ئۆرلاندۆ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-04-18-13:37:00 - کۆدی بابەت: 12564
ئۆرلاندۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئۆرلاندۆ (بە ئینگلیزی: Orlando، بە عەرەبی: أورلاندو)، شارێک و ناوەندی کارگێڕی ئۆرەنج کاونتییە لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا. ئەم شارە بەشێکە لە سێنتڕاڵ فلۆریدا، کە ناوەندی گەورەناوچەی ئۆرلاندۆیە و ژمارەی دانیشتووانەکەی بەپێی نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا لە ساڵی 2017 2,509,831 کەسە. گەورەناوچەکە شەشەم گەورەترین گەورەناوچەی ئەمریکای باشوور و سێیەم گەورەترین گەورەناوچەی ویلایەتی فلۆریدایە لە دوای میامی و تامپا بەی. ژمارەی دانیشتووانی ئۆرلاندۆ لە سەرژمێری ساڵی 2020ـدا 307,573 کەس بوو، بەمەش بووەتە چوارەم گەورەترین شاری فلۆریدا لە دوای شارەکانی جاکسۆنڤیل و میامی و تامپا. لەگەڵ ئەوەشدا، گەورەترین شاری ناوخۆیی ویلایەتەکەیەتی.

ئۆرلاندۆ یەکێکە لەو شارانەی کە زۆرترین سەردانکەرانی هەیە لە جیهاندا و لە ساڵی 2018ـدا زیاتر لە 75 ملیۆن سەردانیکەری بۆ خۆی ڕاکێشا. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئۆرلاندۆ 13ـەیەم قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەی ئەمریکا و 29ـەم قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەی جیهانە. شاری ئۆرلاندۆ بە هەمان شێوەی شارە گەورەکانی دیکەی سەن بێڵت، لە ساڵانی شەستەکانەوە تا دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەک بەخێرایی گەشەی کرد. ئەم شارە شوێنی زانکۆی فلۆریدای ناوەندییە، کە لە ساڵی 2015 و لەڕووی ژمارەی ناونووسراوانەوە گەورەترین کەمپی زانکۆ بوو لە ئەمریکا. لە ساڵی 2010ـدا شارەکە لەلایەن جیهانگەری و تۆڕی توێژینەوەی شارەکانی جیهانەوە بە شارێکی جیهانی گاما پڵەس پۆلێنکرا.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ئۆرلاندۆ 308.41 کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش 287.10 کیلۆمەتری وشکانی و 21.31 کیلۆمەتری ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 1,071.30 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

کەشوهەوا

بەپێی سیستەمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، ئۆرلاندۆ وەک زۆربەی ناوچەکانی باشووری قووڵی ئەمریکا کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە. لەم شارەدا هەست بە دوو وەرزی جیاواز دەکرێت ئەوانیش، وەرزێکی گەرم و باراناوییە، کە لە مانگی ئایارەوە دەست پێ دەکات و تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم دەخایەنێت، لەگەڵ وەرزێکی گەرم و وشک کە لە مانگی تشرینی دووەم دەست پێ دەکات و تا مانگی نیسان بەردەوام دەبێت. کەشوهەوا گەرم و شێدارەکەی ئەم ناوچەیە بە پلەی یەکەم بەهۆی نزمیی شوێنەکەیەوە دروست دەبێت، کە تاڕادەیەک نزیکە لە خولگەی قرژانگ و لە ناوەندی نیمچە دوورگەیەکدایە. زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی کەشوهەواکەی لە ئەنجامی نزیکییەکەیەوەیە لە تەوژمی کەنداو، کە دەڕژێتە چواردەوری نیمچەدوورگەی فلۆریدا. بە شێوەیەکی گشتی لە وەرزی هاویندا پلەی گەرمیی بەرز لە خوار 32 بۆ 34 پلەی سەدییەوەیە، لە کاتێکدا پلەی گەرمی نزم بە دەگمەن بۆ خوار 22 بۆ 24 پلەی سەدی دادەبەزێت. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لەم شارەدا 39 پلەی سەدیە کە لە 8ـی ئەیلوولی 1921ـدا تۆمارکرا. بەڵام لە زستاندا ڕێژەی شێداری زۆر نزمترە، پلەی گەرمی مامناوەندترە و دەشێت پلەکانی گەرما بەرز و نزم بکات. تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە مانگی کانوونی دووەمدا 15.9 پلەی سەدیە. پلەکانی گەرما ساڵانە تەنها 1.6 شەو لە ساڵێکدا بۆ سفر پلەی سەدی دادەبەزن و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 8- پلەی سەدیە کە لە 28ـی کانوونی یەکەمی 1894ـدا تۆمارکرا. جگە لەوەش، ساڵانە بە تێکڕایی 1,307مللیمەتر باران لە ئۆرلاندۆدا دەبارێت و زۆربەشی لە مانگی حوزەیران تا ئەیلوول دەبارێت، بەڵام مانگی تشرینی یەکەم تا ئایار وەرزی وشکی شارەکەن.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی ئۆرلاندۆ لە ساڵی 2020ـدا 307,573 کەس بوو، بەمەش بووە 67ـەم گەورەترین شاری ئەمریکا. لە ساڵی 2010ـدا 121,254 خێزان لە ئۆرلاندۆدا نیشتەجێبوون، لەو ژمارەیەش 15.4%ـیان منداڵیان نەبوو. لە ساڵی 2000ـدا 24.5%ـی خێزانەکانی شارەکە منداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵییان هەبوو، 32.4%ـیان هاوسەر بوون و پێکەوە دەژیان، 15.4%ـیان ژن خاوەن ماڵ بوو و هاوسەریان نەبوو و 47.6%ـیان لە هەمان خانەوادە نەبوون. تێکڕای قەبارەی خێزانەکان 2.25 کەس و تێکڕای قەبارەی خانەوادەکان 2.97 بوو. 

تەمەن

لە ساڵی 2014ـدا، تەمەنی 12.0%ـی دانیشتووانی ئۆرلاندۆ لە خوار 18 ساڵی، تەمە‌نی 5.7%ـی دانیشتووان لە 18 بۆ 24 ساڵی، تەمەنی 27.3%ـی دانیشتووان لە 25 بۆ 44 ساڵی، تەمەنی 18.6%ـی دانیشتووان لە 45 بۆ 64 ساڵی و تەمەنی 36.3%ـی دانیشتووانی شارەکە 65 ساڵ یان لە سەرووی 65 ساڵییەوە بوون. هەروەها تەمەنی مامناوەندی دانیشتوونی شارەکە 33 ساڵ بوو و لە بەرامبەر هەر 100 مێیەکدا 95.3 نێر هەبوو.

ڕەگەز و نەتەوە

ئۆرلاندۆ نەک هەر خاوەنی زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی پۆرتۆ ڕیکۆییە لە ویلایەتی فلۆریدا، بەڵکوو نیشتیمانی خێرا گەشەسەندوترین کۆمەڵگەی پۆرتۆ ڕیکۆییە لە وڵاتەکەدا. لە نێوان ساڵانی 1980 و 2010، ڕێژەی دانیشتووانی هیسپانی لە 4.1% بۆ 25.4% بەرزبوویەوە. هەروەها شارەکە خاوەنی ژمارەیەکی زۆر و ڕوولەگەشەی دانیشتووانی بەڕازیلی، دانیشتووانێکی زۆری کاریبی و کۆمەڵگەیەکی بەرچاوی هیندی ڕۆژئاوا (بەتایبەتی باهاماییەکان، کوباییەکان، دۆمینیکانەکان، جامایکییەکان، خەڵکی گویانا و ترینیدادی و تۆباگویی) و کۆمەڵگەیەکی هایتی دامەزراوە. جگە لەوانەش کۆمەڵگەیەکی چالاکی جوولەکەی لێ نیشتەجێیە. ئۆرلاندۆ خاوەنی دانیشتووانێکی زۆری هاوڕەگەزخواز و دووڕەگەز و ڕەگەزگۆڕاو (LGBT)ـە و لە ساڵی 2015ـەوە نزیکەی 4.1%ـی دانیشتوانەکەی خۆیان وەک LGBT دەناسێنن، بەم ڕێژەیەش لە پلەی 20ـی وڵاتەکەدایە.

پێکهاتە نەتەوەییەکانی دانیشتووانی ئۆرلاندۆ لە سەرژمێری ساڵی 2010ـدا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • سپی پێست یان قەفقاسی (بە سپی پێستە هیسپانییەکانیشەوە): 57.6%
  • سپی پێستی ناهیسپانی یان قەفقاسی: 41.3%
  • هیسپانی یان لاتینی لە هەر ڕەگەزێکدا: 28.4%
  • ڕەش پێست یان ئەمریکی ئەفریقی: 25.1%
  • ئەمریکی ڕەسەن یان خەڵکی ڕەسەنی ئالاسکا: 0.4%
  • دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن یان هاوایی ڕەسەن: 0.1%
  • ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەبوو: 3.4%
  • ڕەگەزەکانی تر: 6.6%

ئایین

43.2%ـی دانیشتووانی ئۆرلاندۆ ئایینیان هەیە، ئایینە جۆراوجۆرە پەیڕەوکراوەکانی نێو دانیشتووانی ئەم شار بریتین لە:

  • باپتیست: 6.9%
  • ئەندامی كڵێسای ئێپیسکۆپال: 0.8%
  • کاسۆلیک: 13.4%
  • لۆسەری: 0.7%
  • میتۆدیست: 3.1%
  • پێنتاکۆستال (سەر بە گرووپێکی ئایینی مەسیحی کە باوەڕیان بە هێزی گیانی پیرۆز هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی‌یەکان): 4.1%
  • تایبەت بە کڵێسای پریسبەتێری ( لقێکە لە کڵێسای پرۆتستانتی): 1.5%
  • ئەندامانی کڵێسای عیسا مەسیح: 1.0%
  • ئایینێکی تری مەسیحی: 9.0%
  • ئایینی جوولەکه: 0.4%
  • ئایینێکی ڕۆژهەڵاتی: 1.1%
  • ئایینی ئیسلام: 1.1%

زمان

بەپێی زانیارییەکانی ساڵی 2000، 75%ـی دانیشتووانی ئۆرلاندۆ وەک زمانی سەرەکی بە ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا 16.60%ـی دانیشتووانی شارەکە بە ئیسپانی، 1.9%ـی دانیشتووان بە کریۆلی هایتی، 1.3%ـی دانیشتووان بە زمانی فەڕەنسی، 0.99%ـی دانیشتووان بە زمانی پورتوگالی و 0.5%ـی دانیشتووان بە زمانی عەرەبی دەدوێن. بە شێوەیەکی گشتی 24%ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و گەورەتری شارەکە بە زمانێکی تری نائینگلیزی قسە دەکەن.

بەپێی راپرسییەکەی کۆمەڵگەی ئەمریکی لە ساڵانی 2006 بۆ 2008ـدا ئەنجامدرا 69%ـی دانیشتووانی تەمەن سەروو پێنج ساڵی ئۆرلاندۆ لە ماڵەوە تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن. هەروەها قسەپێکەرانی زمانی ئیسپانی 19.2%ـی دانیشتووانی شارەکەیان پێکهێناوە. جگە لەوەش قسەکەرانی زمانەکانی تری هیندۆئەورووپی 9%ـی دانیشتوان، ئەوانەی بە زمانێکی ئاسیایی قسەیان دەکرد 1%ـی دانیشتووان و قسەپێکەرانی زمانەکانی تر 0.6%ـی دانیشتووانیان پێکهێنا.

لەڕووی ئابوورییەوە

پیشەسازی

ئۆرلاندۆ ناوەندێکی سەرەکی پیشەسازی و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووە و گەورەناوچەی ئۆرلاندۆ خاوەنی پیشەسازییەکی تەکنەلۆجیای 13.4 ملیار دۆلاریە کە 53,000 کەس تێیدا کار دەکات؛ هەروەها لەڕووی نیشتیمانییەوە بە گرووپی داهێنان (COI) دەناسرێت لە میدیای دیجیتاڵی، تەکنەلۆجیای کشتوکاڵی، فڕۆکەسازی، دروستکردنی فڕۆکە و ئەو دەزگا و کەلوپەلانەی کە بۆ بۆشایی ئاسمان دەنێردرێن و دیزاینی نەرمەکاڵا. جگە لەوانەش، زیاتر لە 150 کۆمپانیای نێودەوڵەتی کە نزیکەی 20 وڵاتن، بارەگایان لە گەورەشاری ئۆرلاندۆدا هەیە. هەروەها کەرتێکی گرنگی تر پیشەسازی فیلم و تەلەفزیۆن و یاریی ئەلیکترۆنییە، لەگەڵ ئەوەشدا پیشەسازی گەشتیاری هێزی سەرەکی ئابووریی شارەکەیە، لە ساڵی 2018ـدا 75 ملیۆن سەردانیکەر هاتنە شارەکەوە و ئۆرلاندۆ لە لووتکەی شوێنە گەشتیارییەکانی ئەمریکادا بوو.


سەرچاوەکان



288 بینین