نەخۆشخانە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-07-07:43:00 - کۆدی بابەت: 12456
نەخۆشخانە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەخۆشخانە یان خەستەخانە (بە عەرەبی: المستشفى، بە ئینگلیزی: Hospital) بریتییە لە دەزگا و دامەزراوەیەکی تایبەت بە دابینکردنی چارەسەر و گرنگیدان بە نەخۆش. لە ڕێگەی دابینکردنی ئامراز و ئامێری پزیشکی و دەرمان لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ و پەرستار و دەرمانساز نەخۆش نەخۆشییەکەی دەستنیشان دەکرێت و چارەسەر دەکرێت. نەخۆشخانەکان یان لەلایەن حکوومەتەوە کە بە نەخۆشخانە گشتییەکان ناسراون یان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە کە بە نەخۆشخانە تایبەتییەکان ناسراون دادەمەزرێن و بەڕێوەدەبرێن.

مێژووی نەخۆشخانە

سەردەمی دێرین

کۆنترین ئەو شێونانەی کە بۆ دابینکردنی چارەسەری نەخۆش دانراون و لە مێژوودا تۆمارکراون بریتین لە پەرستگاکان، نموونەی پەرستگا دێرینەکانی میسری کۆن و یۆنان. لە شارستانییەتی یۆنانی کۆن خواوەندێکیان دیاری کردبوو تەنیا بۆ چارەسەری نەخۆشەکان دەپەرسترا و ڕووبەرێکیان دیاری کردبوو تێیدا ڕەبەنەکان بە گژوگیای سروشتی چارەسەری نەخۆشەکانیان دەکرد. پاشان ناوچەکانی هیندستان لە پێشەنگی ئەو شوێنانە بوون کە پەرستگاکانیان بۆ چارەسەری نەخۆشەکان بەکاردەهێنا. شوێنەواری ڕۆمانییەکان دۆزرانەتەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی سەد ساڵی پێش زایین، کەرەستەی سەرەتایی و سادەیان بۆ چارەسەری نەخۆشەکان بەکارهێناوە.

سەردەمی ڕۆمانی و ساسانییەکان

دوای بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحی و ئیمپراتۆرییەتی یۆنانی لە تەنیشت کڵێساکان ژووری تایبەت بە چارەسەر و چاودێری نەخۆشەکان تەرخان دەکرا، پاشان ڕووبەری شوێنەکە گەورەتر کرا و پەرستاران و پزیشک بۆ شوێنەکە دابین دەکران و بە ناوی (باسیلیا) ناسێنرا. تاکوو سەدەی ١٢ـەیەم شوێنی چارەسەر و چاودێریکردنی نەخۆش بە تەواوی بڵاوبوونەوە و بیزەنتی و ‌مەسیحییەکان بە داهێنەری نەخۆشخانە دادەنرێن و شوێنەکە هەر نزیک لە کڵێساکان دروست دەکرا. لە ناوچەی گوندی شاپوور کە ئەهوازی وڵاتی ئێران دەکات، لەو سەردەمەدا سریانییەکان نیشتەجێی ئەو شوێنە بوونە، ناوچەیەکیان هەبووە تایبەت بووە بە خوێندن و لێکۆڵینەوەی پزیشکی و دواتر بە (بیمارستان) ناسێنراوە و کتێبخانە و تاقیگە و دەرمانخانەیان هەبووە و بۆ چارەسەری پزیشکی بەکارهێنراوە.

سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپا

نەخۆشخانەکانی سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپا دوو جۆر بوونە، نەخۆشخانەی سەربازی و نەخۆشخانەی تایبەت بە دانیشتووان، تا ئەو سەردەمەیش کڵێسا و ڕەبەنەکان پاڵپشتیکار و دامەزرێنەر و بەرپرسی نەخۆشخانەکانی ئەورووپا بوون.

سەردەمی ئیسلامی

لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان و بە دیاریکراوی لە سەردەمی دەسەڵاتی خەلیفە هاروونە ڕەشید ئەو یەکەمین نەخۆشخانەی گشتی لە بەغداد دامەزراند، تاکوو سەدەی دەیەمی زایینی لە بەغداد پێنج نەخۆشخانەی گشتی هەبوون و هەروەها لە شاری دیمەشقیش شەش نەۆشخانەی گشتی هەبووە، لەو سەردەمەدا بەهۆی وەرگێڕانی کتێبە پزیشکی و زانستییەکان بۆسەر زمانی عەرەبی، بە یارمەتی چەند کەسایەتییەکی مەسیحی دیار نموونەی (جوبریل بەختیشۆع) کە پزیشکی تایبەتی هاروونە ڕەشید خۆی بوو نەخۆشخانە سەرەتاکانی بەغداد دامەزران و بەڕێوەدەبران.

نەخۆشخانەکانی سەردەمە ئیسلامییەکان گرنگییان بە وردەکاری دیزاینی ناوەوە و دەرەوە داوە، دیزاینی تایبەتی بۆ بینای نەخۆشخانەکان کراوە و نەخۆشخانەکان گشتی بوونە و جوودا نەبوونە هاوکات بۆ هەموو دانیشتووان بەردەست بوونە، هەر لە ناوچە ئیسلامییەکان بیرۆکەی دابەشکردن و جیاکردنەوەی بەشەکانی نەخۆشخانە دەرکەوتووە، نەخۆشخانە گشتییەکانیان دابەش دەکردە چەند بەشێکی سەرەکی نموونەی بەشی نەخۆشی هەناوی، بەشی شکاوی، بەشی نەشتەرگەری، بەشی نەخۆشخانە گوازراوەکان و بۆ هەر بەشێک پزیشک و پەرستار و کەسی بەرپرس دادەنران و کەرەستە پزیشکییەکان جیادەکرانەوە. هەر لە نەخوشخانەکانی ناوچە ئیسلامییەکان کتێبخانە هەبووە و گرنگی بە بوونی دراوە، تەنانەت هەر نەخۆشخانەیەک تاقیگە و دەرمانخانەی  تایبەتی بۆ دابینکراوە.

سەردەمی ڕۆشنگەری لە ئەورووپا

دوای بڵاوبوونەوەی عەلمانییەت و کاڵبوونەوەی بیروباوەڕی ئایینی مەسیحی و کەمبوونەاەی دەسەڵاتی ڕەبەن و پاپاکان، چیتر کڵێسا پاڵشت و بەرپرسیارێتی نەخۆشخانەکانی نەگرتە ئەستۆ، ئینگلتەرا پێشەنگی ئەو ناوچانە بوو کە نەخۆشخانەیان لەسەر ئەرکی حکوومەت و پاشا دادەمەزراند و بووجەی تایبەتی بۆ تەرخان دەکرا، لە سەرەتای سەدەی هەژدەیەم ڕێکخراوی خێرخواز و خۆبەخش دەرکەوتن و بە خۆبەخشی نەخۆشخانەیان دروست دەکرد، پاشان کەسایەتییە دەوڵەمەند و دیارەکان لەسەر ئەرکی خۆیان نەخۆشخانەیان دروست دەکرد و ڕێگری دەکرا کڵێساکان نەخۆشخانە دروست بکەن یان ڕەبەنەکان دەستوەردەنە کاروباری نەخۆشخانەکانەوە.

سەدەی نۆزدەیەم

لە سەدەی نۆزدەیەمدا نەخۆشخانە و خوێندنی پزیشکی بەرەوپێش چوون و سەردەمیانەتر بوون، لە ساڵی ١٨١٥ یاسایەک لە ئەورووپا دانرا کە هەرکەسێک بەشی دەرمانسازی پزیشکی بخوێنێت پێویستە بۆ ماوەی ساڵێک لە نەخۆشخانەکان ڕاهێنان بکات و کار بکات، دواتر ئەم یاسایە بۆ زۆرێک لە بەشە پزیشکییەکان جێبەجێ کرا و بەکارهێنرا و بە جیهاندا بڵاوبووەوە. (فلۆرێنس نایتنگێڵ) کە بە پێشەنگی پەرستارانی سەدەی نۆزدەیەم دانرا، پەیمانگایەکی ڕاهێنانی پەرستاران بە ناوی ئەو کرایەوە و بە پەیمانگا پێشەنگەکان دادەنرێت کە بۆ خانمان و پەرستاران کراوەتەوە. لە سەردەمی نۆزدەیەم نەخۆشخانەکان لەسەر ئەرکی حکوومەت دادەمەزران و یاسا و بودجەیان بۆ تەرخان دەکرا، لە ڤێیەننا یەکەم نورێنگەی پزیشکی بۆ لووت و قوڕگ و گوێ و یەکەم نورینگەی تایبەت بە چاو و نەخۆشییەکانی پێست کرایەوە لە جیهاندا و لەو کاتەوە کردنەوەی نوڕینگە و بنکەی تایبەتی بە پسپۆڕییەکان کرانەوە و بوونە باو.

سەدەی بیستەم

سەدەی بیستەم و هاوچەرخ بواری پزیشکی بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینی و چەندان بەشی گرنگ کرانەوە نموونەی بەشی سڕکردن و ڕێکارەکانی پاککردنەوە، هەروەها ڕێکاری تایبەتی بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکان دۆزرانەوە نموونەی تیشکی ئێکس و سی تی سکان، بواری نەشتەرگەری و دابینکردنی چارەسەر گۆڕانکاری زۆری بەخۆیەوە بینی و تەکنەلۆجیا و کارەبا لە سیستمی نەخۆشخانەکان دابینکران و بەکارهێنران.

جۆرەکانی نەخۆشخانە

  • نەخۆشخانەی گشتی: هەموو جۆرە پسپۆڕییەکی تێدایە و چارەسەری هەموو نەخۆشییەکی لێ دەکرێت، لەڕووی ڕووبەرەوە فراوانە و خزمەتگوزاری زۆری هەیە.
  • نەخۆشخانەی تایبەتی یان تایبەتمەند: تایبەتە بە دابینکردنی چارەسەر بۆ چەند جۆرێک نەخۆشی تایبەت و هەموو پسپۆڕییەکی تێدانییە، نموونەی نەخۆشخانەی دەروونی، نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە، نەخۆشخانەی منداڵان، نەخۆشخانەی منداڵبوون و چەند پسپۆڕییەکی تر، پێویستە ئەم جۆرەی نەخۆشخانەکان زیاتر لە ١٢٠ قەرەوێڵەیی بێت.
  • نەخۆشخانەی فێرکاری: پێداویستییەکانی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و پزیشکی تێدایە و لە نزیک کۆلێجی پزیشکی گشتی دادەمەزرێت.
  • بنکەی تەندروستی: بنکەی تەندروستی بچووکترە لە نەخۆشخانە و لە ناوچە بچووک و گەڕەکەکان لەسەر ئەرکی حکوومەت دادەمەزرێت، زیاتر بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی سوودی لێ دەبینرێت و چارەسەرییەکان تێیدا تا ڕادەیەک سەرتاییە و زۆرجار نەخۆشەکانی بنکەی تەندروستی دەگوێزرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکان، هاوکات ژمارەی پزیشک و کارمەندەکانی بنکەی تەندروستی کەم و دیاریکراون، هەروەها هەموو بنکەی تەندروستییەک تاقیگەی پزیشکی و دەرمانخانەی تایبەت بەخۆی تێدایە.

 جۆرەکانی نەخۆشخانە لەڕووی ڕووبەرەوە

  • نەخۆشخانەی ٥٠ قەرەوێڵەیی
  • نەخۆشخانەی ٥٠ بۆ ١٥٠ قەرەوێڵەیی
  • نەخۆشخانەی ١٥٠ بۆ ٦٠٠ قەرەوێڵەیی
  • نەخۆشخانەی ٦٠٠ بۆ ١٠٠٠ قەرەوێڵەیی

بەشەکانی نەخۆشخانە

  • بەشی فریاکەوتن
  • بەشی نەشتەرکاری
  • بەشی چاودێری چڕ
  • بەشی بوژانەوەی دڵ
  • بەشی ژنان و مناڵبوون
  • بەشی منداڵان
  • بەشی سووتاوی
  • بەشی دەروونی
  • بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان

دیزاینی نەخۆشخانەکان

بینای نەخۆشخانە مۆدێرنە و هاوچەرخەکان بە جۆرێک دیزاین کراون کە هاوکاری کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە و زیادکردنی کارایی سیستمی چارەسەرکردن دەدات. پێویستە لەسەر ڕووبەرێکی فراوان نەخۆشخانەکان بنیات بنرێت و بەگشتی بینای نەخۆشخانەکان لە چەند نهۆمێکی بەرز و فراوان پێکهاتووە و شوێنەکەی پێویستە لە ناوەندی شار بێت و ڕێگا سەرەکییەکانی شار پێکەوە ببەستێتەوە. چەند مەرجێکی سەرەکی و گرنگ هەیە لە دیزاینی هەموو نەخۆشخانەیەک پێویستە ڕەچاو بکرێت کە گرنگترینیان بریتین لە:

  • دابینکردنی هەوای پاک و هەواگۆڕکێی بەردەوام بۆ بەشی ناوەوەی نەخۆشخانە.
  • دیمەنی دەرەوەی نەخۆشخانەکە پێویستە پەسەند و گونجاو بێت.
  • بەرکەوتنی ڕووناکی و تیشکی خۆر و پێویستە لەکاتی بنیاتنان ڕەچاوی ئاڕاستەی با بکرێت.
  • بوونی ڕووبەری سەوزایی و باخچە لە دەرەوەی نەخۆشخانەکان.
  • بەکارهێنانی ڕەنگی گونجاو و کراوە بۆ بەشی ناوەوەی نەخۆشخانەکان.
  • بەکارهێنانی ڕووەک و گوڵی لە ئینجانەکراو.
  • بەکارهێنانی پەنجەرەی فراوان و پتەو.
  • دابینکردنی بەرزکەرەوەی کارەبایی.
  • ڕاڕەوەکانی نەخۆشخانە پێویستە فراوان بن و پانییەکەی لە ٢٫٢٠ مەتر کەمتر نەبێت.
  • دابینکردنی شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل.


سەرچاوەکان



117 بینین