خوێنبەربوونی سەر سپێنەی چاو

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2021-05-21-21:39:00 - کۆدی بابەت: 5453
خوێنبەربوونی سەر سپێنەی چاو

ناوه‌ڕۆك

چاو

چاوەکان ئەندامێکی بنەڕەتی بینینن، چاوەکان بەکامێرای وێنەگرتن پێناسە دەکرێن بەڵام تا ئێستا هیچ کامێرایەک بە ناسکی و جوانی و وردەکاری وەک چاو دروست نەکراوە، پێشەوەی چاو بە پەردەیەکی ناسک داپۆشراوە کە پێی دەوترێت پێڵو، کە چاو لە تەپوتۆز یان کارتێکەری دەرەکی دەپارێزێت.

خوێنبەربوونی سەر سپێنەی چاو

بریتییە لە هەبوونی پەلەیەک یان زیاتری خوێن کە لەسەر سپێنەی  چاو دیار دەبێت. لە بەشی پێشەوەی سەر سپێنەی چاو ژمارەیەکی زۆر موولولەی خوێن هەن، لەوانەیە بە هۆکارێک بتەقن و لەشێوەی خوێنێکی گەش لەسەر سپێنەی چاو دیار بێت. ئەم پەلە خوێنە لەوانەیە ترسناک دیار بێت، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ کاریگەری خراپی نییە و لەخۆیەوە بزر دەبێت.

نیشانەکانی

زۆربەی کات تاکە نیشانە کە هەبێت دروسبوونی پەلەیەکی سوورە لە چاو دا کە کەسەکە بە سودفە لە ئاوێنە دەیبینێت یان کەسێک پێی دەلێت. جارجارە کەمێک هەستکردن بە جۆرێک لە زبریی چاوی لەگەڵە.

هۆکارەکانی

١. کۆکە، پژمین، خۆگوشین و هەڵگرتنی قورسایی بەهۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی پەستانی ناو لوولە خوێنەکان خوێنبەربوون دروستدەبێت.

٢. بەرکەوتنی زەبری دەرەکی تەنانەت هەندێک جار لەگەڵ خوراندنی چاو ئەمە ڕوودەدات.

٣. هەبوونی نەخۆشی دیکەی وەک نەخۆشی شەکرە و بەرزە پەستانی خوێن خواردنی هەندێک دەرمانی شلکەرەوەی خوێن، هەندێک جار هۆکارن.

٤. بە دەگمەن هۆکارەکەی بوونی نەخۆشییە لە خوێن کە کاریگەری لە سەر هەموو جەستە دەبێت.

چارەسەری

پێویستی بە چارەسەر نییە، بە گوێرەی گەورە و بچوکی پەڵە خوێنەکە و سروشتی کەسەکە، چەند ڕۆژێک تا چەند هەفتەیەک دەخایێنێت و ووردە ووردە بزر دەبێت، لە حاڵەتی هەستکردن بە زبری چاو تەنها بەکارهێنانی فرمێسکی دەستکرد بەسە.

لەکاتی چەند جار دووبارە بوونەوەی، باشترە پزیشک بتبینێت بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی نەخۆشی تری وەک شەکرە و بەرزە پەستانی خوێن و نەخۆشی خوێن.


سەرچاوەکان



1892 بینین