ترس لە خوێن (هیمۆفۆبیا)

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-27-14:42:00 - کۆدی بابەت: 13003
ترس لە خوێن (هیمۆفۆبیا)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا  

ترس لە خوێن یان هیمۆفۆبیا (بە ئینگلیزی: Hemophobia، بە عەرەبی: الهيموفوبيا) بریتییە لە ترسێکی نائاسایی و لەڕادەبەدەر لە کاتی بینینی خوێندا. جیاوازە لە ترسانێکی ئاسایی کە زۆر خەڵک لە کاتی بینینی خوێندا تووشی دەبن. ئەم ترسە کاریگەری خراپ لەسەر کەسەکە دروست دەکات، بەجۆرێک ڕەنگە لە سەردانکردنی دکتۆر و نەخۆشخانەش لە کاتی پێویستیدا ڕێگری لێ بکات. ئەم ترسانە ڕەنگە لە کاتی بینینی خوێنی کەسەکە خۆی، دەوروبەری، بینینی خوێنی ئاژەڵ یان تەنانەت لە کاتی بینینی خوێن لە ڕەسمیشدا تووشی ببێت. ٪٨٠ ی ئەو کەسانەی ئەم حاڵەتەیان تووش دەبێت، لە کاتی بینینی خوێن تووشی دڵتێکەڵهاتن و هەندێک کاتیش بوورانەوە دەبن. بەهۆی فشاری دەروونی لە کاتی بینینی خوێندا فشاری خوێنیان دادەبەزێت بەهۆی ئەمەش ئۆکسجینی پێویست بە مێشک ناگات، کەسەکە هەست بە دڵتێکەڵهاتن و سەرگێژخواردن دەکات و ڕەنگە دووچاری لەهۆشچوون ببێتەوە.

هۆکار

بەزۆری کاتێک کەسێک لە منداڵیدا تووشی زەبرێکی دەروونی  دەبێت، ئەزموونی ئەم حاڵەتە دەکات. هەندێک کاتیش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەزموونی ئەم حاڵەتە دەکەن، بۆ نموونە کاتێک کەسێک لە چواردەوری گوێبیستی کەسێک دەبێت کە ترسێکی زۆری بۆ بینینی خوێن هەیە یان ئەزموونێکی خراپی کردووە، ئەویش ترسی بۆ دروست دەبێت و تووشی حاڵەتی هیمۆفۆبیا دەبێت.

نیشانەکان

  • هەستکردن بە ترس و بێتاقەتی
  • کێشە لە هەناسەداندا
  • بوورانەوە
  • ئارەقەکردن
  • زیادبوونی لێدانی دڵ
  • ئازاری سنگ
  • کەسەکە ئارەزوو دەکات لەو دۆخەی تێیدایە هەڵبێت.
  • شێواوی و شپرزەیی
  • سەرگێژخواردن
  • دڵتێکەڵهاتن
  • هەستکردن بە ئازاری مەعیدە

ئەو هۆکارانەی مەترسیی هیمۆفۆبیا زیاد دەکەن:

  • ئەو کەسانەی کە کێشەی تەندروستییان هەیە وەک ترسان و ترس لە شوێنی گشتی و قەرەباڵغ مەترسیی تووشبوونیان بەم حاڵەتە زیاترە.
  • ڕەگەز: ئافرەتان زیاتر لە پیاوان ئەزموونی ترسان لە خوێن یان هیمۆفۆبیا دەکەن.
  • بۆماوە: ئەو کەسانەی لە خێزانەکەیان کەسانی تووشبوو بەم حاڵەتە هەیە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە.
  • ئەو کەسانەی لەتەمەنێکی زوودا تووشی زەبر یان شۆکی دەروونی بوون.

چارەسەر

  • سەردانکردنی پزیشکی دەروونی تاکوو کەسەکە بتوانێت بەسەر ترسەکەیدا زاڵببێت و کۆنتڕۆڵی هەستەکانی بکات. پزیشکی دەروونی دەتوانێت دەستنیشانی ئەو هۆکارانەی کە بوونەتە هۆی دروستبوونی ئەم ترسە بکات و ڕێنمایی کەسی تووشبوو بکات تاکوو لەو هۆکارانە دوور بکەوێتەوە. لە جۆرە چارەسەرێکی تردا پزیشک بەشێوازێکی بەرنامە دانراو و بە ڕێکخراوی بەرەبەرە وا لە کەسەکە دەکات بەرکەوتنی لەگەڵ ئەو شتانەدا کە تووشی ترس لە خوێنی کردووە هەبێت، بۆنموونە دەرزی یان پیشاندانی خوێنێک کە ڕاستی نییە و پیشاندانی وێنە تاکوو کەسەکە لەگەڵ بینینیان ڕابێت و بتوانێت لە کاتی بینینیان بەسەر فشاردا زاڵ ببێت.
  • گرژکردنی ماسولکەکان بەهۆی گرژکردنی قاچەکان، دەست و سک ڕێگری لە بورانەوە دەکات.
  • چەن تەکنیکێک کە فشاری دەروونی کەم دەکەنەوە، وەک ڕاهێنانی هەناسەدان، تێڕامان و یۆگاکردن.


سەرچاوەکان



1887 بینین