دەرووندروستی خوێندکار

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-03-11-14:02:00 - کۆدی بابەت: 12092
دەرووندروستی خوێندکار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەرووندروستی خوێندکار (بە عەرەبی: الصحة النفسية للطلاب، بە ئینگلیزی: Student mental health)، تەندروستی دەروونی کاریگەری هەیە لەسەر دەروونی مرۆڤەکان، کاریگەری لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوە و ڕەفتارەکان هەیە، هەروەها کاریگەری لەسەر کارلێکردن هەیە لەگەڵ ئەوانی تردا.

سوودەکانی دەرووندروستی ئەرێنی لە خوێندکاراندا

  • بەرهەمداربوون: خوێندکاران بە بەرهەمتر دەبن و دەستکەوتی ئەکادیمییان زیاتر دەبێت.
  • توانای مامەڵەکردن لەگەڵ فشارەکان: خوێندکاران دەتوانن مامەڵە لەگەڵ فشارە دەروونییەکان بکەن و بە شێوەیەکی تەندروست چارەسەری بکەن.
  • زیاد بوونی متمانە بەخۆبوون لە خوێندکاراندا: خوێندکاران زیاتر هەست بە تواناکانی خۆیان دەکەن و متمانە بەخۆبوونیان زیاتر دەبێت.
  • بەشدارییکردن لە پۆلدا: خوێندکاران بەشداری لە چالاکییەکانی خوێندن و هەروەها بەشداری دەکەن لە پۆلدا.

بۆچی تەندروستی دەروونی گرنگە بۆ خوێندکاران؟

١- دەستکەوتی ئەکادیمی خوێندکار

دەرووندروستی خوێندکار کاریگەری لەسەر دەستکەوتی ئەکادیمی خوێندکار هەیە، ئەو خوێندکارانەی کە تەندروستی دەروونی باشیان هەیە ئامادەی فێربوونن، ئەوان زیاتر متمانەیان بەخۆیانە و هاندەدرێن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە پەروەردەییەکان. خوێندکارێک کە تەندروستییەکی دەروونی خراپی هەیە یان نەخۆشییەکی دەروونی هەیە لەوانەیە کێشەی سەرنجدان و بیرکردنەوەی و چارەسەری کێشەی هەبێت، هەروەها دەرووندروستی کاریگەری لەسەر ڕێژەی خوێندکار و تەنانەت ڕێژەی دەرچوونیش هەیە.

٢- دەستنیشانکردنی پێش وەختە

بەپێی کۆمەڵەی دەروونپزیشکی ئەمریکی، لە سەدا پەنجای نەخۆشییە دەروونییەکان لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا دەست پێدەکات و سێ لەسەر چواری لە تەمەنی ٢٤ ساڵییدا دەست پێدەکات، بۆ زۆربەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دەروونییان هەیە، نیشانەکان لەو کاتەدا دەستپێدەکەن کە هێشتا لە قوتابخانەدان. تا زووتر کێشەی دەرووندروستی دەستنیشان بکرێت و چارەسەر بکرێت ئەوا باشتر دەبێت، دایک و باوک، مامۆستایان و بەڕێوەبەرایەنی قوتابخانەکان دەتوانن ڕێڕەوی ژیانی خوێندکارێک بگۆڕن بە ئاگاداربوون لەو کاتەی کەسێک پێویستی بە یارمەتی هەیە و دواتر پاڵپشتیان بکەن.

٣- بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەروونی و پەروەردەیی

لێرەدا پێویستە مامۆستا و خوێندکار وەڵامی ئەم پرسیارانە بزانن تاوەکو هۆشیارییان دەربارەی دەرووندروستی هەبێت.

  • دەرووندروستی چییە؟
  • چۆن یارمەتی خوێندکارێک دەدەیت کە گرفتی تەندروستیدەروونی هەیە؟
  • چۆن نیشانەکان دەرووندروستی دەناسییتەوە؟
  • چۆن و لە کوێ یارمەتییان پێشکەش دەکەیت؟

٤- خۆپاراستن

نەخۆشییە دەروونییە چارەسەرنەکراوەکان دەتوانن دەرئەنجامی مەترسییداریان هەبێت، کە بریتین لە خۆکوشتن، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و کهول، قوتابخانەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە ڕێگریکردن لەو دەرئەنجامانە، لە ڕێگای دەستنیشانکردنی پێشوەختە، دابینکردنی پێداویستییەکانی تەندروستی دەروونی، هۆشیاری دەروونی و پەروەردەیی، قوتابخانەکان دەتوانن یارمەتی قوتابیان بدەن ژیانێکی تەندروست و بەختەوەر و بەرهەمداریان هەبێت.

چۆن چاودێری تەندروستی دەروونی خۆت دەکەیت؟

  • قسەکردن لەگەڵ کەسانی متمانە پێکراو.
  • گرنگیدان بە تەندروستی جەستەیی.
  • خەوێکی باش و تەندروست.
  • خۆراکی بەسوود.
  • چالاکی جەستەیی.
  • ڕاهێنانی هەناسەدان.


سەرچاوەکان



128 بینین