سیستمی پۆلێنکردنی شارەکان

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-04-12-16:34:00 - کۆدی بابەت: 12495
سیستمی پۆلێنکردنی شارەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سیستمی پۆلێنکردنی شارەکان (بە عەرەبی: نظام التصنيف الحضري، بە ئینگلیزی: Urban classification system). شار بریتییە لەو چوارچێوەیەی کە کۆمەڵێک پێکھاتەی جۆراوجۆر و خزمەتگوزاری جۆراوجۆری لە خۆگرتووە کە لە ناوچەکانی دەورووبەری پێی جیادەکرێتەوە، ھەموو شارەکان لە ڕابردوودا تەنھا گوندێک بوونە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و گەشەسەندن و پێشکەوتنی ژیانی مرۆڤایەتی گوندەکان وردە وردە فراوانبوونە و ژمارەی دانیشتوان و خزمەتگوزارییەکان زیادیانکردووە و بوونە بە شار. سیستمی پۆلێنکردنی شارەکان لەسەر چەند بنەمایەکی دیاریکراو دەکرێت، چونکە ھەر شارەو تایبەتمەندییەکی تایبەت بەخۆی ھەیە جا ئەم تایبەتمەندییە (سروشتی بێت یان مرۆیی بێت) کە ئەم تایبەتمەندییانە وادەکەن شارەکان لەسەر بنەمای ئەم تایبەتمەندییانە پۆلێن بکرێن و سیفەتە لێکچوو و لێکنەچووەکان بەدیار بخرێن.

سیستمی پۆلێنکردنی شارەکان

پۆلێنکردن بریتییە لەو ڕێگایەی کە بەھۆیەوە دەتوانرێت شار بناسێنرێت و ئەو تایبەتمەندیانەش بەدیار بخرێن کە لە نێوان شارەکاندا ھاوبەشن، بۆ ئەم مەبەستەش پۆلێنکردنی شارەکان دابەشدەکرێن بەسەر چەند جۆرێک کە گرنگترینیان بریتین لە: 

پۆلێنکردنی شوێنی

لەم جۆرە پۆلێنکردنەدا شارەکان بە گوێرەی شوێنی جوگرافیان دەکرێن بە چەند بەشێکەوە کە بریتین لە:

١- ئەو شارانەی کەوتوونەتە ناوچە شاخاوییەکان: ناوچە شاخاوییەکان بە شێوەیەکی بەھێز کۆنترۆڵی پەیوەندییەکانی شار دەکەن، ئەم جۆرە پچڕانەش خۆی لە بواری بەرھەمھێناندا لە نێوان ئابووری شاخ و ئابووری دەشتەکان دەبینێتەوە، شارە ناوچە شاخاوییەکان لە ڕووی ھەڵکەوتەی جوگرافییەوە زۆربەی کات لە دامێن و سەرەتای ناوچە شاخاوییەکان دروست دەبن و دواتر بەپێی تێپەڕبوونی کات گەشە دەکەن، وەکوو (شاری لیون میونیخ - جنیف لە باکووری زنجیرە چیای ئەڵپ و شاری میلانۆ لە باشووری چیای ئەڵپ) ئەو شارانەی لە ناوچە شاخاوییەکان دروست دەبن ژمارەی دانیشتوانیان کەم و ڕووبەرێکی بچووکیان ھەیە و ژینگەیەکی پاکیان ھەیە. ئەو شارانەی لە دەشتی نێوان شاخەکان و دۆڵی نێوان شاخەکان ھەڵدەکەون، نموونە وەکوو (شاری سۆران و شاری ڕانیە و شاری سلێمانی).

٢- شاری کەناراوەکان: مرۆڤ ھەر لە سەردەمانی کۆنەوە سواری پشتی دەریاکان بووە، ھەربۆیە زۆرێک لە شارەکان لە لێواری کەناری ڕووبەرە ئاوییەکان ھەڵکەوتوونە و گەشەیانکردووە، ھەندێک لە شارەکان لە لێواری کەنداوەکان و ھەندێکی تریشیان لە لێواری دەریاچەکان ھەڵکەوتوونە، نموونە وەکوو شاری کەناراوی ئەسکەندەریە لە میسر و شاری کەناراوی بەسڕە لە عێراق.

٣- شاری ڕووبارەکان: بریتین لەو شارانەی کە دەکەونە سەر ئەو لقە ڕووبارانەی کە دەڕژێنە ڕووبارە سەرەکییەکان، ھەندێکی تریان دەکەونە ئەو شوێنانەی کە ڕووبەری وشکانی و ڕووبەری ئاوی بە یەکتر دەگەن، ئەو شارانەی لە ڕووی جوگرافییەوە لە نزیک یان سەر ڕووبارەکان ھەڵدەکەون سوودی زۆر لە ڕووبارەکان وەردەگرن، بەتایبەتی ئەگەر ئەو ڕووبارانە گونجاوبن بۆ بواری کەشتیوانی و چالاکییە ئابوورییەکانی وەکوو بازرگانی و گواستنەوە، نموونەی ئەم جۆرە شارانە وەکوو (شاری شەنغای) کە دەکەوێتە سەر ڕووباری یانگستی و (شاری لەندەن) لەسەر ڕووباری تایمز و شارۆچکەی دووکان لەسەر زێی بچووک.

٤- شاری ناوچە دەشتاییەکان:  ئەو شارانە دەگرێتەوە کە لە ڕووی ھەڵکەوتەی جوگرافییەوە لە دەشتەکان ھەڵکەوتوونە، لە گرنگترین تایبەتمەندییەکان ئەم جۆرە شارانە (ڕووبەرێکی گەورە و فراوانیان ھەیە و ژمارەی دانیشتوانیان بەرزە و زۆربەی کات ژینگەیەکی پاکیان نییە)، زۆربەی کات شێوازی فراوانبوونی شارەکان لە ناوچە دەشتاییەکان شێوەیەکی بازنەیی ھەیە، نموونە وەکوو (شاری ھەولێر).

پۆلێنکردنی پێکھاتەیی

١- شاری تیشکی: ئەم جۆرە شارانە بە گوێرەی پلانی تیشکی چەند بازنەیەکی یەک لە دوای یەک بە دەورووبەری یەکتردا بە چوار دەوری خاڵێکی سەنتەریدا گەشەدەکەن، بەم شێوەیەش لەو خاڵە سەنتەریەوە چەند ڕێگایەکی تیشکی دەردەچن و تۆڕێکی ئەستێرەیی دروست دەکەن و بەم جۆرەش گەیشتن بە بەشەکان و لێوارەکانی چواردەوری شار ئاسانە، لەم جۆرە شارانە پەستانێکی زۆر لەسەر ناوچەی سەنتەری شار دروست دەبێت، چونکە ھەموو ڕێگاکان لە سەنتەری شار بەیەکتر دەگەن و کۆدەبنەوە.

٢- شارە کەڵەکەبووەکان (کۆبووە وە بەسەر یەکدا): لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە شارانە ڕووبەرێکی کەم لە زەوی داگیر دەکەن بە بەراورد بە شارەکانی تر، بە گوێرەی ئەم پلانەش بێت شەقامەکانی ئەم جۆرە شارانە شێوەیەکی بازنەیین و دووری ناوەندی شار تا ڕادەیەک لە بەشەکانی لێوار و چواردەوری شار نزیکن، ئەم جۆرە شارە کەڵەکەبووانە لە ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستا بەدی دەکرێن کە کۆڵان و شەقامەکانیان تەسک و پێچاوپێچن، ھەندێک لەم کۆڵانانە بە شێوەیەکی ھەڕەمەکی گەشەدەکەن بەبێ بوونی ھیچ پلانێکی پێش وەختە.

٣- شاری درێژکۆڵەیی: لە تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە شارانە گەشە دەکەن بە شێوەیەکی درێژکۆڵەیی (شریتی) بە درێژایی ڕووبارەکان یان ڕێگاکانی ھاتووچۆ و گواستنەوە و کەناراوەکانی دەریاکان، جگە لەمانەش بوونی بەربەستێکی سروشتی وەکوو بەرزی و نزمی لە شێوەی (شاخێک یان گردێک یان بانێک) دەبنە ھۆکاری ئەوەی شارەکە بە شێوەیەکی درێژکۆڵەیی بە درێژایی ئەو بەربەستە سروشتییە گەشە بکات، وەکوو (شاری دیمەشق و شاری قاھیر بە درێژایی ڕووباری نیل و شارۆچکەی چۆمان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران - ھەرێمی کوردستان - عێراق بە درێژایی ڕێگای ھامڵتۆن) شێوەیەکی درێژکۆڵەیی وەرگرتووە. 

٤- شاری تۆڕی (شەبەکی): لە تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە شارانە شێوەیەکی تۆڕی وەردەگرن بە جۆرێک کە شارەکە دابەش دەبێت بۆ چەند بەشێک یان بە شێوەیەکی ئەندازیاری شێوەیەکی لاکێشەیی یان چوارگۆشەیی وەردەگرێت، گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی وەکوو (ڕێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی وەکوو تەندروستی و پەروەردە و فێرکردن و خۆشگوزەرانی) بە ڕێگایەکی ئاسان بەم جۆرە شارانە دەگەن.

پۆلێنکردنی شارەکان بە گوێرەی جۆریان

١- شاری گرێیی (ئاڵۆز): لە تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە شارانە بەوە ناسراون کە بە شارێکی ئاڵۆزن یان گرێی ئەمەش لە بارودۆخێکدا ڕوودەدات کە چەند دیاردەیەک یان چەند ھێڵێکی سروشتی سەختی تیادا کۆببێتەوە، بە جۆرێک ئەم دیاردە سروشتیانە لە نێو شارەکان یەکتر ببڕن یاخود بە یەکتری بگەن نموونە وەکوو ئەو ناوچانەی کە ڕێڕەوە ئاوییەکان یەکتر دەبڕن یان بە یەکتری دەگەن، ئەمەش دەبێتە ھۆکارێک کە شارەکە وەکوو ناوەندێکی ستراتیجی گرنگ دەربکەوێت، نموونە وەکوو شاری بەغداد.

٢- شاری ناووک: ھۆکاری گەشەکردنی ئەم جۆرە شارانە خودی مرۆڤ خۆیەتی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مرۆڤ ھەڵدەستێت بە دەستنیشانکردنی پێگەیەکی گرنگ بۆ شارەکە لە ناوەڕاستی دەشتێکی پان، بەم جۆرەش شارەکە سوود لە دەشتەکە وەردەگرێت و گرینگییەکی تایبەتی دەبێت و دەبێتە ناوچەیەکی گرنگ بۆ کۆبوونەوەی دانیشتوان ڕێگاکانی گواستنەوە و گەیاندن بە ھەموو جۆرە جیاوازەکانەوە، لە ھەمان کاتدا دەبێتە چەقێکی گرنگ بۆ بەیەکتر گەیشتنی ڕێگاکانی بازرگانی و گواستنەوە.

٣- شاری پەراوێز (ھامیشی): بریتین لەو شارانەی کە دەکەونە لێوار و کۆتایی ھەرێمەکان، ئەگەر چی پێگەی ئەم جۆرە شارانە گرنگیان کەمترە و ڕووبەریان بچووکترە بە بەراورد بە شارەکانی تر، بەڵام لە ھەمان کاتدا ئەو شارانە لە چوارچێوەی ئەو ھەرێمەی کە دەوری داون کاریگەری گەورە و باشیان ھەیە، نموونە وەکوو (شاری خانەقین و قەڵادزە و پێنجوێن).

٤- شاری دەروازەیی (مەدخەلی): ئەگەر چی شاری دەروازەیی تاڕادەیەک پێگەیەکی پەراوێزی ھەیە، بەڵام بەھۆی ئەوەی کە بۆتە دەروازەیەک گرنگی و بایەخی خۆی ھەیە لە ڕێگریکردن لە داگیرکاری دووژمنان، ئەم جۆرە شارانە وەکوو دەرگایەکی پۆڵاین وان بۆ ھەرێمەکان، نموونەی ئەم جۆرە شارانە وەکوو (شاری ئەسکەندەرییە لە میسر و شاری  مووسڵ لە عێراق).

پۆلێنکردنی شارەکان بە گوێرەی قەبارەیان

ھەندێک جار شارەکان بە گوێرەی قەبارەیان پۆلێندەکرێن، ئەم پۆلێنەش بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە دیاری دەکرێت، چونکە ھەر وڵاتێک قەبارەیەکی دیاریکراوی دانیشتوانی ھەیە و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر ئەو قەبارەیە جیاوازە، بەم جۆرەش لە (شارەوە دەست پێدەکات و لە مێگالۆپۆلس) کۆتایی دێت کە سەرەتا بە (١٠٠٠ یان ٥٠٠٠) دەستپێدەکات، بەم شێوەیەش ئەم پێوەرە دابەشدەکرێت بۆچەند پلەیەک: 

١- پلەی یەکەم کەمترە لە ٥٠٠٠ کەس
٢- پلەی دووەم لە نێوان ٥٠٠١ بۆ ١٠٠٠٠ کەس
٣- پلەی سێیەم لە نێوان ١٠٠٠١ بۆ ٢٥٠٠٠ کەسە
٤- پلەی چوارەم لە نێوان ٢٥٠٠١ بۆ ١٠٠٠٠٠ کەسە
٥- پلەی پێنجەم لە نێوان ١٠٠٠٠١ بۆ یەک ملیۆن کەسە
٦- پلەی شەشەم زیاترە لە ملیۆنێک کەس

ئەم پێوەرە زۆر گونجاوە بۆ پۆلێنکردنی کارگێڕی شارەکان وەکوو (سەنتەری ناحیەکان، قەزاکان، پارێزگا و پایتەخت و شارە گەورەکان) بە جۆرێک کە سەنتەری ناحیەکان بە شارۆچکە ناودەبرێن و سەنتەری قەزاکان بە شار ناودەبرێن و سەنتەری پارێزگاکان بە شارە گەورە پایتەخت بە گەورەتر لە سەنتەری پارێزگاکان ناودەبرێن، بەم جۆرەش پێیان دەڵێن (میترۆپۆلس) وە ھەروەھا شارە زۆر گەورەکان وەکوو (نیۆڕک و لەندەن و تۆکیۆ) ئەمانە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوان و ڕووبەری بیناسازی بە (مێگالۆپۆلس) ناودەبرێن.

پۆلێنکردنی شارەکان بە گوێرەی مێژوویان

لەم جۆرە پۆلێنکردنەدا شارەکان لەسەر بنەمای مێژووی پۆلێندەکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش پشت دەبەسترێت بە پلان و مۆرفۆلۆجیای شارەکە و شێواز و جۆری بینا و باڵەخانەکان لەگەڵ دیاریکردنی ئەو ماوە مێژووییەی کە شارەکەی پیادا تێپەڕیووە، وەکوو: 

١- شاری پێش مێژوو
٢- شاری ئیغریقی و ڕۆمانی
٣- شاری سەردەمی ئیسلام
٤- شاری سەردەمی ناوەڕست لە ئەورووپا
٥- شاری سەردەمی ڕاپەڕین
٦- شاری سەردەمی نوێ (ھاوچەرخ)

پۆلێنکردنی شارەکان بە گوێرەی پیشەکانیان

ھەموو شارێک ناوەندێکی گرنگە بۆ کاروبارە ئابوورییەکان و خزمەتگوزارییەکان و بەرھەمھێنانی ئەو کەل و پەلانەی لە بازاڕەکان خواستی دانیشتوانی لەسەرە، ئەم بازاڕەش ناوخۆی بێت یان ھەرێمی بێت یان نێودەوڵەتی بێت، شارەکان ناوەندێکی گرنگن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی کەل و پەل و شمەکەکان لەگەڵ یەکتر ئەم کردارەش دەبێتە ھۆی گەشەکردنی بازرگانی ناوخۆیی و بەھێزبوونی پەیوەندییە شوێنییەکان لە نێوان شارەکاندا، ھەربۆیە جوگرافیا ناسانی شار بایەخی زۆریان داوە بە پۆلێنکردنی شارەکان لەسەر بنەمای ئەو پیشەیەی کە شارەکە ھەیەتی. پۆلێنکردنی شارەکان بە گوێرەی پیشەکانیان چەند سوودێکی گرنگی ھەیە کە بریتین لە: 

١- لە ڕێگای پۆلێنکردنی شارەکان لەسەر بنەمای پیشەکانیان ئەو شارە دەتوانێت بەژداری بکات لە دابینکردنی ھەلی کار بۆ کرێکاران بە شێوەیەکی بەردەوام وە ھەروەھا لە ڕێگای زانینی پیشەی شارەکان دەتوانرێت خەمڵاندنی پێویست بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوونی تازە و ڕووبەری سەرجەم خزمەتگوزارییەکان بکرێت، لە ڕێگای پشتمبەستن بە توێژینەوە مەیدانییەکان.

٢- شارەکان لە ڕێگای ئەو پیشانەی کە پێی دەناسرێن پۆلێندەکرێن، بەم جۆرەش شارەکە لە ژیانی گەشەکردن و پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی پشتمبەو پیشەیە دەبەستێت کە تاچەند ئەو شارە لە توانای دایە ڕووبەڕووی قەیرانە ئابووری و نێوخۆیی و جیھانییەکان ببێتەوە. جگە لە پیشەی شارەکان، زۆر جار شارەکان بەھۆی ئەوەی کە لە ڕابردوو یاخود ئێستا بوونەتە مەڵبەندێکی گرنگی (سیاسی و بازرگانی و ڕۆشنبیری) پۆلێندەکرێن وەکوو شاری ئۆکسفۆرد لە ئینگلتەرا بە شارێکی ڕۆشنبیری ناسراوە، شاری تۆکیۆ لە ژاپۆن و شاری ڤینیس لە ئیتاڵیا و شاری سەنگاپوورەکە بە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری ناسراون.


سەرچاوەکان



67 بینین