هۆکارەکانی ڕۆیشتن لە خەودا

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-27-23:49:00 - کۆدی بابەت: 7014
هۆکارەکانی ڕۆیشتن لە خەودا

ناوه‌ڕۆك

شەوڕەوی

ڕۆیشتن لە خەودا یان شەوڕەوی، حاڵەتێکە کە تێیدا کەسێک وەک ئەوەی بە ئاگابێت بە ڕێگادا دەڕوات یان بە دەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە لە کاتێکدا کە نووستووە، ئەو کەسانەی لە خەودا بە ڕێگادا دەڕۆن چەندین چالاکی وەک: جل لەبەرکردن و ڕۆشتن بۆ گەرماو و خواردن و جوڵاندنی کەلوپەل ئەنجام دەدەن لە کاتێکدا کە نووستوون، ئەم حاڵەتە زیاتر لە منداڵاندا باوە، چونکە ڕۆیشتن لە خەودا دەتوانێت ببێتە هۆی کەوتن و برینداربوون، بۆیە پێویستە بە ئاگادارییەوە کەلوپەلی ناوماڵ دابنرێت و ڕێوشوێنی گونجاو بگیرێتە بەر لەو ماڵانەی کە کەسێکیان تووشبووی ئەم حاڵەتەیە.

هۆکارەکانی ڕۆیشتن لە خەودا

ئەم حاڵەتە زیاتر لە منداڵاندا باوە وەک لە کەسانی پێگەیشتوو، زۆربەی کات بەپێی زیادبوونی تەمەن و گەورەبوون نامێنێت، بەڵام هەندێک کەس ئەم حاڵەتە هەر تێیاندا دەمێنێت، لە هەندێک حاڵەتی دەگمەنیشدا کەسانێک لە تەمەنی پێگەیشتوویاندا تووشی ئەم حاڵەتە دەبن.
توێژەرەکانی بواری خەو چەندین حاڵەتی تەندروسییان پێناسەکردووە کە دەبنە هۆی زیادکردنی ڕۆیشتن لە خەودا، هەروەها دەکرێت کە شەوڕەوی بۆماوەیی بێت و لە باوانەوە بۆت بمێنێتەوە.

پەستانی دەروونی

پەستانی دەروونی و دڵەڕاوکێ بەوە ناسراون کە خەوی شەوانە تێکدەدەن، چەند توێژینەوەیەک ئەوەیان سەلماندووە کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ڕۆیشتن لە خەودا بوونی چەندین ڕووداوی پڕ لە دڵەڕاوکێیە بە درێژایی ڕۆژ، ئەگەر دەتەوێت پەستان دەروونییەکانی ڕۆژانە کەم بکەیتەوە تاکوو خەوێکی باشت هەبێت، ئەوا دەتوانیت دەست بکەیت بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی کەمکەرەوەی پەستانی دەروونی وەک:

  • وەرزشکردن.
  • ڕاهێنانی بەهێزکردنی مێشک.
  • کەمکردنەوەی کافایین.
  • ڕاهێنانەکانی هەناسەدان.
  • یۆگا.

کەمخەوی

ئەو کەسانەی کە بەباشی ناخەون ئەگەری ڕۆیشتنیان لە خەودا زیاترە، لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر ئەو کەسانە ئەنجامدراوە کە تووشی شەوڕەوی دەبن، سەلمێنراوە کە کەمخەوی و نەخەوتن بە شێوەیەکی باش دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕۆیشتن لە خەودا.

ئازاری لایەکی سەر

ئەگەر کەسێک تووشی ئازاری لایەکی سەر (لاسەرئێشە) بووبێت ئەوا ئەگەری ڕۆیشتنی لە خەودا زیاترە، لە ساڵی ٢٠١٥ توێژینەوە لەسەر ١٠٠ کەس ئەنجامدرا کە تووشبووی شەوڕەوی بوون، ئەوە سەلمێنرا کە پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لەنێوان شەوڕەوی و سەرئێشەی درێژخایەن بەتایبەت لاسەرئێشە.

تا

ڕۆیشتن لە خەودا پەیوەستە بەو نەخۆشییانەی کە دەبنە هۆی تا بەتایبەت لە منداڵاندا، تا بە هەمان شێوە دەبێتەهۆی تۆقینی شەوانە، کە شێواوییەکی کاتی خەوە لەوانەیە ببێتە هۆی هاوارکردن و لێدان لە قۆڵەکان، چونکە کەسەکە هەوڵدەدات هەڵبێت لەو شتە ترسناکانەی کە لە خەودا هەستی پێدەکات.

کێشەکانی هەناسەدان

هەناسەتوندی لە کاتی خەودا (بە ئینگلیزی: Obstructive sleep apnea) حاڵەتێکە کە تێیدا بۆ ماوەیەکی کورت هەناسەدان دەوەستێت لە کاتی نووستندا، ئەم حاڵەتەی هەناسەدان ماوەکەی لە پرخەکردن زیاترە، جگە لەوانە هەناسەتوندی زۆر لە کاتی خەودا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جەڵتە و نەخۆشییەکانی دڵ.
ئەگەر کەسێک تووشبووی ئەم حاڵەتە بێت بە شێوەیەکی توند ئەوا ئەگەری شەوڕەوی زیاترە لە کەسێک کە ئەم حاڵەتە زۆر تێیدا توند نییە.

نەخۆشی زیادبوونی ترشەڵۆکی گەدە

نەخۆشی زیادبوونی ترشەڵۆکی گەدە (بە ئینگلیزی: Gastroesophageal reflux disease یان GERD) ئەو نەخۆشییەیە کە تێیدا پێکهاتەکانی ناو گەدە دەگەڕێتەوە بەناو سوورێچکدا، ئەمەش دەبێتەهۆی هەست کردن بە سووتانەوەیەکی بێزارکەر، لە هەندێک کەسدا نیشانەکانی لە شەودا خراپتر دەبێت، ئەو کەسانەی کە تووشبووی ئەم نەخۆشییە یان هەر نەخۆشییەکی دیکەی گەدەن، ئەگەری توشبوونیان بە چەندین جۆری کێشەی خەو زیاترە بە تایبەت ڕۆیشتن لە خەودا.

نەخۆشی پارکینسۆن

نەخۆشی پارکینسۆن کێشەیەکە کە تووشی سیستمی دەماری دەبێت و کار دەکاتە سەر توانای لەش بۆ جووڵە، دەبێتە هۆی کێشە لە ڕۆیشتن و وەستان هەروەها لەرزین، ئەم نەخۆشییە کاردەکاتە سەر ئەو بەشانەی مێشک کە کۆنترۆڵی جووڵە و خەوتن دەکەن، بە شێوەیەکی ئاسایی کاتێک کەسێک دەکەوێتە خەوی قووڵەوە و خەو دەبینێت، مێشکی بە شێوەیەکی کاتی هەندێک لە ماسولکەکان لەکاردەخات بۆ ئەوەی ڕێگربێت لە بەکرداریکردنی خەوەکە و ئازاردانی خود، نەخۆشی پارکینسۆن دەبێتە هۆی ڕێگری لە بەتەواوی ئەنجامدانی ئەم لەکارخستنە، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕۆیشتن لە خەودا و تووشبوون بە چەندین کێشەی دیکەی خەو.

ئازاری بەردەوامی قاچەکان

تاکوو ئێستاش لێکۆڵینەوە بەردەوامە لەسەر پەیوەندی ئازاری بەردەوامی قاچەکان بە شەوڕەوییەوە، هەندێک سەرچاوە ئەوەیان سەلماندووە کە ئەو کەسانەی نەخۆشی ئازاری بەردەوامی قاچەکانیان هەیە لە کەسانی دیکە زیاتر لە خەودا دەڕۆن، توێژینەوەی دیکە ئاماژەی بە پەیوەندی شەوڕەوی و ئەو چارەسەرانە داوە کە بەکاردێن بۆ چارەسەرکردنی ئازاری بەردەوامی قاچەکان.

ئایا ڕۆیشتن لە خەودا مەترسیدارە؟

هەندێک جۆری شەوڕەوی بەبێ زیان کۆتاییان پێدێت، بەڵام ئەگەری هەیە کە شەوڕەوی مەترسیداربێت، هەندێک کەس لەوانەیە بەدەم خەوەوە شۆفێری بکەن یاخود چەند ئەرکێکی دیکە ئەنجام بدەن بەبێ ئەوەی ئاگاداربن و بزانن کە بەڕاستی چی لە چواردەوریاندا ڕوودەدات، لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر ١٠٠ کەسی تووشبوو بە شەوڕەوی ئەنجامدراوە ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە ٥٧٫٩٪ـیان زیانیان پێگەیشتووە یان زیانیان بە کەسێکی دیکە گەیاندووە لە کاتی شەوڕەویدا، ئەم زیانانە لە ئەنجامی ڕووداوی وەک کەوتنەخوارەوە لە پلیکانە و پیاکێشان بە دیوار و کەلوپەلدا بووە، چونکە هەندێک کەس ئەگەری هەیە ئازاری خۆیان یان چواردەورەکەیان بدەن لە کاتی ڕۆیشتن لە خەودا، باشترە کە ئەگەر کەسێکت بینی خەریکی ڕۆیشتنە لە خەودا بە هێواشی بە ئاگای بهێنیتەوە.


سەرچاوەکان



827 بینین