مێرگ و مێرگوزار و باخچەکانی زەریا

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-22-15:44:00 - کۆدی بابەت: 809
مێرگ و مێرگوزار و باخچەکانی زەریا

ناوه‌ڕۆك

مێرگ و مێرگوزار و باخچەکانی دەریا

لەوانەیە ڕۆژێک سەرنجت دابێت بەناو گوڵ و مێرگ و مێرگوزاردا گوزەرت کردبێت، سەرنجت دابێت ئەو ڕووەک و گوڵە جوانانە چۆن وەک فەرشێکی سەوز سەر ئەرزیان پۆشیبێ، ئەمەیان چەند دیمەنێکی جوانە؟!
یان ئەو وشکاییەی بیابان سەرنجتی ڕانەکێشاوە کە چۆن تیایدا گژوگیا و ڕووەکەکانی تر تێدەکۆشن تا لە ژیان بمێننەوە؟
دەریا هاوشێوەی وشکایی مێرگ و مێرگوزاری خۆی هەیە، هەروەها بیابانیشی تێدایە، ڕاستە ئەو مێرگ و مێرگوزارە جیاوازە لەوەی کە لەسەر وشکایی پێی ئاشناین، بەڵام زۆرتر لەوەی وشکایی، ئەو ڕووەکانەی لە دەریادا هەن زۆر بچووکن، تەنانەت ئەگەر بە بەلەمێک بەسەریشیدا گوزەر بکەین ئەوا هەستی پێناکەین و هەست ناکەین کە ژیان لە دەوروبەرماندا هەیە.
زاناکان پێیان خۆشە ئەم مێرگ و مێرگوزارە دەریا بدۆزنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش وەکو ڕاوچی، تۆڕ بەکار دهێنن، بەڵام جیاوازی تۆڕەکەیان لەوەدایە کە لە حەریر دروستکراوە، ئەو زانایانە لە ڕێگەی بەلەمێکەوە ئەو تۆڕە ڕادەکێشن، تا بڕێک لەو ڕووەک و زیندەوەرە بچووکانەی دەریا ڕاو بکەن، ئەمانە پێیان دەوترێت: بلانکتۆن بە زمانی یۆنانی کۆنیش مانای گەڕۆک دەگەیەنێت، ئەم بلانکۆتانە ناوی خۆیان بە خۆیانەوەیە، چونکە هەموو جار با و گەردەلوولەکان هەڵیان دەگرێت و بەرەو شوێنی تر دەیانبات، هەروەها هەڵکشان و داکشانی دەریا و تەوژمە ئاوییەکان شوێن گۆڕکێیان پێ دەکات.
یەکێک لەو ڕووەکانەی کە دەکەونە داوی تۆڕەوە پێی دەوترێت: دیاتۆمات، ئەو ڕووەکە زۆر بەکەڵکە، گەورەترینیان ئەگەر بخرێتە سەر شووشەیەک ئەوا بەقەد یەک گەردی خۆڵە، دیاتۆماتەکان بە ڕادەیەک بچووکن کە جێگەی بڕواکردن نین، بە ڕادەیەک بچووکن کە لە یەک بوتڵ ئاوی کەناڵی ئاوی (کیڵ) لە وڵاتی ئەڵمانیا ٦ ملیۆن دیاتۆم دۆزراونەتەوە.
ئێمە لە ڕێگەی میکرۆسکۆبەوە دەتوانین ئەو زیندەوەرە بچووکانە گەورە بکەینەوە، لە ڕاستیدا ئەو دیاتۆمانە شێوەو قەبارەی جۆراوجۆری هەیە، هەر یەکێکیان پەردەیەکی شووشەیی دەوری داوەو لەسەر ئەو پەردەیە چەندان نەخشەی جوان کێشراوە، دیاتۆم لە شێوەی پەردەیەکی زۆر ناسک دەردەکەوێت، بەڵام ژیانی تێدایە، لە ئاوەکانی جەمسەریشدا هەن، ژمارەشیان ئەوەندە زۆرە، ڕەنگی ئاوەکە بۆ سەوزێکی شووشەیی دەگۆڕن.
دیاتۆمەکان ڕووەکی ڕاستەقینەن، سەرچاوەی خۆراکن بۆ زۆرێک لە زیندەوەر و ماسییە بچووکەکان.
لەپاڵ دیاتۆمات، زیندەوەرێکی جوانی تر هەیە کە پێی دەوترێت: شەوقدارەکان، ئەمانەش وەک دیاتۆمات لەناو پەردەیەکی شووشەیی دەژین، ئەو پەردەیە لە پەردەکەی دیاتۆمات زیاتر نەخش و نیگاری پێوەیە، هەروەها ئەو پەردەیە لە دوورەوە هەر وەک ئاڵتوون و ئەڵماس، بریسکە و شەوق دەداتەوە، جوانی ئەو نەخش و نیگارەی کە لەسەر پەردەکەی شەوقدارەکانە بەڕادەیەک هیچ زەڕنگەرێک و پسپۆڕێکی ئەم بوارە ناتوانن بەو جوانییە بیینەخشێنن، (لێرەوە هێز و توانای خالقێکی وردکاری وەک خودای گەورە دەردەکەوێت، کە چۆن ئەو هەموو شتەی بە ڕێکوپێکی و جوانی دروستکردووە  وەرگێڕ).
ئەم مێرگ و مێرگوزارانەی دەریا هاوشێوەی گوڵ و گیای نێو بێستانەکان لە وەرزی بەهاردا گەشەو زیاد دەکەن و لە هاویناندا بە هۆی کاریگەری پلەی گەرمای ئاو سیس و لاواز دەبن.
ئەم مێرگ و مێرگوزارانە وەک ئەوانەی سەر وشکایی، چۆن مێروو هەنگ و جۆرەها مێرووی جیاوازی هەیە، ئەمیش زیندەوەری وردیلەی تێدا دەژێت، ئەمانە دەخرێنە خانەی (گەمبرییەکان)و بە زیندەوەرەکانی (کۆبیبۆدا) ناودەبرێت، هەر یەک (کۆبیبۆدا) ڕۆژانە ١٢٠ هەزار دیاتۆمات دەخوات.
ئەم ( کۆبیبۆدا)، وەک چۆن خۆی شت دەخوات، ئاوهایش دەخورێت و جارێکیان لە سکی ماسییەکی جۆری (ڕەنجە) ٦٠ هەزار کۆبیبۆدا دۆزرایەوە، نەک تەنها ماسییەکان بگرە نەهەنگەکانیش (کۆبیبۆدا) دەخۆن، نەهەنگەکان بۆ ئەوەی خواردنێکی وەکو (کۆبیبۆدا) یان دەست بکەوێت  دێنە سەر ئاو و دەمیان دەکەنەوە، تا بڕێکی دیاری ئاو بچێتە نێو دەمیانەوە، پاشان ئاوەکە فڕێدەدەن و (کۆبیبۆدا) دەپاڵێون و دەیانخۆن، جارێکیان لە سکی یەک نەهەنگی شینی گەورە ١٣٥٠ لیتر ئاو و (کۆبیبۆدا) یان دۆزییەوە.
(کۆبیبۆدا)کان بە ڕێژەیەکی زۆر لە دەریا جەمسەرییەکانیشدا هەن، جاری وا ھەیە لە زۆریاندا ڕەنگی ئاوەکە دەگۆڕن بۆ ڕەنگی لەشی خۆیان.
بێجگە لەمانە زیندەوەری تر هەیە کە زۆر سەرنج ڕاکێشە، هەندێک سەریان زلەو شاخیان هەیە و چاویان دەرپۆقیوە، هەندێکی تر وەکو قالۆنجەی شەوقدارن و شەوق دەدەنەوە، هەروەها گەرای ماسی و بێچووەکانی گوێچکە ماسی و گەمبەری پێش ئەوەی لە بنی دەریا جێگیر بن، هەمیشە سەر ئاو دەکەون.
زۆرێک لەو ڕووەکانەی کەسەر ئاو دەکەون، بە سوون، هەندێک لەو ڕووەکانە زیان بەخشن، بۆ نموونە: ئەو جۆرە ڕووەکە ڕەنگ سوورەی کە بە درێژایی کەنارەکانی زەریای ئارام بڵاوەی کردووە زیان بە مرۆڤ دەگەیەنێ ئەگەر هاتوو ئەو ماسی و گوێچکە ماسییانەیان خوارد کە لەو جۆرە ڕووەکە دەخۆن. 
دەریاش وەکو وشکایی وایە، مێرگ و مێرگوزار و بیابانی تێدایە، لە ڕووبەرە بەربڵاوەکەی (پۆرتندەر)دا ڕووەک و زیندەوەری زۆر هەیە، لە بەرامبەریشدا بەشێکی زۆری ڕووبەری کەنداوی هدسۆن زیندەوەری کەمی تێدایە، هەمان قسەش بۆ بەشێکی زۆری دەریا ڕاستە.
بە بەردەوام ڕووەکەکانی سەر وشکایی سەوزن، ئەمەش بەهۆی بوونی ماددەیەکی سەیری وەک کلۆرۆفیل لەناو گەڵاکانی، بە هاوکاری ئەو ماددەیە و تیشکی خۆر و هەواو ئاو و ...هتد، گەڵای ڕووەک دروست دەبێت.
هەندێک لە ڕووەکەکانی دەریا ڕەنگیان سەوزە، وەک کاهووی دەریا و قەوزە، هەندێکی تر ڕەنگێکی سەوزی مەیلەو شینی هەیە، زۆریشیان سوورن، بەڵام ڕووەکە گەورەکان ڕەنگێکی سەوزی مەیلەو زەیتوونی یان ئەسمەریان هەیە.
گژوگیای دەریا لە ناوچە کەنارییەکاندا دەڕوێن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە تیشکی خۆر بە ئاسایی پێیان دەگات، چونکە ئاستی بەرزی ئاو لەو شوێنانە زۆر نییە، بۆیە تێبینی ئەوە دەکرێت کە گژو گیای دەریا لە قووڵاییەکی دیاریکراو بەدواوە ئیتر ناڕوێت، تەنها ڕووەکیش کە پێویستی بە تیشکی خۆر نییە تا بڕوێت، ڕووەکێکە بەناوی (عیش) گژوگیای دەریا، بە پێچەوانەی ڕووەکەکانی وشکایی ڕەگیان نییە، زۆر کەمیشیان گوڵ دەگرێت، هەموو خۆراکیشی لە ئاوەوە وەدەست دەهێنێت نەک لە خۆڵەوە، زۆربەی هەرە زۆری نووساوە بەبەردەکانەوە، ئەمەش لە ترسی ئەوەی نەوەک تەوژم و شەپۆلەکانی ئاو بەرەو کەنارەکان بیانبات.
ڕووەکێکی وەک (غلق الکلب العملاق) کە لە زەریای ئارامدا دەڕوێت، گەڵایەکی پانی هەیە کە سەر ئاو دەکەوێت، هەروەها درێژییەکەی دەگاتە ٧٠ مەتر، ئەم ڕووەکە بە درێژایی کەنارەکانی ئالاسکا دەڕوێت.
ئەگەر سەرنجی دارستانەکانی دەریا بدەین، تێبینی ئەوە دەکەین کە زیندەوەری سەیری وای تیایە، تەنانەت لە دوورە دەسترین دارستانەکانی ئەفریقا نابینرێن.
سەیرترین شوێنەکانی دەریا کە دوورە دەستن، دەکەوێتە زەریای ئەتڵەسییەوە، نزیک دوورگەکانی (ئازوور) بەرەو دوورگەکانی (بەرمۆدا)، ڕووبەری ئەم ناوچەیە بەقەد سێ یەکی ڕووبەری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، ئەم ناوچەیە بەناوچەی (دەریای سرجاسۆ) ناسراوە، بەهۆی زۆری و چڕی ئەو جۆرە گژوگیایەی کە لەم ناوچەیەدا هەیە، گیای ئەم ناوچەیە لە شێوەی کێڵگە ڕوواوە، پانی و ئەستووری دەگاتە چەند مەترێک، زۆر حیکایەتی سەیر لەمەڕ دەریای (سرجاسۆ) دەگێڕنەوە، لە کۆندا بڕوایان وابوو کە گژوگیایەکان خۆیان بە کەشتییەکانەوە دەنوسێنن و لە جووڵەیان دەخەن و هەتا هەتایی ئیتر ناجوڵێن.
ئەم قسەیەی سەرەوە بۆ ئەمڕۆ ناشێت، چونکە کەشتییە بەهێزەکان بە ئاسایی بەو ناوچەیە دەگوزەرێن، تەنانەت کرستۆفر کۆڵۆمبۆس بەشێکی ئەو دەریایەی بڕیوەو، زیندەوەر و ڕووەکەکانی ئەو شوێنانەی پێی گەیشتووە تووشی سەرسوڕمانیان کردووە.
هەر وەکو چۆن مێرگ و مێرگوزاری دەریاش وەرزی تایبەتی خۆیان هەیە، هەرکاتێک مێرگ و مێرگوزاری دەریا ببوژێتەوە زیندەوەرەکانی تریش زۆر دەبن و بە پێچەوانەوە مێرگ و مێرگوزارەکان کەم بن ئەوانیش کەم دەبنەوە، بۆ نموونە: لە ساڵانی ڕابردوو بە تایبەت لە مانگی فبرایەر تۆڕێکی بلانکتۆن تەنها ٤٠٠ زیندەوەری کۆبیبۆدای لە دەریای باکوور ڕاوکردووە، بەڵام دوای چەند مانگێک ٤ ملیۆن کۆبیبۆدا ڕاوکراوە.
ئەگەر لە وەرزی پایز ڕووبکەیتە کەنارەکانی دەریا ئەو هەموو گژوگیایە سەرنجت ڕادەکێشێت کە لە کەناری دەریا دا کۆبوونەتەوە، یان ئەو پەڵە سوورانەی کە لە ئەنجامی وشکبوونەوەی قەوزەی سوور دروست بووە، تەنانەت ڕووەکێکی وەک (غلفق) تۆپەڵەی بەستووەو لە کەنارەکان وشک بووەتەوە. جوانترین ئەو باخچانەی کە دەیانناسین، هەندێکیان دەکەونە ناو دەریاوە، لەو ناوچانەن کە کەش و هەواوە ئاوەکەی فێنکە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم شوێنانە ئەوەیە کە ڕێژەی زیندەوەرەکان زۆر زۆرترن لە ڕووەکەکان، بەتایبەت زیندەوەرە ئیسفەنجییەکان، کە بە شێوەو قەبارەی جۆراوجۆر هەن، پڕ بەهاترین ئەم زیندەوەرانەش (مرجان)ە، ئەم زیندەوەرە سەیرانە کاتێک دەمرن،وەکو پارچەیەکی گەچیان لێ دێت، (مرجان)ی گرانبەها لەشی ئەو زیندەوەرە مردووانەیە، جوانی و گرانی (مرجان) وایکردووە، وەکو کەرەستەی خۆ ڕازاندنەوەی لەلایەن ژنانەوە بەکاربهێنرێت.
زۆرێک لە دوورگەکانی باشووری زەریای ئارام دروستکراوی زیندەوەرە مەرجانییەکانن کە لەگەڵ یەکدا کۆبوونەتەوەو ئەو قەبارە گەورەیەیان دروست کردووە، هەروەها ئەو زیندەوەرانە ڕۆڵی گێڕاوە لە دروستبوونی گەورەترین بەربەستی مەرجانی لە کەنارەکانی ئوسترالیا کە درێژییەکەی دەگاتە ١٣٠٠ کیلۆمەتر.
جگە لە مرۆڤ کە گۆڕانکاری زۆری بەسەر ڕووی زەویدا هێناوە، ئەوا مەرجانەکان لە پلەی دووەم دێن لە بەشداریکردنیان لە گۆڕانکاری کردن لەسەر زەوی.


سەرچاوەکان



1224 بینین