ئاو و ھەوا و تەندروستی مرۆڤ

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-05-29-22:40:00 - کۆدی بابەت: 13058
ئاو و ھەوا و تەندروستی مرۆڤ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاو و ھەوا و تەندروستی مرۆڤ (بە عەرەبی: المناخ وصحة الإنسان، بە ئینگلیزی: Climate and Human Healthئاو و ھەوا زانستی لێکۆڵینەوەیە لە  بەرگەھەوا و پشتێنەی ڕەگەزە کەشییەکان بە تێپەڕبوونی کات بایەخ دەدات بە تۆمارکردن و لێکۆڵینەوەی پشتێنەکانی کەش و ھەموو ئەو بارودۆخە کەشییانەی کە دەبنە ھۆی ڕوودانیان. چینی یەکەمی بەرگەھەوا کە ناسراوە بە چینی (ترۆپۆسفێر - Troposphere) ئەم چینە لە بەرگە ھەوا ھەموو ھەڵمی ئاوی بەرگی گازی و زۆربەی ئۆکسجین و دوانۆکسیدی کاربۆن لەخۆ دەگرێت بە ڕێژەی ٩٠٪ دیاردە کەشییەکان لەم چینەدا ڕوودەدەن. ئاو و هەوا زانستێكە

باس لە بارودۆخی بەشی ژێرەوەی بەرگی گازی (چینی ترۆپۆسفیر) و دیاردەكانی دەكات لە ماوەیەكی درێژدا. ئاو و ھەوا لە ڕێگای توخمەكانییەوە وەكوو (پلەی گەرمی، شێ، با، پەستانی هەوا، تیشكی خۆر) كاریگەری دەكاتە سەر تەندروستی مرۆڤ و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا بە تایبەتی بەهۆی گۆڕانی ڕەگەزەكانی ئاو و ھەوا، هەر بۆیە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك بەهۆی هاتنی شەپۆلی گەرمی و شەپۆلی ساردی و لافاو و تۆفانەوە دەمرن.

لە گرنگترین ئەو ڕەگەزانەی کاریگەریان هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ

١- تیشكی خۆر (Radiation)
تیشكی خۆر بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاریگەری كاردەكاتە سەر پێستی مرۆڤ بەتایبەتیش تیشكی سەروو وەنەوشەیی كە لە هەموو جۆرەكانی تری تیشك مەترسی دارترە، لەهەمان كاتدا سوودیشی هەیە بۆ نموونە خۆدانە بەر تیشكی خۆر بۆ ماوەیەكی كەم لە كاتی بەیانیان و ئێواران كە تیشكی خۆر لارە  یارمەتی دەر دەبێت بۆ دروستبوونی ڤیتامین (D) لە جەستەی مرۆڤ، بەڵام زۆر بەركەوتنی تیشكی خۆر دەبێتە هۆی (سووربوونەوەی پێست و چرچ بوونی پێست و لاوازبوونی بەرگری جەستە). كاریگەری تیشكی سەروو وەنەوشەیی بەپێی ڕەنگی پێست دەگۆڕێت واتە ئەم تیشكە زیاتر كاریگەری لەسەر پێستی سپی دەبێت چونكە هەستیارە، بەڵام كەمتر كاریگەری لەسەر پێستی ئەسمەر و ڕەش دروستدەكات بەهۆی ئەوەی ماددەی میلانی زیاترە كە ڕەنگی پێست تاریك دەكات و چینی خوارەوەی پێست لە سووتان دەپارێزێت.

٢- پلەی گەرمی (Temperature)
پلەی گەرمی بەپێی وەرزەكان جیاوازە هەربۆیە ئەو پەتا و ڤایرۆزانەی بەهۆی پلەی گەرمییەوە بڵاو دەبنەوە لە وەرزێكەوە بۆ وەرزێكی تر جیاوازن بۆ نموونە (لە وەرزی زستاندا ئەنفلۆزا و گەروەخرە و ئیلتیهابی گەروو و كۆخە باوە)، بەڵام لەوەرزی هاویندا نەخۆشییەكانی وەكوو(كولێرا و تیفۆ و تای زەرد و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆزە گواستراوەكان بەهۆی مێشولەوە) لە وەرزی بەهاردا نەخۆشیەكانی (سورێژە و حەساسییەت) بڵاو دەبنەوە هەربۆیە درووستبوونی شەپۆلی گەرمی و شەپۆلی ساردی كاریگەری زیاتری دەبێت بەسەر تەندروستی مرۆڤەوە.

  • شەپۆلی گەرمی (Heat Waves) هەركاتێك شەپۆلی گەرمی ڕوودەدات کە  پلەی گەرمی لە ئاستی ئاسای خۆی زیاتر بەرزدەبێتەوە كە (٤)° سیلیزیە بۆماوەی چەند ڕۆژێك ئەم شەپۆلە بە پلەیەكی گەرمی بەرز بەردەوام دەبێت بەم هۆیەوە جەستەی مرۆڤ بەهۆی ئارەق كردنەوە بڕێكی زۆری ئاو لە دەست دەدات هەربۆیە زیاتر هەست بە تینوەتی دەكات  ئەم جۆرە شەپۆلانە زیاتر كاریگەریان هەیە لەسەر كەسانی (بەتەمەن و منداڵان و كەسانی نەخۆش) هەربۆیە لەكاتی دروستبوونی ئەم شەپۆلە گەرمییە تیشكی خۆر بەر جەستە بكەوێت دەبێتە هۆی خۆر بردن (Sun Stroke).
  • شەپۆلی ساردی (Cold Wave) بریتییە لەو حاڵەتەی كە پلەی گەرمی دادەبەزێت لەو پلەی دیاریكراوە یان ئاساییەی كە هەیە تەوژمی سارد زۆربەی كات لە وەرزی زستاندا لە ناوچەكانی بازنەی ناوەند و سەروو ڕوودەدات بەم هۆیەوە پلەكانی گەرمی دادەبەز بۆ ژێر (سفر)° سیلیزی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك بەم هۆیەوە مرۆڤ دووچاری سەرمابردن (Forstbite) دەبێت دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكانی زستانە وەكوو (نەخۆشییە هەڵامەتییەکان و كۆخە و نەخۆشی دڵ  ئیلتیهابكردنی جومگەكان).

٣- شێ (Humidity)
بەرزی پلەی گەرمی و شێی زۆر ژینگەیەكی نا تەندروست بۆ مرۆڤ پێكدێنێت ، بۆیە واباشترە كە مرۆڤ لەو ناوچانە دوور بكەوێتەوە كە بڕی باران بارینیان لە (١٠٠٠) ملیم زیاترە و پلەی گەرمی لە (٢٥)° سیلیزی بەرزترە،  چونكە ئەم ناوچانە ژینگەیەكی تەواو لەبارن بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكانی (مەلاریا و زەرتك بە ڕێژەی ٨٠٪ بۆ ٩٠٪) نەخۆشی مەلاریا لە  ئەفریقا ڕوودەدات، بەهۆی بەرزی پلەی گەرمی و شێ و هەبوونی ڕووبەری ئاوی وەستاو یان كەم جووڵە  مێشولەی مێینە كلیلی گواستنەوەی مەلاریایە وە بەڕێژەی (٤٠٪) ی دانیشتوانی جیهان لەو ناوچانە دەژین كە بە نیشتیمانی مەلاریا ناسراوە.

٤- پەستانی هەوا (Atmospheric Pressure)
 پەستانی هەوا بەیەكێك لەو ڕەگەزانە دادەنرێت كە كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ بە بەرزبوونەوە لە ئاست ڕووی دەریاوە پەستانی هەوا كەم دەكات بە پێچەوانەشەوە بە نزمبوونەوە پەستانی هەوا زیاد دەكات یەكێك لەو گازانەی كە لەهەوادا هەیە و پێویستە بۆ ژیانی مرۆڤ ئۆكسجینە کە لە بەرزی (٢٥٠٠ بۆ ٣٠٠٠) مەتر ڕێژەی ئۆكسجین (٤٠٪ بۆ ٥٠٪) دادەبەزێت هەربۆیە بە بەرزبوونەوە لە بەرزی (٢٥٠٠) مەتر زیاتر مرۆڤ هەست بە سەرئێشە و تەنگەنەفەسی شەكەتی و سەرسوڕان دەكات پەستانی خوێن بەرز دەبێتەوە.

٥- با (Wind)
با جووڵەی ئاسۆیی ھەوایە لە ئەنجامی جیاوازی پلەی گەرمی لە ناوچەی پەستان بەرز کە (پلەی گەرمی نزمە) ھەڵدەکاتە سەر ناوچەی پەستان نزم کە (پلەی گەرمی بەرزە). با كاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ڕەفتارەكانی، با كاردەكاتە سەر پلەی گەرمی، بای سارد پلەی گەرمی نزم دەكاتەوە،  بای گەرم پلەی گەرمی بەرز دەكاتەوە. هۆكارێكیشە بۆ بڵاوبوونەوە و گواستنەوەی نەخۆشی لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر و بڵاوبوونەوەی خۆڵ و تۆوی ڕووەك و هەندێك لە ماددەكانی نێو ئەو تۆز و خۆڵەی با هەڵیگرتووە هۆكارێكە بۆ بڵاوبوونەوەی حەساسییەت و تەنگەنەفەسی و نەخۆشی چاو.

تێبینی كراوە كە بای گەرمی (فۆهن) لە ئەورووپا و بای گەرمی (شینۆك) لە ئەمریكای باكوور گۆڕانكاری گرنگ لە تەندروستی مرۆڤ و ڕەفتارەكانی دروست دەكەن كە دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵە ڕاوكێی و خەمباری و شەكەتی، بەڵام بای سارد وەكوو بای (مستڕال و بۆڕا) لە ئەورووپا هۆكارێكن بۆ سەرئێشە و زیادبوونی ئازاری جومگەكان. كەواتە، ئاو و هەوا لە ڕێگای توخمەكانییەوە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست كردووە بەتایبەتیش لەم چەند ساڵەی دووایدا بەهۆی ڕوودانی گۆڕانكاریە ئاو و هەوایەكانەوە ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە كە ئاو و هەوا تەنها كاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست نەكردووە، بەڵكوو كاریگەری لەسەر تایبەتمەندییە جەستەییەكان و ئەو خۆراكانەی كە مرۆڤ دەیخوات و جۆری ئەو خانوانەی كە تیایدا نیشتەجێبووە.

بۆ نموونە پۆشینی جلوبەرگی گەرم لە وەرزی زستان و زیادبوونی خواست لەسەر خواردنەوە گەرمییەکان وەکوو (چا و قاوە و شیر) وە پۆشینی جلوبەرگی تەنک لە وەرزی ھاوین و زیادبوونی خواست لەسەر خواردنەوە ساردەکان و تەنانەت دیزاین و جۆری ڕەنگی جلەکانیش لە ژێر کاریگەری کەش و ھەوای وەرزەکانە، جگە لەمانەش کاریگەری لەسەر دابەشبوونی مرۆڤ لەسەر زەوی دروستكردووە بۆ نموونە مرۆڤ كەمتر لە ناوچە ساردەكان نیشتەجێ بووە بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچانە ئاو و هەوایەكی سارد و سەختیان هەیە وە كەمتریش لە ناوچە گەرمەكان نیشتەجێبووە، بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچانە ئاو و ھەوایەکی گەرمیان هەیە.

دابەشبوونی کۆمەڵە مرۆییەکان لەسەر زەوی 

  • (کۆمەڵەی ڕەگەزە سپی پێستەکان - قۆقازییەکان) کە تایبەتمەندی ڕووخسار و جەستەیان سپی پێستن و باڵایان درێژە لە باکووری ئەورووپا بڵاوبوونەتەوە و ڕەگەزی ئەڵپی کە ئەسمەر و باڵایەکی مامناوەند و سەرێکی درێژکۆڵەیان ھەیە لە ناوەڕاست و باشووری ئەورووپا بڵاوبوونەتەوە، ڕەگەزی دەریای ناوەڕاست کە ئەسمەر و باڵا مامناوەند و قژ ڕەشە.
  • کۆمەڵەی ڕەگەزە زنجییە ڕەش پێستەکان ئەم کۆمەڵە مرۆییە بە شێوەیەکی گشتی لە ناوچە خولگەییەکان و ناوچە کەمەرەیی بڵاوبوونەتەوە، بە تایبەتی لە ڕۆژاوای ئەفریقا و ناوەڕاست و باشووری و لە باشوور و ڕۆژھەڵاتی ئاسیا، تایبەتمەندییە جەستەییەکانی ئەم کۆمەڵە مرۆییە (ڕەنگی پێستیان ڕەشە و قژ لوولن و لووت کورت و پانن و لێو ئەستوورن)، ھەندێکیان باڵایان بەرزە وەکوو (نیلییەکان) لە باشووری سودان و ھەندێکی تریان باڵایان کورتە وەکوو (کۆنگۆ یان کۆنغۆکان).
  • کۆمەڵەی ڕەگەزی مەغۆلی یان زەرد ئەم کۆمەڵە مرۆییە لە بەشەکانی ڕۆژھەڵات و باشووری ئاسیا دەژین، وەکوو ھیندییە سوورەکان لە ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوور، ئەسکیمۆکان لە ناوچە جەمسەرییەکان، لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانیان ڕەنگی پێستیان زەرد و قژیان درێژە و باڵایان لە نێوان کورت بۆ مامناوەندە و دەم و چاویان پانە و لووتیان کورتە.

بوونی ئەم ھەموو جیاوازییە لە ڕووی تایبەتمەندی جەستەیی و ڕووخسار و ڕەنگی پێست و قژ، بە پلەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری ئاو و ھەوا لەسەر مرۆڤ و دابەشبوونی هەربۆیە فراوانترین شوێن بۆ نیشتەجێبوونی دانیشتوان لە جیهاندا كەوتۆتە نێوان هەردوو بازنەی پانی(٢٠ بۆ ٦٠)° پلەی نیوەگۆی زەوی كە بە ناوچەی سازگار (المعتدل) ناسراوە.


سەرچاوەکان



493 بینین