کاریگەری خەمۆکی لەسەر کەمخەوی

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-12-21:34:00 - کۆدی بابەت: 5865
کاریگەری خەمۆکی لەسەر کەمخەوی

ناوه‌ڕۆك

خەمۆکی 

خەمۆکی نەخۆشییەکی بەربڵاو و مەترسیدارە گەر بێ چارەسەر جێبهێڵرێت، کە توشی لە سەدا ٧ی پێگەیشتوان دەبێت بەلایەنی کەمەوە جارێک لە ژیانیاندا، هەروەها بە شێوەیەکی نەرێنی کاردەکاتە سەر هەستکردنی نەخۆشەکە و چۆنییەتی بیرکردنەوەی و ڕەفتارکردنی، کە هەستکردنێک بە دڵتەنگی و هیلاکی و هەست بە تاوانباری و بێ بەهابوونی شتەکان لای دەسەپێنێت، وەکو چۆن دەبێتە هۆی گرنگی نەدان بە ئەو چالاکییانەی کە مرۆڤ چێژیان لێ دەبینێت، هەروەها حەزی خۆراکی دەگۆڕێت، بە جۆرێک کە کێش زیاد یان کەم دەکات، ڕەنگە کەسی خەمۆک دەست بکات بە بیرکردنەوە لە خۆکوشتن و مردن، هەروەها خەمۆکی کاریگەری دەکاتە سەر چۆنییەتی خەوتن و ماوەکەی، بۆیە کەسی خەمۆک هەست بە گۆڕانکاری دەکات لە سیستمی خەویدا، وەکو دەرکەوتنی کێشە لە خەوتندا یان مانەوە لە خەودا زیاتر لەکاتی پێویست، لە ئەگەری بەردەوامی ئەم حاڵەتە بۆ زیاتر لە دوو هەفتە کەسەکە بە نەخۆشی خەمۆکی دەستنیشان دەکرێت.

گرنگی نوستن بۆ تەندروستی ئەقڵی و جەستەیی 

کەسی نوستوو هەموو ٩٠ خولەک جارێک خولێکی نوستن تەواو دەکات، لەکاتی خەوی ئاساییدا کەسی خەوتوو بە چوار قۆناغی خەوی قوڵدا تێدەپەڕێت، بە جۆرێک پلەی گەرمی لەش دادەبەزێت و ماسولکەکان پشوو دەدەن و لێدانەکانی دڵ خاودەبنەوە و تێکڕای هەناسەدان کەم دەکات، لە قۆناغە قوڵترەکانی خەودا کۆمەڵێک گۆڕانکاری فیسیۆلۆجی ڕوودەدەن لە کەسی خەوتوودا کە یارمەتیدەرە لە پاڵپشتی کردنی کۆئەندامی بەرگری، بەڵام لە قۆناغی جوڵە خێراکانی چاودا کە کەسی نوستوو خەونەکەی دەبینێت، زانایان دۆزیویانەتەوە کە خەوتن یارمەتیدەری فێربوون و یادگەیە و یارمەتیدەرە لە باشکردنی تەندروستی سۆزداری بە کۆمەلێک رێگای ئاڵۆز. 

کاریگەری خەمۆکی لەسەر نوستن بە کاریگەرییەکی نەرێنی دادەنرێت بە جۆرێک کە تێکچوونەکانی نوستن کە لە دەرئەنجامی خەمۆکییەوەیە دەبێتە هۆی گۆڕینی ئاستی گوێزەرەوە دەمارییەکان و هۆڕمۆنەکان کە توانای تەرکیزکردن و ڕێکخستنی سۆزداری کەمدەکاتەوە. 

کاریگەری خەمۆکی لەسەر نوستن 

لێکۆڵەرەوەکان پەیوەندی نێوان خەمۆکی و نوستن بە پەیوەندییەکی ئاڵۆز دادەنێن، چونکە خەمۆکی دەبێتە هۆی پەیدابوونی کێشە لە نوستندا، وە پێچەوانەی ئەوەش هەر ڕاستە، بەجۆرێک ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لە سەدا ٦٥ـی نەخۆشانی خەمۆکی دەناڵێنن بەدەست کاریگەری نەخۆشییەکەوە لەسەر نوستن، هەروەها وەڵامدانەوەی ئەو نەخۆشانەی کە توشی خەمۆکی بوون و کاریگەری لەسەر نوستنیان داناوە کەمترە لەو نەخۆشانەی کە کاریگەری نەکردۆتە سەر نوستن، هەروەها ئەوان ئەگەری دەرکەوتنەوەی نەخۆشییەکە تیایاندا زیاترە، توشبووان دەناڵێنن بەدەست بێخەوی و ئەو کێشە جەستەیی و ئەقڵیانەی کە بەهۆی بێخەوییەکەوە توشیان دەبێت، خۆشبەختانە چارەسەرەکانی خەمۆکی، کێشەکانی نوستن بە شێوەیەکی کارا و هەستپێکراو کەم دەکەنەوە، لە گرنگترین کاریگەرییەکانی خەمۆکی لەسەر نوستن بریتین لە:

  • قورسی خەولێکەوتن و مانەوە تیایدا.
  • کێشە لە بەردەوامبوونی نوستن، یان نوستنی پچر پچڕ.
  • خەوتنێکی نا ئارام. 
  • بێتوانایی نوستن بە ڕۆژ. 
  • زیادەڕەوی لە نوستندا، واتا زیاتر لەوەی جەستە پێویستی پییەتی. 
  • پچڕانی هەناسە لەکاتی نوستن، ئەویش حاڵەتێکە کەسەکە چەند جارێک خەبەری دەبێتەوە لەکاتی نوستندا بەهۆی پچڕانی هەناسەی، لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە کەسانی خەمۆک پێنج هێندەی کەسانی ئاسایی بەدەست کێشەی هەناسەدانی ناڕێکخراوەوە دەناڵێنن، وە وا دادەنرێت هۆکارەکەی گۆڕانی کیمیای مێشک و چالاکییەکانی بێت لە کەسانی توشبوو. 


سەرچاوەکان



1000 بینین