تەلەعفەر

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-14-18:28:00 - کۆدی بابەت: 12515
تەلەعفەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تەلەعفەر یان تەلعفەر (بە عەرەبی: تلعفر، بە ئینگلیزی: Tal Afar) شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای نەینەوایه و دەکەوێتە باکووری عێراقەوە. شاری تەلەعفەر ناوەندی قەزای تەلەعفەرە و بە گەورەترین قەزاکانی عێراق دادەنرێت. لەڕووی کارگێڕییەوە تەلەعفەر سێ ناحیە لەخۆدەگرێت کە بریتین لە زوممار، ڕەبیعە، عیازییە، هاوکات ٧٨ گوندی دەوروبەری ناوچەکە سەر بە قەزای تەلەعفەرن. لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس دانیشتووانی ناوچەکە دووچاری ڕاگواستن بووەتەوە، بۆیە تەلەعفەر بە شوێنێکی جێناکۆک دادەنرێت.

زانیاری گشتی

ناو  تەلەعفەر
لەڕووی کارگێڕییەوە  سەر بە پارێزگای نەینەوایە
ڕووبەر ٢٨ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە 
زمان  زمانی تورکمانی، زمانی عەرەبی، زمانی کوردی کورمانجی
ئایین  ئیسلامی پەیڕەوی شیعە، ئیسلامی پەیڕەوی سوننە، ئێزیدی

شوێنی جوگرافی

تەلەعفەر لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنووری شاری مووسڵە و لە ڕۆژاواوە هاوسنووری قەزای شنگالە، لە باکوورەوە لەگەڵ پارێزگای دهۆک هاوسنوورە و لە باشووریشەوە هاوسنووری قەزای خزڕە. ڕووبەڕی گشتی ناوچەکە نزیکەی ٢٨ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و نزیکەی ٤١٠ مەتر لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، تەلەعفەر بە دووری ٤٥٠ کیلۆمەتر لە بەغدادی پایتەختەوە دوورە و بە دووری ٧٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژاواوە لە مووسڵەوە دوورە.

شوێنی جوگرافی تەلەعفەر بە شوێنێکی ستراتیجی دادەنرێت بۆ عێراق، چونکە لە ناوەندی سەر سنووری نێوان هەر سێ وڵاتی عێراق و سووریا و تورکیایە، لە سنووری تورکیا و سووریاوە بە دووری ٦٠ کیلۆمەترەوە دوورە.

مێژووی تەلەعفەر

سەردەمی دێرین

تەلەعفەر یەکێکە لە کۆنترین شوێنەکانی عێراق، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردین و ئەو شوێنەوارانەی لێی دۆزرانەتەوە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ شەش هەزار ساڵی پێش زایین.

ناوچەکانی شنگال و تەلەعفەر بەشێک بوونە لە دەوڵەت و دەسەڵاتی میتانییەکان، دوای دەرکەوتنی ئاشوورییەکان ناوچەی تەلەعفەر بەهۆی قەڵا دێرینەکەیەوە ناسراوە کە لە سەردەمی شارستانیەتی ئاشوورییەکان قەڵای تەلەعفەر دروستکراوە، چونکە شارەکە ناوەندێک بووە بۆ پەرستنی خوداوەندە ئاشوورییەکان نموونەی خوداوەند "عەشتار"، ناوچەی تەلەعفەر لە سەدەی ٢٥ـی پێش زایین تاکوو سەدەی ٧ـی زایینی بەشێک بووە لە دەسەڵاتی ئاشوورییەکان.

واتای ناوەکەی

واتای ناو و وشەی تەلەعفەر چەند بۆچوونێکی لەسەرە، لە هەندێک سەرچاوە ناوەکە بە (تەل عەفرا) هاتووە کە واتای دۆڵی ئاسک دەبەخشێت، بە ناوی (تەل عبرە) ناسراوە کە بە واتای دۆڵی پەند دێت، هەروەها بە ناوی (تەل عەشار) ناسراوە و کە لە ناوی خوداوەند عەشتار وەرگیراوە و واتای دۆڵی خواوەندی عەشتار دەبەخشێت، سەرباری چەند ناوێکی تر بەڵام ناوچەکە هەر بە (تەلعفەر) یان (تەلەعفەر) ناسراوە کە واتای دۆڵی چاکان یان دۆڵی چاکەکاران دەبەخشێت.

سەردەمی ئیسلامی

تەلەعفەر بەدرێژایی چەندین سەدەی مێژوویی بەهۆی گرنگی شوێنی جوگرافییەوە گرنگییەکی سیاسی و ئابووری تایبەتی بەدەستهێناوە، چونکە شوێنی جوگرافی لەسەر ڕێگای عێراق و وڵاتێ شام و فارس بووە. بۆیە لە سەردەمی دەسەڵاتی عومەری کوڕی خەتتاب ناوچەکە فەتح کراوە و ئیسلامی پێگەیشتووە. لە سەردەمی دەسەڵاتی ئومەوییەکان زۆرێک لە خەواریجەکان لە تەلەعفەر نیشتەجێ بوون و قەڵا دێرینەکەی تەلەعفەر بە قەڵای مەڕوانی ناوزەد دەکرا. لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان و سەلجووقییەکان لە تەلەعفەر ژمارەی دانیشتووانەکەی گەشەیان کرد و ناوچەکە فراوانتر بووەوە.

مێژووی تەلەعفەر دوای دەسەڵاتی ئیسلامی

دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی عەباسییەکان و داگیرکارییەکانی مەغۆل، هۆلاکۆ کە لە ساڵی ١٢٥٨ بەغدادی داگیرکرد، لەو ماوەیەدا تەلەعفەر بوو بە بەشێک لە خاکی مووسڵ و خرایە سەر دەوڵەتی ئیلخانی. هەروەها لە سەدەکانی ناوەڕاست بە شارێکی بازرگانی گرنگ ناوی دەرکردبوو، چونکە وەکوو خاڵی گەیاندنی نێوان وڵاتانی ئیسلامی و دەوڵەتی بیزەنتینی ئاسیای بچووک (تورکیای ئێستا) بووە.

لە ساڵی ١٣٢٨ کاتێک تەیمووری لەنگ هێرشی کردە سەر عێراق و چووە ناو مووسڵەوە بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لەڕێگەی تەلەعفەرەوە لە ڕۆژاواوە چووەتە ناو شاری مووسڵەوە و بە تەلەعفەردا تێپەڕیوە، ڕێگایەکی کۆن هەیە لە باشووری تەلەعفەرە کە بە ڕێگای تەیموور ناسراوە.

لە سەردەمی دەسەڵاتی قەرە قۆینلو و ئاق قۆینلو تەلەعفەر بووە بەشێکی سەر بەو دوو دەسەڵاتە و زۆرێک لە دانیشتووانی بوونە تورکماننشین، بۆیە زۆرێک لە هۆزە تورکمانەکانی تەلەعفەر ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە سەر ئەم دوو هۆزە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی سەفەوییەکان و لە ساڵی ١٥٠٨ تەلەعفەر بووە ناوچەیەکی ژێردەسەڵاتی سەفەوییەکان.

لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان تەلەعفەر بەشێک بووە لە ویلایەتی مووسڵ و عوسمانییەکان قەڵا دێرینەکەی تەلەعفەریان وەکوو سەربازگە بەکاردەهێنا و ناوچەکە وەکوو بنکەیەکی سەربازی لێهاتووە. لە ساڵی ١٨٨٠ بە فرمانێکی فەرمی عوسمانییەکان تەلەعفەر بووە ناوچەیەکی کارگێڕی سەر بە قەزای شەنگال و هەردوو ناوچەکەش سەر بە ویلایەتی مووسڵ بوونە.

تەلەعفەر لە سەردەمی مێژووی هاوچەرخی عێراق

لە مێژووی عێراقی هاوچەرخدا و بە دیاریکراوی دوای داگیرکارییەکانی بەریتانیا لە عێراق و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی عوسمانی، لە ساڵی ١٩٢٠ شۆڕشی بیست لە عێراق ڕوویدا و تەلەعفەر لەم شۆڕشە ڕۆڵی هەبووە و چەند داستانێی تۆمارکردووە نموونەی دامەزراندنی (جووڵانەوە قاج قاج)، تەلەعفەر بە یەکەمین ناوچەی باکووری عێراق دادەنرێت کە شۆڕشی بیستەم تێیدا هەڵگیرسا و دانیشتووانەکەی پاڵپشتی ئەو شۆڕشەیان کرد و دژی داگیرکارییەکانی بەریتانیا بوون. لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعس و سەدام حسێن شارەکە ڕووبەڕووی پرۆسەی تەعریب کردن و ڕاگواستن بووەوە و دانیشتووانەکانی لە نەتەوەی کورد و بەشێک لە نەتەوەی تورکمان لە شارەکە دوورخرانەوە.

دوای ساڵی ٢٠٠٣ و داگیرکارییەکانی ئەمریکا

دوای ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام حسێن و داگیرکارییەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، باری ئاسایش و ئەمنی ناوچەکە پشێوی تێکەوتووە، هێزەکانی قاعیدە لە ناوچەکە چالاکییان هەبووە و چەندان ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و ئەنجامدانی تەقینەوە لە شارەکە ڕوویداوە، نموونەی تەقینەوەی گەورەکەی ساڵی ٢٠٠٧ کە لە ٢٧ـی ئادار گەڕەکێکی تورکمانی شیعەنشینی باکووری ناوچەکە کرایە ئامانج و لە ڕێگەی دوو بارهەڵگرەوە کە لە گەڕەکەکە دانرا بوون گەڕەکەکە تەقێندرایەوە و نزیکەی ١٥٢ قوربانی ٣٤٧ برینداری لێکەوتەوە. هەروەها تەقینەوەی تەلەعفەری ساڵی ٢٠٠٩ لە ڕێگەی دوو خۆکوژەوە شوێنێکی گشتی ناوچەکەیان کردە ئامانج ٣٤ـی قوربانی و ٦٠ برینداری لێکەوتەوە.

داگیرکردنی تەلەعفەر لەلایەن داعشەوە

لە ڕۆژی ١٥ـی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ دوای شەڕێکی دوو ڕۆژی لەنێوان داعش و سوپای عێراق و هەڵهاتنی سەربازەکانی سوپای عێراق، تەلەعفەر لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام داگیر کرا، داعش بە ٢٠٠ سەربازەوە چوونە تەلەعفەرەوە و زۆرێک لە دانیشتووانی ناوچەکە ئاوارە و دەرەبەدەر بوون و هەڵهاتن.

لە ڕۆژی ٢٠ـی ئابی ساڵی ٢٠١٧ چەند سەرچاوەیەکی سوپای عێراق ڕایگەیاند کە هێرشەکانیان بۆ سەر تەلەعفەر دەستی پێکردووە و چەند گەڕەکێکی دیاری ناوچەکە لە ژێر دەستی داعش ئازاد کراون، پاشان لە ٣١ـی ئاب و دوای جەنگێکی حەوت ڕۆژی ناوچەکە لەلایەن هێزە عێراقێیەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە بە تەواوی ئازاد کرا.

دیمۆگرافیای دانیشتووانی تەلەعفەر

ژمارەی دانیشتووانی تەلەعفەر لە کۆتا خەمڵاندنەکانی ساڵی ٢٠١٩ بە نزیکەی ٧٦٣ هەزار کەس خەمڵێندراوە، ژمارە و داتای فەرمی بۆ ژمارەی دانیشتووان لەسەر شارەکە بەردەست نییە و ئەوەی کە هەیە تەنها خەمڵاندنی نافەرمییە. تەلەعفەر بە ناوچەیەکی فرەنەتەوە و فرەئایین ناسراوە، نەتەوەی تورکمان و عەرەب و کورد لە شارەکە نیشتەجێن.

بەشێکی دانیشتووانەکەی تورکمانی پەیڕەوی ڕێبازی سوننە ئایینی ئیسلامن و هەندێکیش لە تورکمانەکان پەیڕەوی ڕێبازی شیعەی ئیسلامن، ڕێژەیەکیش لە نەتەوەی کوردی سوننە و عەرەبی سوننە لە ناوچەکە بوونیان هەیە، هاوکات ژمارەیەکی کەمیش لە نەتەوەی کوردی ئێزیدی نیشتەجێی شارەکەن.


سەرچاوەکان



97 بینین