جێبهێڵە بۆ ئەوەی هەرسکردن لە گەدەتدا ئاسانتر بێت. 
  • دوور بکەوەرەوە لە خواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی کە ڕێژەیەکی زۆر کافاینییان تێدایە، چونکە بەرهەمهێنانی میز زیاد دەکات و بەمەش ڕێژەی ئاو لە لەشدا کەم دەکاتەوە.

چۆن بزانین توانامان هەیە کە بەڕۆژووبین یاخود نا؟

هەندێک کەس هەن کە پێویستە پێش دەستپێکردنی بەڕۆژووبوون لە مانگی ڕەمەزان ڕاوێژ بە پزیشک بکەن، بۆ ئەوەی پشتڕاستی بکەنەوە کە ئایا ڕۆژووگرتن گونجاوە بۆ باری تەندروستیان یان نا، کە ئەم جۆرە کەسانەش بریتین لە:

  • ئافرەتی دووگیان
  • بەساڵاچوو
  • ژنانی شیردەر
  • یان تووشبووانی شەکرە.


سەرچاوەکان



125 بینین