زیانەکانی زۆر خواردنەوەی شیر

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-29-15:14:00 - کۆدی بابەت: 13042
زیانەکانی زۆر خواردنەوەی شیر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زیانەکانی زۆر خواردنەوەی شیر (بە ئینگلیزی: Side effect of drinking too much milk) ڕەنگە بیربکەیتەوە زۆر خواردنەوەی شیر سوودی بۆ تەندروستیت هەبێت، بەڵام بەپێچەوانە زۆر خواردنەوەی شیر دەکرێت زیان بە تەندروستیت بگەیەنێت. هەمیشە بەو جۆرە بیستوومانە کە خواردنەوەی شیر سوودی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، چونکە سەرچاوەی کالسیۆم و چەندین خۆراکە ماددەی ترە. بەڵام خواردنەوەی بە بڕێکی زۆر ڕۆژانە دەکرێت زیانێکی زۆر بە جەستە بگەیەنێت بەتایبەتی بۆ کەسانی پێگەیشتوو. بەپێی لێکۆڵینەوەیەک لە ساڵی ٢٠١٤ ئەنجام دراوە، خواردنەوەی سێ کوپ لە شیر ڕۆژانە بۆ ئافرەتان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ زیاد دەکات. هەروەها مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە لە ٪٤٤ زیاد دەکات.

خواردنەوەی چەن کوپ لە ڕۆژێکدا ئاساییە؟

خواردنەوەی سێ کوپ ڕۆژانە لە شیرێکی تەندروست بۆ کەسانی پێگەیشتوو ئاساییە، بەڵام لەم ڕێژەیە زیاتر دەکرێت زیان بە تەندروستی بگەیەنێت. بۆ ئافرەتان سێ کوپیش دەکرێت زیانی هەبێت، باشترە کەمتر بێت.

لێکۆڵینەوەیەک دەری خستووە خەڵکی لە  سەروو تەمەنی نۆ ساڵ پێویستە ڕۆژانە سێ کوپ شیر بخۆنەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەی شیر سەرچاوەیەکی باشی کالسیۆم، فۆسفۆر، ڤیتامین A، ڤیتامین D، ڤیاتامین B12، پڕۆتین، پۆتاسیۆم، زینک و مەگنیسیۆمە. هەندێک کەس پێویستە بەتەواوی لە خواردنەوەی شیر بەدوور بن. ئەوانیش ئەو کەسانەن کە هەستیارییان بە شیر هەیە، ئەم کەسانە ئەنزیمی لاکتەیزیان کەمە. ئەم ئەنزیمە ڕۆڵی لە هەرسکردنی شیردا هەیە. بەڵام ئەو کەسانەی ئەم ئەنزیمەیان کەمە ناتوانن بەباشی شیر هەرس بکەن. ئەم کەسانە تووشیی ئازاری سک، ئاوسانی سک و سکچوون دەبن.

کاریگەرییەکانی زۆر خواردنەوەی شیر

دەکرێت ببێتە هۆی دڵتێکەڵهاتن

بە پێی توێژینەوەیەکی ئەمریکی ئەو کەسانەی هەستییارییان بە شیر هەیە، دڵتێکەڵهاتن یەکێکە لە نیشانە زۆر دیارەکان. هەروەها لە زۆربەی کەسەکاندا ڕشانەوە لە دوای خواردنەوەی شیر ڕوودەدات.

دەتوانێت بێتە هۆی ئاوسانی سک و کەموکوڕی توانای هەرسکردن

ئەم نیشانەیە تەنها لەو کەسانەدا کە هەستیاریان بە شیر هەیە دەرناکەوێت، بەڵکوو لەو کەسانەشدا کە بڕێکی زۆر شیر دەخۆنەوە کێشەی توانای هەرسکردن وەک ئاوسانی سک، کرژبوونی ماسولکەی سک و سکچوون دەردەکەوێت. ئەگەر جەستە نەتوانێت بەباشی لاکتۆزی ناو شیر تێک بشکێنێت، لاکتۆز بەناو سیستمی هەرسدا دەڕوات و لەلایەن بەکتریاکانی گەدەوە تێکدەشکێن. ئەمەش دەبێتە هۆی دروسبوونی دۆخی گازی و چەند کێشەیەکی تری سیستمی هەرس.

دەبێتە هۆی دروستبوونی زیپکە

باوەڕ دەکرێت ئەو شیرانەی لە بازاڕەکاندا بەردەستن، هۆڕمۆنی گەشەیان تێکەڵکراوە. ئەمە دەکرێت ببێتە هۆی خراپبوونی زیپکەی پێست. باشترە کە شیری سروشتی بخورێتەوە چونکە بەدوورە لەم جۆرە هۆڕمۆنانە کە دەبێتە هۆی خراپبوونی پێست. هەروەها دەبێتە هۆی هەوکردن، کە هەوکردنەکەش لە پێستدا دەردەکەوێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی زیپکە.

دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی شێرپەنجە

لێکۆڵینەوەی زۆر کەم لەم بارەیەوە هەیە، بەڵام دەوترێت دەبێتە هۆی دروستبوونی شێرپەنجەی پڕۆستات و شێرپەنجەی مەمک.

کەمبوونەوەی کێشی ماسولکەکان

ئەوە ئاشکرایە کە کالسیۆمی ناو شیر، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ماسولکەکان. بەڵام لەبەر ئەوەی شیر دەبێتە هۆی هەوکردن، هەندێک توێژینەوە دەڵێن کە زۆر خواردنەوەی شیر زیان بە ماسولکەکان دەگەینێت. لە توێژینەوەیەکدا کە لە ٢٠١٤ کراوە، بەراورد لەنێوان ئەو ئافرەتانەی ڕۆژانە سێ کوپ یان زیاتر شیر دەخۆنەوە لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی بە ڕێژەیەکی کەمتر دەیخۆنەوە کراوە. لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە ئەو ئافرەتانەی بڕێکی زیاتر شیر دەخۆنەوە ئەگەری لاوازبوونی ئێسکەکانیان ٪١٦ زیاترە.


سەرچاوەکان



99 بینین