ناوهڕۆك
سەرەتا
ڤایرۆسی ئیبۆلا (بە ئینگلیزی: Ebola virus) ئەم ڤایرۆسە سەرەتا لە ساڵی ١٩٧٦ لەنزیک ڕووباری ئیبۆلا کە دواتر بووەتە دیموکراتی کۆماری کۆنگۆ دۆزراوەتەوە. کات لە دوای کات مرۆڤی تووشی نەخۆشیی کردووە، نەخۆشییەکە بۆ وڵاتانی ئەفریقا گواستراوەتەوە. زانایان دڵنیا نین لەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە. لەسەر بنەمای ڤایرۆسە هاوشێوەکان، باوەڕیان وایە کە ڤایرۆسی ئیبۆلا ڤایرۆسێکی ئاژەڵە و شەمشەمەکوێرە و پێشەنگەکان جگە لە مرۆڤ سەرچاوەی سەرەکی پەیدابوونی ڤایرۆسەکەن.
ئەو ئاژەڵانەی کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن دەتوانن بۆ مرۆڤ و مەیموون و ئاژەڵانی تری بگوازنەوە. دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوکردنێکی زۆر، تێکشکاندنی شانەکانی جەستە و دروستبوونی کێشە لە مەیینی خوێندا بەم هۆیەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە خوێنبەربوونی ناوەکی. تەنیا چوار جۆری ڤایرۆسی ئیبۆلا دەتوانن مرۆڤ تووشی نەخۆشی بکەن.
گواستنەوەی ڤایرۆسەکە
سەرەتا ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێن، شلەکانی جەستە و شانەکانی جەستەی ئاژەڵ بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە. دواتر لە ڕێگەی بەرکەوتن بە شلەی جەستەی ئەو مرۆڤانەی هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون یان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەست داوە بۆ مرۆڤێکی تر گواستراوەتەوە. ئەم شێوازی گواستنەوەیە کاتێک ڕوودەدات کە مرۆڤێک بەرکەوتنی لەگەڵ ئەو شلە تووشبووەی جەستە یان کەلوپەلانە کە تووشبووی ئەم ڤایرۆسەن دەبێت، دواتر ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی تێکشکاندنی پێست یان لینجە ماددەی چاو، لووت و دەم دەچێتە جەستەوە. هەروەها دەکرێت کەسێک تووشی ئەم ڤایرۆسە ببێت لەڕێگەی پەیوەندی سێکسی لەگەڵ کەسێک کە تووشبووی ڤایرۆسەکەیە یان لە ڤایرۆسەکە چاک بۆتەوە. ڤایرۆسەکە لەدوای چاکبوونەوەی کەسی تووشبوو دەتوانێت لە شلەی تۆواودا بمێنێتەوە هەر لەبەر ئەمەشە دەکرێت لەڕێی پەیوەندی سێکسی لەگەڵ کەسێک کە پێشتر تووشبووی نەخۆشییەکە بووە و چاکبۆتەوە بگواسترێتەوە.
خۆپارێزی لە ڤایرۆسی ئیبۆلا
- ئەگەر گەشتت بۆ ناوچەیەک کرد کە ڤایرۆسی ئیبۆلا تیایدا بڵاوە، پێش ئەوەی گەشت بکەیت پێویستە لە کەسانی شارەزا زانیاری وەربگریت. باشترە ئەم کارە ٤ بۆ ٦ هەفتە پێش ئەنجامدانی گەشتەکە ئەنجام بدرێت.
- بەبەردەوامی دەستەکانت بشۆ.
- شۆردنەوەی میوەکان بە باشی.
- هەوڵبدە خۆت لەو کەسانە بەدوور بگریت کە نیشانەی ڤایرۆسەکەیان هەیە.
- بەکارهێنانی کۆندۆم یان کەرەستەی تر لە کاتی ئەنجامدانی پەیوەندی سێکسی لەگەڵ کەسێک کە پێشتر تووشبووی ڤایرۆسەکە بووە.
- نەخواردنی گۆشتی ئاژەڵی باش نەکوڵاو لەو ناوچانەدا کە ڤایرۆسەکە تێیدا بڵاوە.
- دەست نەدان لە کەرەستەکانی وەک جلوبەرگ و جێگەی نووستنی ئەو کەسانەی کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن.
- هەڵنەگرتنی ئاژەڵانی وەک شەمشەمەکوێرە و مەیموون.
نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیبۆلا
نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیبۆلا دوای دوو بۆ ٢١ ڕۆژ لە دوای بەرکەوتن بە ڤایرۆسەکە دەردەکەون. باوترین نیشانەکان بریتین لە:
- تای بەرز
- سەرئێشە
- هەستکردن بە بێ توانایی
- ئازاری گەدە
- سوووربوونەوەی پێست
- زەردبوونی پێست و چاوەکان
- خوێن لە پیسایدا
- شینبوونەوەی پێست
- خوێنبەربوونی گوێ، چاو، لووت و دەم
چارەسەر
تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیبۆلا بارودۆخێکی بە پەلەیە و پێویستی بە چارەسەری بە پەلە هەیە. لە هەموو بارودۆخەکاندا پێویستە نەخۆشەکە لە نەخۆشخانە بمێنێتە و لەژێر چاودێری پزیشکدا بێت. هەندێک لە چارەسەرەکان بریتین لە کەمکردنەوەی نیشانەکان وەک
- هەوڵدانی باشترکردنی هەناسەدانی نەخۆشەکە.
- لەڕێگەی خوێنهێنەرەکانەوە ماددەی شل بە نەخۆشەکە دەدرێت، تاکوو ڕێگە لە وشکبوونەوەی بگیرێت.
کوتاو یان ڤاکسین دژی ئەم ڤایرۆسە هەیە. گەنجان لە تەمەنی ١٨ ساڵی یان زیاتر کە لەبەردەم مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەدان و توێژەرەکان کە لەسەر ئەم جۆرە ڤایرۆسە لە تاقیگەدا کار دەکەن دەبێت کوتاو یان ڤاکسین وەربگرن.