هۆکارەکانی ئازاری پێ

له‌لایه‌ن: - شنە شەماڵ شنە شەماڵ - به‌روار: 2024-05-22-17:59:00 - کۆدی بابەت: 12954
هۆکارەکانی ئازاری پێ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هۆکارەکانی ئازاری پێ (بە ئینگلیزی: Causes of foot pain، بە عەرەبی: أسباب ألم القدم) پێ یەکێکە لە ئاڵۆزترین بەشەکانی لەش و لە چەند بەشێک پێکهاتووە کە بریتین لە ئێسک، جومگە، بەستەرەکان، ماسولکەکان، ڕیشاڵەکان، دەمارەکان، خوێنبەرەکان و پێست. ڕەنگە زۆرجار پێ ڕووبەڕووی چەندین کێشە ببێتەوە کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئازار یان هەوکردنی پێ، ئەم کێشانەش کاریگەری لەسەر توانای جووڵەی کەسەکە و ڕاهێنان و چالاکی ڕۆژانەی هەیە، کاریگەری لەسەر شێوازی ڕۆشتنی کەسەکە دەبێت ڕەنگە ببێتە هۆی زیاتر برینداربوونی پێیەکان. 

هۆکارەکانی ئازاری پێ 

هۆکار و کێشەی تەندروستی زۆرن کە دەۆرێت ببنە هۆی هەستکردن بە ئازار لە بنی پێیەکان و هەندێکیان بریتین لە: 

١- نەخۆشی شەکرە: کەڵەکەبوونی ڕێژەیەکی بەرزی شەکر لە خوێنی کەسێکی تووشبوو بە نەخۆشی شەکرە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕۆیشتنی خوێن لە پێیەکاندا، زیان بە دەمار و خوێنبەرەکانی ناو خوێن دەگەیەنێت، کە لەوانەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی هەستکردن بە پێیەکان و هەستکردن بە بێهێزی

٢- هەوکردنی جومگەکانی ڕۆماتیزم: سیستەمی بەرگریی ئەو کەسانەی کە هەوکردنی ڕۆماتیزمیان هەیە هێرش دەکاتە سەر جومگەکانی ناو لەش و دەبێتە هۆی ئاوسانی جومگەکان و ئازاریان تێدا دروست دەبێت. ئەگەر پێیەکان تووشی هەوکردنی ڕۆماتیزمی جومگەکان بوون ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە تووشی ئازارێکی توندی پێیەکان ببێت. 

٣- نەخۆشی خوێنبەری (PAD): ئەم نەخۆشییە لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ماددەی چەوری لە خوێنبەرەکانی پێدا ڕوودەدات، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕۆیشتنی خوێن بۆ بەشی خوارەوەی قاچ و پێیەکان، کە نیشانەکانی بریتین لە: گرژبوون لە ماسولکەکانی پێ لە کاتی جووڵەدا، جگە لەوەی هەست بە ئازارێکی بێزارکەر دەکرێت لە پێدا. 

٤- بونیۆن: ئەم حاڵەتە بە دەرکەوتنی گەشەی ئێسک لە بنی پەنجەی گەورەدا دەردەکەوێت یان بڵۆقی بنی پەنجە گەورەی پێیە، لە ئەنجامدا ئازاری پێ دروست دەبێت بەتایبەتی لەکاتی پۆشینی پێڵاودا.

٥- پێڵاوی نەگونجاو: لەبەرکردنی هەندێک پێڵاوی نائارام لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی پێست و ئازاری پێیەکان، بەتایبەتی لەکاتی ڕۆیشتن. 

٦- نینۆکی گەشەکردووی (زیادە) کە بە نینۆکی ناوەوە ناسراوە ئەم حاڵەتە بە گەشەکردنی نینۆکەکە بۆ ناو پێستی دەوروبەری پێیەکە دروست دەبێت زیاتر لە گەشەی نینۆکی پێیەکە کە دەچێتە ناو پێستی پێیەکە، لە ئەنجامدا  دەبێتە هۆی هەستکردن بە ئازارێکی زۆر. 

٧- نەخۆشی هەوکردنی بەستەرەی پێ Plantar fasciitis: کە حاڵەتێکە دەبێتە هۆی تێکچوونی شانەکانی بنی پێ، زۆرجار هەوکردنی پێیەکان تووشی ئەو کەسانە دەبێت کە کارەکانیان بەو شێوەیەیە کە هەمیشە بە پێوە دەوەستن.

٨- نەخۆشی هەوکردنی دەمارەکانی مۆرتۆن Morton's neuroma: کە بریتیە لە وەرەمێک کە لە دەوری دەمارەکاندایە کە لە نێوان پەنجەکانی قاچدا درێژ دەبێتەوە ئەم وەرەمە دەبێتە هۆی دروست بوونی فشار لەسەر دەمارەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئازارێکی توندی پێ. 

٩- شکان یان جووڵانی ئێسکەکان لە شوێنی خۆیاندا: دەکرێت ئێسکەکانی پێ بشکێن یان ئێسکەکان لە شوێنی خۆیان دەربچن، ئەمەش لە ئەنجامی هەندێک برینداربوون و ڕووداون وەک: کەوتنە خوارەوە، ڕووداوی ئۆتۆمبێل، کەوتنی شتێکی قورس بەسەر پێ. هۆکارەکانی تر: چەندین هۆکار هەن کە ڕەنگە ببنە هۆی هەستکردن بە ئازار لە پێیەکان کە هەندێکیان بریتین لە:

  • پیربوون
  • وەستان لەسەر پێ بۆ ماوەیەکی زۆر.
  • کێشی زیادە
  • شێواوی زگماکی پێ.
  • ئەنجامدانی چالاکییە جەستەییە قورس و چڕەکان و ڕۆیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر.

چارەسەری ئازاری پێ 

چەندین چارەسەر هەن کە یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی ئازاری پێ، وەک:  

١- خواردنی هەندێک جۆری دەرمان: وەکو ئەسیتامینۆفین و دەرمانی دژەهەوکردنی ناستیرۆید. وەک ئەسپرین و ئیبوپڕۆفین ئەم دەرمانانە لە ئازارشکێنەکانی تر جیا دەکرێنەوە بەهۆی ئەوەی کاریگەری دژەهەوکردنیان هەیە، کاتێک بەکاردەهێنرێن بەپێی ڕێنماییەکانی پزیشک پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم دەرمانانە نابێت بدرێت بەو کەسانەی کە کێشەی گەدە و سورێنچک و گورچیلەیان هەیە.  

٢- ئەنجامدانی نەشتەرگەری: ڕەنگە لە هەندێک حاڵەتدا نەشتەرگەری بۆ کەسەکە پێویست بێت.

٣- چارەسەرە یارمەتیدەرەکانی تر: وەک چارەسەری فیزیایی، مەساج، دانانی ئامێری پاڵپشت و پشوودانی زیاتر، دانانی سەهۆڵ لەسەر پێیەکە، لەپێکردنی هەندێک پێڵاو کە لەگەڵ پێدا بگونجێت.

٤- سەردانی پزیشک ڕەنگە هەندێک چارەسەری ماڵەوە بەس بن بۆ نەهێشتنی هەستکردن بە ئازاری پێیەکان، بەڵام هەندێک حاڵەت هەیە کە وەڵامی ئەم ڕێگایانە ناداتەوە، هەروەها کەسەکە کۆمەڵێک نیشانەی تری دەبێت کە پێویستی بە سەردانی پزیشک هەیە، نیشانەکان بریتین لە:

  • هەستکردن بە ئازاری توند و بەردەوام. 
  • ئاوسانی پێیەکان. 
  • نیشانەکانی هەوکردن دەردەکەون، وەک سووربوونەوە و گەرمبوونی شوێنی تووشبوو. 
  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بۆ زیاتر لە 37.8. 
  • بێتوانایی لە ڕۆیشتن یان وەستان لەسەر پێیەکان. 
  • بوونی برینێک کە چاک نابێتەوە.
  • دەرکەوتنی ئاوسان و سووربوونەوە لە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەکرە
  • هەستکردن بە ئازاری سووتاوی، یان هەستکردن بە بێهێزی لە پێدا. 
  • بێتوانایی لە ئەنجامدانی چالاکییەکانی ڕۆژانە بە شێوەیەکی ئاسایی بەبێ هەستکردن بە ئازار. 
  • گۆڕانکاری لە هەستکردن لە پێدا. 
  • گۆڕانی ڕەنگی پێست و نینۆکەکانی پێست. 
  • گۆڕان لە شێوازی ڕۆیشتن و جووڵەی پییەکان.


سەرچاوەکان



6437 بینین