تێڕوانینە هەڵەکان سەبارەت بە دژەخۆر کە دەبێت بگۆڕدرێن

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-04-14-17:28:00 - کۆدی بابەت: 12511
تێڕوانینە هەڵەکان سەبارەت بە دژەخۆر کە دەبێت بگۆڕدرێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تێڕوانینە هەڵەکان سەبارەت بە دژەخۆر کە دەبێت بگۆڕدرێن (بە عەرەبی: مفاهيم خاطئة حول واقي الشمس يجب أن تتغير، بە ئینگلیزی: Misconceptions about sunscreen that must change)، دژە خۆر دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە هەریەکە لە تیشکی UVA و UVB، کە هەردوو جۆری تیشکی سەروو بنەوشەیی (UV)ن کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر پێست هەبێت دوای بەرکەوتن، هەروەها تیشکی UVA شەپۆلێکی درێژتری هەیە کە دەچێتە ناو ئەستوورترین چینی پێستەوە کە پێی دەوترێت چینی ژێرەوە پێست، بەرکەوتنی نەپارێزراو بە تیشکی UVA دەبێتە هۆی پیربوونی پێست و چرچبوونی پێست و سەرکوتکردنی سیستەمی بەرگری لەش، هەروەها تیشکی UVB شەپۆلێکی کورتتری هەیە و زۆرترین بەرپرسە لە سووتانی خۆر کە بریتییە لە سووتانی چینی سەرەوەی پێست، تیشکی UVB دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست و سووتانی بەردەوامی خۆر ڕەنگە بە تێپەڕبوونی کات زیانێکی هەمیشەیی لێبکەوێتەوە.

تێڕوانینی هەڵە دەربارەی بەکارهێنانی دژەخۆر

یەکەم/ دژە خۆر هەمیشە پێویست نییە

زۆر کەس پێیان وایە دژەخۆر تەنها کاتێک پێویستە کە هەموو جەستەیان بەر تیشکی خۆر بێت، وەک کاتێک لە حەوزدان یان خەریکی مەلەکردنن لە دەریایەکدا، بەڵام تیشکی سەروو بنەوشەیی هێشتا زیانی هەیە بۆ پێستیمان گرنگ نییە چەند تیشک بەر پێستمان کەوتووە بەڵام هەر زیانی هەیە، هەروەها هەندێک کەس پێیان وایە لە ڕۆژانی هەوردا دژەخۆر پێویست نییە چونکە خۆر تینێکی زۆری نییە بەڵام ئەمە ڕاست نییە و ڕاستییەکە ئەوەیە کە هەرکاتێک جەستە بەر ڕووناکی لە خۆرەوە بکەوێت و بەر تیشکی سەروو بنەوشەیی بکەوێت ئەوا پێویستمان بە دژەخۆر هەیە، تەنانەت ئەگەر ڕۆژێکی تەماویش بێت. بەشی خوارەوەی قۆڵ و دەموچاو شوێنی باون بۆ ئەوەی بە درێژایی ڕۆژ بە بەرکەوتووی بمێننەوە لەگەڵ خۆر، ئەمەش ڕەنگە مەترسی زیانگەیاندنیان بە خۆر زیاد بکات کە باشتر وایە پێستی بەرکەوتوو بە دژەخۆر داپۆشرێت و ڕێگاکانی تری خۆپاراستن لەبەرچاو بگیرێت وەک بەکارهێنانی کڵاو و جلی قۆڵ درێژ.

دووەم/ دژەخۆر ڕێگری دەکات لە هەڵمژینی ڤیتامین دی لەش

ڤیتامین D ماددەیەکی خۆراکی گرنگە بۆ تەندروستی مرۆڤ، لەش لەڕێگەی بەرکەوتن بە تیشکی سەروو بنەوشەیی بە ئاسانی دروستی دەکات، بەڵام دژەخۆر ڕێگری لە تیشکی سەروو بنەوشەیی دەکات، کەواتە لە ڕووی تیۆریەوە بەکارهێنانی دژەخۆر ڕێگری دەکات لە وەرگرتنی ئاستی گونجاوی ڤیتامین D، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی کە پێست نەتوانێت ڤیتامین D وەربگرێت چونکە تیشکی خۆر دەتوانێت بچێتە ناو جلوبەرگەوە، دژەخۆرەکان بە تێپەڕبوونی کات کاریگەری خۆیان لەدەست دەدەن، ئەگەری زۆرە مرۆڤ لەبیری بکات کە لەگەڵ هەر چوونە دەرەوەیەکدا دژەخۆر بەکەربهێنێت. هەروەها زۆرێک لە زانایان و پزیشکانی پێست باس لەوە دەکەن کە تەنها ٥ بۆ ٣٠ خولەک بەرکەوتنی خۆر لە ڕۆژێکدا دەبێتە هۆی دروستکردنی بڕی گونجاوی ڤیتامین D لە جەستەدا.

سێیەم/ دژەخۆر کێشەی تەندروستی دروست دەکات

زۆريک لە خەڵکی دەڵێن گەر بۆ ماوەیەکی زۆر دژەخۆر بەکاربهێنرێت ئەوا دەبێتە هۆی دروست بوونی کێشە بۆ پێست و دروست بوونی زیپکە و کاریگەری دەبێت لە دروست بوونی ژەهردا لە جەستەی مرۆڤدا، لە کاتێکدا توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە دوای ٤٠ ساڵ لەسەر یەک دژەخۆر بەکاربهێنرێت، ئەوا دژەخۆر هیچ کاریگەرییەکی ژەهراوی لە سەر مرۆڤ دەرناخات کە بەهۆی ئۆکسیبێنزۆنی هەڵمژراوەوە دروست ببێت.

چوارەم/ ئەو کەسانەی پێستیان ڕەشە پێویستیان بە دژەخۆر نییە

هەندێک کەس پێیان وایە ئەوانەی میلانین واتا پێستان ڕەشە ئەوا لە پێستیاندا زیاترە پێویست ناکات دژەخۆر بەکاربهێنن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە میلانین کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوەی تیشکی سەروو بنەوشەیی و لەوانەیە لە سووتانی خۆر بپارێزێت، لە کاتێکدا ئەو کەسانەی پێستیان کاڵترە زیاتر لە تیشکی خۆر دەبێت خۆیان بپارێزن، بەڵام گەر هەر کەسێک ڕەنگی پێستیی تۆخ بێت ئەوا هێشتا پێویستە دژەخۆر بەکاربهێنن. تێکچوونی UVA بە هەمان شێوە لەلایەن میلانینەوە ڕێگری لێناکرێت و دەتوانێت ببێتە هۆی پیربوونی پێشوەختەی پێست و چرچبوونی پێست.

پێنجەم/ ماکیاژ کردن بەسە بۆ پاراستنی دەموچاو

لەکاتێکدا ڕاستە کە ڕەنگە ماکیاژ کەمێک پارێزگاری لە خۆر بکات، بەڵام زۆر نییە و جێگرەوەی دژەخۆری باش نییە هەروەها پێویستە ماکیاژ وەک چینێکی زیادەی پاراستن سەیر بکرێت نەک تاکە چینێکی پاراستن.

شەشەم/ هەموو دژەخۆرەکان وەک یەکن

بیرۆکەیەکی هەڵەی باو هەیە کە هەموو دژەخۆرەکان بە نزیکەیی وەک یەکن و هەمان کار دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین پێکهاتەی دژەخۆر هەیە و لەوانەیە لە ئاستی جیاوازی بەرکەوتنی خۆر بپارێزێت، زۆرجار پێکهاتە چالاکەکانی وەک دووەم ئۆکسیدی تیتانیۆم و ئۆکسیدی زینک و ئیکامسول بەکاردەهێنرێن بۆ فلتەرکردنی تیشکی UVA و UVB، هەروەها ڕێگریکەری کیمیایی هەیە وەکو ئەڤۆبێنزۆن، کە ئەم پێکهاتانە هەموویان بە شێوازی جیاواز ڕیگری لە خۆر دەگرن. بەکارهێنانی دژەخۆری فول سپێکتریم گرنگە چونکە پێست لە گەورەترین تینی تیشکی سەروو بنەوشەیی دەپارێزێت.

حەوتەم/ لە ڕۆژێکدا تەنها یەک جار دژەخۆر بەکاردێت

باوترین بیرۆکەی هەڵە ئەوەیە کە دەوترێت لە ڕۆژێکدا تەنها یەکجار بەسە کە دژەخۆر بەکاربهێنیت، لە کاتێکدا پێویستە کە لە ڕۆژێکدا ٢ بۆ ٣ جار دژەخۆرەکەت نوێ بکەیتەوە بۆ دڵنیا بوون لە پارێزگاری کردنی پێستت لە تیشکی سەروو بنەوشەیی.

هەشتەم/ دژەخۆر دژە ئاوە

بە بیر و ڕای زۆربەی خەڵک دژەخۆر دژی ئاویشە، بەڵام لە کاتێکدا کە هیچ بەرهەمێکی دژەخۆر ناتوانێت لەسەدا سەد دژە ئاو بێت، مرۆڤەکان دەبێت هەمیشە دوای بەرکەوتنی ئاو، دژەخۆرەکەیان نوێ بکەنەوە، ڕێگە بدە دژەخۆر لەسەر پێست جێگیر بێت بۆ ماوەی لانیکەم ١٠ بۆ ١٥ خولەک.

نۆیەم/ دژەخۆر هەرگیز بەسەر ناچێت

بە پێچەوانەوە دژەخۆر بە شێوەیەکی سروشتی وەک هەر دەرمانێک و بەرهەمێکی جوانکاری بەسەر دەچێت، چونکە پێکهاتە چالاکەکانی ناوی دەتوانن بە تێپەڕبوونی کات تێکبچن، بەکارهێنانی دژەخۆر کە بەسەرچووە ڕەنگە پێست بەبێ پارێزراو بهێڵێتەوە و بگرە زیانیش بە پێستەکە بگەیەنێت.


سەرچاوەکان



106 بینین