دووجار وەرزشکردن لە ڕۆژێکدا

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-10-06-13:49:00 - کۆدی بابەت: 6808
دووجار وەرزشکردن لە ڕۆژێکدا

ناوه‌ڕۆك

دووجار وەرزشکردن لە ڕۆژێکدا

ئەنجامدانی دووجار وەرزشکردن لە ڕۆژێکدا زۆر خوازراوە بەتایبەتی لەلایەن ئەو وەرزشەوانانەی کە لە ئاستێکی وەرزشی زۆر بەرزدان و خۆیان ئامادە دەکەن بۆ پێشبڕكێیەکی تایبەت یاخود بۆنەیەکی گرنگ، زۆرینەی خەڵک دەڵێن بە زەحمەت کات بۆ ئەنجامدانی یەکجار وەرزشکردن لە ڕۆژێکدا دەدۆزنەوە تاکوو ئەنجامی بدەن، بۆیە دووجار وەرزشکردنیان بەلاوە قوورسە، بەڵام مەرج نییە ئەمە بۆ هەموو کەسێک وەک یەک بێت.

دووجار وەرزشکردن لە ڕۆژێکدا شتێکی زۆر ئاسایی و بێترسە بە مەرجێک شوێن پڕۆگرامێکی وەرزشی زۆرباش بکەویت، هەروەها هەلی سووتاندنی چەوریت زیاترە، هەروەها دەبێتە هۆی بنیادنان و زیاتر بەهێزبوونی ماسولکەکان، بەڵام ئەگەر کاتت نەبێت تاکوو بتوانی لە نێوان وەرزشەکاندا پشوو وەربگریت، لەوانەیە ئەمە ببێتە هۆی ئازار و برینداربوون، بە گشتی ئەگەر شێوازی خۆراکێکی تەندروست، پڕۆتینی تەواو، خەوی باش، ئاو خواردنەوەی پێویست، کاتی پێیویستت هەبێت ئەوا ئەنجامدانی دووجار وەرزشکردن لە ڕۆژێکدا کارێکی زۆر بێترسە و دڵنیاکراوەیە.

ئەنجامدانی کاردیۆ دووجار لە ڕۆژێکدا

ئەنجامدانی کاردیۆ دووجار لە ڕۆژێکدا چەندەها سوودی تەندروستی گرنگی هەیە، کە یەکێک لەو سوودانە بریتییە لەوەی یارمەتی زیاتر سووتاندنی چەوری و کالۆری جەستە دەدات بەبەراورد بەو چەورییەی کە لە یەک جار وەرزشکردنی کاردیۆ لە ڕۆژێکدا دەسووتێنرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی خێراتر لەدەستدانی کێشی جەستە، هەروەها کاردیۆ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن، کەمکردنەوەی ئاستی خراپی کۆلیسترۆڵ، بەرزکردنەوەی کۆلیستڕۆڵی سوودبەخشی جەستە، باشترکردنی هەر هەستیارییەک کە ڕووبەڕووی ئەنسۆلین دەبێتەوە، و زیادبوونی وزەی لەش، هەروەها ئەنجامدانی ڕاهێنانی کاردیۆ لە بەیانیاند دەتوانێت یارمەتیت بدات هەست بە وزەیەکی باش بکەیت و باشتر ئامادەبیت بۆ ئەنجامدانی کارەکانی ڕۆژەکەت.

بەرزکردنەوەی قوورسایی دووجار لە ڕۆژێکدا

ئەنجامدانی وەرزشی قوورسایی دووجار لە ڕۆژێکدا زۆۆر بەسوودترە لەوەی کە یەکجار لە ڕۆژێکدا ئەنجامی بدەیت، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هێزی زیاتر بە ماسولکەکانی لەشت بدات و ماسولکەی زیاتر بونیادبنێیت، لە هەمان کاتیشدا دەبێتە هۆی سووتانی چەوری، هەروەها بۆت دەردەکەوێت کە دەتوانیت بە هێزێکی زیاترەوە وەرزشەکان بکەیت کاتێک لە ڕۆژێکدا دووجار ورزشی بەرزکردنەوەی قوورسایی ئەنجام دەدەیت.

سوودەکانی ئەنجامدانی دووجار وەرزشکردن لە ڕۆژێکدا

ئەنجامدانی وەرزشکردن دووجار لە ڕۆژێکدا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کاتە بەتاڵەکانت و کەمبوونەوەی تەمەڵی، چونکە لە تویژینەوەیەکدا سەلمێنراوە کە شێوازی ژیانی تەمەڵانە دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسییەکانی دڵ و دەمارەکان و پەرە بە گەورەبوونی بازنەی کەمەر دەدات، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی دووجار وەرزشکردن لە ڕۆژێکدا چالاکییە جەستەییەکانت زیاد دەکات، به‌رهه‌م هێنانی پڕۆتین و زیادبوونی زینده‌ چالاكییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزده‌بنه‌وه‌، یارمەتیت دەدات بۆ پاراستنی کێشێکی تەندروست و بەرزکردنەوەی ئاستی لەشجوانی، هەروەها ئەدای گشتیت باشتر دەکات، دەبێتە هۆی خێراکردنی گەشەی بە کۆمەڵ و هێزی ماسولکەکان، قەبارەی ڕاهێنان هۆکارێکی گرنگە بۆ هەموو ئەو ئامانجانەی پەیوەندی بە لەشجوانیەوە هەیە، تاکوو بە شێوەیەکی جیاواز گۆڕانکارییەکانی لاشەت دروستبکەیت، کاتێک پلانێکی باشی ئەنجامدانی دووجار وەرزشکردن لە ڕۆژێکدا دروست دەکەیت، دەتوانیت زۆر خێراتر بگەیتە ئامانجەکانت، هەروەها بیرۆکەیەکی باشە ئەگەر ڕۆژێکی سەرقاڵت هەبێت کە پڕبێت لە پابەندی کۆمەڵایەتی و کار، دوای ڕاهێنانەکەت، ئاستی هۆرمۆنەکان لە لەشتدا بەرز دەبێتەوە و بەرهەمدارتر و هوشیارترت دەکات و جەستەت توانای شەڕی ماندوویەتی و بێهێزی دەبێت، ئەگەر کاتی پێویستت نەبێت بۆ یەک ڕاهێنانی درێژ، لەوانەیە ئەوە ئاسانتر بێت کە کاتەکەت دابەش بکەیت بۆ دوو بەشی کورتتر یەکێک لە بەیانیان و ئەوی تر لە ئێوارەدا.

مەترسییە شاراوەکانی دووجار وەرزشکردن لە ڕۆژێکدا

لەگەڵ ئەوەی ئەنجامدانی وەرزشکردن دووجار لە ڕۆژێکدا چەندەها سوودی تەندروستی گرنگی هەیە بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە چەندین لایەنی خراپی هەبێت، سەرەکیترین مەترسی بریتییە لەوەی لە کاتێکدا وەرزشکردن پشتگیری باشترکردنی تەندروستی گشتی دەکات، ڕاهێنانی زۆر لەوانەیە کێشە دروست بکات، و ببێتە هۆی دروستبوونی فشارێکی زیاتر لەسەر دەمار و ماسولکەکان و لەوانەیە ببێتە هۆی برینداربوون، هەروەها لەوانەیە کاریگەری لەسەر شێوازی خەو دروستبکات و  ببێتە هۆی خەوێکی پچرپچر، هەروەها لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی ئێش و ئازار، ئەدای نزمتر، تێکچوونی سوڕی مانگانە، و لەوانەیە گۆڕانکاری میزاجیش ئەزموون بکەیت، ئەگەر کاتی پێویست بە جەستەت نەدەیت تاکوو چاک بێتەوە ئەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی زیاتر.

ئەنجامدانی دووجار وەرزشکردن لە ڕۆژێکدا ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرگری لەش، و بەمەش وادەکات زووتر توشی نەخۆشییە وەرزییەکان ببیت وەک هەڵامەت و تا، لەلایەکی تریشەوە ئەگەر ئەم وەرزشانە بەشێوەیەکی تەندروست و بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجامبدەیت ئەوا دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرگری و باشترکردنی باری تەندروستیت.


سەرچاوەکان



679 بینین