ئەتلەنتا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-03-26-16:51:00 - کۆدی بابەت: 12311
ئەتلەنتا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەتلەنتا (بە ئینگلیزی: Atlanta، بە عەرەبی: أطلنطا)، پایتەخت و قەرەباڵغترین شاری ویلایەتی جۆرجیایە لە ئەمریکا. ناوەندی بەڕێوبەرایەتی فولتۆن کاونتیە، کە قەرەباڵغترین کاونتیی جۆرجیایە، سەرەڕای ئەوەش بەشێک لە شارەکە درێژدەبێتەوە بۆ دیکاڵب کاونتی دراوسێ. هەروەها ٤٩٨٧١٥ کەس لە سنووری شارەکەدا نیشتەجێن، شارەکە هەشتەم قەرەباڵغترین شاری باشووری ڕۆژهەڵات و ٣٨ـەم قەرەباڵغترین شاری ئەمریکایە بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکا. ئەم شارە ناوەندی گەورەناوچەیەکی زۆر گەورەتری ئەتلەنتایە، کە زیاتر لە ٦.١ ملیۆن کەسی لێ دەژی، بەمەش دەبێتە هەشتەم گەورەترین گەورەناوچەی ئەمریکا. ئەتلەنتا لە نێو گردەکانی بناری چیاکانی ئەپالاچیاندا هەڵکەوتووە و زیاتر لە ٣٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. شارەکە بە تۆپۆگرافیایەکی ناوازە تایبەتمەندە كە گردە پێچ‌خواردووەکان و درەختە چڕوپڕەکان لەخۆ دەگرێت، هەروەها یەکێکە لەو شارانەی ئەمریکا کە زۆرترین ڕووبەری بە درەختەکان داگیرکراوە.

مێژووی شارەکە

ئەتلەنتا لە سەرەتادا وەک دواوێسگەی هێڵی ئاسنی دامەزرا، بەڵام زۆری نەخایاند بووە خاڵی یەکگرتن لە نێوان چەندین هێڵی ئاسن و گەشەی بەخۆیەوە بینی. گەورەترین هێڵی ئاسنی ڕۆژئاوا و ئەتڵەسی بوو، کە ناوی "ئەتلەنتا"ـی لێ وەرگیراوە، ئەمەش ئاماژە بەوە دەکات کە شارەکە وەک ناوەندێکی سەرەکی گواستنەوە گەشەی سەندوە. ئەم شارە لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا، ڕۆڵێکی گرنگی ستراتیجی بۆ هاوپەیمانان بینی تا ئەو کاتەی لە ساڵی ١٨٦٤ـدا گیرا. شارەکە بەنزیکەیی تەواو سوتێنرا، بەڵام لە دوای جەنگ بوژایەوە و بە خێرایی بووە ناوەندێکی پیشەسازی نیشتیمانی و پایتەختی نافەرمی "باشووری نوێ"، هەروەها دوای جەنگی جیهانیی دووەم بوو بە ناوەندێکی بەرهەمهێنان و تەکنەلۆجیا. پاشان و لە ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠ـدا، بوو بە ناوەندێکی سەرەکی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەشدا مارتن لوتێر کینگ جونیۆر، رالف دەیڤد ئابێرناتی و زۆرێک لە خەڵکی دیکەی ناوچەکە بوونە کەسایەتی دیاری بزووتنەوەکە. لە ئێستاشدا، وەک ناوەندێکی سەرەکی گواستنەوە ماوەتەوە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هارتسفیڵد-جاکسۆن ئەتلەنتا لە ساڵی ١٩٩٨ـدا قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەی جیهان بوو.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی ئەتلەنتا لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکادا ٤٩٨.٧١٥ کەس بوو و پێکهاتە ڕەگەزییەکانی دانیشتووانی شارەکە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • ڕەش پێست یان ئەمریکی ئەفریقی: ٥١.٠%
  • سپی پێست: ٤٠.٩%
  • ئاسیایی: ٤.٢%
  • ئەمریکی ڕەسەن: ٠.٣%
  • ڕەگەزەکانی تر: ١.٠%
  • ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەبوو: ٢.٤%
  • هیسپانی لە هەر ڕەگەزێکدا: ٦.٠%

داهات

داهاتی مامناوەندی هەر خێزانێک لە ئەتلەنتادا ٦٦.٦٥٧ دۆلار و داهاتی مامناوەندی هەر تاکێک لە شارەکەدا ٥٤.٤١٤ دۆلار بوو. جگە لەوەش، لە سەدا ٢٠.٢ـی دانیشتووانی شارەکە لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژیان.

مێژووی دانیشتووان

ڕەش پێست یان ئەمریکی ئەفریقی

لە ساڵانی ١٩٢٠ـدا، ژمارەی دانیشتووە ڕەش پێستەکانی گەورەشاری ئەتلەنتا بەرزبوویەوە و لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـدا ئەتلەنتا چوارەم شاری وڵات بوو کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە ڕەش پێستەکان پێکهاتبوو. ئەمریکییە ئەفریقییەکان لە ساڵی ١٩٧٠ـاوە تا ئێستا لە کالیفۆرنیا و باکوورەوە کۆچ دەکەن بۆ ناوچەکە. ئەم شارە لە مێژە وەک ناوەندێکی دەسەڵاتی سیاسی ئەفریقی‌-ئەمریکی، پەروەردە، بوژانەوەی ئابووری و کولتوور ناسراوە و زۆرجار پێی دەوترێت بلاک مەککە. لە ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠١٠، ژمارەی دانیشتووانی ڕەش پێستی شارەکە ٣١.٦٧٨ کەس کەمیکرد‌، لە ساڵی ٢٠٠٠ ڕەش پێستەکان ٦١.٤%ـی دانیشتوانیان پێکهێنابوو، ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠١٠ بۆ ٥٤.٠% دابەزی. جگە لەوەش، ئەتلەنتا نیشتیمانی کۆمەڵگەیەکی گەورەی کۆچبەری ئەفریقییە کە لەدایکبووی وڵاتە ئەفریقییەکانن و ژمارەیان لەزیادبووندایە.

سپی پێست

لە هەمان کاتدا، ژمارەی دانیشتووانی سپی پێستی ئەتلەنتا زیادی کردووە. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٠ـدا، ڕێژەی سپی پێستەکان لە شارەکەدا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. لەو دەیەدا، دانیشتووانی سپی پێستی ئەتلەنتا لە ٣١% بۆ ٣٨%ـی دانیشتووان گەشەی کردووە، کە ٢٢.٧٥٣ کەس بوو، ئەم زیادبوونەش بە بەراورد بە ساڵانی ١٩٩٠ و ٢٠٠٠ زیاتر لە سێ ئەوەندەیە.

هیسپانی

ئەو کۆچبەرانەی کە سەرەتا لە دەرەوەی ئەمریکاوە هاتنە ئەتلەنتاوە زۆربەیان جوولەکە و یۆنانی بوون. لە ساڵی ١٩٧٠ـەوە، ژمارەی دانیشتووانی کۆچبەرانی هیسپانی، بەتایبەتی مەکسیکییەکان گەشەی خێرایان بەخۆیانەوە بینیوە. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە، کۆچبەرانی هیندستان، چین، کۆریای باشوور و جامایکا ڕوویان لە ناوچەی ئەتلەنتا کرد. ئەو وڵاتانی دیکەش کە کۆچبەرانی لێوە دێنە شارەکە بریتین لە ڤێتنام، ئێریتریا، نەیجیریا، کەنداوی عەرەبی، ئۆکرانیا و پۆڵەندا. سەرەڕای ئەوانەش، ئیتالییەکانی شارەکە کە کۆچبەرانی باکووری ئیتالیا لەخۆ دەگرن، زۆربەیان لە ساڵانی ١٨٩٠ـەوە لە ئەتلەنتا بوون؛ نوێترین کۆچی خەڵکی باشووری ئیتالیا لە ساڵی ١٩١٢ـدا بوو. ژمارەی دانیشتووانی هیسپانی و لاتینی لە ئەتلەنتا و گەورەناوچەی ئەتلەنتا بەخێرایی گەشە دەکات. گەورەترین باوباپیرانی هیسپانی لە ئەتلەنتا بریتین لە مەکسیکی، پۆرتۆ ڕیکۆیی و کوبای. هەروەها گەورەناوچەی ئەتلەنتا خاوەنی ١٩ـەهەم زۆرترین دانیشتووانی هیسپانییە لە وڵاتەکەدا و ژمارەیەکی گەشەسەندوو دانیشتووی ئەمریکی ئاسیایی لێ دەژی. زۆربەی ئاسیاییەکانی ئەتلەنتا بە ڕەچەڵەک هیندی، ڤێتنامی، چینی، کۆری، فلیپینی، پاکستانی و ژاپۆنین.

زمان

٨٣.٣%ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و سەرووتری ئەتلەنتا لە ماڵەوە تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسەیان کرد، لە کاتێکدا ٨.٨%ـی دانیشتووانی شارەکە بە زمانی ئیسپانی، ٣.٩%ـی دانیشتووان بە زمانێکی تری هیندۆئەورووپی و ٢.٨%ـی دانیشتووان بە زمانێکی ئاسیایی دوان. هەروەها ٧.٣%ـی دانیشتووانی شارەکە لە دەرەوەی وڵات لەدایکبوون (ئەم ڕێژەیەش ٨٦ـەم بەرزترین ڕێژەیە لە ئەمریکا).

خواستی ڕەگەزی

ئەتلەنتا کۆمەڵگەیەکی هاوڕەگەزخواز و دووڕەگەز و ڕەگەزگۆڕاو (LGBT)ـی گەشەسەندوو و هەمەچەشنی هەیە. بەپێی راپرسییەکی پەیمانگای ویلیامز، ئەتلەنتا لە دوای سان فرانسیسکۆ و سیاتڵ لە پلەی سێیەمی نێو شارە گەورەکانی ئەمریکادا بوو و ١٢.٨%ـی کۆی دانیشتووانەکەی خۆیان بە LGBT دەناسێنن.

ئایین

سەرەڕای ئەوەی لەڕووی مێژووییەوە ئەتلەنتا سەنتەری مەسیحیەتی پرۆتستانت بووە، بەڵام ئێستا زۆرێک لە ئایینەکان لە شارەکەدا پەیڕەو دەکرێن، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە دانیشتووانی نێودەوڵەتی لە شار و گەورەناوچەی ئەتلەنتا تابێت زیاتر و زیاتر دەبێت. بەپێی سەنتەری توێژینەوەی پیوو لە ساڵی ٢٠١٤ـدا نزیکەی ٦٣%ـی دانیشتووانی شارەکە بە پرۆتستانت دەستنیشانکران، بەڵام لە دەیەکانی ڕابردوودا بەهۆی هاتنی کۆچبەرانی نوێ بۆ ناوچەکە شوێنکەوتەکانی کڵێسای کاسۆلیکی زیادی کرد. هەروەها گەورەناوچەی ئەتلەنتا چەند ئایینێکی مەسیحی نەتەوەیی تێدایە، لەنێویاندا کڵێسای کۆری و هیندی. بەپێی دامەزراوەی توێژینەوەی ئایینی گشتیی ساڵی ٢٠٢٠، بەگشتی، ٧٣%ـی دانیشتووانی ئەتلەنتا خۆیان بە پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحیەت دەناسێنن؛ سەرەڕای ئەوەی ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووان بە بەردەوامی لە هەمەچەشنەبووندایە، بەڵام کڵێسا پرۆتستانتییە ئەمریکییە ئەفریقییەکان شان بە شانی کڵێساکانی بلاک کاسۆلیک بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە بە تەواوی گەورەناوچەکەدا. بەپێی هەردوو لێکۆڵینەوەکە ئایینە نامەسیحییە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی شارەکە بریتین لە جوولەکە و ئیسلام و هیندۆسی. بە شێوەیەکی گشتی زیاتر لە هەزار شوێنی پەرستن لە ناو ئەتلەنتادا هەیە.

ئابووری شارەکە

تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) ئەتلەنتا ٤٠٦ ملیار دۆلارە، بەمەش دەبێتە دەیەم گەورەترین ئابووری نێو شارەکانی ئەمریکا و ٢٠ـەم گەورەترین ئابووری لە جیهاندا. ئابووریی شارەکە هەمەچەشنە و کەرتە سەرەکییەکانی لە پیشەسازییەکاندا بریتیین لە گواستنەوە، فڕۆکەوانی، لۆجستی، چاودێری تەندروستی، هەواڵ و میدیا، بەرهەمهێنانی فیلم و تەلەفزیۆن، تەکنەلۆجیای زانیاری، دارایی و توێژینەوەی بایۆمێدیکاڵ و سیاسەتی گشتی. کۆمپانیاکان ڕۆڵێکی سەرەکی لە ئابووری ئەتلەنتادا دەگێڕن، ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای فۆڕچن ٥٠٠ لە شارەکەدایە و لە پلەی سێیەمی وڵاتەکەیدایە. هەروەها بارەگای چەند کۆمپانیایەکی وەک کۆمپانیای کۆکاکۆلا، هۆم دیپۆت، هێڵی ئاسمانی دێلتا و ئاربیزی لێیە. جگە لەوەش، زیاتر لە ٧٥%ـی کۆمپانیاکانی فۆڕچن ١٠٠٠ کارە بازرگانییەکانیان لە گەورەناوچەی ئەتلەنتادا ئەنجام دەدەن و ناوچەکە شوێنی زیاتر لە ١.٢٥٠ ئۆفیسی کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکانە.

لەڕووی جوگرافییەوە

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ئەتلەنتا ٣٥.٣٠٤ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ٣٥.٠٤٨ کیلۆمەتری وشکانی و ٢.٥٧ کیلۆمەتری ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١.٤٢٢.٩٦ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

سەرەڕای ئەوەی لە نێوان ساڵانی ١٩٧٣ و ١٩٩٩ـدا نزیکەی ٥٦٠.٠٠٠ ئەیکەر (٢٣٠.٠٠٠ هێکتار) دار لەناوچوون، بەڵام ئەتلەنتا هەندێک جار بە "شاری دارەکان" یان "شارێک لە دارستانێک" ناودەبرێت.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، ئەتلەنتا کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا چوار وەرزی جیاوازی هەیە و بەدرێژایی ساڵ بارانێکی زۆری لێ دەبارێت. مانگەکانی وەرزی هاوین گەرم و شێدارن، پلەکانی گەرما تا ڕادەیەک بەهۆی بەرزی شارەکەوە مامناوەندە. مانگەکانی وەرزی زستان بەگشتی مامناوەندن بەڵام کەش هەمیشە لە گۆڕاندایە. هەوای گەرم لە کەنداوی مەکسیکەوە دەتوانێت پلەی گەرمی بەرز بکاتەوە بۆ پلەیەک کە هاوشێوەی پلەی گەرمیی وەرزی بەهارە، لە کاتێکدا بارستە هەوای بەهێزی باکووری دەتوانێت ببێتە هۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و پلەکانی گەرما دەگەنە ٧- بۆ ١٢- پلەی سیلیزی.

پلەی گەرمی

تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی تەممووزدا ٢٧.٢ پلەی سەدیە و بە تێکڕایی ٤٧ ڕۆژ لە ساڵێکدا پلەی گەرمی دەگاتە ٣٢ پلەی سەدی، بەڵام لە زۆربەی ساڵەکاندا پلەکانی گەرما ناگەنە ٣٨ پلەی سەدی. تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی کانوونی دووەمدا ٧.١ پلەی سەدیە، و پلەی گەرمی لە دەوروبەری شاردا بەهۆی کەمی چالاکی مرۆڤەکانەوە کەمێک فێنکترە.لە ساڵێکدا ٣٦ شەو پلەکانی گەرما دەگەنە نزمترین پلە، بەڵام لە شەشی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ـدا پلەکانی گەرما گەشتنە خوار ١٢- پلەی سەدی. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٢٣- پلەی سەدیە کە لە ١٣ـی شوباتی ١٨٩٩ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤١ پلەی سەدیە کە لە ٣٠ـی حوزەیرانی ١٨٩٩ـدا تۆمارکرا. هەروەها تێکڕای پلەی گەرمیی خاڵی شەونم لە نێوان ١٧.٦ پلەی سەدی لە مانگی حوزەیران بۆ ١٩.٩ پلەی سەدی لە مانگی تەممووزدا دەگۆڕێت.

دابارین

بە شێوەیەکی ئاسایی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا کە شاری ئەتلەنتاش دەگرێتەوە بەدرێژایی ساڵ بارانێکی زۆری لێ دەبارێت و ڕێژەی دابارینیش تاڕادەیەکی زۆر بەسەر ناوچە جیاوازەکانی شارەکەدا یەکسانە، بەڵام کۆتایی بەهار و سەرەتای پاییز تا ڕادەیەک وشکترن. ساڵانە بەتێکڕای ١.٢٨١ مللیەتر باران لە شارەکەدا دەبارێت، لە کاتێکدا بارینی بەفر بە شێوەیەکی گشتی کەم و دەگمەنە، لە هەر زستانێکدا ٥.٦ سانتیمەتر بەفر دەبارێت. بەڵام بەگشتی زریانەکان کێشە بۆ هاوڵاتیانی شارەکە دروست دەکەن وەک لە بەفربارین، توندترین زریان لە حەوتی کانوونی دووەمی ١٩٧٣ـدا هەڵیکرد. هەڵکردنی گەردەلوولەکانیش لە خودی شارەکەدا شتێکی دەگمەنن، بەڵام گەردەلوولی ١٤ـی ئازاری ٢٠٠٨ زیانێکی زۆری لێ کەوتەوە.


سەرچاوەکان



73 بینین