تاج محل بۆچی بینا کرا؟

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-26-21:18:00 - کۆدی بابەت: 2695
تاج محل بۆچی بینا کرا؟

ناوه‌ڕۆك

تاج محل بۆچی بینا کرا؟

لە سەرەتای سەدەی حەڤدەهەمی زاینیدا ئیمپراتۆری مەغۆلی شاه جیهان، فەرمان ڕەوایی هیندستانی دەکرد. لە ساڵی ١٦٢١دا ئیمپراتۆر شآزادەیەکی ناسک و جوان و زیرەکی کردە هاوسەری و خۆی بە ناوی ''ئەرجومەند بانو''، شاه جیهان بێ ئەندازە خێزانەکەی خۆش دەویست نازناوی ''ممتاز محل''ی لێنا.
یەکێک لە ئەفسانەکان دەڵێت: گوایە ئەو بینایەی ''تاج'' ئەرجومەند بانوو لە خەودا بینیویەتی بۆ شاه جیهان گیڕاوەتەوە و حەزی کردووە یادگارییەکی لەو شێوەیەی بۆ دروست کات، وەکو نیشانەیەک بۆ خۆشەویستی نێوانیان.
لە ساڵی ١٦٣١ ممتاز لە شاری بورهانپوڕ بەسەر منداڵەوە کۆچی دوایی کرد، دوای مردنی ئیمپراتۆڕ دڵی شکاو بوو بە جۆرێک بیری کردەوە واز لە کورسیەکەی بێنێت. بەڵام لە کۆتاییدا پاشگەز بوویەوە و بڕیاری دا بۆ نەمری ئەو خۆشەویستییە بینایەکی وای بۆ دروست بکات لە جیهاندا تاک بێت.
بۆ جێبەجێ کردنی ئیمپراتۆر بانگێشتی هەندێک لە باشترین هونەرمەندان و بیناسازانی کرد لە هیند و ئێران و ئاسیای ناوەند و عێراق و تورکیاوە. 
دوای ئەوە نەخشە سازی تەواوی بۆ کرا، لە ساڵی ١٦٢٣ دەست کرا بە بینا کردنی تاج محل، کە نزیکەی بیست ساڵی خایاند و زیاتر لە بیست هەزار کرێکار ئیشیان تێدا کرد و بڕی ٤٠ ملیۆن ڕوپیەی ئەو سەردەمەی تێچوو. 
شێوەی بینای تاج محل لاکێشەییە و درێژییەکەی ٥٨٠ مەترە و پانییەکەشی ٣٠٤ مەترە، لە بنەوە لەسەر قوللەی مەڕمەڕ دروست کراوە بە پانتایی ٩٤ مەتری دووجا، بەرزییەکەشی حەوت مەترە.
لە هەر چوار گۆشەیەکەوە چوار منارەی لێیە بۆ بانگ دان، بەرزی تاجەکەشی ٦٠ مەترە، شێوەی تاجەکە هەشت گۆشەیە و بە مەڕ مەڕی سپی هەڵکۆڵراوە و نەخشێنراوە، دوانزە جۆر بەردی بەنرخیشی تیایە کە لە شێوەی گوڵ دروست کراون، هەروەها بە چەندین ئایەتی قورئانی پیرۆز نەخشێنراوە.
کەرەستەی بیناکە لە زۆر شوێنی جیهانەوە هێنراون وەکو دورگەی عەرەب و میسر و تبت و ناوچە جۆراوجۆرەکانی هیندستان. 
گۆڕی هەردوو ئەرجومەند و شاه جیهان دەکەونە بەشی ژێرەوەی بیناکەوە و بە بەردی گران بەها هەڵواسراون. 


سەرچاوەکان



1743 بینین