قەستەرەی دڵ چییە؟

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2024-04-22-21:21:00 - کۆدی بابەت: 12648
قەستەرەی دڵ چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قەستەرەی دڵ (بە ئینگلیزی: Heart Catheterization، بە عەرەبی: قسطرة القلب) بریتییە لە پرۆسەیەکی پزیشکی کە بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی هەندێک نەخۆشیی دڵ. ڕێگە بە پزیشکەکان دەدات لە نزیکەوە چاودێری دڵ بکەن بۆ دیاریکردنی کێشەکان و ئەنجامدانی تاقیکردنەوە و نەشتەرگەری تر. لەوانەیە پزیشک پێشنیاری قەستەرەی دڵ بکات بۆ دۆزینەوەی هۆکاری نیشانەکانی وەک ئازاری سنگ یان لێدانی ناڕێکی دڵ. پێش نەشتەرگەرییەکە، لەوانەیە پێویستت بە تاقیکردنەوەی دەستنیشانکردن هەبێت، وەک پشکنینی خوێن لەوانە پشکنینی گورچیلە و پشکنینی ڤایرۆسی، پشکنینی وێنەیی دڵ، یان پشکنینی سترێس، بۆ زانینی باش کارکردنی دڵ و گورچیلە، بۆ یارمەتیدان لە ڕێنماییکردنی پرۆسەکە.

ئەم کردارە پشکنینێکە کە بۆ زانینی چۆنیەتی ڕۆشتنی خوێن بە خوێنبەرەکانی دڵدا و زانینیی هەر تەسکبوونەوە و گیرانێکی بۆرییە خوێنبەرەکانی دڵ، لە هەندێک حاڵەتدا دەتوانرێت بۆ چارەسەریش بەکاربێت. واتا قەستەرە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی دڵ و چارەسەرکردنی هەندێک حاڵەت دەبێت، ماوەی کرداری قەستەرە بەپێی نەخۆش و بارودۆخی دەگۆڕێت دەکرێت ٣٠-٦٠ خولەک بخایەنێت.

لە قەستەرە لە ڕێگەی بۆرییەکی پلاستیکی نەرمی ناوبۆشەوە کە دەبرێت بۆ دڵ ماددەیەکی (بۆیە) ڕەنگداری درەوشاوەی تایبەت لە ڕێگەی خوێنبەرەکانی دەست یان قاچەوە دەکرێتە ناو لەش و بۆ دڵ دەچێت و لە ڕێگەی ئەشیعەوە کە بەبەردەوامی لە نەخۆشەکەی دەدات بە درێژایی ماوەی قەستەرەکە، پزیشکەکە دەتوانێت بۆرییە خوێنبەرەکان و هەر تەسکبوونەوە و کێشەی دڵ ببینێت بە ئاسانی بەهۆی ئەشیعەکەوە، کە پێویستە ئەو شوێنەی بۆرییەکەی لێدەبرێتە ژوورەوە بەنجی ناوچەیی (مەوزعی) بکرێت و پاکژبکرێتەوە.

کێن ئەو کەسانەی قەستەرە و ڕەنگکردنی بۆرییەکانی دڵیان بۆ دەکرێت

  • کەسێک یەکەم جاری بێت توشیی سنگە کوژێ بووبێت.
  • کاتێک ئازارێکی زۆر توندی سنگی هەبێت.
  • کەسێک توشیی تەسکبوونەوەی شا خوێنبەر بووبێت.
  • کاتێک لە پشکنینەکانیدا ئەنجامی نائاسایی هەبێت.
  • کاتێک نەخۆشێک نەشتەگەری دڵی بۆ بکرێت و کێشە لە خوێنبەری کۆرۆنەری هەبێت.
  • کەسێک جەڵدەی دڵ لێیدابێت.
  • کاتێک نەخۆشەکە تووشی پەکەوتنی دڵ هاتبیت.

لە کاتی قەستەرەدا پزیشک لە هەمان کاتدا دەتوانێت چەند بەشێکی تری گرنگ ئەنجام بدات ئەگەر پێویست بن وەکو:

  • فراوانکردنی خوێنبەرەکانی دڵ کاتێک تەسک بووبنەوە بە دانانی شەبەکە یاخود باڵۆن یان بە بێ ئەوانە.
  • چارەسەرکردنی نارێکی لێدانی دڵ بە میکانیزمی ووزەی گەرمی یاخود سارد.
  • داخستنی هەر کونێک لە دڵدا دروست بووبێت وەکو لە کاتی زگماکی هەبوو بێت.
  • چاککردنەوە و گۆڕینی زمانەکانی دڵ
  • فراوانکردنی بۆشایی نێوان زمانەکانی دڵ کاتێک تەسک بووبنەوە.
  • پشکنینی ئاستی ئۆکسجین و پەستانی خوێن لە ناوچەکانی دڵ.

چۆنیەتی ئامادە کردنی نەخۆش بۆ قەستەرە

  • هیچ مەخۆ و مەخۆرەوە بەلایەنی کەمەوە شەش کاتژمێر پێش تاقیکردنەوەکەت، یان وەک پزیشکەکەت ڕێنمایی دەکات. هەبوونی خۆراک یان شلە لە گەدەدا دەتوانێت مەترسی تووشبوون بە ئاڵۆزییەکانی بێهۆشکردن زیاد بکات. لە پزیشک یان پەرستارەکەت بپرسە ئایا پێویستە دەرمانەکانت بە بڕێکی کەم ئاو وەربگریت. ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە، داوای ڕێنمایی بکە دەربارەی دەرمانی شەکرە و ئەنسۆلین، چونکە ڕەنگێکی تایبەت کە بەکاردێت لە کاتی کردارەکەدا دەتوانێت مەترسی کاریگەری لاوەکی هەندێک لە دەرمانەکانی شەکرە زیاد بکات، لەوانە مێتفۆرمین.
  • پشکنینی خوێنی بۆ بکرێت، وەک پشکنینی بۆ خەپلەکانی خوێن، پشکنینی مەیینی خوێن و کاتی مەیین (PT&PTT).
  • ڕاگرتنی ئەو دەرمانانەی کە خوێن شل دەکەنەوە.
  • ڕوونکردنەوە و باسکردنی قەستەرەکە کە چۆن بۆ نەخۆشەکە ئەنجام دەدرێت.

مەترسیەکانی قەستەرە

بەشێوەیەکی گشتی قەستەرە ڕێگەیەکی زۆر باش و سەرکەوتووە بەڵام هیچ شتێکیش بێ کێشە نابێت، لە ٥٠٠ کەس ١ کەس یان لە ١٠٠٠ کەس ١ کەس ئەگەری تووشبوونی بە کێشەکانی قەستەرە هەیە، لەوانە:

  • ناڕێکبوونی لێدانی دڵ
  • برینداربوونی خوێنبەرەکە
  • دابەزینی پەستانی خوێن
  • تووشبوون بە هەوکردن
  • تووشبوون بە جەڵدەی مێشک
  • جەڵدەی دڵ
  • کۆبوونەوەی شلە زۆربەی کات خوێن لەناو پەردەی چواردەوری دڵ.
  • خوێنبەربوون و ئازار
  • هەستیاری بە ماددە ڕەنگدارەکە و دەرمانەکانی تر.
  • بۆیە ڕەنگدارەکە لەوەیە ببێتە هۆی کێشە لە گورچیلەکان لەو کەسانەی کە نەخۆشیی شەکرەیان هەیە یان پێشتر تووشی نەخۆشیی و تێکچوونەکانی گورچیلە بوون.


سەرچاوەکان



772 بینین