بەکتریای گەدە

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-09-24-13:39:00 - کۆدی بابەت: 6694
بەکتریای گەدە

ناوه‌ڕۆك

بەکتریای گەدە چییە؟

بەکتریای گەدە (بە ئینگلیزی Helicobacter pylori) جۆرێکی بەکتریایە کە دەتوانێت بچێتە ناو لەش و  لە ڕێڕەوی هەرسدا بژی، دوای چەند ساڵێک دەکرێت ببێتە هۆی برین یان قورحەی گەدە لە ناوپۆشەکەیدا یان لە بەشی سەرەوەی (بەشی یەکەمی) ڕیخۆڵەباریکەدا، تووشبوونی هەندێک لە خەڵکی بە میکڕۆبەهەوکردن ڕەنگە سەرەنجام ببێتە هۆی شێرپەنجەی گەدە.

میکرۆبەهەوکردنی بەکتریای گەدە زۆر باوە، بەنزیکەیی دوو لەسەر سێی دانیشتووانی جیهان ئەم جۆرە لە بەکتریا لە لەشیاندا هەیە بەڵام بۆ زۆرینەی خەڵکی نابێتە هۆی هیچ برینێک و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی دەرناخات، ئەگەر هەر کێشەیەکیش ڕووبدات ئەوا دەرمانی پێویست یارمەتی کوشتنی بەکتریاکە دەدات و ساڕێژبوونی برینەکەش خێراتر دەکات.

لەوکاتەوەی خەڵکی ئاوی خواردنەوە دەپاڵێون و فلتەر بەکاردێنن کەمتر بەهۆی بەکتریای گەدەوە تووشی نەخۆشییەکانی گەدە دەبن، ڕەنگە بە پاک ڕاگرتنی ژەمەکان بتوانین ڕێگربین لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی گەدە.

چۆن بەکتریاکە مرۆڤ نەخۆش دەخات؟

بۆ ماوەی دوو دەیە پزیشکان ڕایان وابوو کە خەڵکی بەهۆی پاڵەپەستۆی دەروونی و خواردنە توونەکان و جگەرەکێشانەوە تووشی برینی گەدە دەبن، بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٢ـدا بەکتریای گەدە H.Pylori دۆزرایەوە زانیان کە بەکتریاکە هۆکاری سەرەکییە بۆ درووستبوونی برینەکە.

دوای ئەوەی بەکتریای گەدە دەچێتە ناو لەشەوە هێرش دەکاتە سەر ناوپۆشی گەدە کە پارێزەرێتی لەو ترشەی بۆ هەرسکردنی خۆراک دروستی دەکات، دوای ئەوەی بەکتریاکە زیانی خۆی گەیاند ترشەکە دەچێتە سەر ناوپۆشەکە و برین دروست دەکات، پێدەچێت خوێنبەربوون ڕووبدات و ببێتە هۆی میکرۆبەهەوکردن و هێشتنەوەی خۆراک لە ڕێڕەوی هەرسدا.

مرۆڤ لە ڕێی خۆراک و ئاو و قاپ و قاچاخەوە تووشی بەکتریاکە دەبێت هەروەها لە ڕێی لیک و هەر شلەیەکی دیکەی کەسی تووشبووەوە دەگوێزرێتەوە، بەکتریاکە لەو ناوچانەدا باوە کە ئاوی خاوێنیان کەمە و سیستمی پاککردنەوەشیان لاوازە، پێدەچێت زۆرینەی خەڵکی لە تەمەنی منداڵیدا تووشی بەکتریاکە ببن، بەهەمان شێوە گەورەکانیش تووشدەبن، بەکتریاکە پێش ئەوەی نیشانەی نەخۆشی دەربخات بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە لەشدا دەژی بەڵام زۆرینەی خەڵکی برینی گەدەیان تووش نابێت، پزیشکانیش دڵنیانین کە ئایا بۆچی هەندێک لە تووشبووان پاش میکرۆبەهەوکردن برینی گەدەیان بۆ دروست دەبێت.

نیشانەکان

ئەگەر برینی گەدە بوونی هەبوو ئەوا نەخۆشەکە هەست بە ئازارێک دەکات کە شوێنەکەی پێ دیاری ناکرێت و لە شێوەی سووتانەوە دایە لە ناوچەی سکدا، دەشێت ئازارەکە بێت و بڕوات بەڵام لەو کاتانەی کە گەدە چۆڵە (نێوان ژەمەکان یان نیوەی شەو) زیاتر هەست بە ئازارەکە دەکرێت تا چەند خولەکێک یاخود چەند کاتژمێرێک هەروەها ئازارەکەیش بە (خواردن، خواردنەوەی شیر، دەرمانێکی دژەترشێتی) دەڕەوێتەوە و نامێنێت. 

باکردن.
• قڕقێنەلێدان.
• هەستنەکردن بە برسێتی.
• دڵتێکچوون.
• ڕشانەوە.
• کەمبوونەوەی کێشی لەش بە هۆکاری ناڕوون.

برینەکان ڕەنگە ببنە هۆی خوێنبەربوون بۆ ناو گەدە و ڕیخۆڵەکان کە لەوانەیە مەترسیداربن بۆ تەندروستی، ئەگەر هەر یەک لەم نیشانانە هەبوو پێویستە بەزویی چارەسەر بکرێت:

• خوێناویبوونی پیسایی و گۆڕانی ڕەنگەکەی بۆ ڕەنگی ڕەش.
• کێشە لە هەناسەدان.
• گێژبوون و بوورانەوە.
• هەستکردن بە ماندوێتییەکی زۆر بەبێ هۆکار.
• گۆڕانی ڕەنگی پێست بۆ ڕەنگێکی کاڵ.
• هاتنەدەرەوەی خوێن لەگەڵ ڕشانەوەدا.
• ئازارێکی توندی گەدە.

دیاریکردنی نەخۆشییەکە

ئەگەر هیچ نیشانەیەکی برینی گەدە بوونی نەبوو ئەوا پێناچێت پزیشک پشکنین بکات بۆ نەخۆشەکە سەبارەت بە بەکتریای گەدە، دەرمانی دژە هەوکردنی ناستیرۆیدی NSAID ڕەنگە هۆکار بێت بۆ تێکچوونی ناوپۆشی گەدە و درووستبوونی برین، بۆیە گرنگە بزانین هۆکاری برینەکە چییە تاکو چارەسەری ورد و تەواو بکەین، سەرەتا پزیشکەکە پرسیاری (مێژووی نەخۆشیەکە دەکات زۆر بەوردی و پاشان نیشانەکان و هەردەرمانێک کە بەکارهێنراوە لەلایەن نەخۆشەکەوە) دواتر پزیشکەکە بە دەستی پەستان دەخاتە سەر سک بۆ پشکنینی هەر ئاوسان و ئازارێک ئەگەر بوونی هەبێت، ئەم چەند ڕێگایەش هەیە بۆ پشکنین:

• پشکنینی خوێن و پیسایی.
• پشکنینی یوریا لەڕێی هەناسەوە، ئەم شێوەیە لە پشکنین بەجۆرێکە کە ماددەیەک دەدرێت بە نەخۆشەکە تا بیخواتەوە پاشان فوو دەکاتە نێو جانتایەکی تایبەت و دەبرێت بۆ تاقیگە و بڕی یوریای تێدا دەپشکنرێت و گەر تووشبووبێت ئەوا بڕی یوریاکە لە ئاستی ئاسایی بەرزتر دەبێت.
• ناوبینی بەشی سەرەوەی ڕێڕەوی هەرس.
تیشکی ئێکس.

چارەسەر

  • دژەبەکتریای وەک CLARITHROMYCIN.
  • ئەو دەرمانانەی بڕی ترش لە نێو گەدەدا کەمدەکەنەوە وەک OMEPRAZOLE.
  • دەرمانی دژە هیستامینەکان کە بە هەمان شێوە ڕێژەی ترش لە گەدەدا کەمدەکاتەوە وەک Cimetidine.

پاش بەکارهێنانی دەرمانەکان بەچەند هەفتەیەک برینەکە سارێژ دەبێت، لەکاتی بوونی ئازار پێویستە خۆمان بەدوور بگرین لە بەکارھێنانی  دەرمانی دژە هەوکردنی ناستیرۆیدی NSAID چونکە ناوپۆشی گەدە تێکدەشکێنێت و زیانی لێدەدات.

ڕێگری لە تووشبوون

• شۆردنی دەستەکان بەباشی پاش توالێت.
• دوورکەوتنەوە لە خواردنی پیس و ئاوی ناخاوێن.
• دوورکەوتنەوە لە خواردنی نەکوڵاو.


سەرچاوەکان



6500 بینین